په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٩

تکایە ئەو شانۆگەرییە راگرن.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


ئەمرۆ ٨/٥/٢٠١٩ پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بە زۆرترین دەنگ پەسەند کراو ناوەکەشی گۆرا بۆ (دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان) و ھەروا مادەکانی یەک و دوو سێ و چوارو پێنج بە دەستکارییەوەو بە دەنگی ٨٨ و ٨٩ی پەرلەمانتاران پەسەند کران و مادەکانی تر : شەش و حەوت و ھەشت بەبێ دەستکاری و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کران.

دیارە سێ حیزبەکە : پارتی و یەکێتی و گۆران لە پاش گفتوگۆو ھاتوچۆیەکی حەوت مانگ و، شاند ھات و شاند چوو، کۆکن لە سەر پێکھێنانی حکومەت و، ئەوەی سەیرەو وەک لە دەنگدانی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان دەرکەوت، ئەم سێ حیزبە کۆپی پێنج حیزبەکەی حکومەتی بنکە ‌فراوانەکەی پێشوون کە لە نیوەی رێی و لە کۆتاییدا زانیان بارودۆخەکە بەرەو نشوستی و ھەڵدێر ئەروات و قەیرانەکان تەشەنە ئەکەن و بی مووچەیی بەرۆکی ھاووڵاتیانی گرتووە، یەک لە دووای یەک بە خشکەیی کشانەوەو، تەنھا پارتی و یەکێتی مانەوە.

لە ژماردنی دەنگەکانی پەرلەمانتاران و، پەسەندکردنی پرۆژەی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و، ھەروا پەسەندکردنی مادەکانی یەک تا ھەشت بە ٨٨ دەنگ کۆتایی ھات و، ئەو ٨٨ دەنگە ھی پارتی و یەکێتی و گۆران و پێکھاتەکانی تر سەر بە پارتین.

پەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەری رووەو دیموکراتییەت ئەکات و، ھەنگاوی جوان ئەنێت و، ئەڵێت دەرگا واڵایە بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی ھەرێم و، شانۆگەرییەکە لێرەوە دەستپێئەکات و کتوپر تەواو ئەبێت چونکە لە پاش ھەڵبژاردنەکەی ٣٠ ئەیلول / سیپتەمبەری ٢٠١٨ پارتی دوور لە دیموکراتییەت نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو سەرۆکایەتییە دەستنیشان کردووە و، ئەمرۆ کەس ئەو پۆستەی ناوێت و، سور ئەزانێت ٨٨ دەنگ یان زیاتر لە گەڵ نێچیرڤانە.

پەرلەمان لە باتی داکۆکیکردن لە خواست و ئارەزووی ھاوڵاتیان، ھەنگاوی سێنگ دەرپەراندن و موزایدە ئەنوێنێت و، بەو جۆرە رەفتارانە خوڵ ئەکەنە چاوی خەڵک و، بۆیە پێویستە ئەو شانۆگەرییە راگرن و، یاری بە عەقڵی ھاوڵاتیان نەکەن.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو فرت و فێڵ نییەو، ھیچ پارتێک { گەورە یان بچوک} بێت، بۆێ نییە کاندید فەرز بکات و، بە پێی دەنگەکان کەسانی لێھاتوو شیاو لە ناو پەرلەمان بۆ پۆستەکان ھەڵئەبژێرن و، وەک لای خۆمان شاند ھات و شاند چوو نییەو، پارتەکان بە پێ دەستور ھەڵسوکەوت ئەکەن و، لای خۆمان دەستور نییەو ، ھەرەمەکی و بە تۆبزی خەڵک ( بە توانا بێت یان بێ توانا) دائەنێن و، گرنک ئەوەیە سەر بە حیزب بێت.

لە کوردستان دەستور نییە و، ئەو بێ دەستورییە لە خزمەتی سەرۆکی ھەرێم ئەبێت و، دیارە نیچیرڤان بارزانی وەک مەسعود بارزانی خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆرەو، پەرلەمان بوێ نییە لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکات و، ئەم ھەموو دەسەڵاتانە ئەبنە ھۆێ ئاژاوەو پەشێوی لە نێوان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و، شاراوە نییە دوو بەرەکی لە نێوان نیچیرڤان و مەسرور ھەیەو، بە سەر دوو باڵدا دابەش بوون.

سەرۆکی ھەرێم دوو جێگری ئەبێت و، کەس نازانێت جێگری چین؟ و. لەو حاڵەتەدا(بۆ نموونە) گەر سەرۆک بچێتە دەرەوەی ھەرێم جێگرەکان ئارەزوومەندانە کاروبار رائەپەرێنن.

ساڵانی پێشوو ھەموو لایەک داوای ئەکرد سیستێمەکە پەرلەمانی بێت بەڵام سەرۆکی پێشوو ئەیزانی دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران لە گەڵی نابێت، بۆیە بەوە قایل نەبوو، ئێستا ئەزانێت دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ھی خۆیانە رازین ""سیستێمەکە پەرلەمانی"" بێت، بەڵی دەرکەوت ٨٨ یان ٨٩ دەنگ بۆ راسپاردەکانی پارتی مسۆگەرە !

با چاوەروان بین و، بزانین چی رووئەدات!


٨\٥\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک