په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠١٣

نامەیەک بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

تکایە با لە نیوەی رێ رانەوەستین؟!


ستار محەمەد قادر     


جگە لە جەنابتان، کێ گریمانەی ئەوەی دەکرد سەرۆک وەزیرانی عێراق پشت لە رێککەوتنامەی ھەولێر دەکا و ھەموو ھەوڵی خۆی بۆ ئەوە خەرج دەکات لە سیاقی دەستوورێکی پەراوێز خراوەوە شەڕی مافە رەواکانی گەلی کورد بکات؟! ھەر چەندە ئەگەر رێککەوتنامەی ١١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٠ نەبوایە کە جەنابتان وەکو فریادرەسێک ئەو پڕۆژەتان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لە قەیران رزگار بکەن و کێشەکان بەڕێی دانووستان و گفتو گۆو سازانی سیاسیەوە چارەسەر بکرێن، عێراق بەرەو ھەڵدێر دەڕۆیشت! بەڵام ئێستا دەبینین لە چ قەیرانێکداین، ئەمە لە کاتێکدا کورد لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە ھەموو کاتێک وەکو فاکتەرێکی ئاشتیخواز لە بەرنامەیدا بووە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی باڵ بکێشێت بەسەر ھەموو عێراقداو حکومەت خۆی بە پڕۆژەی خزمەت گوزاریەوە سەرقاڵ بکات، لێ بەداخەوە بەھۆی سەرکێشی سەرۆک وەزیران بە دەسەڵاتەکەیەوەو بێ ھێزی لایەنە سیاسییەکانەوە، لە رێی درووستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە شەڕی پیلان و ئەجێندای ھەرێمی بەرۆکی خۆمانی گرتەوە، باشە دەبێت ئێمە ئێستا چی بکەین؟!


ئەمە پرسیارێکی میحوەریە، بۆ جارێکی دیکە لە ھەوڵی دیمۆکراتیزە کردنی عێراقدا دەبین، یان رێگا چارەیەک شک دەبەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو نەھامەتیانە بھێنین وا لە سەد ساڵی رابردوودا بەدەست ئەم وڵاتە ناشیرن و قێزەونەوە چێشتوومانە؟!


زۆر حەز دەکەم ئەوە وەبیری جەنابتان بھێنمەوە، ئەگەر عێراق لە دیدگای سونەیەکی عەرەب و شیعەیەکی عەرەبەوە گوزارشت لە وڵاتێکی یەکپارچە دەکات و وەکو فشارێک بەردەوام بە ئێمەی دەفرۆشنەوە، ئەوا لە دەرەنجامدا دەبێت ئێمەی کورد بکەوینە شەڕێکی سەختەوە، چونکە چەمکی دەوڵەت لە زیھنیەتی ئەواندا بە شێوەیەک چەسپاوە، فیدڕاڵیەتیش بە ھەڕەشە دەزانن بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق؟


ھەر چەندە ئەمڕۆ نەیارەکانی مالیکی لێرەو لەوێ قسەو باس لەسەر دیکتاتۆریەتی سەرۆک وەزیران دەکەن، بەڵام چ شتێک ئەوەمان بۆ گرەنتی دەکات، ئەگەر ئەوان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست ھەمان دیدگایان نابێ و بە ھەمان میکانیزم رووبەڕووی مافەکانمان نابنەوە؟! وەکو بینیمان سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نێو دەوڵەتی قانوون چۆن و بە چ شێوەیەک ویستی داشی دامەی خۆی سەربخاو بێ سڵەمینەوە باس لە شەڕی کورد عارەب بکات، ھەر چەندە دوای ئەو لێدوانەی مالیکی دەبوایە حزب و ھێزە سیاسیەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ھەڵوێستێکی ئیجابیان ھەبوایە، بەڵام وەکو بینیمان یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ئەو خەونەیان لە مالیکی کرد بە سەراب؟!


جەنابی سەرۆک؛ واقیعی عێراق، واقیعی وڵاتێکە ناتوانێت مافی ھاوڵاتیبوون و ھاونیشتمانی بوون بە پێکھاتەکانی ببەخشێت، دڵنیام لەوەی سەد ساڵی داھاتوو باشتر نابێت لە سەد ساڵی رابردوو، چونکە ھەر ھەموو ھێزە سیاسیەکان بە یەک جۆر بیر دەکەنەوەو یەک فۆڕمیان ھەیە بۆ حوکمڕانی، ناوەندێکی بەھێز دەسەڵاتی رەھای ھەبێت بەسەر ھەموو عێراقدا، زۆرینە بە لۆژیکی ھێز حوکمی کەمینەیەکی پاسیڤ بکات، دەستوور بکرێت بە لاستیک و لە پێناو بەرژوەندیەکانی خۆیاندا گەمە بە وشەو دەقەکانی بکەن، پەرلەمان دەکرێت بە شوێنی تەنھا قسە کردن و پەرلەمانتێران بێ ئیرادە دەکرێن، حوکمی عورفی پیادە دەکرێت و کەسیش ھەڵوێستی نابێت، لە شوێنی شئونی شیمال ئەمجارە لە لایەن عەمەلیاتی دیجلەو ھاوشێوەکانیەوە بڕیاری بێ ئیرادە کردنی کورد دەدرێت، ئەمە واقیعی ئەو عێراقەیە وا لەسەر دەستی ئێوە بونیات نرا؟! ئەو عێراقەی تا ئێستا نایەوێت لە شوناسی پێشمەرگە بگاو بەلایەوە سەیرە کورد ھێزی ھەبێت و لەسەر مافی خۆی بە دەنگ بێت، ئەو عێراقەی تا ئێستا ئێسک و پروسکی رۆڵەکانمان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی باشووردا چاوەنواڕی ھەوڵ و کۆششی ئێمە دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ئامێزی کوردستان، من لە ئێستادا رووی قسەکانم ئاڕاستەی جەنابتان دەکەم و دەپرسم: وا چەند مانگێکی دیگە دە ساڵی رەبەق بەسەر پرۆسەی رزگار کردنی عێراقدا تێپەڕ دەبێت، چی لە عێراقی نوێدا گۆڕاوە، تەنھا دەم و چاوەکان نەبێت، ئەی باشە جگە لەو لە ١٧٪ یە بە چی مافێَکمان گەیشتووین؟!


کاتێک ئەم وتارە دەنووسم، ھەموو میللەتانی دونیا لە پێشوازیکردنی سەری ساڵی نوێدان، لێ ئێمە لە کەرکوک نازانین چارەنووسمان بە کوێ دەگات، راستە ھێزی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەشیدان و بە بڕیاری جەنابتان ناوچە جێ ناکۆکەکان کراون بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارییی ھەرێمی کوردستان و جێی دەستخۆشیە، بەڵام ئایا تەنھا بە تەحەدا کردنی بڕیارەکانی مالیکی ئێمە دەگەین بە کەنارێکی ئارام؟! جەنابی سەرۆک، ئەم ھەویرە ئاوی زۆری دەوێت، بۆیە تکایە عێراق مۆتەکەیە، وەکو سەرۆکی ھەرێم و خاوەنی بڕیاری سیاسی، بە حیکمەتی خۆتان لەم مۆتەکەیە رزگارمان بکەن؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک