٩\٧\٢٠١٠
تکایە جەنابی
سەرۆکى هێژا
ئیمێلەکەتان بکەنەوە..!!

شێرزاد عومەر مەحمود
سەرۆکەکەمان ماڵپەڕی تایبەت بەخۆی هەیە، سەرۆکەکەمان هێندە خەمخۆرى
میللەتەکەیەتى پۆستى ئەلیکترۆنیشی هەیە و زۆر ئازادانە هاوڵاتیان بۆیان
هەیە ئیمێل بنێرن لەبارەى حاڵ و گوزەران و کێشە و گرفت و .....هتد
ژیانى رۆژانەیان، بەڵام بڕواناکەم سەرۆکەکەمان ئیمێلەکەى بکاتەوە،
دەکرا وەڵامى ئەلیکترۆنیش هەبوایە بۆ ئەوەى گومان نەکەین لەوەى کە
ئیمێلەکان ناگات تا بخوێنرێنەوە، بۆیە دەڵێم من نامەم بۆتان نەناردووە،
بەڵکو دەیان خانەوادەى غەدر لێکراو کە دەنگیان نەگەیشتۆتە بەڕێزتان
ئیمێلیان بۆتان ناردووە، من نامەوێ نامە بنێرم چونکە دەزانم
ناخوێندرێتەوە، بەڵام سەدان خەباتگێڕى بێ نان و مووچە و خانووى کرێچی و
خاوەن رەنج و خەبات ئیمێلیان بۆ بەڕێزت ناردووە، من ئیمێل نانێرم،
بەڵام ئاگادارم کە بەڕێزتان نا پڕژێنە سەر ئەو شتە بچووکانە، جەنابی
سەرۆکى هێژا، دەترسم ئیمێل بۆ بەڕێزتان بنێرم و ئەوانەى دەورووبەرت
بیخوێننەوە و یەکسەر(Delete) بکەن یاخود شتى تر، من گومانم لەوە هەیە
بەڕێزتان رۆژێ لە رۆژان ئیمێلەکەى خۆتان کردبێتەوە، چونکە پرسە
چارەنووسسازەکانى نەتەوەکەمان لە ئیمێل و نامە و ئەو شتانە زۆر
بایەخدارتر و گرنگترن، گەشتە زۆرە دیبلۆماسیاکانت رەنگە دەرفەتى ئەوەت
پێ نەدەن بیر لە ئیمێلەکەتان بکەنەوە..
جەنابی سەرۆکى هێژا من بەڕێزتان وەک سیمبوڵی نەتەوەیەکى بندەست و خاوەن
قوربانى و مەزڵوم دەبینم کە تا ئەمڕۆ دەناڵێنى بەدەست گورگە برسیەکانى
نێو حکومەتەکەت، تا ئێستا ئەو میللەتە هاواریەتى لە چنگ گەندەڵچیەکانى
دەوروبەرت، میللەتەکەت رۆژێ زەلیلى بندەستى بەعس و رۆژێ بیروهزرى
ئیستیرادکراوى بیابانى عەرەبی و رۆژێ زەلیلى ژێردەستى ئاین و ئیران و
ئاخوندەکان، رۆژێ زەلیلى تۆپبارانەکانى ئەوان و تورکانە، رۆژێ زەلیلى
شەڕی خۆکوژى و رۆژێکى تریش بەناوى گۆڕانکاریەوە لەخشتە دەبرێ و
زەلیلترى دەکەنەوە و رۆژێکى تر بە عێراعچێتیەوە سووکى دەکەن، ئەو
میللەتەى تۆ وەک بڵێی خودا نەفرەتى لێ کردبێ و بڕیارى دابێ لەبری
دۆزەخى لاى خۆی لە زەوى دۆزەخى بۆ سازداوە.
جەنابی سەرۆکى هێژا، ئەگەر رۆژێ لە رۆژان پۆستە
ئەلیکترۆنیەکەت(ئیمێل)ەکەت کردەوە، تکا دەکەم تەنها یەک شەوى بۆ تەرخان
بکە بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەیان، بۆ ئەوەى میللەتەکەت بزانێت کە
سەرۆکێکى هەیە و لە نیوەى شەوێکدا شەو نخونى بۆی کردووە و وەڵامى
داوەتەوە، نەک لەو کاتەوە بزانێت سەرۆکێکى هەیە کە لە چلەى تەمووزدا
کاتژمێرێک بیوەستێنن لەبەر ئەو گەرمایەى تاوەکو مەوکیبی ئۆتۆمبێلەکانى
سەرۆکەکەى رەت دەبن، سەرۆکى هێژا" ئەگەر بە هەڵەش کلیکتان
لەسەر(inbox)ى ئیمێلەکەتان کرد و بینیتان ئیمێلى خەڵکى نا شایانى
تێدایە سزایان بدە، بەتایبەت ئەگەر ئیمێلى سوودمەند و خواپێداو لەژێر
سێبەرى حزب و حکومەت و ئیمێلى کۆنە بەعسی و کۆنە جاش و ئەنفالچی تێدایە
بەیەک((((Delete)سزایان بدە، سەرۆکى هێژا من لەبوونى ئەو هەڵوێستەتان
ستایشتان دەکەم و بە سەرۆکى خۆمت دەزانم، راستە بەڕێزتان بە ماناى
سەرۆک توانیوتانە سەرۆکایەتى بکەن و رێچکە نەتەوەییەکان و پرسە
نەتەوەییەکان بخەنە پێشەوەى بەرنامەى کارتان و کوردایەتیتان پێ لە
حزبایەتیکردن گرنگتر بووە و هەمیشە لە پێکەنین و توڕەییەکانت مەینەتى و
تەنگەژە و بەختەوەرى و پێشەوەچوونى کاروانى سەرکەوتنەکانى نەتەوەکەت
بەدى کراوە، هەمیشە داکۆکیکار بوویت لە خەونە دێرینەکانى نەتەوەکەمان و
سازشت لەسەر یەک بستە خاکى وڵاتەکەمان نەکردووە و سازشت لەسەر هیچ
پرسێکى نەتەوەیی نەکردووە، دە ئێستاش جوامێرانە ئیمێلەکەتان بکەنەوە
بزانن لە دەورووبەرتان چ باسە..؟! بزانن دۆست و دوژمنەکانت چیان بۆت
ناردووە، بزانن دڵسۆزەکانت لە چ حاڵێکدان و گوزەرانیان لە چ دایە،
بزانن رۆڵە نەبەردەکانى رۆژانە تەنگانە ئەوانەى ئامادەبوون خۆیان لە
پێناوت و لەپێناو خەباتى رزگاریخوازى نەتەوەکەمان بکەنە قوربانى لەکوێن،
بزانن کێن ئەوانەى ئێستا لە دەورووبەرتن و راپۆرت و هەواڵت پێ دەگەیەنن
و بارودۆخى ناو کۆمەڵگات بۆ باس دەکەن، بزانن (inbox) تژى نەبووە،
نەوەک پێویستى بە پاک کردنەوە هەبێت، رەنگە لەبەر نەکردنەوەى داخرابێت،
جەنابی سەرۆکى هێژا موعەمەر قەزافیش پۆستى ئەلیکترۆنى هەیە و رۆژێک لە
رۆژان نامەم بۆی نارد وەکو گەنجێکى کورد ستایشی هەڵوێستە
جوامێرانەییەکانیم کرد لەسەر پرسی کورد و وەڵامى دامەوە و ئیتر
لەخۆمەوە ئەو سەرۆکەم خۆشویست، خۆزگەم دەخواست سەرۆکەکەى منیش
بەوشێوەیە بوایە، ئەریال شارۆنیش پۆستى ئەلیکترۆنى هەبوو نامەم بۆی
نارد لەسەر کۆمەڵکوژی سەبرا و شەتێلا کە ئەوەى عەرەبەکان بە ئێمەیان
کرد لە ئەنفالا تۆش بەوانت کردەوە ئیتر وەڵامێکى یەک لاپەڕەیی
دابوومەوە کە زۆر خۆشحاڵی کردم و هەستم کرد ئەو پیاوە جگە لەوەى کەسێکى
سەربازیە، بەڵام لەهەمان کات بیرمەندیشە، یوسف قەرزاویش پۆستى
ئەلیکترۆنى هەیە و نامەم بۆی نارد کە کەنیزەک و جاریەکانى کوردمان بۆ
بگەڕێننەوە لە وڵاتى فیرعەونان کە لە رابردوو عەرەبە بەعسیەکان پێشکەشی
کردبوون، بەڵام وەڵامى نەدامەوە و چەند رۆژێکى پێ نەچوو دونیایەک
ئیمێلى ڤایرۆساویم بۆهات هەتاوەکو ئیمێلەکەم داخرا، بەڵام بڕواناکەم
سەرۆکى من ئەو شتانەى لێ بوەشێتەوە و ئەگەر دەوروبەرەکەى ئەو ویژانەیان
هەبێت ئەوا کارەساتە، من خۆشحاڵ دەبم وەڵامم بدەیتەوە ئەگەر وەڵامەکە
ئیمێلێکى بەتاڵیش بێت ئەگەر ڤایرۆسیش بێت، گرنگ ئەوسا دەزانم کە هێشتا
سەرۆکەکەم لە ژیاندا ماوە و دڵی بە میللەتەکەیەتى و خەمخۆری
تاکەکانیەتى.!
جەنابی سەرۆکى هێژا بمبوورە لەهەر کەموکوڕیەک لە زمانى نووسینەکەم
چونکە لە پەروەردەى خێزانەوە تا دەگاتە قوتابخانە و کۆلێژ و پەیمانگا
وا راهاتووینە، چاکتر وایە بڵێم وایان فێرکردووینە کە سەرۆکەکەمان
خۆشبووێت و لە ئەحواڵى خۆی و ئیمێلەکەى بپرسینەوە..!!! خۆزگە
سەرۆکەکەمان ئەگەر لە ئەحواڵى ئێمەى هاوڵاتیانیشی نەپرسیبێ ئەوا تەنها
ئیمێلەکەى بکاتەوە بزانێ چەند هەزار غەدرلێکراو نۆرەى خوێندنەوەیان
گرتووە..!!
s4632628@gmail.com
|