په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٩\٢٠١٢

تکایە.. تکایە خەڵکینە، مەچنە کن دکتۆر!


هیوا رەش        


کاتى خۆى تڕۆمبێلە شڕەیەکم هەبوو پێى دەوترا (دایۆ - پرنس)، پرنسیش ڕەبتێکى تەواوى بە خانەوادەى شا و شاژن و نەوەکانیانەوە هەیە، لێ ئەم تڕۆمبێلەى من گەداییانە هەڵکەوتبوو، جگە لەوەى سیخناخ بوو لە دەرد و عیللەت خۆمیشى خەفەتخان کردبوو، ڕۆژێکیان فێى لێ هات و لە سەگە هەورازێک سەرنەدەکەوت، هەرچەند نەقیزەم تێوە دەژاند زیاتر کەللەیى دەبوو، هەر کە هەورازى دەبینى کلکى دەنایە ناوگەڵى و گوێى دەخەواند و دەیوت بمکوژى و بمبڕى من ئەم هەورازە بە نەرمەپیاسە دەبڕم، بۆیە بردمە لاى فیتەر، دواى تەماشاکردنێکى کەم یەکسەر وتى: مامۆستا ئەمە فیتپەمپى زەعیفە و بڕۆ قیتپەمپێکم بۆ بێنە، فیتپەمپمان گۆڕى ، بەدبەختى من فیتەرەکە درۆى کرد و لە فیتپەمپ دەرنەچوو، ڕۆژى دوایى بردمەوە لاى و پێموت کاکە تڕۆمبێلەکەم وەکو خۆى وایە، وتى بڕۆ فیتپەمپێکى ئەسڵیم بۆ بێنە، وتم ئەدى بۆچى دوێنێ وات پێنەوتم؟! چووم فیتپەمپێکى دیم هێنا، ئەمجارەشیان هەروەکو جارى پێشوو، ڕۆژى دواتر دیسانەوە هەڵمکوتایەوە سەر کاکى فیتەر، ئەمجارەیان وتى تانکى بەنزینەکەت پیسە و خڵتە و قوڕاوى تێدایە دەبێ بیکەینەوە و بیبەى لە غەسل بیشۆى، وتم خوا دەکا نەجاتم دەبێ چش لە تانکى شۆردنیش، تانکیشمان شۆرد و وشکمان کردەوە و وتم: ئۆخەى ئیتر چاوم بە چارەى فیتەرەکە ناکەوێتەوە، بڕواتان بێ بە تڕەتڕ گەییشتمەوە لاى ماڵ، سبەینێ نازانم بۆ چەندبارە دەچوومەوە خزمەتى قیتەرەکە و بە زەردەخەنەوە هات بە پیرمەوە و بێئەوەى بێڵێ دەم بکەمەوە لە قسەکردن پێشمکەوت و وتى: وا دیارە خەلەلى کارەباییت هەیە، وتم ئەرێ وەڵا بە دەس تۆ و تڕومبێلەکەمەوە مێشکیشم شەحن وەرناگرێ، وتى ببورە مەبەستم خۆت نیە و سەیارەکەت دەڵێم، بە قسەم بکە و بیبە بۆ لاى فڵانە کەس، ویستم پێى بڵێم لە دواى تڕێ خەپشەى بڕێ، نەیهێشت دەم بکەمەوە و یەکسەر وتى: پێى بڵێ کاک هین سەلامت لێدەکا و ئیتر بێ خەم بە.


چوومە لاى کاکى کارەبایى و شەرحى حاڵى خۆم و فیتەر و تڕۆمبێلە نەعلەتییەکەمم بۆى کرد، ئەویش بەدەم جنێودانى فیتەرەکەوە بۆنیتەکەى پێم هەڵدایەوە و نۆزڵەکانى کردەوە و دایە دەسم و وتى بڕۆ لاى فڵانە کەس تێستیان بکە، هاتمەوە بۆ لاى و نۆزڵەکانى بۆم بەستایەوە، ڕۆژى دوایى گەڕامەوە لاى و وتم: وەستا گیان بەخوا تڕۆمبێلەکەم هەر وەکو خۆیەتى، ئینجا نۆزڵەکانى دوبارە کردەوە و وتى: بڕۆ تاقمێکى تازەم بۆ بکڕە، تاقمێکى نپونوێم بۆى هێنا، کەچى پیرە تڕۆمبێل نە باى دیوە و نە باران قسەى کەسى نەدەژنەفت، بۆ سبەینێ چوومەوە خزمەتى وەستاى کارەبایى و وەکو پیشەى جارانى بۆنیتى پێم هەڵدایەوە و تڕوتاخمى گرتە دەسیەوە و پلاکەکانى بۆم فەحس کرد و وتى، مامۆستا ئەم تاخم پلاکەت بە کەڵک نەماوە، ناردمى تاخمەپلاکێکى نوێ بێنم، ئەویشم هێنا و دامە دەسى، ئەمجارەش ڕیسەکەم بووەوە خورى و بە گلەیى و گازەندەوە چومەوە بۆ لاى، هەندێک لە ناو تڕۆمبێلەکە ڕاما و دەستى بە وایەر قرتاندن کرد و وتى: تەماشا تەماشا لە کوێوە ئاگر دەدزێ؟ فەرامۆشییەک هاتەوە بەرم و بەڕێى کردم، بڕوا بکەن جار لە دواى جار تا دەهات پیرە تڕۆمبێل قونى قورستر دەبوو ، چوومەوە بۆ لاى کارەباییەفەنى، وتى: کاکە بڕۆ لە کۆمپیوتەرى بدە، لە کۆمپیوتەرم دا و لە دواییدا کاکى کۆمپیوتەرچى دواى مەدح و سەناى حەواڵەى لاى وەستایەکى برادەرى خۆى کردم، ئەویش بە لالوتەوە وەڵامى سەلامەکەمى دایەوە و تەواوى کێشمەکێشى چەند ڕۆژەى خۆم و تڕۆمبێل و فیتەر و کارەبایى و کۆمپیوتەر و گیرفان تەکێنیى خۆممم لە مشتى نا، وتى: سەیارەکەت دانێ سێڕۆژى تر وەرەوە بۆى، ئەو ڕۆییشتنەى ڕۆییشتم دواى نۆ ڕۆژ وەستاکە تەلەفۆنى بۆ کردم و وتى: ئەرى کاکە بۆ نایەیت سەیارەکەت ببەیتەوە، وتم: وەستا گیان ئەگەر چاک نەبووە با بۆ خۆت بێ، پێکەنى و وتى: نا نا بێ خەم بە وەکو بووکم لێکردووە ، چوومەوە هێنامەوە، ئەم کەین و بەینە جگە لە ماندوو بوون و پارە سەرف کردن، واى لێهاتبوو برادەرەکانیشم بە درۆزنم تێدەگەییشتن، چونکە هەر کە تەلەفۆنیان بۆ دەکردم یەکسەر دەموت وا لە مەنتیقە سناعییە حەیاتەکەم.


ئەم هەموو دەردیسەرى و گیرفان تەکاندنەم تڕۆمبێلەکەمى هەر چا نەکرد ، لە دواییدا خوا قاپى ڕەحمەتى لێکردمەوە و تڕۆمبێلێکى بۆ نازڵ کردم و خۆى بە تڕۆمبێلەکەمدا کێشا و حەواڵەى ڕیزە عامودۆکەیەکى کردم و هەمویانم وەکو پولى دۆمینە بە دواى یەکدا لار کردەوە و کەڵکم لە ڕۆییشتنى بڕى و خستمە سەر پشتى کرێنێک و لە داخى وەستاى سلێمانى بردم بۆ کەرکوک ، ئەمە بووە مایەى خێر و بەرەکەت بۆم و پرنسەکەم بە سکراب فرۆشت و لە کۆڵم بووەوە و نەجاتم بوو!


ئەمەى سەرەوە بەرکوڵى پڵاو خواردنەکەمە، ئەم بەهارە برادەرێکم لێى پرسیم : خێرە وا دەست بە لاڕومەتتەوەیە؟ وتم: وەڵا کاک یوسف لەبەر ددان ئێشە ئەمشەو خەو نەچۆتە چاوم و ئێستا وا خەریکە چاوم دەردەپەڕێ، وتى : پەکو کە ددان ئێشە ناخۆشە، ئیتر پێکەوە کەوتینە باسوخواسى دکتۆر و لە نێو قسەکانیدا زۆرێک وەسفى دکتۆرێکى کرد، بڕیارمان دا ئێوارە پێکەوە بچینە خزمەتى، لە کاتى دیاریکراودا یەکمان گرتەوە و لە ڕێگە باسى چاندنى ددانمان دەکرد و پێیڕاگەیاندم کە دکتۆرى ناوبراو لەو بوارەشدا پسپۆڕە، وتم جا ئەگەر وابێ بە یەکجاریى هەموو ددانەکانم لاى ئەو چا دەکەمەوە و خۆم گەنج دەکەمەوە، کە گەییشتینە جێ بە دەهەزار چوینە ژوورەوە و دواى پشکنین و دەمەتەقێ لەگەڵ دکتۆردا ڕێککەوتم کە بۆ چاندنى هەر ددانێک حەوتسەد دۆلار بدەم، دکتۆر مەوعدى سبەینێى بۆ داناین و بەڕێى خستین، سبەینێ لە حەژمەتى ئازارى ددانم هەر زوو خۆم گەیاندەوە لاى، پێشوازى لێکردم و تڕوتفاقى هێنا و لەباتى ددانە ئێشاوەکەى لاى خوارەوەم ئاڵایە ددانێکى ساغم لاى سەرەوە، خۆم پێنەگیرا و وتم : دکتۆر گیان ئەویان نیە و ئەوى خوارەوەیان دێشێ، ئەویش بە نەرمەتوڕەبونێکى بەئەدەبەوە بە لەوسێکەوە پێى وتم : کاکە من دەیزانم یان تۆ؟ بۆیە بێدەنگیم هەڵبژارد و لێیگەڕام نەک ددان خودا دەکا گیانم دەکێشێ بەڵام تەداخولى زانایى ئەو نەکەم! کە چومەوە ماڵ لە شەوێدا تا بەیانى لە تاوى ئازارى ددان گینگڵم دەدا و کوڕەچکۆلەکەشم بە دەورمدا دەخولایەوە، لە خودام دەویست ڕۆژ ببێتەوە و بچمەوە لاى دکتۆرە زاناکەم، دواى نیوەڕۆ بە دەست لەسەر ڕوومەتەوە چوومەوە حزورى دکتۆر و حاڵى خۆم بۆ بەیان کرد، ئەویش بێئەوەى خۆى شلوێ بکا سەیرێکى دەموددانمى کرد و ڕەچەتەیەکى دایە دەسم و وتى: ئەم دەرمانانە بەکار بێنە چا دەبى، دەرمانەکان سودى قونکە جگەرەیەکیان بۆم نەبوو ، دواى چوارپێنج ڕۆژێک و بەکارهێنانى تەواوى حەب و کولاجەکان بە ناچارى ڕووم لە عیادە میللیەکەى لاى ماڵى خۆمان کرد و بە پلیتێکى هەرزان ئازارێکى گرانم لە کۆڵ خۆم کردەوە و ددانە ئێشاوەکەشم کێشا و ددانە ساغەکەشم کردە قوربانیى دکتۆرى دانافەڕ!


لەم ماوەیەى ڕابردوودا ئازارێکى ناجێگیرى توند لە خوار ناوکمەوە بۆ بەرزەهارم دەهات و دەچوو، کاک مستەفاى برادەرم دواى ستاییش و پێهەڵدانى دکتۆرێک، بە تەلەفۆن سڕەى بۆ گرتم، دیار بوو تەمبێ نەببووم، بۆیە هەر نیو سەعات دواى تەلەفۆنەکە بە پەلەپڕوزێ لەبەردەم عیادەى دکتۆردا پیاسەى چاوەڕوانیم دەس پێکرد.


دکتۆر دەستى بەرم نەکەوت و دواى پرسیار کردن داودەرمانى بۆ نووسیم و ئینجا حەواڵەى شیکاریى خوێنى کردم، منیش ڕەچەتەکەم بردە دەرمانخانە و سبەینێش چووم بۆ شیکاریى و سێڕۆژیان بۆ دانام بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکەى و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامى و بە پێى ئامۆژگارى دکتۆرەکەم بە ئازارى نەگۆڕەوە دەرمانەکانم بەکارهێنا، دواى سێڕۆژ بە ئەنجامەوە چوومەوە لاى دکتۆر، ئەویش دواى بینینى تێیگەیاندم کە گەدە و قۆلۆنم وەزعیان تەواو نیە و ڕەچەتەیەکى ترى بۆ نوسیم، دواى چەندین ڕۆژ شۆڕکردنەوەى حەب و کولاجى مەعیدە و دوبارە کڕینەوەیان، ئەمجارەیان ئازارەکەم تەنگى پێهەڵچنیم و بە خۆلوولدانەوە گەییشتمەوە عیادە میللییەکەى جارى پێشووى لاى ماڵى خۆمان لە ڕاپەڕین و دواى پلیت بڕین چومە خزمەتى دکتۆرى گشتیى و تکام لێکرد شرینقەیەکى ئازارشکێنى - ڤۆڵتارین - م بۆ بنوسێ، ئەویش وێڕاى بەدەنگەوە هاتنم، وتى: بڕۆ با شیکارییەکى میزت بۆ بکەن.


سبەینێ شیکارییەکەم بردە خزمەتى دکتۆرەکەى بازاڕ ، کە بینى یەکسەر وتى: نا نا شوکر مەعیدەت باش بووە بەڵام بەرد لە گورچیلەتدا هاتۆتە حالوبتەوە، ئەم شیکارییە هەڵگرە و بڕۆ شیکارییەکى دیکەى میزەکەتم بۆ بکەرەوە، منیش بە سەرلەقاندنێکى ناچارییەوە دەرچووم و دواى کاتژمێرێک بە شیکارە تازەکەوە خۆم کردەوە بە ژوورى دکتۆردا، هەندێک لێى ڕاما و وتى : هەوکردنى توندى میزەڕۆت هەیە، بڕۆ سبەى سۆنەرێکم بۆ بکە و بیهێنەوە بۆم، سبەینێ بە ئەنواع دەرمان و تەحلیل و سۆنەرەوە بە مەلولى چومەوە بەردەسى و هەندێک لێیان ڕاما و وتى: کاکە گیان تۆ میزەڕۆت هەوى کردووە ئەم دەرمانانەت بۆ دەنوسم بە جوانى بەکاریان بێنە، کە چوم دەرمانەکانم کڕى و دو پارچە - شاف - یشى تێدا بوو، سەرێکم لەقاند و بە کامەرانى برادەرمم وت: هەى ترحێو سێهەفتەیە چش لە خەرجییەکان حەب و کولاجى دنیاى لە سکما ساغ کردۆتەوە کێ دەڵێ مەعیدەشمى کون نەکردووە، من پێشم دەیەشێ و ئەو پلیتە بۆ پاشم دەنوسێ؟!


سەرتان نەیەشێنم، مەعیدەم بە بەریەوە نەمابوو داودەرمانى زێترى تێپەستم ، بۆیە بڕیارم دا ئامۆژگارییەکان لەگەڵ حەب و کولاجەکاندا لە کونى ئاودەس نێم و ئیتر بە قسەى خۆم بکەم، وا ئێستا ڕۆژانە هەڵبەز و دابەز دەکەم و شوتى و ئاو و شەربەت و بیرە حەیاتەکەش ئازارەکەیان سڕ کردووم و چاوەڕێم ئەگەر بەردە و ئەگەر بلۆکە مەرحەمەت بفەرموێ و بە میزەکەمدا خۆى شۆڕ بکاتەوە و بێتە دەرێ.


(اسال المجرب و لا تساَل الحکیم)، تکایە ئێوەش بە گوێم بکەن و هەرگیز سەردانى دکتۆرەکانى وڵاتى خۆمان مەکەن، ئەگەر زۆریش ناچار بوون هەوڵ بدەن پارە زۆر کۆ بکەنەوە و وەکو مەنسویلە زمڕوت و دەمڕوت و پەڕپوتەکانى لاى خۆمان بۆ هەڵامەتێکیش بچنە کن کتۆرەکانى دەرەوەى وڵات، چونکە ئەگەر دکتۆرەکانى خۆمان باش بونایە نە مامە و نە کاکە ئیدارەى ئەم وڵاتەیان جێنەدەهێشت و بۆ عیلاجى خۆیان دکتۆرەکانى هەندەرانیان ڕوگیرى دۆلار و سامانى دزیوى نیشتمانەکەمان نەدەکرد!!!


ئەو کەسە کەسە ئەوەندەى بەسە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک