په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٢

  ترافیکێک بۆ دڵم.

بێستوون مینە

١.

ھەموو تەمەنی خۆم لە خۆکوژییدا بەسەربرد
بۆ ئەوەی نەمرم مردن بە جەستەیێکی زیندوو.
٢.

من لێرەدا بووم بە رەژوو دەچمە دۆزەخ
لەوێ گڕێک ھەیە دەمگه‌شێنێتەوە.
٣.

ئەم بەفرە سپییە لەم ژیانە رەشە
ساردترە.
٤.

وەختی خۆی خەڵک لە پەروانەوە
فێری ئەوین دەبوون ئەوە ئەویش ئێستا
لە تەلەفزیۆنەوە سەیری شەم دەکا
ھۆن ھۆن بە دەم گووڵەبەڕۆژە قرتاندنەوە
دەگری.
٥.

یەک جار لە خەونمدا چوومە ژوانی کچێک
باوکی لە ھەمان جێگا بوو باشبوو وه‌ئاگا هاتم.
٦.

رقم لە مرۆڤە پشت دەکاتە سروشت و
چەپکێ گوڵی نایلۆن بە دەستییەوە دەگرێ
یان دەچێتە ناو باغە دەستکردەکان و
رەنگی وەرزەکان لە قەنەفەکانەوە تەماشا دەکا
٧.

من قەرداری گۆڕستانیشم
کە تا ئێستا تێیدا نەمردووم.
٨.

بە دوای چاویلەکەیه‌کی تەواو ئاسندا دەگەڕێم
چاوم بەرگە ناگرێ.
٩.

سەرم ھێند قووڕسە بە کارەبای نیشتیمانیش
ھەڵناستێ.
١٠.

توخوا ئەندازیار پەنجەرەیه‌ک بخە ژوورەکەمەوە
ھەموو زەوی لەوێوە دیاربێ.
١١.

رووبارە تیژڕۆکان گێژەن دروستدەکەن و دەمانبه‌ن
کەچی لە گۆمە مەنگەکانیش راناوەستین.
١٢.

مێروولەیه‌ک شارەکەی جێھێشتوە و
ھاتووە گلەییی لە سولەیمان دەکا.
١٣.

بە منداڵییش نەمدەزانی دزیی بکەم
منداڵەکان مریشکیان دەدزی منیش (ھێلکە)م
دەژماردن.
کە گەورەش بووم گۆڕانێکی زۆر بەسەر
ژیانم داھات
ئێستا خەریکی (گوێز) ژماردنم.

 

bestunmina@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک