په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠٢٤

تراژیدیای رێگەکانی کۆچ.


ئەرسەلان مەحمود    


گەڕانەوەی ژمارەیەکی تر لەقوربانیانی کۆچ بەجستەی ساردو سڕەوە بۆ نیشتمان، چەندە تێگەو هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پێگەی حکومەتەکانی خۆرئاواش هەزار هێندە.

کۆچبەران، نەک هەر لەهەرێمی کوردستان لەهیچ کوێی دونیا ئەو خەڵکە بێ ئینتیماو بێ ئیرادەو هەڵاتووە نین سەرۆک وەزیران راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، مناسەبەو بێ مناسەبە لەکۆنگرەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکانیدا وەتەنییەتییان پێبفرۆشێتەوەو تۆمەتباریان بکات بەبێباکی.

ئەوە تاکڕەوی لەئیدارەدان و مامەڵەی نا یەکسان و جیاکاریخوازە نیشتمان لەجێی نشینگەی دڵخوازی خەڵکەکەی لێدەکات بەناوەندی بێئۆقرەیی و بێهیوا کردنی تاک و خەڵک بەگشتی، ئەوان بێدادی و ستەم ناچاری کردون بەدوای ژیانێکی شکۆمەنددا بگەڕێن.

سادەترین ڕێگە بۆ پێوانەکردنی حکومەتی باش لەهەر وڵاتێکدا ئەوەیە ئاخۆ خەڵک چەند دەیانەێ لەژێر سایەیدا ژیانبکەن و بمێننەوەو چەندەش دەیانەوێ جێهبهێڵن، نەتەوەو نەتەوەسازی، حوکم حکومەتی رەشید بەکەتافی کوردایەتی موزەییەف و پۆشینی براندی خۆرئاوایی بەرهەم نایەو نایەتە ئاراوە، سیاسەتی نەسازی خۆ بەسوڵتان و خەڵک بەڕەعییەت زانی دادی بێدادان نادات.

لەلایەکی ترەوە، هەموو حکومەتەکانی دونیای خۆرئاوا قەرزارباری کۆچبەرانن لەبەرهەمهێنانی فرە رەنگی و فرە کەلتوری و دەوڵەمەندکردنی سەرمایەیی مرۆیی و ئیداری، کەچی ساڵبەساڵ دڵڕەقانەتر مامەڵە لەگەڵ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆچبەراندا دەکەن، ئەو نەرمی و بەخشندەیی و دادپەروەری نواندنەی بگۆی دەکەن، روکەش و دوڕوانەیەو خەڵکی پێدەستخەرۆ دەکەن.

خەڵکانێک کە نەک هەر لەهەرێمی کوردستانەوە، بگرە لەسەرانسەری دونیاوە، کاتێک ماڵەکانیان، خێزان و خانەوادەو وڵاتەکانیان جێدەهێڵن و لەگەڵیدا گیان و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە، کاڵاو کەرەستەی یارییە سیاسییە سنورییەکان نین، ئەوان خاوەن تاقەو تواناو بەهرەو فەرهەنگی جیان، هەلیکارو دەستەبەری ماف و ئازادی و سیستمێک کەپێیان وایە ئەو زەمان و زەمینەیان ئەداتێ و دەپارێزێ کێشیکردون، رەتکردنەوەی زوڵم و ستەمێک وڵات بەدەریکردون.

ئەم مەرگەسات و تراژیکەی رێگەکانی کۆچ کە دەریا دۆزەخی ترینیانە بەکراوەیی دەمێننەوە، ئەگەر رێگەیەکی باشتر بۆ ژیانکردن لەبەردەم گەلەکەماندا نەکەینەوەو نەدۆزینەوە، ئەو رێگەیەش رێگەی خۆ بونیادنانەوەو هەڵسانەوەیە بەڕووی تاکڕەهەندی و بێدادیدا کە دەکرێ دوور لەتوندوتیژی لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمەکەمانەوە بەردی بناغەکەی دابنێینەوەو خەڵکی بکەینەوە بەسەرچاوەی بڕیارو گۆڕانکارییەکان، گرنگە لەم دەرفەتەدا ئەم حەقیقەتە فەرامۆشی دوو توێی هیچ شتێک، هیچ دودڵی نواندنێک، هیچ مەجازو میزاجێک نەکەین و وابکەین کە هەموو رێگەکان بچنەوە سەر نیشتمان.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک