په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٠

تراژیدیاى شەوێک.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


کات بە خێرایى تێدەپەڕى، ناخۆشترین و ترسناکترین شەو بوو بە لاى منەوە، تەماشاى هەر لایەکم دەکرد ڕەش دەچۆیەوە. لەسەر گردۆڵکەیەکى نزمتر لە کێوە بڵندەکاندابووم، بێدەنگییەک چوار دەورمى تەنیبۆوە، هەندێجار نەبێت لە نێو جەنگەڵستان و باخچەى ماڵەکاندا، بە ئاوازێکى خۆش، دەنگى بۆق و ئاژەڵى دیکەم بەرگوێ دەکەوتن.


بە ئاسپایى سەیرێکى ئاسمانم کرد، وەکو شەوەکانى پێشوو نەبوو، ئاسایى نەدەهاتە بەرچاوم، ڕەنگى خوێنى پێوە دیاربوو. بە ترس و شڵەژانەوە سەیرى مانگم کرد، هێندەى درێژى پێنووسێک بە ئاسمانەوە دیاربوو، هەر چوار لاى مانگەکە سوور دەچۆوە، هەستم لە خۆم ڕادێرا، هێواش هێواش باڵندەکانى ئەندێشە دەهاتنە نێو مێشکمەوە، بەدەم سەیرکردن و ئاوابوونى مانگەوە بیرم بۆ مردن چوو، مردنێکى ناسروشتى نزیکدەبۆوە، گەرچى مردن هێزێکە مرۆڤ لە توانایدا نییە خۆى لێدوور بگرێت و کۆسپ بخاتە بەردەم هاتنى، هیوایەکى پووچە مرۆڤ بیەوێت نەمرێت، هەر دەبێت بمرێت و کۆتایى بەبوونى بێت. بەڵام جارى وا هەیە لاى مرۆڤ ڕۆح شیرین و خۆشەویست دەبێت و بەهەموو جۆرێک هەوڵدەدات لە دەست مردن رزگارى بێت.


لەملاوە هاوسەنگەرەکەم بەتوندى کۆکى، ڕاچڵەکیم، لەبنى پێمەوە تاکو تەوقى سەرم ترسێک لەرزاندمى، بە ئاسپایى ڕووى تفەنگەکەم ئاڕاستەى پێشخۆم کرد، هێندە ترساو و شڵەژاو بووم دارو بەردى بەردەم خۆمم لێببووە مرۆڤ و هێرشیان بۆ دەهێنام، ماوەى چەند خولەکێک لە دارو بەردە زەبەلاحەکانى پێشخۆم وردبوومەوە، ئیدى هەستم کرد کە مرۆڤ نین، دوایى هێواش هێواش خەیاڵات و ترس عەقڵ و جەستەمیان جێهێشت و ئارام بوومەوە.


بە نیازى ئەوەى کە بزانم کاتژمێر چەندە، دەستم بۆ ژێر پۆشاکەکانم بردو بە نهێنى دەنکێ شقارتەم ئاگردا، چەند دەقیقەیەکى کەم بۆ کاتى دیاریکراوى هێرشکردن بۆ سەر سەنگەرەکەمان مابوو، دڵم داخوورپا، ترس ناخمى هەژاند، سەیرى پێشخۆم کرد، شتێکى وام نەبینى کە لە مرۆڤ بچێت، لە نێو ئاوایى دەنگى بۆق و ئاژەڵى دیکەم بەر گوێدەکەوت، لە ژێر پووش و گژوگیا وشکەکانى بەردەم سەنگەرەکە گیانەوەرێک دەجووڵایەوە، دەنگى پێیە بچووکەکانى دەبووە هۆى شێواندى هەستەکانم، ئارەزووى ئەوەم نەدەکرد کە گیانەوەرەکە لەو شوێنە دەربکەم، بەڵام ناچاربووم کە دووری بخەمەوە، بۆیە بەردێکى بچووکم بـــــۆى هەڵداو ئیدى لەوێ دوورکەوتەوە. دیسانەوە دەنگـى بۆقەکان هاتنەوە گوێم، ئاى کە دەنگى بۆقم چەند بەلاوە خۆشە، لە کاتى گوێگرتن ئارامیم پێدەبەخشێت، کاتێ لە نێو کانیاو و باخچەکاندا خۆشترین ئاواز لە گەروویاندا دەردەچێت و بە دونیادا بڵاو دەبێتەوە، مرۆڤ هەیە بەسادەترین شت دەروونى ئاسوودەو خۆشدەبێت، ئەو شتە دەکرێت تەنیا دەنگى بۆقێک بێت، یان دەنگى شەپۆلى رووبار و پشیلەیەکیش بێت، بەڵام مرۆڤى وا هەیە بە هیچ تێر نابێت و تا دەمرێت ئاسوودەیى بەخۆوە نابینێت.


سەیرى ماڵەکانى نێو گوندەکەم کرد، دوو تارمایى مرۆڤم لە نێو پەنجەرەى ماڵێکدا کەوتە بەرچاو، بە هێواشى ڕووەو یەکترى دەچوون، هێندەى نەبرد ئاوێزانى یەکتر بوون. بە تاسەوە لێیان وردبوومەوە، دڵم خاو بۆوە، خەریک بوو ئاگام لەخۆ نەدەما، لەپڕێکدا دەنگى ئاژەڵێک هێنامیەوە هۆشخۆم، خۆ بووک و زاواکەى ڕۆژن کە بەهۆى ئاهەنگى ئەوانەوە نیوەڕۆ لە ماڵیاندا لەگەڵ هاوڕێکانم داوەت بووین و پیرۆزبایى ژیانێکى بە ختەوەرمان ئاراستەکردن، بەڵێ، خۆیانن، تەماشا چەند دڵخۆش و بە چێژەوە باوەشیان لە یەکترى داوەو جەستەى ڕووتیان تێکئاڵاندووە، من دڵنیام هەنووکە ژیانیان پڕیەتى لە بەرائەت و بە هیچ شێوەیەک بیر لە مردن ناکەنەوە، ئاى کە چەند بێزارم لەم ژیانە، ژیان بۆ من چ بەهایەکى دەبێت کە هەمیشە لە چاوەڕوانى مردندابم، مردن چ وشەیەکى قورسە، هەموو هیواکان لەنێو دەبات، خۆ تەنیایى و ترسیش بەشێکن لە مردن و مرۆڤ پێیان نازانێت، هەزارەها جار خۆزگەم بەخۆیان، من دڵنیام ئێستا ئەوان حەز بەهەڵاتنى خۆر ناکەن، بەڵام من چاوەڕێى تیشکى خۆرم لە ئاسۆدا دەرکەوێت.


نەرمە بایەکى فێنک کە بۆنى لەززەت و شەهوەتى لێدەهات بەرەو رووم دەهات، چاوم تێبڕین، بە سۆزەوە میوەیان بۆ دەمى یەکترى دەبرد، هەندێجاریش لە شێوەى دوو باڵندەى عاشق دەمیان دەنایە نێو دەمى یەکترییەوە. هەرکە بەم شێوەیە دەیانم بینى ئیدى بەدەست خۆم نەبوو رۆدەچوومە نێو دونیایەک خەیاڵاتى سەیرو پڕ لە چێژەوە، شەوانێکى پڕ لە لەززەت و ڕاموسانم کەوتەوە بیر، بیرەوەرییەکانم مێژووێکن هەرگیز لە بیرم ناچنەوە.


هاوسەنگەرەکەم هێنامیەوە هۆشخۆم، چییە بۆ بانگ دەکەیت ؟ چى چى ؟ شتێکت بینیووە ؟ ئازیزم لەم کاتە ترسناکەدا کەى وادەى قسەکردنە، خەریک بوو هەترەشم بچێت، تەنیا بۆ زانینى کاتژمێرە ئەو بانگکردنە؟پرسیارێکى بێمانایە، جا کاتژمێر هەر چەندێک بێت بە ئێمە چى، تاکو ڕۆژ هەڵنەیەت، یەک و سى و شەش خوولەکە، بەڵێ سى و شەش دەقیقە لە کاتى دیاریکراو لایداوە. پێدەچێت ئەمشەو هیچ لایەکمان حەز بە کوشتنى یەکترى نەکەین، مرۆڤ گەمژەیە گەر بیر لە کوشتنى مرۆڤى دیکە بکاتەوە، نازانم کوشتنى مرۆڤ چ سوودێکى بۆ مرۆڤ خودى خۆى هەیە! بڕواناکەم سوودى هەبێت، من بۆ هاتوومەتە نێو ئەم سەنگەرە خوێناویی و پڕ لە سامەدا؟من و ئێوەو ئەوان هەموومان تاوانبارین، کوشتنى یەکترى بۆ؟ بێ ویژدانییەکە مرۆڤ کەسێکى دیکە لە نێو ببات و مافى ژیانى لێ بسەنێتەوە، بەڵێن بێت ئەمشەوم لێبەسەرچێ لە پێش چاوى هەمووتان تفەنگەکەم دەخەمە نێو چاڵى پیسایى مزگەوتە کۆنەکەى ئاوایى، ئەوسا دوور لە شەڕ و بە دڵێکى ئارام و ئاسوودەوە ژیانێکى خۆش دەگوزەرێنم، لە هەر شوێنێکیش تفەنگ و شەڕ هەبێت، من لەوێ هەڵدێم، تفەنگ ئەو دڵڕەقەى کە بە هیچ شێوەیەک بە نەرمى قسە لەگەڵ کەسدا ناکات، خوێندەڕژێنێت و خۆشەویستى لە فەرهەنگى ژیان دەسڕێتەوە، نامەوێت، من شەڕ و ئاشووبم ناوێت، شەڕ پیسترین وشەیە، دژى جوانییەکانى دونیاو سروشتە، حەزدەکەم دەست لەیەخەمان بەرداو لەم مەملەکەتە دوور بکەوێتەوە، ئەى شەڕ دەرچۆ لە ماڵەکانمان، چیتر باخچەو جەنگەڵستانى جوانمان مەکە خۆڵەمێش و ڕووبار و کانیاوەکانیش بە خوێنى مرۆڤ سوور هەڵمەگەڕێنە، با چیتر منداڵانى ساوا بێ باوک نەبن و ژنەکانیش تەنیایى نەیانکوژێت، هێندەت خوێن ڕشت خەریکە بیابان و گۆڕستانەکان لە نێو خوێندا بزر دەبن!


هاوڕێکەم هەستى لە خۆى بڕى و بێدەنگییەک کەوتە نێوانمانەوە، بە ئاسپایى تفەنگەکەم لە بەردەم خۆم داناو تەماشایەکى گوندەکەم کردەوە، چاوم بە ماڵەکاندا گێڕاو ماڵى بووک و زاوا کـەوتەوە بەرچاوم، وەکو دوو مارى عاشق و لە شێوەى لاولاو ئاوێتەى یەکترببوون، هێندەیان یەکتر هێناو برد تاکو چێژ و توانایان لەبەردا بڕاو دواتر لە نێو باوەشى یەکتریدا جووڵەیان لە خۆبڕى و چوونە نێو خەوێکى ئارامەوە.


چ خەوێکى خۆشەو ئەوانەى تێکەوتوون، لە خەویشدا هەست بە چێژ و ئارامى دەکەن، لەم دونیایەدا هەندێ لە خۆشیدان و هەندێکیش تۆسقاڵێق خەو بە ئاوات دەخوازن، هەندێ بیر لە مردن ناکەنەوەو ژیانیان لاشیرینە، هەندێکى دیکەش هەن لە نێو تاریکى و ترسدا چاوەڕێى مردنێکى خوێناویی دەکەن، مردن هەر دێت، بەڵام ناخۆشترین مردن بۆ مرۆڤ و هەموو گیانەوەرێک ئەو مردنەیە کە خوێناویى بێت و لاشەى لـە خوێنى خۆیدا بزر بێت.


لەپڕێکدا، لەگەڵ دەنگى تەقە بەئاگاهاتمەوە، ترس دایگرتم، بەشڵەژان و نابەدڵییەوە ڕووى تفەنگەکەم ئاراستەى ئاسمان کردو چەند گوللەیەکم بە بۆشایى ئاسمانەوەنا، هاوڕێکانم رووبەڕووى شەڕێکى توندو ترسناک ببوونەوە، ماوەیەک سەرقاڵى شەڕێکى گەرم بوون، چەند جارێکى دیکە رووەو ئاسمان تەقەم کردەوە، هەستم کرد، هێواش هێواش بەرگرى لە نێو سەنگەرەکەمان کەم دەبۆوە، ئەوانیش بەدەم گۆرانى و سروودى سەرکەوتنەوە هەوڵى ئەوەیان دەدا بێنە نێو سەنگەرەکەمانەوە، سەیرێکى دواوەى خۆم کردو بە مەبەستى خۆ دەرباز کردن ڕووەو گوندەکە هەنگاوم هەڵێنا، لە نێو باخچەیەکى تووش ڕووەو سەنگەرە جێماوەکە وەستام، هیچ بەرگریکردنێک لە نێویدا هەستى پێنەدەکرا، بەڵام گۆرانى و سروودى سەرکەوتنى ئەوانم بەرگوێ دەکەوت.


شەو ڕووەو بەیانى هەڵدەکشا، هەرچۆنێک بوو ماوەیەکى دیکە لە نێو باخچەو جەنگەڵستانەکەى خوار ئاوایى خۆم ونکرد، هەرکە دونیا ڕووناک بۆوە یەکڕاست بەرەو سەنگەرەکەو بە هاناى هاوڕێکانمەوە چووم، بە ئاسپایى ڕێگەم بڕى، نزیکى ماڵى زاوا بوومەوە، ئاپۆڕەیەکم بەر چاو کەوت، هەندێ جاریش گریان و هاوارى ژنانم بەرگوێ دەکەوتن، دەبێ چى ڕوویدابێت؟ پێدەچێ بەهۆى شەڕى ئەمشەوى ئێمەوە کەسێک کوژرابێت، نازانم چى ڕوویداوە؟! هیچ چارەیەکى دیکەم نییە هەر دەبێت بڕۆمە نێو خەڵکەکەوەو ڕاستییەکەى بزانم، چەند هەنگاوێک رووەو ئەوێ چووم، وەستام، ئاوڕێکى دواوەم دایەوە، دوو منداڵ تیژ تیژ بەرەو لاى خەڵکەکە هەنگاویان هەڵدەهێنا، بەدەنگێکى نزم بانگم کردن، بەڕقەوە تەماشاى نێو چاومیان کردو وەڵامیان نەدامەوە، تیژتر لە جاران ڕۆیشتنەوە، دیسانەوە بانگییانم کردنەوە، لە جارى پێشووتر بەڕقترەوە سەیریان کردمەوە. دواتر بە شەرمەوە گوتم:


لەم ماڵە چى ڕوویداوە؟ کەمێک بێدەنگ بوون، دوایى یەکێک لە منداڵەکان گوتى:


نازانى چى ڕوویداوە؟ بەهۆى شەڕى ئێوەوە، ئەو بووکەى دوێنێ گواستراوە، ئەمشەو کوژرا، دڵم داخوورپا، ئاو بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە، تفەنگەکەم فڕێدایە نێو جۆگەلە ئاوێکى پیس و بەرەو لاى خەڵکەکە ڕۆیشتم، خەڵکێکى زۆر بە دیار تەرمەکەوە ئەڵقەیان بەستابوو، بە وردى چاوێکم بە نێو خەڵکەکەدا گێڕا، هیچ کامێک لە هاوڕێکانم بەر چاو نەکەوت، تەواوى خەڵکەکە بەڕقەوە تەماشایان دەکردم، لە ژێر لێوەوە قسانیان دەکرد، لەوەى دەکرد بە تاونبارم بزانن، دڵم ترسا، بە خێرایى لە نێویان دەرچووم، ڕێگەى سەنگەرەکەم گرتەوەبەر، هەر چۆنێک بوو خۆم گەیاندەوە سەنگەرەکە. لاشەى هەموو هاوڕێکانمم بە شێواوى و لە نێو خوێنى خۆیاندا بینى، لە گریان بەملاوە تواناى هیچ شتێکى دیکەم نەبوو، ماوەیەک بە دیاریانەوە گریام، خەریک بوو ئاو لە چاوەکانمدا وشک دەبوو، رووەو گوندەکە هاوارم کرد، بگەنە فریامان، کەسم نەدى بێت بە هانامانەوە، بەرەو ئەملاى سەنگەرەکە ڕووم وەرگێڕا، تەرمێک لە خوارەوە بۆر دەچۆوە، دڵنیابووم لەوەى کەتەرمى هاوسەنگەرەکانم نەبوو، بە دەم گریان و ترسەوە هەنگاوم بۆ هەڵێنا، هەر کە گەیشتمە سەرى، لاشەى یەکێک لە براکانم بوو، بۆ کوشتنى من هاتبوو!


5\8\2004

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا