٢٧\٢\٢٠١٩
ترامپ و
راگەیاندنی جەنگی جیھانیی دژ بە سۆسیالزم.

عەلی مەحمود محەمەد
رۆژی دوو شەمە ١٨ی شوبات ترامپ لە زانکۆی میامی" شوێنی گردبونەوەی
توندڕەوە راستڕەوە کوبی و ئەمەریکاییە لاتینیەکان" ھەرێمی فلۆریدا بە
ئامادە بوونی ئەندامانی پارتی کۆماری و ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فەنزوێلی
و کوبی, شەڕی جیھانی دژ بە سۆسیالزمی راگەیاند, کە پێشتریش لە
مانگەکانی رابردوودا لە چەند بۆنەو کاتدا وەک لە وتاری ساڵانەی حالەتی
ئیتحاددا ئەم سەرۆکە ملیاردێرە پەلاماری بیری سۆسیالستی دابوو, ئامادە
بووان بە دروشمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا, وڵاتە یەکگرتووەکانی
ئەمەریکا ..... ترامپ ترامپ پێشوازیان لە ھەڵمەتەکەی کرد, ئاوازەکانی
پشتیوانی نەک ھەڵمەتی مەکارسی ١٩٥٠ی ئەمەریکای وەبیر دەھێنایەوە, بەڵکە
دروشمەکان ھاوتای دروشمەکان ھیتلەر و مۆسۆلۆنی ساڵی ١٩٣٠ بوو, ئیدعای
ترامپ بەوەی سۆسیالزم بە کەڵکی مرۆڤایەتی و حوکمڕانی نایات, لە گەڵ
سەرەتایترین باوەڕی دیموکراسیەت یەک ناگرێتەوە, کە ھەڵبژاردنی شێوازی
حوکمڕانی بۆ ھاووڵاتیانی ھەر وڵاتێک دەھێلێتەوە.
ھێرشکردنە سەر سۆسیالزم سەرەتای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ترامپە بۆ
ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠, دەیەوێت لە رێگای ھێرش بۆ سەر سۆسیالزم پەلاماری
پارتی دیموکرات بدات تاکو بیخاتە حالەتی داکۆکی و دوبەرەکییەوە, کە
باڵێکی بەھێزی خۆیان بە چەپ و پێشکەوتنخواز و سۆسیالست دەزانن, ئەمە
دەرخەری ئەوەیە سۆسیالزم دەبێتە میحوەری سەرەکی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ی
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا, دیارە راستگەراکانی ئەمەریکا ھەر
ھەنگاوێک بۆ بیمەی تەندروستی بۆ ھەمووان و پاراستنی ژینگەو خوێندنی
خۆڕایی و پشتیوان دەوڵتی بە سۆسیالزم دەزانن, رۆژگارێکی ساڵی ١٩٦١
بەرنامەی میدیکیر وەک تەندروستی سۆسیالستی سەیر دەکرا, لە لایەن
پارێزگارە کۆمارییەکانەوە دەوترا بە ھاتنی ئازادی ئەمەریکی لەناو
دەبردرێت بۆیە رەتی بکەنەوە.
ئەنجامی پەلامارەکانی ترامپ ھەرچیەک بێت لە قازانجی سۆسیالزمدایە و خۆی
وەک ئەلتەرناتیفی سەرمایەداری لە پێشکەوتووترین و بەھێزترین وڵات لە
مێژوودا دەناسێنێت, بە تایبەتیش ئەمرۆ سۆسیالزم لای ئەمەریکییەکان وەک
جاران ترسناک نییە بەڵکە بەشێکی بەرچاو لە ھاووڵاتیان پشتیوانی لێدەکەن.
پەلامارەکانی ترامپ بە دوای بڵاو بونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەدا ھات
بیرنارد ساندەرز بڵاوی کردەوە و تیایدا رایگەیاند خۆی بۆ پۆستی سەرۆک
کۆماری ئەمەریکا لە ٢٠٢٠ کاندید دەکات, بۆ رۆژی دوای راگەیاندنی شەڕی
جیھانی ترامپ دژ بە سۆسیالزم, ھەڵمەتی خۆی لە ھەرێمی فۆرمۆنتەوە بە
فەرمی راگەیاند, بەو دەستەواژەو داواکاریانەوە ھەڵمەتەکەی دەست پێکرد
کە ترامپ بە سۆسیالزمیان دەزانێت وەک بیمەی تەندروستی گشتی, خوێندنی
زانکۆ بە خۆڕایی, ١٥ دۆلار بۆ لانی کەمی سەعاتێک کار ......, ترامپ و
ستافەکە تیئۆرسیۆنەکەی وا لە سۆسیالزم ترساون باوەڕ ناکەم لە ماوەی
حوکمڕانیاندا سەردانی وڵاتێکی ئەسکەندەنافیش بکەن کە زۆر لەو بەھایانەی
تێدا پراکتیزە کراوە.
پەلامارە یەک لەدوای یەکەکانی ترامپ بۆ سەر سۆسیالزم, کۆمەڵێک ھۆکاری
ناوخۆیی و دەرەکی خۆی ھەیە, ترامپ گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی سۆسیالزم و
کۆمۆنیزم لە ٩ی نۆڤەمبەری ١٩٨٩ بە روخانی دیواری بەرلین کۆتایی
نەھاتووە وەک ئیدعا دەکرا, بەڵکە شەڕەکە بە نیوەچڵی بەجێ ھێڵراوە,
ئەمڕۆ وەک قارچک لەھەموو کونج و کەلەبەرێکەوە سەری دەرھێناوەتەوە,
تەنانەت فۆکۆیاماش خاوەند تیۆری لیبرالیزم کۆتایی مێژوو ئەمڕۆ دەڵێت
سۆسیالیزم پێویستە, دوای ٢٦ ساڵ لە راگەیاندنی مەرگی یەکجاری سۆسیالزم,
ئێستا تۆبە دەکات و بە پێویستی دەزانێت بۆ مرۆڤایەتی, ئێستا سۆسیالزم
وەک بەرنامەیەکی ئابووری بۆتە ئەلتەرناتیڤی ئەنتەرناسیۆنالی سستەمی
سەرمایەداری, لە ھەموو شوێنێک بوونی ھەیە و سنور ناناسێت و نازانێت وەک
ترامپ لە میامی رایگەیاند, گرنگترین ئەو ھۆکارانەی پاڵنەری ترامپن بۆ
راگەیاندنی شەڕی جیھانی دژ بە سۆسیالزم ئەمانەی خوارەوەن:
١-لە ناو ئەمەریکا تەواوی پارتە سۆسیالست و مارکسی و شیوعیەکان لەدوای
بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ لە روی ئەندامگیرییەوە گەشەی بەرچاویان
کردووە, نموونە پارتی سۆسیالست دیموکرات ژمارەی ئەندامانی بۆ ١٨ی
دیسەمبەری ٢٠١٨ گەیشتۆتە ٥٥ ھەزار ئەندام, ٩٠٠% گەشەی کردووە, لە
زۆربەی ھەرێمەکان ستافی گەنج و چالاکیان ھەیە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی
ھەڵبژاردنەکان, لە گەڵ حیزبی شیوعی و پارتی ئەلتەرناتیفی سۆسیالستی
نزیک ٦٥٠٠٠چالاکوانیان بۆ پارتی دیموکرات زیاد کردووە لە ھەڵبژاردنەکان
بە تایبەتیش بەھێزکردنی باڵی پێشکەوتنخواز, ئەم ٣ پارتە باوەڕیان وایە
ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی خۆیان لە ریزەکانی پارتی دیموکرات بەرنە پێشەوە.
٢- کیشما سوانت ٣٥ ساڵەی بە رەچەڵەک ھیندی لە شوباتی ساڵی ٢٠١٣ بوو بە
ئەندامی ئەنجومەنی شاری سیاتل لەسەر لیستی پارتی ئەلتەناتیفی
سۆسیالستی"ترۆتسکیست", ناوبراو ھەرچەندە تەنھا بوو وەلێ توانی ١٥ دۆلار
بۆ سەعاتێکی کار بسەپێنێت لە شارەکەی خۆیدا, لە ساڵی ١٩١٦ەوە یەکەم
مارکسییە لەم شارە دەیباتەوە, بۆ ئەوکات ٦ ساڵ لەمەوپێش ئەمە خەون بوو,
لێ لە ھەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەمەریکا پارتی سۆسیالستی دیموکراتی
ئەمەریکا ١٠٤ پۆستی بردەوە لەناویاندا دوو پۆستی کۆنگرێس, بەمەش ژمارەی
پۆستەکانی بۆ ١٣٩ پۆست بەرز بوەوە, لە گەڵ ھەڵبژاردنەکاندا ژمارەی
پۆستەکانی دەچێتە سەر و زیاتر ریشە لەناو دەزگاکانی حکومەت دادەکوتێت,
دوو ئەندامەکەی کۆنگرێس کێشەی زۆریان بۆ ترامپ لە راگەیاندنەکان دروست
کردووە, بۆیە ترس ھەیە ئەم ھەڵکشانە بەردەوام بێت.
٣- لە دوا ھەڵبژاردنی کۆنگرێسدا ١٠٤ کۆنگرێسمانی پێشکەوتنخواز لە لیستی
دیموکراتەکان دەرچوون, ھەندێکیان بە نزیکایەتی لە شیوعییەکان و
مارکسییەکان ناسراون, بۆچونەکانیان لە داواکارییەکانی بیرنی ساندەرز و
سۆسیالستەکان نزیکە وە تا ھەنووکە ئەو دیموکراتانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ
پۆستی سەرۆک کۆمار تەرحەکانیان نزیکە لە پێشکەوتنخوازەکانەوە, بەشێوەی
گشتی تێکەڵەیەک لە بیری سۆسیالستی و پێشکەوتنخوازی باڵی بەسەر ژینگەی
بەرنامەکانیان کێشاوە.
٤-ئۆکاسیۆ کۆرتیز لە گەڵ رەشیدە تڵێب ئەندامانی پارتی سۆسیالست
دیموکرات بۆنەتە ئەندامی کۆنگرێس, کۆرتیز گەنجترین ئەندامی کۆنگرێسە و
سۆسیالستخوازێکی پەیگیرو کەلە رەق و ئازایە, بۆتە ئەستێرەی سەر
کەناڵەکانی راگەیاندن, ئێستا دوای ترامپ خاوەند زۆرترین جامەوەر و
پشتیوانی خەڵکیە لە سەرتاسەری ئەمەریکا و جەماوەری لە ھەڵکشاندایە.
٥-بە پێی راپرسی دەزگای گالوب , کەمتر لە نیوەی گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٩
ساڵ ھەڵوێستی باشیان ھەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری , رێژەی گەنجان کە
بە پۆزەتیف سەیری سەرمایەداری دەکەن لە ٦٨%ەوە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە
دابەزیووە بۆ ٥٧% لە ساڵی ٢٠١٦بۆ ٤٥% لە ساڵی ٢٠١٨, واتا لە ماوەی ٨
ساڵدا بە رێژەی ٣٢٣% دابەزیووە, ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری سۆسیالیزم
دەکەن گەیشتۆتە ٥١% , واتا پشتیوانی سۆسیالیزم لەناو گەنجان ٦ خاڵی
زیاترە لە سەرمایەداری, لێ لەناو سەرجەم ئەمەریکیەکان بە رێژەی ٥٦%
پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەکرێت, بەڵام لەناو دیموکراتەکان و
بێلایەنەکان لەسەرجەم تەمەنەکان ٥٧% بە باشە سەیری سۆسیالزم دەکەن.
ھاوکات بە پێی راپۆرتێک پێگەی ئەکسیۆس بڵاوی کردۆتەوە, لەناو
دەنگدەرانی پارتی دیموکرات لە ھەرێمی ئەیوا سۆسیالزم زۆرینەیە, بۆیە لە
ژینگەیەکی وا دا زەحمەتە دیموکراتە پێگەی سیاسی ناوەند و دەوڵەمەندەکان
بتوانن بچنە پێشبڕکێی سەرۆک کۆمارییەوە.
ئەم راپرسی و ئامارانە مەترسیدارن بۆ سستەمی سەرمایەداری ئەمەریکی ,
تەنانەت رقی خەڵک لە ۆڵستریت گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز, بە ھەڵکشانی
سامانی ملیاردێرەکان رقە چینایەتیەکان زیاد دەکات و متمانە بە سستەمی
سەرمایەداری دادەبەزێت, بزووتنەوەی ۆڵ ستریت داگیر بکەن لە ساڵی ٢٠١١
نموونەیەکی سەرەتایی بوو, ئیتر ٩٩%ی کۆمەڵگا بەرەی خۆیان لە گەڵ ١% و
٩٩,٩٩% لە گەڵ ٠,٠١% جیاکردۆتەوە, لێکگرێدانەوەی ئەستەمە لە کاتێک ٣
ھەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا سەروەت و سامانیان زیاترە لە داھاتی
نیوەی ھەژاری ھاووڵاتیانی وڵاتەکە کە بە بەھەشتی خەونەکان ناسراوە.
٦- خۆ کاندیدکردنەوەی بیرنی ساندەرز کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦ەدا زۆرینەی
گەنجان و زیاتر لە ١٣,٥ ملیۆن کەس دەنگیان پێ دا, لە ٩ یەکەم کاتژمێر
خۆکاندید کردنەکەی ٦ ملیۆن دۆلار کۆمەکی لە ٢٢٥ ھەزار بەخشەر کۆکردەوە
لە کرێکاران و قوتابیان و ھاووڵاتیانی ھەژار,کە بێوێنەیە لە مێژووی
ئەمەریکا, ھاوکات چاوی لەسەر کۆکردنەوەی ملیۆنێک خۆبەخشە بۆ ستافی
بانگەشەی ھەڵبژاردن, ئەو کۆمەک لە کۆمپانیا زەبلاحەکان و ملیاردێرەکان
رەت دەکاتەوە, کاندیدکردنی ساندەرز تەکانێکی دیکە بە بڵاو بونەوەی بیری
سۆسیالزم لە کۆمەڵگای ئەمەریکا دەدات ئەگەر بە ناتەواویش بێت, کە ئێستا
یەکێکە لەو وشانەی زۆرترین گەڕان بۆی ھەیە لە گۆگڵ و شوێنەکانی دی لە
وڵاتەکە.
کەواتا سۆسیالزم لەو وڵاتەی رۆژێک ئومێد نەبوو ببێتە رێبازێکی سیاسی
کۆمەڵایەتی ئەمرۆ لەناو کۆنگرێس و دەزگاکانی حکومەت و سەر کەناڵەکانی
راگەیاندنی ناوخۆیی و شەڕی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمارییە,
ئەمرۆکە لەناو زانکۆکان و لەناو دڵی گەنجانە و لە بەرزبونەوەی
بەردەوامیشدایە, بۆیە شەڕەکە شەڕێکی بێ ھودەیەو سۆسیالزم دوارۆژی
مرۆڤایەتییە.
٧-ترامپ لە ھەڵمەتەکەی مەیامی سەرباری غەرق بون لە فاشیزم وەک
ملیاردێرێک, ھاوکات گەڕایەوە بۆ عەقیدەی مۆنرۆی ساڵی ١٨٢٣ ی
ئەمپریالستی, بە پێی ئەو عەقیدەیە بێت ئەمەریکای لاتین موڵکی تایبەتی
ئەمریکایەو دەبێت خۆی تەنانەت شێوازی دەسەڵاتەکەی دیاریبکات بۆ
وڵاتەکانی , وەک لە میامی رایگەیاند سۆسیالزم لە ئەمەریکای لاتین جێگای
نابێتەوە,
"سەرۆک جیمس مۆنرۆ لە ساڵی ١٨٢٣ بۆ بەرەو روبونەوەی داگیرکاری فەرەنسا
و بەریتانیا بۆ ئەمەریکای لاتین دوای رزگاربونیان لە داگیرکاری ئیسپانی
باوەڕی مۆنرۆی داھێنا, بە پێی ئەم باوەڕە ئەمەریکای لاتین بە موڵکی
ئەمەریکا دەزانن لە ژێر دروشمی ئەمەریکا بۆ ئەمەریکییەکان , لە نێوان
١٨٤٦ بۆ ١٨٤٨ مەکسیک نەک تیکساس بگرە کالیفۆرنیای سەرو و نیومەکسیکۆ و
ئۆتاواو نیڤادا و ئەریزۆناو کوالادۆری رۆژئاوای لە دەست دا بۆ ئەمەریکا
, لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ بۆ ١٩٩٤ دا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ٤١
حکومەتی لە ئەمەریکای لاتین روخاند کە ١٧یان بە بەشداری سەربازی
راستەوخۆ بوو", لێ ئەم ھەوڵەی ترامپ بێھودەیە کە سۆسیالزم لە ئەمەریکای
لاتین داببڕێت, بزاوتەکە بزووتنەوەیەکی جەماوەری رەگ داکوتاوە نەک
پارتی مۆز وەک ئەوروپای رۆژھەڵات لە شەو رۆژێکدا ھەرەس بھێنن, سۆسیالزم
بەشێکەلە کلتوری ئەمەریکای لاتین و لە ریشە دەرھێنانی ئەستەمە.
ئەم شەڕەی ئەمجارەی ترامپ دژ بە سۆسیالزم دیوارەکان تیایدا ناروخێن,
شەڕی مێشک و گیرفانەکانە, بۆیە سەرکەوتن تیایدا ئەستەمە, تا گیرفانەکان
زەبلاحتر بن, پروپاگەندەی ئازادیخوازی گاڵتەجاڕتر دەبێت, تاکە رێگا بۆ
بەرگرتن بە گەورەبوونی زیاتر سۆسیالزم تا نەگەیشتۆتە بەرھەم ھێنانی
مرۆڤێکی باڵاتری بایەلۆجی سۆسیالزمێکی مرۆییە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |