په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٤

تیرۆریزمی نوستوو؟!


جەمال موحسین     


کاتێک هاتەوە بۆ کوردستان، میدیاکان (بەوانەی خۆشیان بە ئازاد ئەزانن) کەوتنە چاوپێکەوتن و گفتوگۆ و چوونە ژێر باڵی (دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیەوە و بڕێک زیاتر لەوەی خۆی هەیە و ڕەنگە چاوەڕوانی کردبێ فوویان تێ کرد، گوایە کەسێکی ''پێشتر تیرۆریست''، ئێستا دێت و لەگەڵ ژیانی پەرلەمانی و دیموکراسیدا خۆی تێکەڵ ئەکات و ڕەنگی خۆی ئەگۆڕێ بۆ "خەباتکاری مەدەنی".

 

لەم ڕۆژانە زۆر سەیر یاری بە وشە و دەربڕین و شت ئەکرێت: (میدیای ئازاد، تیرۆریستی دیموکراسیخواز و نەرم، ئیسلامی سیاسی و خەباتی پەرلەمانی و زۆر شتی تر...) ئەمەیان باسێکی ترە، وا ئێستاش گەرمیانی ئەڵێ "ناتوانم بە داعش بڵێم گروپێکی خراپە"! من خۆم پێم سەیر نییە گەرمیانیەک کە سەرپەرشتی چەندین کردەوەی مرۆڤکوژیی کردبێ و بە پەنجە ڕاوەشانن و ئاماژەی ئەو، خەڵک هاندرابێ خەڵکی بە ناو کافر و عەلمانی و چەپ بکوژێ، ئێستا بە داعش نەڵێ خراپ. داعشێک کە لافاوی خوێنیان بەڕێکردبێ، داعشێک کە کردوویانە بە زۆر ئەبێ کچانی ١٤ ساڵ بدرێن بە "موقاتیل" و "موجاهید"ەکانی ئەوان، داعشێک کە پەرتووکی قوتابخانەکانی سوتاندبێ، سەدان خوێندکاری سەربڕیبێ..... ئیوە خۆتان بڵێن چەند تاوانی تری ئەنجام دابێ و بە یەک ڕستە: جوانیی و ژیانی لە ڕەگەوە هەڵتەکاندبێ، کە لە لایەن گەرمیانەوە بە "خراپ" دانانرێت هیچ شتێک سەبارەت بە خودی داعش نادات بە دەستەوە.


داعش جانەوەرێکی خوێنخۆرە کە مرۆڤ ناتوانێ بە وشە گوزارشتی لێ بکات. ئێوە لەم چەند ڕۆژەدا بە هۆکاری پێشکەوتووی تەکنەلۆژیای سەردەمەوە ڕۆژەکانی قوڕەیش و لەتوپەتکردن و ملپەڕاندنی مرۆڤتان لە مێژووی ئیسلامدا بە چاوی خۆتان بینیەوە! کەسێک کە ئامادە نییە تەنانەت وشەی "خراپ"یش بۆ داعش بەکاربهێنێ، گەر ئاو لە تیرۆریزمی ئیسلام و داعش و نموونەکانی بنلادن و ئێران و سعودیە و قەتەر و هەر باڵێکی تری ئیسلامی نەخواتەوە، ئەی گوایە بەخێوکراوی کوێیە؟!


تیرۆریزمی ئیسلامی (داعش) لەو دیو سنوورەکانی" کوردستانەوە نییە بە تەنها، بەڵکو بە وێنەی درنجێکی نوستوو خۆی بۆ گیانی کۆمەڵگا، بۆ ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی، بۆ ژنان، بۆ منداڵان و بۆ لەناوبردنی جوانیی مەڵاسداوە. داعش لە کوردستان نوێنەری هەیە و لە پارەی دزراوی خەڵکیش بودجەی بۆ بڕدراوەتەوە، لە پەرلەماندا بەشدار کراوە و کراوە بە سەرچاوەی هەڵهێنجانی یاسا تاریکەکانی شەریعەت و سەپاندنی بەسەر کۆمەڵگادا. دۆستان، داعش لە کوردستان نوستووە و چاوەڕوانی زەنگی وەئاگاهاتنەوەیە تا پەل بکوتێ بۆ خاپوورکردنی کۆمەڵگا و ئاکارە مەدەنییەکانی. ئەبێ کارێک بکەین ئەو زەنگە لەکارب خەین و نەهێڵین لە خەو وەئاگای بهێننەوە! ئەمەش کاری هەموو بەرەی ئازادیخوازییە.

 

 

jamal_muhsin@yahoo.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک