١١\١١\٢٠١٨
تیرۆر.. مرۆڤ و
كاڵا!!

جوتیار
یه‌كێك له پڕ ئەنگیزەترین بابەتەکانی ئێستا
و له پانتایی میدیا و دیبلۆماسیه‌تی جیهانیدا بابەتی تیرۆری (جەمال
خاشقچی)یه، ئه‌و بابەتە پێویستی به هەڵوەستەیەکی رامانگیر هه‌یه بۆ
ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێ له شێوه کەتوارییەکەی خۆیدا خوێندنه‌وه‌یه‌كی
دروست و فره‌ڕه‌هه‌ندی بۆی هه‌بێ.
خاشقچی ئه‌گه‌رچی له رامان و تێڕوانینیدا خۆی په‌روه‌رده‌ی
خوێندنگەیەکی هزریی كۆنه‌پارێز و پانئیسلامییە كه به‌شێكه له
پشتیوانی تیرۆر و پاكتاوی سیاسیی، به‌ڵام ئه‌وه نابێته رێگر له‌به‌رده‌م
ئازادیخواز و رۆشنبیران كه هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر جۆری تیرۆر و پاكتاوی
جەستەیی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه بكه‌ن، چونكه ئه‌و وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی
ره‌خنه‌گری دژ به ده‌سته‌ڵات، بوو به قوربانیی و ناچار به راكردن
كرا له عه‌ره‌بستانی سعودییه‌وه بۆ ویلایه‌ته یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
و له دوایشدا له كونسوڵخانه‌ی سعودیه له ئیستانبوڵ پارچه‌پارچه
كرا و به دڕندانەترین شێوازی پاكتاوكردن تیرۆركرا، ئه‌و شێوازه له
تیرۆر كه خاشقچی وه‌ك دژبەر و رۆژنامه‌نووسێك رووبه‌ڕووی بۆوە و
ژیانی له‌سه‌ر دانا ، ده‌چێته سه‌ر په‌ڕه‌گرافی مێژووی (تیرۆری سیاسیی
ده‌وڵه‌تیی) به جۆرێكی نامرۆڤانه و نا هاوتا له دڕنده‌یی ده‌سته‌ڵات
و به پلان و به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌بۆكراو به ئاگاداریی دادپه‌روه‌رانی
دیموكراسیه‌تی رۆژئاوا و سیسته‌می ئابوری چاوچنۆكانه‌ی نیولیبڕالیزمی
سه‌رمایه‌داریی به رابه‌رایه‌تیی (ترامپ) و هاوشێوه‌كانی.
من خۆم له‌و باسه ناده‌م كه بۆچی خاشقچی به‌و شێوه‌یه تیرۆركرا،
چونكه خه‌ڵكانی شاره‌زاتر هه‌ن كه ده‌توانن ئه‌م باسه بکەن بابەتی
رۆژ و وتووێژ و به دواداچوونی میدیایی.
ئه‌وه‌ی كه من مه‌به‌ستمه له‌و چه‌ند کۆپڵە نووسینەدا بیڵێم، گه‌رمبوونی
ئه‌و هه‌موو ژماره‌ی ملیاردانه‌یه كه له نێوان زلهێزه‌كاندا له په‌یوه‌ست
به‌و بابەتەوە قسه‌ی لێده‌كرێ، به‌شێكی زۆری سه‌رچاوه مدیاییه‌كان ئه‌وه
پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌ره‌بستانی سعودیه
بەخششێکی هێجگار مه‌زن و قه‌به‌ی خستوه‌ته به‌رده‌م (ترامپ و ئۆردوگان)
بۆ داپۆشین و به لاڕێدابردنی كه‌یسی (خاشقچی) و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و
گومان و سەرنجانەی له‌سه‌ر شازاده موحه‌مه‌ده له بابه‌تی ئه‌و
تیرۆره‌دا!، چونكه بۆ ده‌سته‌ڵاتدارانی سعودیه‌ش ئه‌وه روونبۆته‌وه
كه ئیتر شازاده موحه‌مه‌د ناتواندرێ له‌وه پتر په‌نابدرێ له به‌رامبه‌ر
ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه خه‌جاڵه‌تئامێزه‌ی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی له په‌یوه‌ست
به بابەتی (خاشقچی)دا، ئه‌وه‌ی كه زۆر جێی سه‌رنجه هه‌ریه‌كه له
وڵاته لیبراڵ دیموكراته‌كانی رۆژئاوا بایی خۆی کۆشش دەکا پشكێكی ئه‌گه‌ر
بچو‌وكیش بێ له‌و كێكه چه‌ور و شیرنه‌ی كه له بازاری تیرۆری (خاشقچی)دا
له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی سعودیه‌وه خراوه‌ته سه‌ر مێز بۆ خۆی ببا،
وەک له‌سه‌ر زاری سیاسەتمەدارە ئەڵمانییەکان روون ده‌رده‌كه‌وێ و
ده‌یانه‌وێ له دوو وێستگه‌ی جیاوازدا له به بازاربوونی ئه‌و
مژارەدا سوودێكی ئابورییان پێبگا.
ده‌وڵه‌تی ئەڵمانیا، یه‌كێك له‌و بازاره گه‌رموگوڕانه‌یه كه هه‌میشه
چاوچنۆكیی خۆی به ناوی ئەفسوونی دیموكراسی له به‌رانبه‌ر وڵاتانی هه‌ژار
و جیهانی سێیه‌مدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانیان فراوان كردۆتەوە و هه‌رده‌م
په‌یره‌و‌ی سیاسه‌تێكی كۆنه‌پارێزیی و ناکۆکیان له هه‌ڵسوكه‌وتیاندا
په‌یڕه‌وكردوه، ئه‌وان بۆنی چه‌وریی و قه‌ڵه‌ویی ئه‌و كێكه‌یان بە
باشیی کردوە كه سعودییه‌كان بۆ بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی له
به‌رانبه‌ر بابەتی (خاشقچی) له‌سه‌ر مێزی دیموكراسیه‌ت دایانناوه،
هەروا ده‌زانن هه‌ڵوێسته‌كانیان ده‌توانێ شتكیان بۆ به‌ده‌ست بخات ئه‌گه‌ر
گوشاره سیناریۆئامێزه‌كانیان له رووی سیاسییه‌وه كه‌مێك گه‌رمتر بكه‌ن
له به‌رانبه‌ر سعودیه‌دا، كاتێك له راگەیاندنە فەرمییەکانیاندا داوای
روونكردنه‌وه‌ی بڕواپێكراوی پتر و هۆكاری لۆژیکیانەتر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و
کوشتارە كه له دەزگەیه‌كی فەرمیی دیبلۆماسیی ده‌وڵه‌تدا په‌رپاكراوه
به جۆرێكیش كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی پاوانخوازیی ده‌وڵه‌ته
تیرۆریسته‌كه‌یه.
هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانییه‌كان له بابەتی جۆراوجۆردا جێی سه‌رنجه، هه‌روه‌كو
چۆن له بابەتی رۆژنامه‌نووس (عادل یگیت) له به‌رانبه‌ر توركیا و
ئۆردوگاندا نیشانیاندا، ئه‌و به‌رخورده بۆ ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك و ئه‌ڵمانیا
كه له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه بانگه‌شه‌ی سه‌رتۆپی بۆ
دیموكراسیه‌ت و ئازادیی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كا، جێی پرسیار و تێڕامانێكی
ورده.
ئه‌وه‌ی كه جێی سه‌رنجێكی قووڵه لەو بابه‌تەی (خاشقچی)دا تاكه گوشار
له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواوه به‌رانبه‌ر سعودیه كه لە میدیا ده‌رده‌كه‌وێ
ته‌نیا گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین كه ئیتر چه‌ك به سعودیه نافرۆشن، وه‌ك
ئه‌وه‌ی (خاشقچی) په‌ڕاوی ئه‌و بەڵیندەرییە بێ كه بۆ فرۆشتنی چه‌ك له
نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و سعودیه‌دا واژۆ كرابێ و ئێستاش دڕێندرابێ!! ئه‌رێ
به‌ڕاست هه‌موو هه‌ڵوێسته به‌هێزه‌كه‌ی وڵاتانی رۆئاوا ئه‌وه‌یه كه
هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌تی شازاده‌كان بكه‌ن به نه‌فرۆشتنی چه‌ك؟!
چ بێ رەوشتییەکە ئه‌وه‌ی له‌و رۆژگاره‌دا رووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌بێته‌وه،
به‌ڕاست پێویسته چه‌ند رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و چالاكوانی تر كه‌له‌پاچه
بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی رۆژئاوای باوكی دیموكراسیه‌ت و دایكی مافه‌كانی مرۆڤ
هه‌نارده‌كردنی ماست و په‌نیر بۆ وڵاتانی دیكتاتۆر و سه‌ركوتگه‌ر
رابگرێ؟! چ گەڕەلاوێژیەکی بێزەوەرە سیاسه‌تكردن له‌و جیهانه‌ی سه‌رمایه‌داریدا!!
لێره‌وه د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی چه‌نده
پێویستی به ماركس و تێڕوانینه‌كانیه‌تی تا چیتر مرۆڤ له به‌رانبه‌ر(
كاڵا و شتومه‌ك)دا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌نه‌كرێ و بێنرختر نه‌كرێ.
raney.g1@gmail.com
|