په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

           تیشکى ئەوین.


زیاد نادر عاڵڵایى

جار جارە لێت وەڕس دەبم،
دەڵێم: نا، جارێکى تر ڕیڤینگانەش
ساتێ چییە، ناتدوێنم..
نا.. نابمەوە دەڤژەنى تۆ و،
لە چارداخى چاوانتدا ماندوێتیى خۆم ناشکێنم..
  
*   *   *
نا، نابمەوە ڕازیارى تۆ و،
پرچى تیشکى ئەوینى خۆم،
شەفەقێکی دیکە هەرگیز پەخش ناکەم..
بە تەونى ماچى جێ ژوانێ،
ڕایەخى عیشق نیگارین و نەخش ناکەم..
  
*   *   *
چیى دى نابمەوە چلچراى ئەڤینى تۆو،
لە شەویژگەى ڕۆحا تە بۆ ساتەوەختێ،
هەتا ماوم هەرگیز ڕۆنیا و ڕۆشن ناکەم..
لە نێو هزرم دەرتدێنم و
جارێکى تر من چرپە ودووى هەڤۆکێکت لە کن ناکەم..
  
*   *   *
بەڵام کاتێ کە دەتبینم
لەنێو گیانمدا ڕیشۆلەى تەناهى دێ و
ئازادانە، دەفڕى و دەداتە شەقەى باڵ..
کۆسە بە بارانەى ئۆخژنى،
لە پڕدێت و دەدات لەقەمتەرەى زنجیربەندى خەیاڵ..
  
*   *   *
چۆڕاوگەى میهرى مریەمیت،
دەمى ووشک و تێنووى بەرخى دەروونم پڕوتەڕ دەکا..
نەورۆزى نیو نیگاى سەوزت،
پێدەشتى زەردى تەمەنم،
پڕ وەنەوشەو شەستپەڕ دەکا..
  
*   *   *
نە تۆ و ..
نە من ..
ناتوانین واز لەیەک بێنین ..
ئێمە هەردوو
دوو کەناریى نەوا خوێنین ..
  
*   *   *
ئێمە، وەک ژێَى گەروو و دەنگین ..
پێکەوە جوان و قەشەنگین..
توبى و خودا..
کەنگێ ئێمە لەیەک دەگەین؟
کەنگێ ئێمە بەیەک دەگەین؟

کەى هێلانەیێ چێ دەکەین؟
ژیانێکى پڕ لە سایە و نسێ دەکەین!!
حەزم لێیە
بەرلە وەى بمرم، پێت بگەم...
لە هونەرى ئیرۆسیەتى
نێوانى خۆم و خۆت بگەم..
لێ چى بکەم،
دەمێکە دڵخوازى یەکین
نەپێم دەگەى
نە پێت دەگەم!!
 

         خاچى نەفرین.


کە کۆترى عەشقى نەواخوانى دڵى منت کوشت،
چیت بە خۆت گوت ؟
چەند جار ڕۆحت بە خاچى نەفریندا هەڵواسى ؟
چەند جار ویستت خۆت بەدەم شەپۆڵێکەوە بدەیت و
دەریاییەک ناسکیى لەشت بخواتەوە. ؟
چەند جار زمانت بە پشکۆى سووتان هەڵقرچاند،
تا مێژووى نەگریسى دوورى و دابڕان دووبارە نەبێتەوە؟
ئەى نەوڕەسى نێو ڕووبارى ڕۆحى سەوزم!
گوناهت کرد بە دواى شوێن پێى هەنگاوەکانى
کاروانچیەکى بەلەدى ڕچە و ڕێگەکانى
گەرمەسێر و کوێستانەکانى عەشقدا نەکەوتى..
گوناهت کرد لە نسارستانى ژێر پێڵوى چاوانى
هەولێرە کوڕێکى لە خۆت عاشقتردا،
هەر بۆ ساتێ نەخەوتى!
گوناهت کرد لە ژێر کەپرى ئەڤینى دەروونى
باغەوانێکى ئاوەڵى شیعر و شەرابدا، هەدات نەدا!
تا هەناسەکانت تەژیى بۆنى میسک و ڕێحانەى خۆشەویستى ببن..
گوناهت کرد تا بە ئاهى گوناهەکانت بسوتێم و،
لەڕووبارى یادەوریمدا، نەوڕەس ئاسا، سەما بکەى..

قەینا تۆ ڕاهاتووى لەسەر گوناه و،
منیش لە تاڤگەى بەخشش و دڵاوایى لێوانلێوم..
تۆ ڕاهاتووى لەسەر دڵکوشتن و،
منیش پڕم لە دڵدانەوە و سێبورى رۆحى خۆم..
تۆ ڕاهاتووى لەسەر خاچدان و،
منیش خومارم بە نۆشینى شەرابى نەمرى..
ئێستا ئێمە لە دووڕیانى لێک حاڵى نەبوونداین و
لە سەر سیراتى سووتان هەڵکوڕماوین و،
سەرنجى ئاگر و گوڵ دەدەین..
ئێستا خۆمان سەرپشکین ،
دەست بۆ چى ببەین:
بۆ گوڵ،
یا گڕ ؟
هەناسەکانمان بۆنى چى بگرن،
نەرگز،
یا دووکەڵ ؟
نیگاکانمان دڵۆپەى چى بتکێنن،
خوناو،
یا زەرەند؟
پەنجەکانمان چى بڕوێنن،
گوڵەگەنم،
یا گوژاڵک؟
لەمەودا چ ڕێگەیەک بگرینە بەر
ڕێگەى مەرگ،

یاخۆ ڕێگەى پێکەوە ژین..
کام نشینگە دوا وێستگەمان بێ،
بەهەشتى پڕ ئاشتەوایى،
یا دۆزەخى پڕ لە برین؟!


zyadnadr@yahoo.com