توانج و دەستبردن بۆ ژنان لە گەمەى سیاسەتدا .
سەباح تاهیر
لە مانگى ڕەمەزانى پیرۆزى ئەمساڵ دیاردەیەکى سەیرى نامۆ بە کۆمەڵگەى کوردەوارى بە گشتى و بە شارى سلێمانى بە تایبەتى لەم شارەدا هەڵتۆقى!!!!! ئەویش دەستبردن وتوانج و پلار لەوە ژنانەى گوایە سەرپۆش ناپۆشن لەمانگى ڕەمەزاندا .
لە قاهیرەى پایتەختى میسر ماوەیەک دەبێت دیاردەیەکى لەم جۆرە هەستى پێدەکرێت ، بە جۆرێک ژنان زۆر بەزەحمەت بەتەنیا ڕێئەکەن بۆ بازاڕو شوێنى کارەکانیان ، بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانیى و مایەى سەرسوڕمانە ئەم بەد ڕەفتارییە لەم ووڵاتە ڕەهەندێکى سیاسى وەرگرتوە . دەسەڵات ڕەوتە ئیسلامیەکان تۆمەتبار دەکات کەلەپشتى ئەم کارەدان لەبەرامبەردا ئیسلامیەکان حکومەت بەبەرپرسیار دەزانن بەوەى ، حکومەت هیچ بەرنامەیەکى نییە بۆ ئاسانکارى پرۆسەى هاوسەرگیرى لاوان ئەمەش دەرئەنجامى بێبەرنامەییەکەیە .
لێرەش دواى بلڵاو بونەوەى ئەم هەواڵە لەلایەن پارێزگاى سلێمانى و دەستگیرکردنى زیاتر لە "40" تۆمەتبار بەم تاوانە . هەریەک لە شوێنى خۆى هۆکارێکى دەست نیشانکرد، دیارە یەکێکیش لەم فاکتەرانە گومانى دەستێک لە پشت ئەم دیاردەوە بوونە بوو .
توندى تیژى بەرامبەر ژنان زۆر شێوازى بەخۆوە گرتوە بە درێژایى مێژوو، دەکرێت ئەمەش جۆرێک بێت لە توندوتیژى بەرامبەریان . بۆیە پێویستى بە لێکۆلینەوەى ورد هەیە بۆ دەست نیشانکردنى پاڵنەرى ئەم دیاردە قێزەونە . خۆ ئەگەر ڕاست بێت گەمەیەکى سیاسى لەپشتەوە بێت ئەوە کارەساتە ؟؟؟؟؟؟ دەبێت بەزووترین کات کۆتایى بەم یارییە دوور لە مۆرالە بێت . ئەگەر دیاردەیەکى کۆمەڵایەتیش بیێت ڕەنگە چارەسەرییەکەى هێندە زەحمەت نەبێت .
ئەمڕۆ لە دەڤەرەکەى ئێمە ژنان جگە توندوتیژى کۆمەڵایەتى بەرامبەریان توندوتیژى ئایینى و مەزهەبیش بەرۆکى گرتوون ، بەپێى هەندێ سەرچاوەش ، ڕێژەکەش مەترسیدارە بۆیە حکومەت جگە لە هەڕەشەى توندترین سزا بەم دواییە هاناى بردە بەر وەزارەتى ئەوقاف و مزگەوتەکان ، بۆ سنوردانان بۆ توندوتیژى دژ بەژنان . ئەمە جگە لە ڕێکخراوەکانى ژنان، ئافرەتان... هتدو کەسانى کارا لەبوارەدا. کە بەردەوام لە هەوڵى پرۆتستۆکردنى هەر توندوتیژییەکن دژ بە ئافرەتان .
حەق نییە هیچ لایەنێک ڕێگا بە خۆیبدات ، ئازادییەکانى ژنان بداتە بەر ڕەحمەتى گەمەیەکى سیاسى دوور لە ئەخلاقى سیاسى. بۆیە ڕیسواکردنى کارى لەم جۆرە ئەرکى هەموانە بێجیاوازى ...
|