په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠٢٥

   توێکڵی هیچ.

ئەرسەلان مەحمود

بێدەنگی
      لە خەونیدا ببوو بەهاوار
               هاواری هەموو دەنگەکان
                     بەڵام هاوار چییە جگە لە
               باوەشێنکردنەوەی ڕەژییەی
      ئازارەکان و ئەشکەنجەدانی
بەرخودان.

ترسی پرتەقاڵ
        لە پێستەکەی خۆیەتی!
                ئەو پێستەی لە ڕووناکیدا ڕەنگێکە و
                        لە تاریکیدا ڕەنگێکی دیکە و لە ناخدا
                                نازانێت کامیان خۆیەتی!
                        ڕەنگە هەردووکیان بێت
                لە رەنگێک
        ڕ ە ن گ
نییە!

منداڵێک
        لە کۆڵانەکەدا دەپرسێت:
                بۆچی سێبەرەکان لە خاک دەترسن؟
                        سێبەر ناتوانێت لە ڕووناکیدا بژیەت،
                            نا - ناتوانێت لە خاکیشدا نەمرێت،
                        لەوێ مردن دەبێتە
                شێوەیەکی نوێ
        لە ژیان!
دەستم
        سەیری پەنجەکانی خۆی دەکات و
                لێمدەپرسێت: ئەمانە پەنجەی کێن؟
                        وڵامەکە لە خودی پرسیارەکە خۆیدایە،
                ئەوە پرسیارەکانن فەرامۆشی دەکەن
        ئەو وڵامانەی
لەناخیاندایە

تۆزەکان
        لە تیشکی خۆردا سەما دەکەن
                نەک لەبەر ئەوەی خۆشحاڵبن
                     نا - لە کەوتن و هەڵستانەوەدا
               چونکە دوو ناو و دوو ناوەرۆکی
         هەر هەمان
بێدەنگین!

ئاو
   لە خەونیدا بوو بە بەرد
           بەرد لە خەونیدا بوو بە چیا
                   چیا لە خەونیدا بوو بە هەور
                           هەور لە خەونیدا بوو بە دەریا
                                   دەریا لە خەونیدا ببوو
                                              بە گۆڕستان!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک