په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٨

تیۆرەکانی مارکس، یاسا لە میتافیزیکاوە بۆ فیزیکا.

 


سمکۆ محەمەد       


میتافیزیک زاراوەیەکە سەرەتا لە کتێبەکەی ئەرستۆ وە ھاتووە کە بریتییە لە کۆمەڵێک کتێب و لە ھەمان کاتدا لەنێو یەک کتێبدایە، بەشی یەکەمی زاراوەکە میتا Meta واتە پشت یان دوای یان ئەو دیو. فیزیکا physics واتە سروشت، یان سروشتناسی، ھەر دوو بڕگەکە لەیەکتر بدەین دەبێتە میتافیزیکا، توێژنەوەکەی ئەرستۆ لەو دوو بڕگە زاراوەییەوە سەریھەڵداوە، لەگەڵ پەڕەسەندنی چەمکەکە بۆ بابەتی سرووشت و لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردە بەرھەستەکان، بووە بە چەمک و وەسف بۆ لێکۆڵینەوە لە بوون و پاشکۆکانی دەوروبەر، واتە ئەو گاتیگۆرییانەی کە گوزارشت لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم بوونە پڕ نھێنی و سیحرە دەکەن، وەکو جەوھەر و رواڵەت کە بە خەسڵەتی جەوھەری و گۆڕان لە شتەکان ناسراوە، واتە چەمکەکە باس لە بوون و پەیوەندییە رووحیەکان و خودا و سیفەتەکانی خودا دەکات، بەو پێیەش بێت میتافیزیک واتە توێژینەوە لە بوون وەکو یەکەیەکی پڕ مانا کە واقیع تەنھا دیوە ماتریاڵییەکەی ناسیوە یان بینیوە، بۆیە بابەتەکە گشتییە و زنجیرەیەک پرسیاری دیکەی لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە، لەوانەش مەعریفە و ئەزموونی ژیان و جوانی و ئەخلاق و ھتد.


زاراوەی میتافیزیک لێکۆڵینەوەیە لەبوونەوەرەکانی سەر سرووشت، واتە گەڕانە بەدوای جەوھەری شێوەکان کە لەلایەن ئینسانەوە درکیان پێکراوە، یان گەڕان بە دوای خواوەند، لەڕووی تیۆلۆژیشەوە مانای (خودا ناسی) یە، ھەروەھا مرۆ ڤلە ژینگەی خۆی کە ژیانی کۆمەڵایەتییە دادەبڕێنێ و جودای دەکاتەوە، بەم شێوەیە میتۆدی میتافیزیکی ئەو شتانە جیادەکاتەوە کە پەیوەندییان بە واقیعەوە ھەیە و دواتر پۆلینیان دەکات.


ئەم میتۆدە پێناسەکردنی شتەکان کە گوایە ھەموو شتێک لە شوێنی خۆی و بێ کەموکوڕیین و قابیلی گۆڕان نین، ھەوڵدانێکە بۆ سەلماندنی بونی خودا کە نموونەی باڵای ئینسانە و بە لاھوتیەت ناسراوە، لاھوتیەتیش فەلسەفەیەکە ھیچ مانایەک بۆ ماترالیزم و ژیانی ماتریالی ناھێڵێتەوە. لەرێگەی جەوھەری ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەرووی سرووشتەوەن کە ھەندێک ناویان لێناوە رەھا، ھەندێکی دیکە ناویان لێناوە خودا.


مارکس بە پێچەوانەی رەوتی تێگەیشتن لە میتا سرووشت، ئەودیوی ماتریالیزمەکانی پێشوو و کۆن دەبات کە رێبازێکە ئیعتیبارکردنی دیاردە سرووشتیەکان و لێکدانەوەی دیاردەی ماتریالی، ھەم نەریتی و ھەم ئۆبێکتی فیورباخی بووە، ئەم پراکتیکە فەلسەفییە کە دابڕانێک کە بەر لەھەر شتێک ئینسانی بووە نەک سەفسەتەی فەلسەفی، چونکە دژایەتیی ھێڵێکی دیاریکراوی روون بووە، کە مەرجی یەکەمی چالاکی ھەستەکی خودی نەبووە، بەقەد ئەوەی کۆمەڵایەتی بووە، کە فیورباخ ئەوەی بۆ قەدەر زنجیرەیەکی دیاری ململانێیەکی چەمکە فەلسەفییەکان رووەکەی دیکەی وەڕگەڕا کە لە چوارچێوەی ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی کۆکرابۆوە.


کێشەی نێوان ئەو چەمکە میتافیزیکا و فیزیکا کە لەدوای فیورباخەوە زیاتر بوو بە داینەمۆی موناقەشەی مارکس بۆ بەرپەرچدانەوەی فیزرباخ و لەوێشەوە بۆ ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی، لەخورافەی فەلسەفییەوە سەریھەڵدا کە رێگری یەکەمی بەردەم ماتریالیزمی دیالیکتیکی بوو، کەواتە سەرھەڵدانی چەمکەکانی وەک ئایین وخودا لەمێژوودا کە مرۆڤ بۆخۆی تۆماری کردوون و بەرھەمی ھێناون, لەسەرەتاوە بە میتافیزیکاوە گرێدرا، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەم چەمکە لێکدژی لە نێوان رەوتە فکرییەکاندا درووست کردووە، ھەروەک ڤۆڵتێر قسەیەکی باوی ھەیە لەمبارەیەوە و دەڵێت " گەر دوو کەست بینی لەسەر بابەتێک موناقەشە دەکەن و لەیەکتریش تێناگەن، ئەوا بزانە کە سەبارەت بە چەمکی میتافیزیکا گفتوگۆیانە". لەلایەکی ترەوە تێڕامانە میتافیزیکییەکان بۆ سرووشت و مرۆڤ, بەشێک لەکولتورە ھاوبەشەکانی سەرەتای کۆمەڵگەی بەشەری پێکھێناوە و کاری لەسەر کردووە.


ئەم کولتوورانە کە لەیەک کاتدا جیاواز و لەیەک کاتدا ھاوبەشن, زەرورەتی مێژووییان لەکوێدا بووە؟ لەکوێدا بۆتە یاساو دەسەڵاتەکان قەڵەمڕەوی خۆیان تیا بەکارھێناوە؟ مەیلی یاسادانان و ملکەچی وەسیەتەکانی باب مەزنی و دەسەڵاتگەری و حوکمڕانی کردن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنیچینەی مەرجەعیەت, بەشێکی تری ئەو کولتوورە مێژووییەیە کە یاسای جۆراوجۆری لێبەرھەمھاتووە و تۆمار کراوە, مێژووش بەمەداچووەتەوە کە دواجار بووەتە گوتارێک و یاسای لێ داتاشراوە, ھەموو ئەو چیرۆکانەش کە لەنێو دەقی ئایینە جێماوەکاندا ھاتووە, ئەو رۆشنبیریەیە کە لەسەرزاری پێغەمبەرەکانەوە بیستوومانەو ئەوەمان پێدەڵێن کە دواتر بووەتە ئیدیۆلۆژیا لەژێر ناوی خودا پەرستی و ئایین پەرستی, خاوەن تیۆرە یاساییەکان دەڵێن" بەبوونی یاسا و بەپێچەوانەوە نەبوونی یاسا شتێک لەئیدیۆلۆژیا ناگۆڕێ" ئەمە قسەی د.دینیس لویدە, لەشێوێنکی تردا دەڵێت"باشترین تیۆرێک لەشکڵی یاسایەک پیشنیار کرابێت بۆ کۆمەڵگەی بەشەری یاساکەی کارل مارکسە, ئەو گوتی یاسا تەنھا سیستمێکە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداری".(١)


لەڕاستیدا مەسەلەی یاسا کە مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە لەسەرەتای درووستبوونیەوە کە لەئەسیناوە دەستپیدەکات و شیشەڕۆن یەکێکە لەدونیای رۆژئاوا قسەی لەسەر بونیادنانی یاسا کردووە و لەرۆژھەڵاتیش کەسێکی وەکو حاموڕابی, تەماشایەکی ترە بۆبینینی شتەکان وەک دامەزراوەیەکی جەماوەری و داھێنەری یاسا لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست, ئۆریانووس لەسەدەی سێھەممدا بەناوبانگترین یاساناسی رۆمانی بوو دەیگووت" قەیسەر تەنھا دەستوری گەرەکە, لەوکاتەدا چالاکی سیاسیش ھێجگار بەرتەسک بوو, ئەوە بوو دواتر لەسەدەی چوارەم رۆمانستان کرا بەدوو پارچەوە, رۆمانی رۆژھەڵات و رۆمانی رۆژئاوا, دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵیش واتە ساڵی ٤١٠ لەلایەن ئەلاریک شای گۆتێ, رۆژئاوا داگیرکراو ھەم لەمێژوودا تۆمارکرا و ھەم لەمێژووی بیری سیاسیشدا ئەنجامێکی یەکلایی کەرەوەی ھەبوو, دوای کێبەرکێەک لەنێوان ئایینی مەسیحی و جولەکە واتە (ئیسرائیلیەکان), لەسەدەی چوارەمدا گۆڕانکاریەکی گرنگ روویدا, مەسیحایەتی کرا بەئایینی رەسمی دەوڵەتی رۆمانی, ئیتر رۆما نەک ھەر رێگەی دەدا بەدینی مەسیحی بەڵکو پشتگیریشی دەکرد، ئەمە بۆ تێڕوانینی مارکس مەسەلەیەکی بنەچەیی بوو تاکو لەڕێگەیەوە تیۆرەیەک لەسەر ئەو یاسایە دابنێ کە لەسەر بنچینەی ئایینی مەسیحی ھاتۆتە ئاراوە، یاساش کە لەسەر بنچینەی ئایین بوو، ھەڵبەت ھەموو ئەو پێوەرە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و میتافیزیکیانە زاڵ دەکات بەسەر گوتاری دادوەری دەوڵەت، کە بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە پایەیەکی بنچینەی دەوڵەت دەپارێزێ، بۆیە مەسەلەی موناقەشەکردن لەسەر ئەوەی ئایین چ رۆڵێکی لەسەر بونیاتنانی بنچینەکانی دەوڵەت و پێگە و پایەیەکی بەھێزی سەقفی سیستمی دەوڵەت مەسەلەیەکی گرینگ بوو بۆیە کاری زیاتر لەسەر کراوە وەکو سەر خان و ژێر خانیش.

ئایین و میتافیزیکا.

بەرلەوەی ئایین بنچینەیەک بۆ فەلسەفە دابمەزرێنێ, تێڕامانە میتافیزیکیەکان بەجێگای یاسا وەڵامی پرسیارە ھەمەجۆەکانی وەکو وەزیفەیەک وەرگرتبوو, ئەم تێگەیشتن و خوێندنەوەیە بۆ میتافیزیکا، کارێکی کرد کەئایین دەمارگیریەکی بەکۆمەڵ درووست بکات و دیاردەکان بەو تێڕوانینە تەماشا بکرێت, بەتایبەت ئەو ئاینانەی کە بەھێز قەڵەمڕەویان وەدەستھێناوە لەمێژوودا, بەم جۆرە ھەندێک جار ناھەقی دەخەینە پاڵ بەشێک لەئایینەکان و دەیانلکێنین بەخوداوەندەوە, چونکە باوەڕی دیکە ھەن جگە لەئایینی تر مەسەلەی خودا بونی ھەیە تێیدا، لەکاتێکدا ئاینەکانی وەکی (بوزی و تاوی و کۆنفۆشیۆسی) لەدەرەوەی دەسەڵات و نموونەی باڵادا تێڕامانەکانی پێشکەش کردووە دوورە لەگوتاری رادیکاڵی و توندڕەوی لەشێوەی خوداپەرستی و رەنگدانەوەی بەسەر گوتاری کۆمەڵایەتی.


دەرکەوتنی یاسا گەلێک لەدەرەوەی دەقە ئاینیەکان, لەوسەردەمانەدا ھاتە ئاراوە کە حوکمڕانێتی فیرعەونی و ئیمبراتۆریەتی ئاشوری و بابلیەکان و دواتریش دەرکەوتنی دەوڵەت وەکو قەوارە گەشەیان کرد, لەگەڵ گەشەی عەقڵی مرۆڤدا شێوەیەکی زاستی بەخۆوەگرت کە پێشتر تەنھا رێوڕەسمێکی مۆڕاڵی بووە و ھیچی تر, ئاینیش وەکو دەقێکی شەرعی بۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی کردنی خەڵک, لایەنێکی تری مێژوویی یاسایی کە لەکۆمەڵگا کۆنەکاندا سیستمی فرەخودایی و جۆرێک لەکاریزمای خوڵقاند وەکو پەیامبەری بەخۆیەوە بینی بوو, گوتارێکی فەرز کرد بەسەر کۆمەڵگەدا کە جێگەیەکی بۆ جیاوازیەکانی دیکەی ئایین و ئاینزایی نەھێشتەوە، ھەرچی بابەتی فرەخوداییە کە لەیۆنانی کۆندا بڕوایان پێی ھەبوو ( خودای جوانی و ئاشتی و جەنگ و خوای شەراب و ھتد) تێگەیشتنی ئەو سەردەمە بوو, بەڵام (سوقرات) وەکو شارەزا و رۆشنبیرێکی ئەسینا ئەم بۆچوونەی بەھەڵە لەقەڵەمداو خەڵکی ئەسیناش بەڕاستیان دەزانی کە دواتر بوو بەئەفسانەو فەلسەفەی کلاسیکی و ئەزموونی لێوەرگیرا. ھەڵبەت بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کۆمەڵگە کۆنەکان بەبۆچوونی کۆمەڵناسێکی وەکو (پیەر بۆردیار) کۆمەڵگەی ترادیسیۆنە مێژووییەکان نەبوو, ئەوەش کە ھەبوو تەنھا ئەفسانە بوو, دواتریش بوو بەفکر، فەلسەفەی سایکۆلۆژیا کەڵک لەئەفسانەیەک وەردەگرێت کە سەرچاوەکەی زمانێکی خوازراوە. ئەم نموونەیە لەفرەخودایی لەمێژوو و کولتووری دەوڵەتی میزۆپۆتامیاشدا ھەمان بیرکردنەوە بوو بۆ لاھووت.


فیورباخ لە کتێبی ( چەند بنەمایەکی فەلسەفی دواڕۆژ) دەڵێ " ھەستی ژێر دەستەیی مرۆڤ بنەماکانی بوونی ئایینە، بابەتی ئەو ھەستەی ژێردەستەییە، کە مرۆڤ کەوتۆتە ژێرییەوە و خۆشی وا ھەستدەکات ژێر دەستەیەتی، لە بنەما و لە بنج و بناواندا لە سرووشت بەولاوە نییە، سرووشت یەکەمین بابەتی بنەڕەتی ئایینە، ھەروەک مێژووی ھەموو ئایین و میللەتان بەتێرو تەسەلی ساغ کردۆتەوە" بڕوانە لاپەڕە ١٤٣ کتێبی چەند بنەمایەکی فەلسەفەی دواڕژی فیورباخ کە حەمید عەزیز وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.


ھەرچی کاریزمایە واتە (بەبت کردن) بتێک کە لەژیاندا دەپەرسترێت بۆ زەمەنێک درێژەی کێشا. ئەگەرچی بەپێی قسەی مێژوونوس و ئینترۆپۆلۆژیستەکان کاریزما ھەر ھەبووە و لەسەردەمی ئیمبراتۆڕەکانەوە لەرێگای ھێزەوە بەدەست ھاتووە، بەڵام دواتر لەدەسەڵاتدارێتی و سایکۆلۆژیەتی ئەسکەندەری گەورەو لەسەدەکانی ئەم دواییەشدا دەرکەوتنی کەسانی وەکی ناپلیۆن و ھیتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین و دواین کەسیش سەدام حوسێن رەنگی دایەوە و نموونەی کاریزمای نوێی سەردەمی پێ ئاشناکردین. ئەم جۆرە بیرکردنەوە جیاوازانەیە کە لەئاینەکانی تر سەبارەت بەفەرھەنگ, یاسا, سیاسەت و ھتد. کە لەسەردەمی خۆیدا رۆشنبیریەکی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی بووەو دواتریش وەکی یاسایەک چاوی لێکراوە, نموونەیەکی زیندووی مێژووی نوێیە کە خودی مێژوو دەتوانێ بەسەر ئەو گوتارەدا زاڵ بێت کە ئەگەر خراپیش کەڵکی لەئایین وەرگرتبێت، ئەوا راستەوخۆ نەیتوانی بەشێکی گەورە لەفەزای ئایین بخزێنێتە نێو گوتاری سیاسیەوە، تەنھا ئەوە نەبێ کە ھەندێ بۆ ھەڵخڕاندنی ھێزی کۆمەڵایەتی و کۆمەک پێکردن بۆ بەھێزکردنی دەسەڵات کەڵکی لەئایین وەرگرتووە، ھەر ئەمەشە موناقەشەی ئێمە لەسەر ئایین و خوداو ئیدیۆلۆژیا و یاسا.


لێرە بەدواوە ھەوڵ دەدەم دوو بۆچونی جیاواز لەبیرکردنەوەی (ئەریک فرۆم) ەوە دەست پێبکەم کە لەبەردەم ئەو چەمکانەدایە, فرۆم لەلایەک پێی وایە, مرۆڤ ئازادە لەھەڵبژاردنی نموونەی باڵا و لەلایەکی تر پێی وایە مرۆڤ ناچارە باوەڕی بەنموونەی باڵا ھەبێت. ھەردوو حاڵەتکەش واقیعییەتی تێدایە، چونکە ئەگەر مرۆڤ بەتەنھا بمێنێتەو بەبێ ھۆشیاری، ئەوا بەناچار پەنا بۆ نموونەی باڵا دەبات، سابا ئەو نموونە باڵایە ھەر خودایەک بێت، لە ئاستێکی دیکەشدا مرۆڤی تاک ناتوانێ لەنێو حاشاماتی کۆمەڵگەیەکی پڕ ل ژاوەژاوی بیرکردنەوەی میتافیزیکی کە ھێزێکی کۆمەڵایەتی لەپشتییەوە وەستاوە، ناچارە ئەمجارە بڕوای بە نموونەی باڵا ھەبێت.


ھەڵبەت مەبەستی من لەوەیە کە باب مەزنی و درووست کردنی بابی رۆحی, جۆرێکە لەئایینی خێڵەکی یە بەبێ تێکست و پرنسیپ و ئۆرگان و جومگە ئایینیەکان, لێرەوە پرسیارگەلێکی وەکی ئەوەی کە ئایا مرۆڤ لەتوانایدا ھەیە بەبێ خوداو بەبێ ئایین بژی؟ ئایا چ جۆرە خودایەک دەپەرستێ؟ چ شتێک ئایین و مێژوو و شارستانیەت گرێدەدات بەیەکەوە؟ ئایا ئیدیۆلۆژیا بەجێگای خوداو ئایین کاری کردووە؟ ئایا چەمکی ئایین و خودا چۆن بەجێگای یاسا ناکۆکەکانی سەرزەمین و مەرجەعیەت دەور دەبینن؟ ئەم پرسیارانە کە لەخوێندنەوەی ماتریالیزمیدا بۆ فکری بەشەر لەمەودای نووسین و چیرۆکە ھەڵبەسراوەکانی مێژوودا مەوجودە, وەڵامیان ھەیە و لەبەرامبەر ئەم بۆچونانەی کە نزیکن لە بۆچوونەکانی (ئەریک فرۆمەوە) موناقەشە ھەڵدەگرن، ھەڵبەت بەپێی مارکس وەڵامەکە بەڵێیە، چۆن؟.
مارکس پرسیارێک دەکات، بۆچی دەوڵەت دەتوانێ مەسیحیەت وەکو ئایینی بنچینەیی کۆمەڵگە قەبوڵ بکات و ئەوانی تر نەخێر و خەڵکیش تاڕادەیەک قەبوڵی بکەن؟، کەواتە خەڵک لەژێر کاریگەری ستەمی دەسەڵاتی دیار و نادیار ئایین پەرستن، ئەگەرنا دەتوانن بەبێ ئایین بژین، ھەروەک ئەوەی کە لەئامریکا بەشی زۆری خەڵک بێ ئاینن و ھیچ کێشەیەک و کەلێنێک نەبۆ ژیات نە بۆ دەستووری دەوڵەت نەھاتۆتە پێش، ھەربۆیە لەشوێنێکی تر دەڵێ کە ئایینی دەوڵەتی ئاڵمان مەسیحییە، مەسەلەکە ئابورییە و ھیچی تر نییە، ئەگەر ئایینێکی تریش بوایە ھەر وادەبوو، بۆیە ئایین لێرەدا دەسەڵاتە و دەسەڵاتیش ئایین.


مارکس لەبارەی بۆچوونەکانی (بڕۆنۆ باویەر) کە کتێبی (دەربارەی پرسی جولەکە) نووسی و لەوێدا کێشەی ئایینی مەسیحی و جولەکە شیدەکاتەوە و دەوڵەت و سیاسەت وەکو بەرپرسیاری یەکەم دادەنێت، دەڵێ" دەوڵەتی مەسیحی تەنھا مافی تایبەت (ئیمتیاز) دەناسێت، لەم دەوڵەتەدا جولەکەکان مافی تایبەتی جولەکەبوونیان ھەیە، ئەوان وەک جولەکە مافیان ھەیە، کەچی مەسیحییەکان لەم مافە بێبەشن، باشە ئەی بۆچی داوای مافێک دەکەن کە مەسیحییان ئەو مافەیان ھەیە بەڵام خۆیان نییانە؟. چونکە جولەکەکان بە داواکردنی ئازادی دەیانەوێ دەوڵەتی مەسیحی دەست لە دەمارگیری ئایینی ھەڵگرێت، بەڵام ئایا جولەکەکان خۆیان دەست لە دەمارگیرییە ئاینییەکەیان ھەڵدەگرن، ئایا مافی ئەوەیان ھەیە داوا لە ئەوانی دیکە بکەن واز لە ئایینەکەی خۆیان بھێنن.؟.". (٢. ئەمە ئەو کاتە بوو کە ھێشتا گوتاری ئایینی لەدەرەوەی گوتاری سیاسی دەوڵەت کاری کاریگەری ھەبوو، بەتایبەتی کە ھێشتا پەرستگاکان ھەژموونیان بەسەر سیستمی دەوڵەتەوە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبوو، ئەمەش ئەوکاتە بوو کە جولەکە لەسەراسەری دونیادا ھێزێکی باڵابوون لە پێگەی کۆمەڵایەتیدا، لە ئاستی دەوڵەتیش کەنیسە و مەسیحییەت.


بە بڕوای باویەر دەوڵەتی مەسیحی ناتوانێ بەو سروشتەی خۆیەوە جولەکەکان ئازاد بکات. بۆیە جولەکەکانیش ھەمان رەفتار دەکەن، ئەمە جەوھەری ئایین کە تۆڵەی لە بەرامبەری خۆی دەکردەوە لەرێگەی دەزگاکانی ئاینییەوە لەوانی تر دەکات، مەسەلەی مافی تایبەت کە بە حیساب ئیمتیازە، خراپترین رەفتاری سیاسی حکومەت و دەسەڵاتە لەگەڵ کەمینە، ئەم عادەتە سیاسیە لەگەڵ داگیرکردنی وڵاتانی رۆژھەڵات، لە حکومەت و رەفتاری سیاسیدا رەنگیدایەوە و ئیسلام لە بەرامبەر ئەوانی دیکەی ئایین و کولتوور و مەزھەبەکاندا ھەمان رەفتاری کرد. و ئێستاش تەواوی کۆمپانیا و سیستمە سیاسییەکان کەڵک لەو فەزا ئایینی و کۆمەڵایەتییە وەردەگرن کە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی تێیدا دەژی.

رێگایەکی راستەخۆ .


تێبینی یەکەم: رەنگە ھەندێ جار بەئاگاو بەبێ ئاگا, وەختێ قسە لەسەر ئایین و خودا دەکەین کە دواجار دەبێتە ئیدیۆلۆژیا, بەرگری لەمێژوو بکەین, مێژوویەک کە نووسینەوەی لەگەڵ واقیعیی سەردەمەکەدا دوو وێنەی تەواو جیاوازە, ئەمە دەڵێم مەبەستمە ئەو کاریکاتۆرە ئاشکرا بکەم کە بۆتە ماڵ بەسەر مێژووی مرۆڤەوە, ئەوەتا "ھەموو روداوو و کەسایەتییەکانی ناومێژوو کە بەدەر دەکەون, جارێک تراژیدیان و جارێکی تر دەبن بەکۆمیدیا و مەسخەرە, لەفەڕانسەی کۆن سیستمی حوکمرانی بەو شێوەیە بەڕێوەچووە کە ئەمە بەشێکە لەنموونەکانی, کۆسدێر بەجێی دانتۆن و لویس پلان (١٨١٣_١٨٨٢) بەجێگای رۆبسپێر حوکمرانی دەسەڵاتیان کردووە, کۆسدێر کتێبێکی نووسیوە بەناوی (رێکخستنی کار) لەوکتێبەدا باس لەوەدەکات ئازادی و تاکگەرایی کە بەشێک لەپێشەنگەکانی شۆڕشی فەرانسی بانگەوازیان بۆدەکرد, جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نەبووە, ئەو دەڵێ" تەنھا حکومەت و دەوڵەت دەبێت دەست لەکاری رێکخراوەیی و سەندیکاکان وەربدات و کرێکار ھان بدەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی کار" پلان لەکاتێکدا ئەم بابەتەی موناقەشە کردووە کە لەساڵەکانی ١٧٩٣_١٧٩٥ تاساڵەکانی ١٨٤٧_١٨٥١ واتە نزیک بەسەدەیەک سیستمی حوکمڕانی, سیستمێکی میراتگری جێکەوتە بوو, کوڕی برا دەبوو بەحاکم و بەجێگای دەسەڵاتدارێتی مام دادەنران".(٣)


بۆ یەکەم جار مێژوونوسان لەسەردەمی رێنیسانس ئەم مێژووەیان بەپێی قۆناغەکان دابەشدەکرد, ئیتر زاراوەی سەدە ناوەنجیەکانیان وەکو زاراوەیەک, بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی بەکارھێنا, کەچی بەرلەوان مێژووناسان بۆ ئەوە دەیاننووسی کە ڕوداوێک, یان ژیانی سەردارێک بنووسنەوە کە بەشێکی زۆریان پیاوانی کلێسا بوون دەیاننووسیەوە, کەچی ئەوانی مێژوویان وەکی زانست دەنووسیەوە, قەشەو کلێساییەکان رکیان لێدەبوونەوە, باشترین نموونەشیان (ماکیاڤیلی) بوو لە ١٤٦٩_١٥٢٧ موناقەشەی ئەوەی دەکرد سیاسەت و مۆڕاڵ دووشتی جیاوازن, بەپێچەوانەی کانت کە مۆڕاڵی دەبەستەوە بەسیاسەت وەکو ئەرکێکی مۆڕاڵی بۆ دەستەبژێران, ئەو قسەی لەبارەی مۆڕاڵ و سیاسەت کرد کەجیاوازیان ھەیە, چونکە ئەو دەستەبژێرە قەڵەمبەدەستانەی ئەوکات مێژوویان دەنووسیەوە, بەنیازبوون لەرێگای مێژووی درووستکراوەوە خەڵک ھۆشیار بکەنەوە کە رووی راستیەکانیان دەشاردەوە, ئەو کاریکاتۆرانەی کە وێنەی درووستی مێژوومان دەدەنێ, لەھەلومەرجێکدا دەرکەوتن کە خەڵک ھەقی ئەوەی ھەبوو خۆی مێژووی خۆی بنووسێتەوە کە دواجار لەپێدراوە گشتیەکاندا تەنھا دەبێتە گێڕانەوەی رابردوو"(٤).

 
نموونەیەکی تر کە لەسەدەی یازدەدا دەرکەوت و دواتر لەسەدەی ھەژدەدا بوو بەدیاردە, ئەوەبوو کە (پڕەنسیپ) واتە (بڕوا) گرێدرابوو بەسەدەوە, نەک گرێدانی سەدە بەپڕەنسیپەکانەوە, کە ئەمە بەشێکی تری بڕوا بوون بوو بەمێژوو، لێرەوە موناقەشە کردن لەسەر ئایین وخوداو دواتریش ھاتنی ئیدیۆلۆژیا بەجێگای ئەو چەمکانە کە من پێم وایە تەنھا بەجوڵە خستنی مێژووە, نەک تێگەیشتن لەخودی مێژوو وەکو خۆی, موناقەشە کردنی تیۆر و ئیدیۆلۆژیایە سەبارەت بەئایین وخودا, ئەم بۆچوونە وەکو ئەوە وایە کە بڕۆدۆن دەڵێ "بەڕاستی نازانین بڵێین لەناو شارستانیەتەکاندا شتێک ھەیە سەرھەڵدەداو شتێکیش ھەیە بەرھەمدێت, ھەروەک چۆن ھەموو شتێک کە لەکەوندا بوونی ھەیە نیازی بەسەلماندن نییە" مارکس لەوەڵامدا دەڵێ "بەو پێیەی کە تێگەیشتنی (بڕۆدۆن) بۆ مێژوو بەو شکڵەیەو ئەوە رەتدەکاتەوە دیاردەی پێشکەوتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە کە لەلای ئاغا بڕۆدۆن، شتێک نییە ناوی مێژوو بێ"(٥) . ھەڵبەت مێژوو وەکو ئەو پێشکەوتنەی کە ململانێ چینایەتییەکانی لە ئاستێکەوە بردووە بەرەو ئاستێکی باڵاتر، بەتایبەتی کە لە رۆژئاوا چینێک نەماوە بەناوی چینی ناوەڕاست.


زۆرێک لەبیرمەندان و رۆشنبیرانی سەدەی بیست کە گوایە مارکسیان خوێندۆتەوە و لەسەر وتە بەناوبانگەکەی (ئایین تلیاکی گەلانە) قسەیان کردووە، گوایە ئەو وتەیە تەنھا بۆ ئایین خویەتی، نەک دەزگاکانی پشتی کە وەکو دەزگایەکی بەرھەمھێن وەزیفەی بەرھەمھێنانەوەی تیۆلۆژیا بەشێوەیەکی نوێ و مرۆڤی وەزیفەخواز ئایین بەرھەمدێنێنن، ئەم خراپ حاڵی بوونە لەو وتەیە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە زاڵبوونی ستراکتۆری ئەو گوتارە ناخوێننەوە کە بۆتە بەشێک لە ئەنتۆلۆژیای تاک، چونکە ھەیمەنەی ئەو گوتارە لەرێگەی دەزگاکانی وەکو کەنیسە و مزگەوت و پەرستگاکان، ھەم پیاوی ئایینی و ھەم دیراسات و ھەم بوونیان وەکو خاوەن بەشێک لە درووستکردنی بڕیاری سیاسی مەترەح کردووە، کەنیسەکانی فاتیکان و کالیفۆڕنیا لە ئامریکا و ئەزھەر لە میسر و حەوزەکانی شیعەگەرایەتی لەقوم و بوزیەکانی ھینند و مالیزیا و تایلاند و چین و ھتد، باشترین سەلمێنەری ئەم راستییەن کە وەزیفە تەنھا لەنێو خودی تاکدا درووست نەکراوە و بەوەوە نەوەستاون، بەڵکو دەزگاکان وەکو فابریکە خویان بەرھەمدێننەوە، ئەوەی کە مارکس گەلانی بەتەواو نەبینیوە و ستراکتۆری تەواوی ئایینەکانی رۆژھەڵاتی نەخوێندۆتەوە و نەینانسیوون، ئەمە راستییەکی ھاشا ھەڵنەگرە، بەڵام بەگشتی ئەو چینە بەرھەمھێنەرەی بینیووە کە دواجار لەلایەن ئەو دەزگایانەوە وەزیفەی ناڕاستەوخۆ و عەفەویی وەردەگرن، ئەمەش ئەوکاتە ھەستی پێدەکرێت کە کرێکار چۆن ناچار بەکاردەکرێت لەو وڵاتانەی کە کار نییە و ئابورریان لەچگ سیستمێکی قۆرکاری و ستەمکاردایە، وەکو ئاسیای ناوەڕاست، لەمەشدا مارکس لەباسی بەرھەمھێنانی ئاسییەویدا دیسان کورتەیەک وەبیردەھێنێتەوە کە ئەمجارەیان چۆن خێزان دەسەنەخواری گوتارێک دەکرێت کە ستراکتۆری تیۆلۆژی مەبەستە، ئەویش ئایینە نەک ئەو فۆڕمەی کە بۆ خەڵافاندنی کرێکار بەکاردێت، وەکو مافی خێزان و منداڵ و ژنان و کرێکار و تەنانەت مافی ئاژەڵیش کە لەدوای سەدەی بیست و یەکەوە زیاتر گەشەیان سەند.


لەنامەیەکی دیکەیدا مارکس (بۆ ج. ب. شفایتزەر) نووسیویەتی سەبارەت بە بۆچوونەکانی بڕۆدۆن, دەڵێ" ئەوەی لەنووسینەکانیدا خوێندمەوە پەیوەندیی بڕۆدۆن بە (سان سیمۆن) ەوە وەکو پەیوەندیی ھێگڵە بۆ فیورباخ, چونکە ویستوویەتی پشت بە پنتێکی دیاری کراو ببەستێت, دواتر دۆزیویەتییەوە کە لەگەڵ ویژدانی مەسیحیەتدا ناگونجێ, بەڵام ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ پێشکەوتنی رەخنە, وەکو ئەو شتانە وایە کە ھێگڵ لەتاریکیدا جێیھێشت، بۆیە بڕۆدۆن لەفەیلەسوفەکانی ئەڵماندا، تەنھا کانت دەناسێ ھەر لەوێشەوەیە کە خۆشی نازانێ چی، لەمبارەیەوە دەڵێ " مارکس دەڵێ ئەو کاتەی لەپاریس دەژیام ساڵی ١٨٤٤ لەگەڵ بڕۆدۆن یەکترمان ناسی, لەموناقەشەکەماندا تێگەیشتم کە نەیتوانیوە باش ھێگڵ بخوێنێتەوە, چونکە زمانی ئەڵمانی نەزانیوە بەباشی, ئەوکاتەش کە کتێبی فەلسەفەی ھەژاری نووسی و قسە لەسەر شیکردنەوەی ئابوری دەکات و ھەوڵ دەدات رێگای خۆی بۆ ئابوری دیالیکتیکی پێشکەش بکات و فەلسەفەی کانت بەکار دێنێ, فەلسەفەی ھیگڵیش وەکو ھۆکارێک بۆ دیاردەناسی و کۆمەڵناسی و فیورباخیش بۆ گەشەسەندن و تەکاموڵی ئابوری, ھەموو ئەوانەش کە دەگەڕێنێتەوە بۆ بیروڕا ئەبەدیەکان و دواتر دەگاتە پنتێک کە ئابوری بۆرژوازیە, ئەمەش مانای ئەوەیە کە بڕۆدۆن ناتوانێ چەمکی بەھای ماتریالی بگۆڕێ و بگوازێتەوە، بۆیە لە شیکردنەوەیەکی تۆباوی و تیۆرەکانی ریکاردۆدا، کۆی دەکاتەوە و بەمەش بڕدۆن خۆی گێل دەکات, چونکە دەیەوێ بگاتە دەسەڵاتی زانستی, ئەوەش کە وەکو دووفاقیەک تێی کەوتووە, ھێرش دەکاتە سەر ئایین و کەنیسە، تەنھا بۆ ریفۆڕمی شارەکەی بووە, ئەو نووسینەش سەبارەت بەکۆدێتا موغازەلەی (لویس پۆناپارت) دەکات و وای لێدەکات لەگەڵ کرێکارەکاندا رێک بکەوێت, ئەم دوو کتابەش خراپترین کتێبی بڕۆدۆن بوون, ئەوەش کە بروسی قەبوڵ کردووە لەوە ھەڵە ترنییە و ئەگەر بەراوردی بکەین بەکتێبەکەی نیکۆلانکۆ (تیۆری یاسا مەدەنیەکان) کە کتێبێکی سەرسوڕھێنەرە" (٦) لەم موناقەشەیەی مارکس لەتەک شفایتزەر سەبارەت بەبڕۆدۆن تێدەگەین کە نیازمان بەوە ھەیە زانستیانەتر چاو لەمێژوو بکەین لەڕاستیدا. "مرۆڤ دەتوانێت لەدوو لایەنەوە بڕوانێتە مێژوو, مێژووی سرووشت کە ناسراوە بەسروشت ناسی و مێژووی مرۆڤ کە ناسراوە بەئینترۆپۆلۆژیا, وە ئەم دوو مێژووە بەبێ یەکتر ناکرێن و بەستراون بەیەکەوە, لەبەرئەوەی کە نزیکەی تەواوی ئیدیۆلۆژیا, بریتییە لەتێگەیشتنی شێواو یان دابڕانی تەواو لەخودی ئەو شتانەی کە بوون بەئیدیۆلۆژیا, ئەمەش بۆخۆی یەکێکە لەلایەنەکانی مێژوو.


کەوابوو "ئێمە لەبری ئەوەی چەمکەکان راست کەینەوە, بەپێچەوانەوە ھاتووین ناڕاستەوخۆ خەریکین وەکی چۆن ھەڵەیەک پێشتر کراوە ھەر بەو شکڵەش نوێیاندەکەینەوە, بەو مانایەی دەمانەوێ خۆمان رزگار بکەین لەئایین و خودا", ھەروەھا لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ" ئێمە لەدژی پێشبینی بە پاڵپشتکراوەکان نابەستین کە لەماوەیەکی کەمدا مەسەلەی ئەزموونیبوون دەبینین، . یان ئەوەی لە کتێب کۆتایی مێژودا دوایین مرۆڤ مرۆڤی مەسیحی رەخنە لە مارکس گرتووە پێشنیاری کردووە ئابوری بەماددی یەکەی راست بکاتەوە" براوانە کتێبی اگیاف مارکس .. جاک دریدا.. ترجمە منژر العیاشی. مرکز الانماء الحچاری. ١٩٩٣. ل١٣١. ھەڵبەت بەپێچەوانەشەوە راستە کە ئێمە جارێکی تر خۆمان گیرۆدەی ھەمان مەعزەلە دەکەینەوە کە بەشێکی زۆری ئیشکالیاتی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی مرۆڤە لەناو مێژوودا، ئەو مێژووەی کە قسە ناکات و ھەندێکجاریش بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، واتە ئەو دەرھاویشتانەی نییە کە لە رابردوودا روویان داوە. رەنگە ھەر ئەم لایەنەش بێت کە میشیل فۆکۆ یامای ھاندا بڕوا بەوە بھێنێت کۆتایی مێژوو سەریھەڵدا و دواتریش پەشیمان بووەوە. وەکو ئەوە ی کەسێکی نەخوێندبێتەوە کە ناوی مارکسە بەتایبەت لە کتێبی ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی.


تێبینی دووەم: رەخنەگرتن لەچەمکەکانی لاھوت و ئایین و خودا و ئاسمان، دواتر وەرگێڕانیان بۆ سەرزەوی و یاساو سیاسەت, لەوێوە سەرچاوەدەگرن کە مرۆڤ لەئەنجامی دووچار بوونی بەرامبەر ھەرکام لەو چەمکانەدا رووبەرووی پرسیاری جۆراوجۆر بۆتەوە, لەتواناشیدا ھەبووە وەڵامیان پێبداتەوە, چونکە بەدەر لەو شڕۆڤەکردنەی بۆ تواناکانی دەکرێ, سەرئەنجام مرۆڤ کائینێکی چالاکە و لەتوانایدا ھەیە وەڵامی ماتریالی و سۆسیۆلۆژی و ھونەری بەجیا لەوانی دی بداتەوە کە ئیدیۆلۆژیا کردوونی بەئایین و واعیزێک وەکی نموونەیەکی باڵا دەرکەوتووە و ھاتووە خودایەتی پێوەکردووە و خراپ کەڵکی لێوەرگیراوە, ھەروەک ئەوەی لە دەزگاکانی ئایینی ھەژموونی گوتارەکەی زاڵ دەکات و بەرھەمیدێنێتەوە و دەوڵەتیش ناچا ربە ملکەچ بوون دەکات، بۆ نموونە "دەتوانین لەبری ئەوەی موناقەشەی ئەو شتانە بکەین کە لەکەوندا ھەیە و لەبازنەی خۆیاندا دیالکتیکین, پێویستە موناقەشەی ئەوە بکەین کە چۆن رەخنە گرتن لەئاسمان بگوازینەوە بۆ رەخنەگرتن لەو سیستمانەی کە لەسەر زەوی بەڕێوەدەچن"(٧). یان وردتر بڵێین کەڵک وەرگرتن لەھۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئەوانەش کە مێژوو وەکی چیرۆک بۆمانی دەگێڕنەوە کە ئێمە لەسەر زەوی دەژین و کێشەی ئینسانیش لەسەر زەویە نەک ئاسمان, ھەڵبەت ئەم راستیە لەزانستی فیزیادا ئاسان کراوەتەوە"لەبواری فەلەکناسی و فیزیاو بایلۆژیدا, ئەمانە ھیچیان ئەو ھەستیاریە گەورەیەیان لەدژی تیۆرەی پەرەسندن نەشاردەوە, زانایانی فیزیاو فەلەکناسی نەیانتوانی خۆیان لەفەلسەفەی لاھووتی رزگار بکەن" (٨). وەختێ رەخنەگرتن لەئایین تەرجەمە دەکرێتە سەر رەخنە لەیاسا, مەبەست لەوەنیە کە ئایین رەتدەکەینەوە, یاخوود ئایین سادە دەکەینەوە, بەڵکو مەبەست لەوەیە کە ئایین بۆ سەردەمی خۆی بەشێک بووە لەسیاسەت و کارگێری لەبوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەوفەرھەنگە گشتیەی کە کۆمەڵگەی ئاڕاستە دەکرد, وەکی یاسای ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگەو سیستمی ئابوری و دەزگا فکری و سیاسیەکان و شەرعیەت پێدانی دەسەڵات کە دەوڵەت ھەر یەک لەشوێنی خۆیدا کاری پیَِدەکرد و پایەکانی خۆی پێڕادەگرت، بەڵام لەدوای پەڕەگرتنی تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە دواکەوتوویی، پرنسیپە ئاینییەکان بوون بە کولتوور و فۆلکلۆر و چیتر کاریان پێنەکرا و بە جێگەی ئەوان یاسای وەزعی بوو بە ئەلتەرناتیڤی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھتد.


ئەگەر پێناسەیەکی تر وەربگرین لەبارەی دەوری لاھوت لەدرووست کردنی شارستانییەتەکان, ئەوە ئەو دیاردەیە ئاشکرا دەکەین کە مرۆڤ لەتەماشا کردنی بۆ ئایین و فەلسەفە و شرۆڤە کردنی ئەفسانە, دەبینین جۆریک لەتێکەڵاوکردن ھەیە لەنێوان ئەو دوو چەمکە, واتە ئەو پڕۆسەیەی کە ماوەیەکی درێژخایەنی ھەیە لەمێژووداو کاریگەریەکی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەسەر خۆی داناوە, بەبێ ئەوەی ئاگاھانە بێت یان نا, ئەوەش کە پەیوندیی بەئەسڵی بابەتەکەوەیە بەلاوە نراوە, ئەمە کە تایبەتمەندیەکانی خۆی لەشێوازی جۆراوجۆردا دۆگما کردووە و جارێکی تر لەسەر زەینی خۆی سنوورداری کردووە و ناوی ناوە شارستانییەت, ئیشکالیاتی بۆ فەلسەفەش خوڵقاندووە.


مەبەستی من لەو تێکەڵاویە ئەوەیە گرێدانیەتی پێکەوە کە لە ھەموو بارەکاندا شتی وەھای خوڵقاندووە وەکی خورافە و جۆرەکانی تری ئەم لایەنە ئەمەلەلایەک, زۆر جار لەژیر کاریگەری ئایینەکان و ئایینی مەسیحی بەتایبەتی ئەوە دەرکەوتووە کە ترس پەڕەگرتووی دەمامکە ئیدیۆلۆژیەکانە لەلایەکی تر, ھەر ئەوەی کە لەیۆنانی گریکدا کەسایەتی (مادۆس) وەکی رەمزێکی ترسناک چاولێکراوە, ھۆیەکەشی ئەوەبوو کە دەسەڵاتی ئەوکات لەو بوارەدا کە درێژە بەبەرژەوەندیەکانی دەدا, چونکی کەڵکی لەو ترسە دەبینی کە میتۆلۆژیا لەناو ئایندا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرد, لەلایەکی تریشەوە واقیع وەکی شتێکی چەسپاو زانیاریەکانی بەھەڵواسراوی ھێشتبۆوە کە دواتر دەبوو بەفەلسەفە و بەشێک لەشارستانیەتەکان.


ئەگەر ئەوە تەندرووست ترین تێگەیشتن بێت کە ترس شارستانیەتی درووست کردووە, بەوپێیەی کە مرۆڤ لەدەرەوەی گروپەکانی تری مەخلوق نەیتوانیووە بەتەنھا بژی, واتە لەترسی ئاژەڵ و جۆرە دڕندەکانی تر ھەوڵی جدی ئەوەبووە کە بەکۆمەڵ بژی و دواتر ببێت بەکۆمەڵگە, دەتوانین نموونەی ئەو دورگانە وەربگرین کە تاکو ئێستا ژیانی تێدانیە, وەئەگەر دورگەیەکیش ئاوەدانکرابێتەوە جۆرێکی تری ململانێی نێوان قەبیلەو ئایین و کولتوور و مەزھەبەکان بووە لەگەڵ موعجیزەکانی سرووشتدا کە بەلۆژیکی مرۆڤ، ھۆکاری ئەو ململانێیە دوالیزمییەش خێرو شەڕە, جا چ ئەم لۆژیکە زانستی و واقعی بێت, یاخود وەھم و خورافە بێ. "سەدان ساڵ بەر لەئێستا لە قۆناغە ھەستیارەکاندا کە زانست بەو رادەیەی وەکی ئێستا تەواو بوارەکانی گرتۆتەوە وەھا نەبوو, لەجیاتی نەتەوە پەرستی و مەزھەب پەرستی و جۆرەکانی تری پەرستن کە کۆمەڵگەی سەرەڕۆیی پێکدەھێنا, بەجۆرێکی تر شارستانییەتی رەواج پێدەدا وەکی سیستمی کۆیلەداری, ئەو کات رکابەری ھێزەکان ھۆکاری ھەمەلایەنەیان نەبوو بۆ ململانێ, بەپێچەوانەوە کێشەی ھەرە گەورەی مرۆڤ لەو سەردەمەدا ئەو دژواریە بوو کە بەناچار کێبەرکێی تێدا ئەنجامدەدرا ئەویش نەژاد پەرستی و رەگەزپەرستی بوو کە دواجار مەزھەب ھات و بەجێگای ئەمانە کێبەرکێکەی گواستەوە بۆ ناو ئایین و بووبە بەشێک لەشارستانییەت, بەعینوانی ئەوەی کە ئینسان دەبێت بەیەکسان بەشداری ژیان بکات" (٩)


لەکەنار ھەر میتۆلۆژیایەکەوە جۆرێک لەخوداوەند خوڵقێنران و شکۆدار کران و مرۆڤ کۆیلەیەتی خۆی پێسپارد, ئەم کۆیلایەتیە کە لەئەزەلدا شان و شکۆی سیستمە دەسەڵاتدارەکانی مێژووی پێ بەھێزکرد و تاجی سەری سوڵتانەکانی رەونەقدارتر کرد, لەکەڵ ئاڵوگۆڕی سیستمەکاندا تادەھات لەگەشەو ھەڵداندا بوو, نموونەی حوکمڕانی سەردەمی سۆمەرییەکان باشترین بەڵگەی ئەم تێگەیشتنەیە کە بەمیتۆلۆژیا ناسراوە, دەوڵەت بەجێگای خوداوەند کاری کردووە, لەناو ئەمانەشدا دەزگا کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی تری کۆمەڵ, شتەکانیان وەکی خۆیان بەبچوکی بینیوەو یەک رەھەندیان داوەتێ, ھەڵبەت ئەم تێگەیشتنەی کە من مەبەستمە لەگەڵ سیستمەکانی کەوندا ئەگەر بەبیرکردنەوەی فیزیکی تەماشا بکەین, تێگەیشتنێکی درووست نییە و ھەڵسەنگاندنیشی لەگێلێتی بەولاوە شتێکی تر نییە, چونکی سیاسەت کردن لەناو ئایندا شتێکە، خودا پەرستیش لەباری فەلسەفەی لاھوتیەوە شتێکی تر پێشکەش دەکات.


ئەوەی کە مارکس دەربارەی فیورباخ رەخنەی گرتووە، تەنھا لایەنی نادیار نییە لە فەلسەفەی مێژوو، تەماشاکردنی جۆری نوێی کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ژیان لەدوای قۆناغی بەر لە مرۆیی، بۆ سەلماندنی ئینسان بوون، گشتاندنێک ھەیە کە پەیوەندیی بە ھێزەکانی بەرھەمھێنانەوە ھەیە و پەڕەپێدانی پێویستییەکانە بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی وەکو ئەوەی مێژوو باسی دەکات، بەڵام دەبینین "جوڵەیەک لە بارەی چەمکێکی سرووشتگەراییانەی ئینسانی بۆ جوڵەیەکی پراکسیسی و کۆمەڵایەتی رێکدەخات، ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی ئەم چەمکە پراکسیسی و کۆمەڵایەتیەی ئینسان بەسەر چەمکێکی ئابووری و مێژووییدا دەگشتێنێت، ئابووری ناوەڕۆکێکی ئەنتۆڵۆژیانەی مێژووییە، بەرھەمھێنانی پێداویستییە تازەکان کە مارکس بە مشتومڕکردن دژ بەو شتەی خۆی پێیدەڵێت رەوت و ئاراستەی ئاڵمانی بۆ لە پێشتردانانی سیاسەت و ئایین، لەناوەوەی مێژوودا پێداگیرییەکی زۆرتری لەسەر دەکات". پیتەر ئۆزبۆرن. چۆن مارکس بخوێنینەوە. وەرگێڕانی بۆ کوردی. پێشڕەو محەمەد. بڵاوکراوەکانی ناوەندی توێژینەوە و ھزری شەھید ئارام. ٢٠١٦. ل٨٢ مارکس ئەمەی لە دەستنووسەکانیدا بەجێھێشتووە کە ھەندێک لەو نووسینانە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە، بۆیە دوو لایەنی ھەیە، لایەنێکی ئەوەیە کە بۆچوونێکی سەرەتایی بووە بەرامبەر ئینسان و سرووشتگەرایی و لایەنەکەی دیکەی، ئەوەیە کە رەنگە بۆخۆی رەخنەی لەو بۆچوونە ھەبوو بێت کە پێشتر بە ناکامڵی بەکریھێناوە، چونکە مارکس بڕوای بە دابڕانی فەلسەفە ھەبووە و بڕوای بە رەخنە لە رەخنەی رەخنە ھەبووە، واتە ریشەیی رەخنەی گرتووە.

تێبینی سێیەم:


بیرکردنەوە لەناکۆکیەکانی نێوان نەتەوەکان و نەھێشتنی نەتەوەی سەردەست و بندەست, یەکێک لەھەوڵەکانی فەلسەفەی مارکس بوو بۆ مرۆناسی و ئەو سیستمەی کە پێشنیاری کرد و شۆڕشی بۆ کرا، ھەر ئەم تێزەش بوو کە دواجار ھەم لە مەجەڕستان و پۆڵۆنیا لەتەک کۆمۆنیستەکان و جولەکەکان شۆڕشی نەتەوەیی کرا و دواتریش لینین لەژێر کاریگەری ئەم تێزەی مارکس بوو کە واقیعیانە بیری کردەوە و لەسەر مافی چارەی خۆ نووسین لەلایەن نەتەوە ژێر دەستەکانەوە، بە ئازادیی و مافی ھەموو نەتەوەکان زانی و کتێبێکی لەو بارەیەوە نووسیوە کە ئێستا وەکو تێکستێکی کراوە و بەرنامەیەکی کارای سیاسی کاری پێدەکرێت و سەرچاوەی ئاکادیمیشە، دوای ئەویش بیرمەندێکی وەکو (پۆڵ سویزی) لەبارەی ناسیونالیزمی سۆسیالیستیەوە کتێبێک دەنووسێت و باس لە خۆشگوزەرانی دەکات بۆ نەتەوەیەک کە لەسەر دەستی دەستەبژێری ناسیونالیست و لۆبی نەتەوەوە مافە سیاسییەکان بەدەست دێت و دواجار خۆشگوزەرانی لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، ئەم لافیتەیە دەبێتە ویستی گشتی، ویستی گشتی لێرەدا بەشداریکردنی گشتە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە پەیوەندیی بە ھەمووانەوە ھەبێت، نەک تەنھا مافی دەنگدان لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و دەستبژێری سیاسی ..


جیاوازی نێوان تاکەکان و شێوەی ئاڵوگۆڕ و گەشەی بەرھەم, واقعیەتێکی مێژوویی و گرنگیەکی ئەو پێکھاتەیەیە کە ناوی خێزانە, لێرەوە میرات و پەیوەندییەکانی دیکەی بەرھەمھێنان وەکی چالاکیەکی مرۆڤ کە لەپڕۆسەیەکی مێژووییدا، وێنەیەکی جیاوازمان دەداتێ لەبەرامبەر ژیانی ئاژەڵ کە ئەمە لە توێژینەویەەکی تردا جێگەی دەبێتەوە.


سەبارەت بەبڕوابوون و باوەڕی عەقڵانی لە خۆبەدەستەوەدان بەدەسەڵاتێک کە لەدوا پلەی بەھێزیدایە, توانای عەقڵێکی رەھا ئاشکرا دەکات کە ئەمە بۆ خۆی سەرچاوەکەی دەسەڵاتی مرۆڤ خۆیەتی. ئەزموونی ئایین و سەرھەڵدانی دەسەڵاتگەری ئایین کە خوداوەندکراوە بەسزادەر، ئەم ئەزموونە جۆرێک لەپێکھاتەی کەسایەتی مرۆڤ درووست دەکات و ھەر ئەمەشە کاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ھەیە لەسەر کۆمەڵگە, ئەوەی کە مرۆڤ ناچار دەکات بەپێی ئاینێک کە دەوڵەت ئیلھامی لێوەرگرتووە, دەبێ بەھەمان شێوە ملکەچی دەسەڵات بێت, نێگەتیڤە. بەڵام ئەوەی کە ئایین وەکی تێگەشتنێکی رۆحانیە و پەیوەندی بەنموونەی باڵاوە ھەیە کە لەدەرەوەی ھێزی ئەقڵی مرۆڤە، ئەگەر وەکی واقیع تەماشای بکەین شتێکی پۆزەتیڤە.


ھەڵبەت لێرەدا ئەریک فرۆم پێی وایە ئەو کەسایەتیەی کە ئایینە جۆراو جۆرەکان درووست دەکات لەوان پێکھاتووە و بەرھەمھێنەری بیری مرۆڤە, مرۆڤی مشەخۆرو ئامادە کە لەکردارەکانیاندا لەژیانی واقیعی رەنگدەداتەوە و لەھەموو بوارەکاندا دەبینرێ, ئەو مرۆڤەش کە بەبێ ئایین و لەدەرەوەی وەھم, خودا پەرستی وەک حاڵەتی رۆحانی تەماشا دەکات و جودای ناکاتەوە و ھەردوو نموونەکە تێکەڵ بەیەکتر دەکات.

گۆڕینێکی ناڕاستەوخۆ ....

مادام بەگشتی بڕوامان بەوە ھێناوە کە شتەکان لەئاڵوگۆڕدان و دیالکتیکین, دەبێ بڕواشمان بەوە ھەبێ کە یاساکانیش لەگۆڕاندان, لەیاسای مەدەنیدا پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی وەکی ئەنجامی ئیرادەی گشتی رادەگەیەنرێت, خودی مافی کەڵک وەرگرتن و بەکارھێنانی شت و مەک لەلایەکەوە، واقیعەتیش کە خاوەندارێتی تایبەتی بەتەواوەتی کۆمەڵگەی سەربەخۆیە لەلایەکی ترەوە, بەیانکەری ئەو وەھمەیە کە خاوەندارێتی تایبەتی بەتەنیا لەسەر بنەمای ئیرادەی تایبەتی, واتە بەکارھێنانی ئارەزووانەی شتێک راوەستاوە, بەکردەوەش ھەر بەوجۆرەی خاوەندارێتی تایبەتن و دەیەوێت خاوەنداریەتییەکەی لەئەنجامدا مافی کەڵک وەرگرتنەکەی بکەوێتە دەست ئەوانی ترەوە, ھەڵبەت ئەم مافی بەکارھێنانە رێگری ئابورییەکی تەواوی دیاریکراوی دەبێت کە لەمەبەستی یەکەمدا وێنا کراوە, چونکی لەڕاستیدا ئەو شتە ئەگەر بەتەنیا لەپەیوەند بەئیرادەی ئەوەوە لەبەرچاو بگیرێت، کەواتە لەبنەچەوە ھیچ نییە, بەڵکو بەتەنیا ئاڵوگۆڕو سەربەخۆ لەیاسادا وایە کە دەگۆڕێت, بەم شێوەیەش یاساکان دابەشدەبن بەسەر کایەکاندا کە مارکس لەماتریالیزمی دیالکتیکدا سێ یاسای وەکو بنچینە دیاری کردووە.


مارکس لێرەدا پێی وابوو شێوەی بەرھەمھێنان دەتوانێت گەشەی فکری و سیاسی دیاری بکات, ھەموو سیستمێکی نوێش ھۆکارەکانی لەناوچوونی خۆی لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە, ھێزە دژەکانیش دەکەونە ململانێ لەگەڵیدا کە لەیاساکانیشدا سیستمەکان لەخۆ نوێکردنەوەدا دەبن، ئەمە بەشێک لە ئایدیایە کە بەناوی حەتمیەتی مێژوویی بۆ سەرمایەداری پێشبینی دەکرد.


یەکەم: یاسای دژەکان و ململانێی نێوانەکانیان: ئەم یاسایە ئەوە بەیان دەکات کە دیاردەکان وشتە دژ بەیەکەکان پێکەوە نایانکرێت, بەپێچەوانەوە لەناویان دەبات. نموونەی ململانێی چینەکان سەلمێنەری ئەم یاسایەیە.


دووەم: یاسای وەڕگەڕان لەچەندایەتیەوە بۆ چۆنایەتی: ئەم یاسایە پێی وایە لەکۆمەڵگەدا چەندایەتی پێش چۆنایەتی دەکەوێت, نموونەش گۆڕانی شۆِرشەکانە, وەکو سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم, بەڵام سۆسیالیزم بۆ کۆمۆنیزم گۆڕانێکی کتوپڕ نابێت، بەپێچەوانەوە لەسەر خۆ دەبێت و مەرجەکەش بەر لە شۆڕش دەبێت کۆمەڵگە ھەم ھۆشیاربن بە گۆڕانە چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، ھەم ئاشنایەتیان ھەبێت لە داھاتووی سیاسەتی دەوڵەت بۆ ژیان لەنێو ھەموو کایەکاندا، بۆ ئەوەی نموونەی سۆسیالیزمەی شۆڕشی ئۆکتوبەری لینینی بەسەر نەیات کە نیوەی زیاتری کۆمەڵگە نەیاندەزانی شۆڕش چی دەکات و داھاتوو چۆن دەبێت، تەنھا ئەوە نەبێت کە لەگەڵ بەلشەفییەکاندا کۆک بوون لەسەر روخانی قەیسەر و ھیچی تر، پاشماوەی ئەم خراپ تێگەیشتنەش بوو بە بۆماوەیی تاکو سەردەمی ستالین و دواتریش بەناوی نەبوونی ئازادییەوە لەسەردەمی سیستمی بەناو سۆسیالیزم، بلۆکی سۆڤیەت روخێنرا و سەرمایەداری وەکو سیستم سەرکەوت بەسەر ئەو تەقلیدیەتە سۆسیالیزمەی بەناو کۆمۆنیستەکان شانازیان پێوە دەکرد.


سێھەم: یاسای نەفی نەفی: ئەم تێەیشتنە بەر لەوەی لەلای مارکس ھەبێ، لەلای ھیگڵ ھەبووە، لابردن و سڕینەوە و وێرانکردن و ھەڵپەساردن و ھتد، لابردن فۆڕم بووە نەک باڵا دەستی و پڕۆسەی دەستبەسەردا گرتن لە فەلسەفە و دواتریش لە نێو سیستمی سیاسیدا، بە خۆییکرد جۆرێکە لە نەفی نەفی کە گەڕانەوەیە بۆ نەفیکردنی خاوەندارێتی، نامۆ بوون و لە خۆنامۆبوون لابردنی خاوەندارێتی تایبەتی یە، بۆیە بە خۆییکردنی جەستە و ھێزی کار، جەوھەری نامۆکراوی ئینسانە بۆ بەرخودی کردنی ئەو دیاردە نیگەتیڤانەی کە ئینسان مەحرووم دەکات لە پرۆسەی بەماتریالی کردنی جەستە کە یەکەم خاوەندارێتی ئینسانە، ئەمەیە کە مارکس لەرێگەیەوە خۆی لە دیالیکتیکی ھیگڵ جیادەکاتەوە، کۆمۆنیزم ئەو چەمکەیە کە گرینگترین لایەنی بانگەشەی تیۆری مارکسە لە مانیفێستدا، چونکە بەر لەھەر شتێک بانگەشەیە بۆ ئەو ئازادییەی کە کرێکار ئازادانە جەستە و ھێزی خۆی بەکاردەھێنێت.


نەفی نەفی لە مانا زاراوەکەیدا وەکو چەمکێکی ئەپستراکت، واتە رەتکردنەوە, ئەم یاسایە زیاتر پشت بەجھانی ماتریالی دەبەستێت. سەلماندنیشی لەرەتکردنەوەی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تردا دەردەکەوێت. نموونەش لەناوبردنی قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی بۆ کۆیلەداری و لەکۆیلەداریەوە بۆ دەرەبەگایەتی و دەرەبەگایەتیش بۆ سەرمایەداری. پاشان سۆسیالیزمی.


ھەڵبەت تاکو ئەوجێگایەی کە بنچینەکانی جەوھەری فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالکتیک, بەشێوەیەکی زانستیانە رێچکەکانمان بۆ دیاری دەکات, دواتر لەوردەکاریەکاندا یاسا گەلێکی تر بەرھەمدێنێ کە بۆ رێکخستنی کارو باری دەوڵەت و رێکخستن و بارھێنانی خەڵک لەسەر شێوە ژیانێکی سوننەتی بەڕێوەدەچێت و لەم یاسانە پێکدێن.


چوارەم: یاسای کارو زێدەبایی: جگە لەیاسای کار. زێدە بایی سیستمێکی ئاڵووێرە وەکو کاڵا ھێزی کار پێشکەش دەکات. لەمەتن و ناواخنی ئەم پڕۆژە یاساییەکەدا کەڵک و قازانج بەرھەمدێنێ, ئەم یاسایە پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە لەنێو سیستمی کاری دەوڵەت کە ئیلھام لەسیستمی سۆسیالیزمی وەرگیراوە و وەک شتێکیش شەرعیەتێکی وەرگرتووە, بەڵام نووسراو یاخود دەقێکی تایبەت و سەربەخۆی نێودەوڵەتی نییە، جگە لەیاسای وەبەرھێنانی سەروەتی کە ئێستا بۆتە مۆدێل ی کاری سەرمایەگوزاری دەوڵەت.


تایبەتمەندێتی ئەم یاسایە لەشوێنێکەوە بۆشوێنێکی تر و لەکارێکەوە بۆکارێکی تر جیاوازی ھەیە, بەڵکو پێشکەش کردنی میتۆدێکە لەناو یاسای کاردا کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی ھەیە بەھێزی کارو پەیوەندیەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایە گوزاریەوە, بەم شێوەیەش ھێزی کار لەدەرەوەی سرووشتی خۆی, سیستمێکە دەتوێتەوەو دەبێتە شتێکی نادیار.


پێنجەم: یاسای باج و سنورەکان: ئەم یاسایە بەپێی رێکەوتنێک لەلایەن سنووری جوگرافیای دەوڵەتانەوە کە دیاری کراوە و لەڕووی بازرگانیەوە ئاڵووێری کاڵا و پێداویستییەکانی مرۆڤ دەکرێت و گومرک کردنی کاڵاو شمەک لەرێگاکانی زەوی و ئاوو ئاسمانییەوەیە کە بەشێکن لەداھاتی دەوڵەت. ھەندێک جاریش بەپێی رێکەوتنێک لێبوردن بۆ ئاڵو وێرەکان دەکرێت کە بەنەفعی دەوڵەت خۆی دەبێت. ھەریەکێکیش لەو ھێڵانەی دیاری کراوە شێوازی باج ئەستاندنی خۆی ھەیە کەرەنگە دەوڵەت لەرێگای کەرتی تایبەتەوە مامەڵە لەتەک ئەم جۆرە ھێڵانە بکات.


شەشەم: یاسای ماف و دابین کردنی کۆمەڵایەتی : ئەم یاسا بەرمەبنای پێناسەی ھاوڵاتی بوون و لەبەرچاو گرتنی ئەرک و ماف و دابین کردنی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پاراستنی ژینگەیە, بەشێک لەمافە سەرەتاییەکانن کە ماشین و کۆمپانیاکان ھۆکاری سەرەکین تیایدا. ئەمە تائەوکاتەی ماشینەکان ھەڵدانی بەخۆیەوە نەبینیبوو, بەڵام دواتر بەگەشەی تەکنۆلۆژیا لەنێو چینەکانیشدا دوو جۆر چینی کرێکاری بەرھەمھێنا. (کرێکاری یەخە رەش و کرێکاری یەخە سپی) کرێکاری یەخە رەش ئەوانەن کە کاری دەستی و تاقەت پڕوکێن دەکەن و سەعات کاریشیان زیاترە, ھەرچی کرێکاری یەخە سپیە ئەوانە دەگرێتەوە کە تەکنیکین و پسپۆڕی کارن و بە ئامێری پێشکەوتوو و بە کۆمپیوتەر مامەڵە لەتەک کاردا دەکەن و ئەوانەش کە لەنێو سیستمی تەکنۆکراتیدا کاردەکەن و دەبنە مشەخۆری بێ بەرھەم, دواتر دەبێتە مایەی بێکاری لەریزی کرێکاراندا. دابین کردنی کۆمەڵایەتیش . ئەومافەیە لەبری سۆسیالیزم جۆرێک لەھاوکاری کردنی ژیانی ژنان و منداڵان دەگرێتەوە کە ئێستا لە رۆژئاوا بەشێک لە دەوڵەتەکان سۆسیال وەکو سیستم بەکار دەھێنن و بەشێکە لە خۆشگوزەرانی، بەڵام ئەمە نەگبەتی بەدواوەیە چونکە سەرمایەداری لەگەڵ گشەە سەندنی خۆیدا، زیاتر لەو سۆسیالە لە تاقەتی ئینسان وەردەگرێت و دەیکات بە کۆیلەی کار و خزمەتی دەوڵەت بەناوی ئینسانیەتەوە، ھێشتا سیحری ئەم سیاسەتە ئابورییە ئاشکرا نەبووە لە رۆژئاوا کە لە داھاتوویەکی نزیکدا روونتر دەبێتەوە.


حەوتەم: یاسای پەروەردەو فێرکردن: ئەم یاسایە زانستیانە و لەچوارچێوەی میتۆدو سیستمێکەوە کاری پێدەکرێت کە حکومەت لەخۆبەرھەمدان خۆبەرھەمھێنانەوەدا جێگیری دەکات و وەکی دەزگایەک و کۆڵەگەیەکی سەرەکی بەسوود وەرگرتن لەکولتوور و ئایین و مێژوو تەماشای دەکات و کەڵکی لێوەر دەگرێت، ئەو پەروەردەیەی کە سەرمایەداری ھاوچەرخ لەوپەڕی خۆ کامڵکردنیدا، ھخەرچی بەھای ئەخلاقی و سیاسی و فەرھەنگی ھەیە لە تەکنۆلۆژیاو بەکاڵاکردنی خودی ئینسانی وەکو کاڵا، کردووە بە خودێکی بێ بەھا و ھیچ بەھایەکیش بۆ فەرھەنگ نەناسێ.


ھەشتەم: یاسای دادو باری کەس: ئەم یاسایە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگەیە بەپێی دەستوورێک جێگیر و دادگایی کردنی تاوانکار و چارەسەرە بنەڕەتیەکانی کێشەکانی کۆمەڵ و ...ھتد کە ئەولەویەتی بەدامەزراوەی خێزان داوە و ھەرچی زیاتر دەستی پێوەدەگرێ. ئەمەش بەبیانووی ئەوەی راگرتنی بەڵانسێکە لەنێوان ئایدیاکان و مافەکان، نەمانی ئەو باڵانسە کۆمەڵایەتییەی کە وەکو دیوەزمە ھەرچی زیاتر شیرازەی خانەوادەی ھەڵوەشاندۆتەوە و ھیچ ئەلتەرناتیڤێکیشی بۆ ئەو کردەنییە نییە، تەنانەت بۆ قیمەتی ئینسان وەکو کائینێک لەبەرامبەر بەکاڵاکردنی ئەگەرێکی دیکەی نەھێشتۆتەوە، دادگاشی سەرپشک کردووە بەوەی بەناوی ئازادی بێ بەرامبەر ئەم دەزگایە بێ بەھا بکات لەلایەک، بەھاداریشی بکات لە خزمەت دەوڵەت کە ئایین کۆڵەگەکەیتی لەلایەکی تر، بۆیە لە رۆژھەڵات ئینسانی لەبەرامبەر پول و سەرمایەدا کردووە بە کاڵایەکی بێ بەھا.


نۆیەم: یاسای نوسینەوەی دەستوور. ئەم دامەزراوەیە کە لەسەرووی ھەموو دەقەکانی بواری کارگێڕی و پارلەمان و خودی دادگاشەوەیە. جارێکی تر دەوڵەت ئارایش دەکاتەوە و رەنگدەداتەوە لەدامەزراندنی پێکھاتەی دەوڵەت و یاسا بنچینەییەکان و سیستمە سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی وەکی دیموکراسی و فیدرالی و کۆنفیدرالی و سەربەخۆیی و. ھتد. بەپێی کولتوورو پرەنسیپە ئیتنیەکانی ھەر کۆمەڵگەیەک".(١٠)


ھەڵبەت زۆربەی شێوازە جیاجیاکانی ئەم یاسایانە. پێشتر بەپێی یاسای نێو دەقە ئاینیەکان شەرعیەتی پێدرابوو. دواتریش رۆمەکان و یۆنانیە کۆنەکان و ئیمبراتۆریەتەکانی رۆژھەڵات لەسەر زەوی کاریان پێدەکرد, بەمەش مارکس لەنێو تیۆرەی سۆسیۆلۆژیادا وەڵامی پێدایەوە کە مادام ئینسان بۆخۆی کاری خۆی مەیسەر دەکات, کەواتە سەرجەم یاساکان دەبێت لەبنەڕەتەوە ھەڵوەشێتەوە و بەجێگای ئەوان یاسایەک بونیات بنێرێت کە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بێتەوە و کێشەی چینایەتی بنەبڕ بکات. ھەڵبەت بەپشت بەستن بەفەلسەفە و میتۆدە زانستیەکانی پێشتر لەباری ئابوری و خوێندنەوەی سۆسیۆ سیاسی سیستمەکانی دەوڵەت. پێشتریش کە مێژوو بەشێکی شاردۆتەوە و بەشێکی بەیان کردووە، چینەکان ھەمیشە لەکێشمەکێشمدا بوون. بەو پێیەی کە ئایدیای یاسا لەباب مەزنی و قەشە سازی و کڵێساوە دەوڵەت بەڕێوە دەچوو. واتە یاسایەک کە لەناواخنەکەی ئاسمان بوو. جێگەیەک نەبوو بۆ گۆڕینی, دواتر ھاتە سەر زەوی و پۆزەتیڤیزم وەک جۆرێک لەبیری مرۆڤ خۆیدا بوو بەکارنامەی ژیان. بەڵام تائەو جێگایەی کە ژیان لەنابەرابەریدا قەتیس کرابوو. بەسەرھەڵدانی بیری سۆسیالیزم ئەم یاسایانە کەوتنە بەر رەخنەی مارکس و خودی ئەو میتۆدەی کە بەر لەمارکسیش بەناکامڵی پێشکەش کرا. ئیتر ھەر لەمۆنتیسکۆوە بگرە تاکو پەیمانی کۆمەڵایەتی لەلای تۆماس ھۆپز و ژان ژاک رۆسۆ و تۆما ئەکوینی و قەشە ئۆگەستین. لەکاتی خۆیدا پشکداریان کردبوو.

رەخنە لە لاھوت.. رەخنە لەئایین و ئاینزاکان.

(ئایین ئەفیونی گەلانە) ئەم جوملەیە کە مارکس لەکتێبی رەخنە لەفەلسەفەی ھێگڵدا نووسیویەتی, تەنھا بوئرەیەک و رەھەندێکی وەھای پێدراوە کەواتێبگەین, ئایینەکان بەشێوەیەکی رەھا دەبنە مایەی نامۆ بوونی ئێمە وەکی مرۆڤ, ھەڵبەت ئەم جوملەیە بەر لەئێستا حیزبە سیاسیەکان کە بەناو ھەڵگری فەلسەفەی مارکسی بوون, بەھەڵە بەکاریان دەھێنا, ئەویش نەک بۆ ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لەو ئەفیونە، بەڵکو وەکو گروپێکی پۆپۆلیسی و وەبەرھێنانی سیاست بوو نەک فەلسەفە، بەڵام مارکس لەمبارەیەوە لەرووی ئینترۆپۆلۆژیەوە وەڵامی پێداوەتەوە, پێشتریش سەبارەت بەفینۆمینۆلۆژیای رۆح لەلای ھیگڵ رەخنە دەگرێت لەپەیوەند بەوەی کە ئایین تەنھا فاکتەرێک نییە مرۆڤ لەدەرئەنجامی تەماس گرتن لەتەکیا نامۆبێت, چونکی کایەی ئابوری جۆریکی تری گرنگ یاری دەکات و دەور دەبینێ لەونێوەدا, ھەڵبەت مارکس تەنھا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو چەند ئایینەی کە ناسیونیەتی پێناسەی ئایین دەکات وەکو ئەفیونێک بۆ گەلان کە ئینان پێی مەست دەبێ لەبری ئەوەی ھۆشیار بێتەوە و چاکە بکات، ئەگەر بھاتبا و ئایینی مەزدەکی بناسیبا، رەنگە قسەیەکی تری بگوتابا لەسەر ئایین، تەماشاکەن "مەزدەک جگە لەوەی کە مێژووی سەرھەڵدانی نازانرێ، بەڵام ساڵی ٤٤٩ ریفۆرمخوازێکی ئێرانی بووە و بەپاشماوەی زەردەشتی و مانی ھەژمار دەکرێ، ھەموو پرنسیپە خوداناسیەکەی بۆ بەشەر لەو کاتەدا، یەکسانبوونی شتەکان لەبەرامبەر بەیەک، ھەموو ئایینەکانی وەکو یەھودی و کریستیانی و ئایینەکانی تر بەمۆنۆپۆلکردنی ژیان لەرێگەی پیاوسالاریەوە لەقەڵەمدەدات و بەئایینێکی یەکسانیخواز نازانێ، مەسەلەی یەکسانی ژن و پیاو و بۆماوەیی موڵکدارێتی و باب مەزنی و ھتد، لەدەرەوەی ئایین و خودا پەرستی دەناسێ، مەزدەک بناغەی فکر و فەلسەفەی دوالیزمە کە دەکاتە بەراورد لەنێوان ھەردوو چەمکی خێر و شەڕ، بۆیە بانگەوازی ئەوە دەکات مرۆڤ دوور بخرێتەوە لە دوژمنکاری و چاوبرسیبوون و ھتد، لەبەرامبەردا ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مرۆدۆستی و ژیاندوستی بێ مڵۆزمی کردە باو لەدونیادا". (١١)


ئایا ئەمەش دەبَی ئەفیون بێت کە وەڵامەکەی نەخێرە، ئەلێرەوەیە کە مارکس راستکردووە کە ئەفیونی گەلانە ئەو ئایینانەی کە ھەم ئەو ناسیوونی و ھەم ئەوانەش کە تەنھا بۆ بچوککردنەوەی کەسایەتی ئینسان و گەورەکردنی باب مەزنەکان و دەسەڵاتە و ھیچی تر، بەڵام ئایینی تر ھەبوون لەمێژودا کەمتر نەبوونە لەفەلسەفەکەی مارکس.


"ئازاری ئایینی ھەم دەربڕینی ئازاری راستەقینە و ھەم ناڕەزایەتی بەدژی ئەو ئازارەیە، ئایین ئاھو ناڵەی ئینسانی ستەملێکراو، دڵی جھانێکی بێ دڵ و روحی جھانێکی بێ روحە، (ئایین ئەفیون، یان تلیاکی گەلانە) لابردنی ئایین وەک بەختەوەری وەھمی خەڵک، داواکردن و خواستی بەختەوەرییەکی راستەقینەیە بۆ ئەوان، خواستی دوورکەوتنەوە لەوەھم دەربارەی بارودۆخی باڵادەستی، ھەمان خواستی دوورکەوتنەوەیە لە بارودۆخی پێویستی بەوەھم ھەیە، کەواتە رەخنەی ئایین تۆوی رەخنەی جھانێکی پڕ ئازارە کە ئایین خەرەمانە موقەدەسەکەیەتی" (١٢) بەمەرجێک چاکسازی بێت بۆ کۆمەڵگە و نەبێتە مایەی توندوتیژی لەدژی یەکتر، ھەروەک چۆن لەمێژوودا بینیومانە و چیرۆکەکانمان بیستوون.


رەخنەگرتن لە ئایین تەنھا مەبەستێکی سەرەکی نییە، بەڵکو زۆرترین مانای لە پشتەوەیە کە بەشێکی سۆسیۆلۆژیا داگیری کردووە، لەوانەش دوورخستنەوەی ئینسان لەوەھم و ترس و گەڕانەوەی ئیرادەگەرێتی بۆ خود، نەھێشتنی نامۆبون لە خودێکی ھۆشیار لەبەامبەر ئەوانی تر کە لەدەرەوەی ریاڵ ی واقیعی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەتەکدا دەکەن، لەلایەکی تریشەوە دەست واڵاکردنی دەستەبژێری سیاسییە لە تێکەڵ کردنی ئایین بە سیاسەتەوە، ھەروەھا نەھێشتنی توندڕەوییە کە مێژوو ھەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە سیستمە سیاسیەکانیش خراپ کەڵکیان لێوەردەگرن، نموونەی دژایەتی کردنی کاسۆلیک و پرۆتستانت و شیعە و سوننە و ھینۆس و سیخ و ھتد.


بە بڕوای واڵتەر بینیامین کە خاوەنی بیرۆکەی رەخنەیە لە توندوتیژی کە ھەموو کایەکانی ژیان دەگرێتەوە، باس لەوە دەکات کە رەخنەی باو بۆ داوەری نییە لە بابەتێک، بەڵکو دوا داوەری یە کە ئەمە تیۆری بوونناسی یە. چونکە خوێنەری ھەموو للیڤڵیان نییە، بەپێچەوانەوە بکەری چالاک ھەیە، ئەمە خوێنەری کوشندەیە خوێنەری دڵڕەقە بەرامبەر دەق، ئایین ناسی ئەم خوێنەرەی ھەیە و مارکس یەکێک لەم خوێنەرانە بووە، بۆیە رەخنەی لە تەواوی ئایینەکان گرتووە و دوا داوەری کردووە. ئەم رەخنە توندوتیژە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، وەختێک ئاییناس و خوداناسەکان ھاتوون چیرۆکی سیحراوی و ئەفسانەییان بەزاری خوداوە کردووە و کردویانە بە خودانی، وەکو چیرۆکی ئەیوب کە سەبرێکی سەیریان وەکو پەند بۆی خوڵقاندووە، یان گفتوگۆی نێوان موسا و خودا و سوتانی کێوەکە، یان چیرۆکی لەدایک بوون و زیندووکردنەوەی مردووەکانی ئەو سەردەمە و لەخاچدانی مەسیح، یان چیرۆکی لوت کە خاوەنی قەومێکی نەگریس بووە و بەقسەیان نەکردووە، چیرۆکی یوسف و کراسەکەی و چیرۆکی سەفەرکردنی محمد بەرەو ئاسمان بە بوراق کە تەیرێکی فرۆکەییە، ئەمانە ئەگەر نموونەی باڵا نەبوایە، گەورەیی کارێکتەرەکانیش نەدەبوون بە نموونەی قبوڵکردنی ژیانێکی وەھا تاکو ئینسان بترسێ تلە نموونە باڵاکە، وەکو خاوەن دەسەڵاتێکی دەرەوەی ئیرادەی بەشەر بەسەر بەشەردا، ئەمە دۆزینەوەی واتای گەورەیە لە ئامانجی کۆمەڵێک مانای جوڵاو کە ھەڵسەنگاندنێکی نەرێنییە لە پرۆژە سەرزەمینییەکان. ئەوەی کە ئینسانی ناچا ربە پبوڵکردن کردووە لەو توندوتیژییەی کە لەژیاندا ھەیە، لە کاتێکدا ئەفیونەکە لێرەوە دەردەکەوێت کە ژیان و موفرەدەکانی ژیانی رۆژانە و نەریت و ئەوانی تر، دەستکردنی خودی ئینسانن نە گوتارێکی بەزۆر سەپاو بەسەر ئینسان. کەواتە فەلسەفەکە لە کوژرانی ئامانجە کە لە ئامرازە جۆراوجۆرەکانی پشت گوتاری ئایینە، نەک خودی ئایین کە بڕوایەکی گشتییە.

 
مەبەست لەم بۆچوونانە نیازی یەکەمی ھیگڵیە لاوەکان ئەوەبوو لەنێو ئیشکالیاتە ئایینەکاندا شۆڕشێکی گیانەکی واتە روحی لەبەرچاو بگرن, ئەوان پێیان وابوو شۆڕشێکی سیاسی بەدووی خۆیدا دێنێ لەئایندەدا, ھەرئەوەش کەفیورباخ لەبارەی فەلسەفەی تێڕامانەوە دەڵێ" فەلسەفەی تاملی واتە (تێڕامان) ھیگڵ لاھوتێکی بەعەقلانی کراوە, بەو مانای کە لاھووت بەتێڕوانینێکی لاھوتی نەفی دەکاتەوە," ئەمە بەشێک بوو لەدیمانە و روانینی ئەنگڵس و مارکس لەخاڵی یەکلاکەرەوەی نێوان ئیدیالیزم و ماتریالیزم, ئیتر لەچەمکی فەلسەفەدا دیالیکتیک دژە واتای ناوەکی و دەرەکی و چەندایەتی و چۆنایەتی بوونە پایەی راگرتنی ئەو ئەتروحەیە.


میتۆدی (ئادەم سمیت و داڤید ریکاردۆ), گەورەترین بەردبوو لەسیستمی سەرمایەداری گیرا, بەومانایەی کەئەلتەرناتیڤی سۆسیالیزم لەنێو کایە پیشەسازییەکاندا, گرێی چینایەتی دەکاتەوە, ئەمەش بەئەزموون دیمانە سیاسیەکان دەوڵەمەند تر دەکات و سازمانە شۆڕگێڕیەکان ئەزموونێکی تر لە کەمتەمەنی کۆمۆنەی پاریسی ١٨٧١ پێی بەخشی, لێرەوە مەبەست لەبەراوردکاریەکان ئەوەیە کە (فرۆم) یەکێکە لەو بیرمەندانەی جارێکی تر ھاتووە بەھەمان لۆژیک کار دەکات و ئایین بەتاکە فاکتەر دەزانێت, لەکاتێکدا نامۆ بوونی ئێمە رەھەندێکی سیاسی ھەیە. ئەریک فرۆم کە فەیلەسوفێکی چەپی رادیکاڵی فرۆیدیە و یەکێک بووە لەوانە ھەوڵیداوە فەلسەفەی مارکس و فرۆید پێکەوە بلکێنێ و شتێکی لێبەرھەمبێت، لەمبارەیەوە دەڵێ "مارکس نەیتوانیوە پێشبینی ئەوەبکات کە نامۆبوون دواتر دەبێتە چارەنووسی زۆربەی زۆری خەڵک, بەتایبەتی ئەو کەرتەی کە زۆربەی زۆری کۆمەڵگەیە و زیاتر مامەڵە لەتەک سیمبول، یاخوود خەڵک دەکات"(١٣)


لەگەڵ رەخنەگرتن لەلاھوت و تەرجەمە کردنی بۆ رەخنە لەسیاسەت کەلە مەنزومەیەکدا ھەموو کایەکانی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە و بەپێچەوانەشەوەلەھەموو کایەکاندا ئامادەیە, بەو مانایە دێت کە مرۆڤ بەناچار سیاسەت دەکات و دەبێتە کائینێکی سیاسی و ئیدیۆلۆژی وەکی بەشێک لەسیاسەت, سیمبولەکانی وەکی خودا تەماشا دەکرێت بەجێگای لاھوت و لاھوتیەت, وەختێک ئەمە دەڵێم پشت بەو بیرکردنەوەیە دەبەستم کە مارکس و مارکسیزم وەکی فەلسەفە قسەی لەسەر یەکتا پەرستی نییە, بەقەد ئەوەی قسەی لەسەر خودا درووست کردن و دین پەرستی ھەیە، بۆیە کە رەخنە دەگرێ بۆخۆی ئەمە باسێکی تایبەتە و دیسان دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە ئایا ھەر کار بووە مرۆڤی خوڵقاندووە؟ یان چیرۆکی ناو دەقە ئاینیەکان درووست ترن؟ بەڵام لەتەک ئەمانەشدا خوداپەرستی ئیجتیھادی خودیەو ھەر زۆر کردنێکیش لەو باسە جێگای رەخنەیە و نەفی کردنەوەی خوداش بەپشت بەستن بەمیتۆدی ماتریالیستیانە جێگای قبوڵ نیە, نموونەیەکی مارکس ھەیە دەڵێ "جەنگ لە دژی خودا, جەنگێکە لەدژی بت پەرستی کە مێژوویەکی ھەیە لەگەڵ ھاتنی یەکەم بەرەبەیانی درووست بوونی ئینسانەوە و کێشەی گەورەی ئینسانیش بووە"(١٤). ئەو بتە درووستکراوەی کە پێی دەڵێن خودا ھەروەک چۆن لەتەک لەتێزەکانیدا بۆ ئایین لەتافی لاویدا پێشەکی بۆ شیعرێکی نووسیوە بۆھاوڕێکانی دەڵێ "ئەوانە خودا ناناسن و سوکایەتی بەخواوەندی ھەموانەوە دەکەن, بیروڕای ھەموانیش بۆ یەک خودا دەگێڕنەوە" (١٥)


راستە مارکسی لاو لەگەڵ مارکسی کامڵ لەباری فەلسەفیەوە جیاوازیان ھەیە, بەڵام ئەم قسەیەی مارکس ئەو دەلالەتەی ھەیە خودا ناسین مەسەلەیەکە و زانست مەسەلەیەکی ترە کە رەخنەیە لەخورافەو دین پەرستی. ھەڵبەت ئێمە چەمکەکانی ئاسمان و ئایین و لاھوتمان گۆڕیەوە بۆ چەمکەکانی زەوی و یاسا و سیاسەت کە لەباری مێژووییەوە لە ھەموو سەردەمێک و شارستانیەتێکدا رۆڵیان ھەبووە, بەڵام موناقەشەکە لەنێوان راستکردنەوەی چەمکی (خودای ئایینی و خودای فەلسەفیە) کە لەھەردوو بارەکەدا مرۆڤایەتی توشی گیرۆدەیی کردووە, خودای ئایینی ئەو خودایەیە کە لەدەقە ئاینیەکاندا وێنای کراوە, خودا پەرستییەکەو سیحری خودا بۆ نووسەرەکە دەگێڕێتەوە" بەڵام بەسەرھەڵدانی چەرخی رێنیسانس بەتایبەت لەئەوروپا شۆرش گەشەی کردو فکر سەریھەڵدا, ئەوەی کە ناوی لێنرا (کۆزمۆجینیە) (١٦) (فەلسەفەی ئایینی) نەفی بۆوە و میتافیزیکا بەجێگای ئەو کاری کردو دواتریش جارێکی تر ئیدیۆلۆژیا وەک ئایین و خاوەندەکانیان کە داھێنانی ئەوان بوون وەکی خودا چاویان لێکرا, ئەگەرچی ئایین تاکو ئێستاش وەکی خۆی ماوەتەوە و کاری خۆی دەکات, بەڵام فکر توانیویەتی جێ پێ بەسەلەفیەت لەق بکات" (١٧)


ھەر ئەوەی کە سۆسیالیستە ئایدیالیەکان دەرکیان پێنەکردبوو, چینێکی باڵادەستی بۆرژوازی کەڵکی لێوەردەگرت و لەھەوڵی ئەوەدابوو بەدۆگمایی بمێنێتەوە, یان ئەو بونیادە میتافیزکیانەی کە روانینی بۆ فەلسەفە ھەبوو, دیسان لەھەوڵی ئەوەدابوو سرووشتێکی کۆمەڵایەتی بە کۆنخوازی ببەخشێت کە روانینێکی مەسیحیانە بوو, بۆیە لەبەرامبەر ئەو تەقەللایەی مارکس ھەیبوو لەکۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا دەریخست و ئاڵوگۆڕە ریشەییەکانی دەبەستەوە بەبونیادی ئابووری کە دواجار بەسەر سەرخانی کۆمەڵگەوە رەگی دەدایەوە, ھەر ئەمەش بوو کە دونیابینی مارکس وەکو تۆمەتێکی یۆتۆپیایی چاو لێدەکرا, مارکس لە شوێنێکدا بەراشکاوی باسی لە وەھمی رەخنەگرتن کردووە بەناوی واقیعبینانەوە قسەیان دەکرد و دەڵێ " ئەو رەخنەیەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا دەکات، خەباتێکی رووبەڕووووە و لە خەباتێکی ئاوادا ھیچ گرینگ نییە نەیارەکە کەسێکی ئەریستۆکرات، کەسێکی خانەدان یان نەیارێکی سەرنڕاکێش بێت، گرینگ لێدانێکی توندەلێی، گرینگە رێگا بە ئاڵمانەکان نەدەین تەنانەت بۆ ساتێکیش خۆیان فریوو بدەن، یان تەسلیم بن، دەبێت ستەمی راستەقینە بە ئاگادارکردنەوەیان لەو ستەمە، ستەمگەرانەتر بکەین و عەیب بە ئاشکرا کردنی عەیبدارت بکەین، دەبێت ھەر ھەرێمێک و قەڵەمڕەوێکی کۆمەڵگای ئاڵمانی وەک نیشانەی شەرم و عەیبی دەر بخەین". (٢٠)

_______________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
١: د. دینیس لوید. عالم المعرفە . سلیم الێویێ.
٢: کارل مارکس. حول المسالە الیھودیە. ترجمە. د.نائلە الێالحی. منشورات دار الجمل. سنە ٢٠٠٢ المانیا. ل٨.
٣: بۆس الفلسفە. کارل مارکس. رد علی البرودون. ت. حنا عبود . دار الدمشق ل ١٠٢,١٠٣,١٠٤.
٤: مارکس و انجلس .مختارات دار التقدم. موسکو.
٥: ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
٦: الانتروبولوجیا السیاسیە. جورج بالاندیە. ترجمە علی المێری. الموءسسە الجامعیە للدراسات والنشر والتوزیع ل٣٤.
٧: کارل مارکس. فریدریک ئەنگلس. بەشێک لە کتَبی ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی وەرگێڕانی بۆ کوردی. سەلام مارف. بلاوکراوەکانی چاپخانەی رەنج ساڵی ٢٠٠١.
٨: کارل مارکس. الپامن عشر من برومیر لویس بونابارت. ترجمە دار التقدم موسکو.
٩: منگق مارکس. یندریش زلنی. ترجمە پامر الێفار.
١٠: جزء مفقود من راس المال (کوندریسا) ترجمە. فالح عبدالجبار ل ٦٠,٦١,٩٥ ,١٩٧ ١٩٨.
١١: ویکیپیدیای ئایینەکان و زەردەشتیەت لە سایتی ئینتەرنێتەوە.
١٢: ئەریک فرۆم. ئایین وشیکردنەوەی دەروونی. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئاوات محەمەد.
١٣: جاک دریدا. اگیاف مارکس.ترجمە. د.منزر عیاش . دار مرکز الانماء الحچاری. سنە ١٩٩٣.
١٤: کارڵ مارکس. بەشداریکردن لە رەخنەی فەلسەفەی ھەق ھیگڵ. وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد. بڵاوکراوەکانی ناوەندی توێژینەوە و ھزری شەھید ئارام. سلێمانی ٢٠١٦. ل٤٣.
١٥: مارکسیە ام کانگیە قرائە نقدیە لمقالە ێادق جلال العچم, نایف سلوم. مجلەالنھج العدد ١٧ سنە ١٩٩٩ ل١٧١,١٨٦.
١٦: ئەریک فرۆم . مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە. وەرگیرانی ھەنگاو. چاپی یەکەم. ساڵی ١٩٩٩.
١٧: سلامە المغربی. ما لمارکسیە. مجلە النھج . العدد ١٦ سنە ١٩٩٨ ل ١٢٥_١٤٠.
١٨: عنان عویا . المارکسیە والمارکسیە المسفیتە.مجلە النھج. العدد ٢٩ سنە ٢٠٠٢ ل١٩٦_٢٠٨.
١٩: گۆڕینی دەسەڵات و پەیوەندیە شەخسیەکان بەدەسەڵاتە مادییەکانەوە کە بەھۆی دابەشبونی کارەوە ھاتوونەتەدی ناتوانێت بەدەرکردنی ئەو فکرە گشتیانە لە مێشکی ئینساندا بکرێت, بەڵکو لەناوبردنی ئەوە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەی کەدووبارە ئەم دەسەڵاتەمادیەیان کردۆتە ملکەچی خۆیان و دابەشبونی کار ھەلدەوەشێننەوەمومکینە ئەمە بەبێ کۆمەڵبوون ناکرێ تەنیا لەناوخۆی کۆمەڵبووندایە کە ھەرکەسە ھۆکاری پێگەیاندنی ئامادەییەکانی خۆی لەھەموو لایەکەوە ھەیە, کەواتە ئازادی تاکەکەس تەنیا لەناو خۆی کۆمەڵدا مومکینە, لەجێگرەوەکانی تائێستای کۆمەڵ , واتە لەدەوڵەت و ھتد.
ئازادی تاکە کەس تەنیا بۆ کەسانێک کە لەژێر ھەلو مەرجی چینی فەرمانڕەوادا پێدەگەن وەتەنیا تائەو شوێنەی کەئەوانە کەسانی تیادابوون بوونی ھەبووە, کۆبونەوەیەکی وەھمیە کە تائێستا کەسەکانی تیادا رێکخراون, ھەمیشە لەپەیوەند بەوانەوە بونێکی سەربەخۆ دەگرێتە خۆی ولەبەر ئەوەی پێکھاتەیەک بووە لەچینێک دژی چینێکی تر.
٢٠: کارل مارکس. بەشداریکردن لە رەخنەی فەلسەفەی ھەقی ھیگڵ. وەرگێڕانی بۆ کوردی. پێشڕەو محەمەد. بڵاوکراوەکانی ناوەندی توێژ و ھزری شەھید ئارام. سلێمانی ٢٠١٦. ل٥٠.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک