تۆ بڵێى ئەمانە
زۆڵە کوردبن.
چەند سەرە قەڵەمێک
بۆ جەلال پەرێشان.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
هیچ کاتێک بیرم لەوە نەکردبۆوە کە لە بارەى هیچ جۆرە وەرزشێکەوە قسە
بکەم، بۆچوونى من لە بارەى وەرزشەوە لەوانەیە لەگەڵ زۆرینەى خەڵکى
کوردستان یەک نەگرێتەوە، ئەمەش لەو راستییەوە هاتووە کە هیچ کاتێک
کۆمەڵگە بە هۆى وەرزشەوە پێشناکەوێت، بە پێچەوانەوە وەرزش کاریگەریەکى
زۆرى بەسەر سایکۆلۆژیەتى خەڵکەوە هەیە، ڕەنگە کاریگەرییەکان زیاتر
نێگەتیڤبن، وەک لە پۆزەتیڤ.
رۆژانە دەبینین بە دەیان وتار و بەرنامە و بەدواداچوونى رۆژنامەوانی بە
شێوەیەکى تەقلیدییانە لە تەواوى کەناڵ و دەزگە و رۆژنامە و گۆڤارە
سیاسى و هونەرى و وەرزشییەکانەوە بەرچاو دەکەون و هەمووان جەخت لەسەر
گرنگى وەرزش دەکەنەوە.
ئەمەش مافێکى سروشتى هەر جۆرە میدیایەکە کار لەم بوارەدا بکات و
تارادەیەکیش جێگەى ستایشکردنە، چونکە مومارەسەکردنى پیشەى
رۆژنامەوانییە و گواستنەوەى رووداوە وەرزشییەکانە بۆ وەرزشدۆستان.
ئەوەى ئێستاکە من دەمەوێت قسەى لەبارەوە بکەم کە ڕەنگە پێچەوانەى
بۆچوونى زۆرێک لە خەڵکى کوردستان بێت، هەروەها منیش ئەو مافەم هەیە کە
بۆچوونى جیاوازم هەبێت، ئەمەش مەبەست لە هیچ جۆرە دژایەتیکردنێکى وەرزش
نییە، بەقەد ئەوەى کە زیاتر مەبەستم لە دەرخستنى هەندێ راستییە لە
بارەى وەرزش بە گشتى و لە کوردستان بە تایبەتى کە پێم وایە هێشتاکە لە
دواوەى تەواوى وڵاتانى جیهانەوەیە، ئەگەرچى رۆژانە گوێبیستى ئەوە دەبین
کە وەرزش لە کوردستان لە گەشەسەندن دایە، بەڵام ئەم جۆرە قسانە دوورن
لە راستییەوەو سوورم لەسەر ئەوەى کە وەرزش لە کوردستان یاخود یانە
وەرزشییەکانى کوردستان لەسەر ئاستى جیهانى و تەنانەت لە ناوچەکەش لە
ئاستێکى زۆر نزمدان و ئەمەش پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکات، چونکە
راستییەکان لە کاتى خۆیدا ئاشکرادەبن.
وەرزش لە پاڵ ئەو گرنگییەى کە گوایە کۆمەڵگەکان بە یەک دەناسێنێت،
چەندین خاڵى نێگەتیڤیشى هەیە کە زیانى بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵکە هەیە، وەک
دروستکردنى هەستى تووڕەیی و تۆڵەکردنەوەو یەکترى قەبووڵ نەکردن و بە
فیڕۆدانى داهاتێکى زۆرى نیشتمان کە ئێستاکە لە کوردستاندا دەیبینین
بودجەیەکى زۆر بۆ یانەکان دابین دەکرێت، ئەوە جگە لەوەى کە وەزارەتێکیش
بۆ هەمان مەبەست دامەزراوە و لەلایەن کۆمەلێک فەرمانبەرەوە بەڕێوەدەچێت،
بێ ئەوەى ئەم وەزارەتە هیچ بەرهەمێکى ئەوتۆی هەبێت کە جێگەى دەستخۆشى
بێت، هەروەها یەکێکى تر لەو خاڵانەى کە زیانێکى ئیجگار زۆرى بۆ کۆمەڵگە
هەیە، ئەویش سەرقاڵکردنى گەنجانە بە وەرزش و دوورخستنەوەیانە لە
بیرکردنەوەو بەشدارى سیاسى و لایەنەکانى ترى رۆشنبیرى کە لە راستیدا
کۆمەڵگە بەم هۆیانەوە پێشدەکەوێت، نەک بە وەرزش و ئالوودەبوون پێوەى.
بێگومان ئەم باسە قسەى زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت، ڕەنگە پێویستى بە
توێژینەوەش هەبێت، دەکرێت خەڵکانى شارەزا لەم بوارانە کار لەم
مەسەلەیەدا بکەن، بۆ ئەوەى تەواوى لایەنە خراپەکانى وەرزشمان بۆ
دەرکەوێت، چونکە ئێمە تا ئەم لەحزەیە وەرزش وەکو باشترین بوار
دەناسێنین لە کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا زۆر لایەنى گرنگمان فەرامۆشکردووە
کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەمانەوە هەیە، ڕەنگە
کەسانێک هەبن بڵێن خۆ ئێستاکە وەرزش دیاردەیەکى باوى جیهانییە و
نیشانەى پێشکەوتن و ناساندنى کۆمەڵگەکانە بە یەکترییەوە، بەڵام پێویستە
ئێمە ئەو راستییە باش بزانین کە مەرج نییە هەر دیاردەیەک کە بووە
جیهانى، ئەوا دیاردەیەکى باش بێت، ڕەنگە بۆ وڵاتانى پێشکەوتووى دونیا
تارادەیەک شتێکى ئاسایی بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگەیەکى وەکو
کوردستاندا کە یەک دونیا کەموکوڕى جۆراو جۆرمان هەیە، رەنگە شتێکى
ئاسایی نەبێت خۆمان گیرۆدەى وەرزش بکەین و تەواوى لایەنەکانى ترى
ژیانمان فەرامۆشبکەین.
هەر وەکو هەموومان دەزانین ماوەیەک لەمەو پێش، یانەى وەرزشى هەولێر، لە
نێو یاریگەى شەهید فەرەنسۆ هەریرى، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى
کوردستاندا، بەرانبەر بە یانەى کوێتى کوێت بە گۆڵێکى بێ بەرانبەر دۆڕا
و نەیتوانى سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لە یاریەکەدا.
یارى تۆپى پێ بردنەوە و دۆڕاندنى تێدایە، دەبێت وەکو حاڵەتێکى ئاسایی
سەیرى بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر کاردانەوەیەکى تووڕەیی و رق و کینە
نیشاندان، جا چ بە قسە بێت یاخود کاردانەوەى تر بێت، دەبێتە هۆى
ناشیرینکردنى وەرزش، بەڵکو دەبێ وەرزشدۆستان هەستى یەکتر قەبووڵکردنیان
بەرانبەر یەکدى تا ئەوپەڕى بە هێز بێت و بە هۆى شکستى یانەکەیانەوە
بەرانبەرەکەیان بە کەم نەزانن و پێویستە بەوپەڕى لێبووردەییەوە
پیرۆزبایی لە لایەنى براوە بکرێت.
ئەوەى کە من تیبێنیم کردووە، بە هۆى دۆڕانى یانەى وەرزشى هەولێر،
زۆرینەى خەڵکى کوردستان ئەو حاڵەتەیان پێ هەرسناکرێت و قسەى بێ
سەروبەرى دوور لە هەستى وەرزشى لە لا کۆڵان و رووپەڕى رۆژنامەکانەوە
دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک شیاوى گوتن نین و بگرە بریندارکەرن.
جەلال پەرێشان، بەرپرسى راگەیاندنى یانەى وەرزشى هەولێر، لە ژمارەى
631ى رێکەوتى 5/10/2009 ى رۆژنامەى "هەولێر" لەم بارەیەوە
دەڵێت(ئەوانەى پێیان خۆش بوو یانەى هەولێر دۆڕا، زۆڵە کوردن و نەخۆشن،
گوتوویشمە کە خوداى گەورە چاویان کوێر دەکات و قەپۆزیان دەشکێنێت،
ئەوانە وەفایەکیان بەرانبەر خاکەکە و پایتەختەکەیان نییە، ئێمە چى
دڵێکمان پێیان خۆش بێت، خودا تۆڵەى ئەو ناپاکییەیان لێ دەکاتەوە).
بێگومان لە وەرزشدا زۆر ئاساییە کە هاوڵاتیانى وڵاتێک هاندەرى یانەى
وەرزشى وڵاتەکەى خۆى نەبێت و هاندەرى یانەی وڵاتێکى تر بێت کە لە رووى
زمان و نەتەوە و ئایین و .... هەموو شتێکەوە لە یەکترییەوە جیاوازبن.
ئەمە لە وەرزشدا زۆر ئاساییە، بەلامەوە سەیرە کەسێکى وەکو جەلال
پەرێشان کە بەردەوام لە میدیاکانەوە لێدوان دەدات و جارجارەش لێرەو
لەوێ وتارى وەرزشى دەنووسێت، قسەى لەم جۆرە بکات! چونکە بەراستى ئەو
باش دەزانێت قسەى وا نابێت لە میدیاکانەوە بگوترێت، هەروەها وەکو
ئیتیکى رۆژنامەوانیش نەدەبووایە رۆژنامەى هەولێر قسەى لەم جۆرە
دابەزێنێت، لە راستیدا لەوانەیە بووبێتە هۆى بریندارکردنى هەستى دەیان
کەسى ئەم وڵاتە، لە کاتێکدا نابێت رۆژنامە یاخود کەسى لێدواندەر لە
مینبەرى میدیاوە هەستى بەرانبەرەکەى بریندار بکات، چونکە ئەمە دەرچوونە
لە ئیتیکى کارى رۆژنامەوانى و پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت.
دەبێ بپرسین جەلال پەرێشان بە چ حەقێکەوە ئەو مافەى بە خۆیداوە خەڵکى
بە ناپاک و زۆڵ ناوببات، چونکە ئەمە تا ئەو پەڕى سوکایەتیکردنە
بەرانبەر هەیبەتى ئینسان، نابێت مرۆڤ وا بە چاوێکى سووکەوە تەماشاى
بکرێت ، من چاوەڕێى ئەوە بووم کەوا خەڵکانێکى زۆر لەم قسە نا
بەرپرسیارێتیە بێنەدەنگ و داواى یاسایی خۆیان بکەن، چونکە بە هیچ
شێوەیەک نابێت مرۆڤ لەسەر شتێکى لەم شێوەیەدا بێرێزى بەرانبەر بکرێت،
مرۆڤى کورد زۆر لەوە گەورەترن لەسەر دۆڕاندنى یانەیەکى وەرزشى کە بە
هیچ شێوەیەک تەعبیر لە خەڵکى کوردستان ناکات ئەو سووکایەتییە
گەورەیەیان بەرانبەر بکرێت و بە زۆڵ سەیر بکرێن.
ئەو کاتانەى کە یانەى وەرزشى هەولێر، بووە پاڵەوانى عێراق، بەراستى
هاندەرانى ئەم یانەیە، تارادەیەکى زۆر زۆر، بوونە هۆى بێزارکردنى خەڵکى
کوردستان، تەنانەت لە هەندێ شوێن دەنگى تەقەى خۆشیش کرا، ئەمە جگە
لەوەى کە لە شارى هەولێر هاندەرانى یانەى وەرزشى هەولێر، بوونە هۆى
قەڵەباڵغی و پەشێویەکى ئەوتۆیان دروستکرد کە شێوەى نەبووە لە هیچ
شوێنێکى دونیادا، بەراستى جیاوازبوون لە تەواوى وڵاتانى دونیادا و لە
مێژووى تۆپى پێدا نموونەى لەم شێوەیە رووینەداوە!
بۆیە دەبێ جەلال پەرێشان و هەموو ئەوانەى کە وەکو ئەو بیردەکەنەوە،
بەلایانەوە ئاسایی بێت کە خەڵکانێک لە کوردستاندا حەز بکەن یانەى
وەرزشى هەولێر سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت، چونکە خەڵکانێکى وا هەن لەو
راستییە گەیشتوون کە ئەگەر بێت و چەند جارێکى تر یانەى وەرزشى هەولێر
سەرکەوتن بەدەست بهێنێت (نازانم چۆن بوو کە چەند جارێک سەرکەوتنیان
بەدەست هێنا!) ئەوا دیاردەى زۆر ناشیرینتریشمان بەچاوى خۆمان دەبینى کە
بۆنى قێزەوەنیان لێدەهات و ئەوەى کە کەمۆکەیەکیش ئاشنایەتى لەگەڵ وەرزش
هەبووبێت یاخود بە رێکەوت جار جارە سەیرى یاریەکى وەرزشى کردبێت، چیتر
کاتى خۆى بە سەیرکردنى یاریەکى وەرزشییەوە بە سەر نابات.
زۆر کەس هەن لەم وڵاتەدا خاوەنى شەهید و قوربانیدان و پێشمەرگەن،
هەروەها نووسەر و هونەرمەند و دەیان چین و توێژى ترى دڵسۆزى کورد هەن
کە تۆزقاڵێق خیانەتیان لە نیشتمانەکەیان نەکردووە و هەمیشە خەمخۆر و
خاوەن ئینتیما بوونە بۆ نیشتمانەکەمان، بەڵام بە هۆى ئارەزوو نەبوونیان
لە وەرزش و هەروەها بەهۆى ترسان لە بێزارکردنیان لەلایەن هاندەرانى
یانەکەتانەوە (نەک دڵسۆزیان بۆ عەرەب) حەزیانکردووە یانەکەتان سەرکەوتن
بەدەست نەهێنێت، تۆ بڵێى ئەمانە لە روانگەى کاک جەلال پەرێشانەوە زۆڵە
کورد و ناپاکبن؟
Shaxewan_braim@yahoo.com
|