دوو بابهت:
١-
تۆ بۆت نییە پیر ببیت!

سەلام عەبدوڵا
ئێرە
گەڕەکی(عەبدوڵڵا بەگ)ی هەژارنشینەکانەو لەسەر کۆڵانە تەسکەکانییەوە،
کەلاوەو دەرگا و پەنجەرە شڕەکان دەبینرێن: ئێرە ماڵی خاڵو فازڵە، ئەوێ
ماڵی حەسەن بەنایە، ئەوە ماڵی رەفاو ماسیگرە، ئەمەش ماڵی شەکەوت
گوڵچینە...تا دەگاتە ماڵی جەلیل و خەلیل فەرەج و عەدنان شیرزاد و
هوشیار ئەحمەدو مامۆستا یوسف و ئەوەش پاشماوەی کەلاوە وێرانبووەکەی
مەلا محێدینە(شاعیرو نووسەری بەناوبانگمان- کەی دەیکەن بە مۆزەخانە!) و
سوسەن و ئیبراهیم دوکاندارو حەسەن حەلاق و باوکی ئیبراهیم وکەلاوەکەی
باوکم تا دەگاتە ماڵی پاشاو عینایەت و...
من لەناو لانکەی منداڵیم و لەجارانیش وێرانترە، بۆیە جۆرێک لە هەستی
نامۆیی داگیری کردم.
لەوانەیە35ساڵە لەدەرگای ئەم ماڵە نەدابێ، بۆیە بەهەستێکی نامۆ چوومە
پێشەوەو دابڕانێکم لە مێشکم درووستکرد و لەدرەگای ماڵی(خەلیل بەهرام
قادر) دا:
چوومە
ژوورەوە، قەدریە لە هەیوانی ماڵەوە رووبەڕووی دەرگاکەیان دانیشبوو و بە
دوو چاوی گەورە تەماشای کرد، بەڵام چاوی دوا تروسکەی ماوەو تەنها هەستی
بە رۆشنایی کامیرەکەی کرد. دایکێک دوو کوڕی لە جەنگەکانی حکومەتی بەعس
بێسەروشوێن کرابن، چۆن چاوی کز نابێت؟!
هێشتا ئەم دایکە جەرگسوتاوە بە چاوە کزەکانییەوە هەر لەرێی گەڕانەوەی
کوڕەکانییەو هەر ئەمەیە هۆی شوێنی دانیشتنەکەی رووندەکاتەوە، ئەوەی
لەدەرگای ماڵەکەیان بدا، هیواخوازە شرینەکانی بن کە لەوانەیە رۆژێک لە
رۆژان بگەڕێنەوەو بۆ چرکەیەکیش بێت لەباوەشیان بگرێت، ئیدی وەک دایکان
دەڵێن"ئەوجا با منیش گیانم دەربچێت"...لەوانەیە!
قەدریە ژیانی رۆژانەی بە کەڕی و نەخۆشی شەکرە هەر لەناو ماڵ بەسەردەبات
و حکومەت و حزبەکانیش نە پێی دەزانن و نە خۆیان بەخاوەنی ئەم دایکە
دەزانن کە 4منداڵی بۆ کۆمەڵگە گەورەکردووە.
((جا چی لەو هەموو دایکانە بکەین، خۆ رقسیان بۆ ناکەین...ئەوانە بارن
بەسەرمانەوە، با واقعی بین، ئێمە ناتوانین ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەین...حکومەت
فریا چی بکەوێت، ئەنفلکراوەکان؟ خێزانی شەهیدان؟ خانەنشینەکان؟ پۆلیسی
بارەگاکان؟ حزبییەکان؟ یان پێداویستی و گیرفانی خۆیان و ماستاوچی و
هەڵپەرەست و کڵاوچییەکانی دەوروبەریان؟ هەڵبەت ئاماژە بۆ کەسە بەحورمەت
و بەکەرامەت و ماندووەکانیان ناکەم)).
مام خەلیل هەموو تەمەنی وەک ئەدامی سەندیکای شوفێران لەسەر رێگای
خانەقین-بەغدا، خانەقین-دەربەندیخان و لە کۆمپانیای ولیەم پرێس بۆ
قیرتاوکردنی شەقامی جەلەولا-شارەبان ولە پرۆژەی کۆمپانیای یوگسلافی
کاریکردووە.
ئەمیش وەک هاوسەرەکەی بە نابینایی، نەخۆشی دڵ و گوێچکەی قورسەوە بەبێ
هیچ مافێک لەبن ماڵ دانیشتووەو کوڕو کچەکەی دەبێ دەرمانیان بۆ بکڕن و
خزمەتیان بکەن!
حکومەت خۆی لە ئەرکی خزمەتکردنی ئەوانەی بەشداریان لە شارستانییەتی
وەڵاتەکەمان کردووە، دەدزێتەوەو بەمەش، سزای نەوەی نوێ دەداو ناهێڵێ
چاو بکەنەوەو چێژ لە ژیان ببەن. نەوەی نوێ دەبێ پاش کارکردن(ئەگەر بەخت
یاریان بێت و کاریان هەبێت)، دەبێ خەریکی خزمەتکردنی دایکوباوکیان ببن.
خەڵکینە وەریا بن، "پیر نەبن"، دەنا حەیاتان دەچێت و رسوادەبن، لەبن
ماڵ دەکەون و تەنها لانی کەمی خواردن، ریش تاشین، سەرشۆردن و پێخەف
راخستنتان بۆ دابیندەکرێ و هیچی تر، چونکە هیچ بەلای حکومەت گرنگ نییە
تۆ کێیت و چی بە کۆمەڵگا پێشکەش کردووە، ئەوەی ناوی مرۆڤ و مافە
سەرەتاییەکانە، پشتگوێ دەخرێن و هیچ حیسابێکت بۆ ناکەن و ئیتر خۆت و
بەختت!
کۆمەڵگەی ناکۆمەڵایەتی، مرۆڤ دەهێنێتە ئاستی ئاژەڵ....تازە بەو تەمەنە
بێ هێزن و تواناتان نەماوەو بڕۆن بەخێر بێن!
مام خەلیل و دایکە قەدریە نموونەیەکن بۆ ئەو خێزانە کرێکارانە کە کاتێ
تەمەن زەفریان پێدەبات، حوکمی پەراوێزکردن و تەنهاییان بەسەر دەسەپێ و
جیهانی دەرەوەیان لێ زەوت دەکرێ، خۆیان و ناخ و یادوەرییەکانیان...بۆیە
حەق وایە ئێوە باش وریا بن و"نەهێڵن پیرببن"، یان دەبێ بۆ بنیاتنانی
کۆمەڵگەیەکی دادوەرانە هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی مرۆڤ تا دوا چرکەکانی ژیانی
بەرێزو حورمەت شایستە بەهەموو خۆشگوزەرانییەک بژێَ!
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
٢-
''شەعەب'' لە جەژنەوە...!
دوێنێ پێشمەرگەیەکی شێخ عەتا گلەیی هەبوو و وتی(دنیا سەیرە، پەکمان
کەوتووە و نەداری چنگی پێهەڵچنیوین و تەنانەت هاوڕێیانی حزبی شیوعیش
سەردانمان ناکەن). ئەمە قسەی پیرەمێردێکە بەناوی(سابر ئەحمەد محەمەد).
ئەم قسەیە بۆ من وەک بانگەوازێکە بۆ خۆپیشاندان و بەرگری، بۆیە ئیمڕۆ
رێگایەکی خۆڵین و پڕ چاڵم گرتە بەرەو ماڵیان لە(سایلۆ)کە. کاتێ گەیشتمە
یەکەم خانوو، پرسیارم لە خاوەن ماڵەکە کرد: ماڵی مام تەحسین لەکوێیە؟
- ئەوە ماڵەکەیانە. پیاوەکە لە دەموچاوم وردبووەوەو وەرقەو کامیراکەی
دەستمی بینی و وتی: کاکە بڕوا بکە لە جەژنەوە بێکارم و منیش وەزعم
خراپە. پێشتر لە دەروازەی مەنزەریە حەماڵیم دەکرد!
- برا ناوتان چییە؟
-
تەحسین خەسرەو هەردە، لەدایکبووی1959.
- چەند منداڵت هەیە؟
تەحسین: تەنها یەک منداڵمان هەیەو ناوی عومەرەو تەمەنی5ساڵە.
- موچەی خانەنشینی یان کۆمەکی کۆمەڵایەتی بۆ بێکاران وەردەگرن؟
تەحسین: نەخێر.
- ئەم دایکە چیت دەبێ؟
تەحسین: دایکمە(بەهیە ئەحمەد، لەدایکبووی1927) و هاسەرەکەم(لەیلا
کاکەمیر جوامیر)لەودیوە!
بەهیە خان یەک رستەی وت: (ئیمە ماڵمان لە جەلەوە بی)، ئیدی نازانم بۆچی
ئەم رستەیەی بەلاوە گرنگ بوو.
-ژمارەی تەلەفۆنتان هەیە؟
تەحسین، بەڵێ(07710103919). کاکە چیمان بۆ دەکەی؟
- من تەنها دەتوانم قسەو ژمارەی تەلەفۆنەکەی خۆتان بڵاوبکەمەوەو لەمە
بترازێت هیچم پێناکرێت، ئیدی بەڵکو حکومەت، حزب یان رێکخراوێک بێنە
هاناتانەوەو کارێکتان بۆ بدۆزنەوە یان موچەیەکتان بۆ تەرخان بکەن،
یان...، بەڵکو...!
تەحسین: کاکە پێش ئەوەی بڕۆی بۆ ماڵی مام سابیر، بڕۆ بۆ ئەو ماڵ...بڕۆ
بۆ لای ئەو ژنە، ئەوانیش وەزعیان خراپەو منداڵیان زۆر!
- ناوتان چییە؟
-
بەیان عەلی
- چەند منداڵتان هەیە؟
بەیان: 7منداڵ(بریڤان، دانا، ئاڤان، زەینەب، ئەڤین، عەلی، دیانە)
- باوکی منداڵەکان کاری چی دەکات؟
بەیان: کاری شوفێری تەکسی دەکات بۆ خەڵک.
- هیچ داهاتێکی ترتان هەیە؟
بەیان: نەخێر
- منداڵەکان دەچن بۆ قوتابخانە؟
بەیان: هەموویان قوتابین
- ژمارەی تەلەفۆنتان هەیە؟
بەیان: بەڵێ(07702110439)
- ماڵتان ئاوابێت...
ئەوجا
نۆری ماڵی مام سابیرە.....
هەر لەبەر دەرگای ماڵیانەوە قەرەوێلەیەک دەکەوێتە بەرچاو و بەدەنگ
هاوارەکەمەوە، پیاوێکی ردێن سپی، زۆر لاواز و باڵا بچووک لەسەر
قەروێلەکە راستبووەوەو بەدەم تەماشاکەیەوە، وتی: بەخێربێن، فەرموو
سەرجەم وێنەی ئەم پیاوەو وشوێنەکەی تەنها دوا رۆژەکانی مەرگ دەگەیەنێت
و نازانم لەبەر چ هۆیەک، دوا کاتەکانی ژیانی حاجی قازی بەبیرهێنامەوە.
چەندە لە چاو رووخساری ورددەبوومەوەو بۆ تروسکاییەکی ژیان، خۆشی، گەمە
دەگەڕام، نائومیدی دایدەگرتم و پرسیارم دەکرد: ئەم لەمن نەگبەتترە چی
بەسەر هاتووە؟
لەپڕ منداڵێک پەیدایوو و کاتێ پرسیارم کرد: منداڵی کێیە؟
سابیر: کچی منە، تەمەنی7ساڵەو لە پۆلی یەکی سەرەتاییە!
لەم ماڵە نهێنییەک هەیەو من پەیی پێنابەم، چونکە هەموو چیرۆک و
چاوەڕوانی و پێشبینییەکان، هەڵە دەرچوون...بوونی منداڵ لەو ماڵە
نەگبەتە، جۆرێکە لە نیشانەکانی ئومید...!
چەند منداڵتان هەیە؟
سابیر: 5منداڵ(گوڵباخ، کچی ماڵە، حەسەن-کەمئەندامە، حوسین قوتابی پۆلی
دووی ناوەندی، موستەفا قوتابی 2ی سەرەتاییە و زەهرا قوتابی پۆلی یەکە.
- کرێی ماڵ دەدەن؟
سابیر: مانگانە75هەزار دینار کرێ دەدەین، بەڵام بەڕاستی خەڵک ئەو بڕە
پارەیە دەدا. برا کێشەی من ئەوەیە گورچیلەی راستم خراپ بووەو گورجیلەی
چەپم پیسە و پرۆستاتم هەیەو گەدەیشم پاش کار ناکات!
- مام سابیر دەبێ باش تەشفیتت بکەن!
سابیر: هاهاهاها، بەڵام چۆن؟ کێ دەتوانێ خەرجی سەردانی پزیشک بدا.
ئیمڕۆ سەردانی دکتۆری باش، پارەوپوولی دەوێ و"ماشەڵڵا"ئێمەش ئەوەندەمان
هەیە، لێماندەڕژێ!
- هەلو؟ بەڕێزتان؟
- وەزیری تەندرووستی
- مام سابیر دومبەڵە!
مام سابیر: دومبەلەی چی؟!
- نەگبەت بێدەنگ بە، ئەوە وەزیری تەندرووستییە...فەرموو برا
وەزیر: ئێمە لە خزمەتی گەل و شۆڕشین، ئەگەر کەسێکی نەخۆش و دەستکورت
دەناسی، ناوەکەیەم بدەرێ و حەقت نەبێ، بەوپەڕی توانامانەوە چارەسەری
دەکەین.
- بەڕێز ئەمە مام(سابیر ئەحمەد محەمەد)ە لەسەر قەرەوێلەی ماڵەوە پاڵی
داوەتەوە، لەدنیا دابڕواوەو چاوەڕوانی کاک عزایلە!
وەزیر: نەکات، تا ئێمە هەین، نایەڵین عزرایل بەو ئاسانییە گیانی رۆڵە
تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان بکێشێ! هەر ئێستا ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی بۆ
دەنێرم و تۆش بڕۆ بۆ ماڵی خۆت، بەڵام تکایە ژمارەی تەلەفۆنەکەیمان
بدەرێ؟
- بەڕێز بنووسن(07702267208)
وەزیر: سوپاستان دەکەم...
ئۆخەی! پێش ئەوەی بە خۆشحاڵییەوە بکەومە رێ، بە مام سابیرم وت: "دیت"!
خۆ بەخۆت"دیت"، وەزیر شخێیا پرسیاری ئەحواڵی یەک بە یەکی گەلەکەمان
دەپرسێ و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدا...
مام سابیر و منداڵەکانی بە چاویانەوە هەزار پرسیاریان کرد، منیش
دەموچاوم بەیەکداو قورگیشم وشکبوو و بەبێ ماڵئاوایی بەجێیانم هێشت...
وا باشە بۆ لای باڵندە زەبەلاحەکە(توتی)کە بڕۆم و پێی بڵێم:"شەعەب"
بێکارو نەخۆش و بێئومیدە، بەڕێز چی بکەین باشە، بەڵکو...!
077019298732
dwaroj@yahoo.de
|