په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٤

تۆ ئەگەر ئەم هەستەت نییە، لە لیستەکەم دەرچۆ!


جەمال موحسین      


من چاوم بە راسیزم هەڵنایەت، من لەگەڵ رەگەزپەرستیی و فاشیزمدا (لە هەر رەنگێک بێ) ناحەوێمەوە، بگرە ئارامم لێ هەڵدەگرێ، من ناهێڵم (قەوم - رەگەز - نەتەوە - خاک - نیشتمان - دین و تایەفە)پەرستیی ئاسمانی مرۆڤایەتی لێڵ بکا و بارانی رەش ببارێنێ.

من لەو کاتەوەی پۆستاڵەکانی بەعسم لەسەر سەری کاکم و هاوڕێکانی بینی، لەو کاتەوەی براکەم لەسەر گۆرەوی سپی لە لایەن بەعسەوە لە زیندان توند کرا، لەو کاتەوەی (هەویە)ی باشیشم پێ بوو لە (سەیتەرە) دایاندەگرتم و سووکایەتییان پێ دەکردم، لەو کاتەوەی کە هاوڕێ خوێندکارەکانمیان لەبەردەم قوتابخانەی رۆشنبیریی سلێمانی گوللەباران کردن (چی تر بڵێم کە بەعسی رەگەزپەرست و فاشیست کردی؟)، رێک لەو کاتانەوە کە باسی سەرداری ''نەتەوەی خۆ'' دەکەن هەموو مووی گیانم گرژ دەبێ، ئێمە کە کاتێک لە دایک دەبین هیچ زمان و نەتەوە و دین و تایەفەیەکمان نییە، ئەوە خەڵکانی دیکەن وەک بەشێک لەو سیستەمەی کە سەرخانەکەی بەوە بەندە خەڵکی جیاجیا بکا بە دوژمنی یەک و بیانکا بە گژی یەکدا تاکو بەو پارچەپارچەکردنە درێژە بە نایەکسانیی و دابەشبوونی چینایەتی بدا، ئەو بانگە بە گوێماندا دەدەن کە ئێمە ''عەرەب، تورک، کورد، رووس، فارس، ئینگلیز و میللەتی دیکەین''.

هیتلەر دەیگوت: ''کەس لە رەسەنی ئاری رەسەنتر نییە'' بۆیە ملیۆنان مرۆڤی کردە قوربانی سیاسەتە نازیستە نامرۆڤانەکانی.

سەرەڕای هەر تێبینییەکم لەسەر نیلسۆن ماندێلا، بەڵام ئەو قسەیەیم زۆر پێ جوانە کە دەڵێ: ''هیچ کەسێک وا لە دایک نەبووە کە رقی لە کەسێکی دیکە بێ بە هۆی رەنگی پێستی، یان پاشخانی، یان دینیەوە، خەڵک دەبێ فێر بکرێن کە رقیان لە خەڵک بێ، ئەگەر بتوانن فێری رق ببن، دەشتوانن فێر بکرێن کە خەڵکیان خۆش بووێ لەبەرئەوەی خۆشەویستیی هەر خۆی لە سروشتەوە زیاتر دێتە دڵی مرۆڤەوە وەک لە دژەکەی - واتە رق -...''.

ناسیۆنالیزمی کورد (کە ئێستا پارتی خاوەنیەتی) خۆی لەگەڵ گەورە سەرمایەدارانی عەرەب لە حکومەتی ناوەندیی عێراق، لە قەتەر، لە ئیمارات، لە ئوردن، و کوێ و کوێ رێکدەکەوێ و دادەنیشێ و پێكی واژۆکردنی کۆنتراکتە نوێیەکان لەگەڵیاندا دەنۆشێ، بەڵام ئەو خێزانە هەژارانەی، ئەو ژن و منداڵ و پیرە بێ تاوانانەی کە لە دەست داعش و شەڕی تایەفی و قەومی مالکی و هێزە رەشە بۆرژوازیەکانی دەستیان لەم کاولگە پڕ لە کارەساتەی عێراقدا هەیە، رادەکەن، دەیانەوێ دەریان بکەن، جێیان نەکەنەوە، هێشتا رازیی نین بوونەتە قوربانی گەرما و نەخۆشیی و نەبوونیی ژیان، خەڵکی کوردستانیان لێ هان دەدەن کە دەریان بکەن و جێگایان نەکەنەوە! مەبن بە داشی ئەو شەترەنجە چەپەڵە.

ئەوەی پارتی و ناسیۆنالیزمی کورد دەیکا، بە هەمان رادەی سەردەمی بەعس مووەکانی گیانم گرژ دەکا. من ناتوانم خۆم لەبەر رەگەزپەرستیی رابگرم، نوقتە! تۆش گەر هەمان هەستی منت هەیە، فەرموو نیشانی بدە، گەر هەمان هەستی منت نییە و بگرە پێچەوانەکەیت هەیە، گەر لایکی پەیجی سایت و پەیجە فاشیستەکان دەکەی، گەر ئاسانە بە لاتەوە سایتێک، هەواڵێک وتارێک دابگری کە برەو بە مرۆڤکوشتن لە ژێر ناوی رەگەز و قەومی جیادا دەدا، واتە ناتەوێ دڵەکان پڕ لە خۆشەویستیی بن، واتە رق لە پۆستەکانت دەبارێ، باشتر وایە بە کلیکێک خۆشت و منیش ئاسوودە بکەی و لیستەکەی فەیسبووکم سووک بکەی، دەنا کلیکێک بۆ من ئاسانترە لە بینینی لینک و پۆست و پەیجێک کە چاوی لێڵە و گوێی کاسە لە بەرامبەر هاواری مرۆڤایەتیدا.

 

 

jamal_muhsin@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک