په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠٢٦

   تۆ ئەی (سکون).

سۆران محەمەد

هەمیشە ڕووبەرێکی لێڵ هەیە
نێوانەکان داگیر دەکا
خۆڵەمێشییە بێ بەرکەوتن،
هەرچەن ئاکام
ڕەش دائەگەڕێ لای زۆرێ،
بەڵام لای تۆ
هەردەم گەشاوە دەنوێنێ..
     *     *     *
ئەو ساتانەی
تەپوتۆزی وشکەساڵیی
لەسەر شانومل دەنیشێ
زوو شیبایەكی خۆشڕەو
دێت و دەیسڕێ.
ئاوازێ دەسەكنێ لە ناو سینە
بۆ ئاوەڵاکردنی ژان،
بە نەغمەکەی دەکەویە سەما،
وەك ئەوەی تۆفان
هەر نەبوو بێ..
     *     *     *
گەڕەکەکانت گۆڕی،
خانووچکەکانت چێ کرد
نە یەك، نە دووان، نە سێ
چەپۆکی داڕمان و سەدای بایەقوش زوو گەیشتن...
لەدەم کەلەوە ئاوا بووی
بۆ دنیایەكی دوورتر، لە بلوارێکا
لانەی خەونەکان...
لەپێش دەروازەی ژووری تەمەنا
چەرمەسەریەکان، لە پێت داكەنی
باڵەکۆن بووە، دەسترازەی سبەی.
نەك هەر ئاوڕێ
نەك چاوەڕوانی،
خەوەنووچکەیە تیای بتباتەوە..
هەر پشکوتنی چرۆی ئینجانە
هەر هێلانەیە:
پەڕەسێلکەیەك، لە بن گوێسوانە
بزەی سەرلێوی ئاسۆی هزرین بن،
ئەمانەن... مینیماڵەکانی شادی..
چ پێویست بە فەلسەفە ناکا تا شێلو بن.
چرکە هێمنەکان
دوور لە قەتارە سەرشکاوەکان
لەسەر تەنافی ڕۆژگار نیشتنەوە..
هەرگیز لای تۆ کات درەنگ نییە
مادام ڕۆژێکی نوێ بەڕێوەیە...
     *     *     *
هەرچەن کە دەڵێن
ناکەسکارەکان لەبەرزاییەوە هەردەم دەڕوانن،
بۆرسەش ناسەکنێ ڕوو لە ئارامیی،
تۆ بەو ئاقارە ڕاگوزەر ناکەی
کە شادی تیایدا هەردەم سواڵ دەکا
گەر پشیلەکان بۆت بمیاوێنن
نمە بارانێ عەتری خاکت بێ..
     *     *     *
شوێنەکان! ئەی خاوەن هەست و نهێنی
گەر زۆر زبرو دڵڕەقیش بن
هەر دووراو دوورە سڵاوێ
ماتەڵیی گەڕانەوە نیت..
تۆ!
ئەی سوکنایی پێم بڵێ
ئەو کاتەی تووڕەیی شاڵاو دێنێ
چۆن لەبەر شوراکانی ئاستانەتا
چۆك دادەدا؟
تۆ ئەی بلوریی ڕەنگ
چلۆن چڵك
لەسەر ڕووخساری ڕایەخت دەنیشێ؟..
کە ئەوان هاوشێوەی نغرۆ
پەنا بۆ دواچڵی ڕۆخ دەبەن
دەزانن تاپڕەکان بکوژن
تۆ
لە ناو باخچەی هێوری و متمانەدا
بە ویقارەوە لە حزوریا
دیدەت گوڵێکی گەش دەگرێ
ئاوهاش ڕاســــپاردەکە،
ڕادەست دەکەیەوەو
دەنـووی..

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک