تۆ هەژاریت..
بەڵام بەهێزبە و ئیرادەت هەبێت!

حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
ناخۆشترین و دژوارترین شێواز لە ژیاندا، ژینی هەژارییە، هۆکاری هەرە
مەزنی دەرد و مەینەتییەکانی کۆمەڵگاش، هەژارییە، بۆیە لە خۆڕا نییە کە
( سوقرات )مەزنە فەیلەسوف وتوویەتی: باوکی جەهالەت و نەزانی تاوانی
هەژارییە، هەروەها ئیمامی عەلی لەمبارەیەوە وتوویەتی: ئەگەر هەژاری
مرۆڤێک بوایە دەمکوشت...!
بەڵگە نەویستە کە هەژاری لە گەڵ خۆیدا نەخوێندەواری و نەخوشی و
ناتەندروستی و پیسی ژینگە و پەتا زۆرەکانیش راپێچدەکات. هەژاری دیاردەی
بێبەرنامەیی و بێسەرەوبەرەییش لە گەڵ خۆیدا دێنێ. هەر بۆ وێنە: پیاوی
هەژار کە ژن دێنێ، ئیدی دەڵێی سوێندی بە تەڵاقى خواردوە، یەک دەرزەن
یان نیو دەرزەن منداڵ دەخاتەوە و پشتی بە خواوەند بەستووە بۆ
بەخێوکردنیان، بۆیە دوای تەمەنێکی کورتی منداڵی، فڕێی دەداتە سەر
شەقامەکان و بژیوی پێپەیدا دەکات، زۆر خراپ پەروەردەیان دەکات، ناتوانێ
لە خوێندن بەردەوامیان بکات، بێناز و چاوبرسی و دڵ مردوو گەورەیان
دەکات، لێوانلێویان دەکات لە توندوتیژی و لە ترس و لە هەڕەشە و تۆقاندن.
لە جیاتی باخچەی منداڵان هەموو رۆژێک سەدجار جەهەندەمیان نیشان دەدات.
ژیانیان لێدەکات بە رووە ناشیرینەکەی فەرشی ژیان. خەونیان لێدەبێت بە
کابوس. خواردنیان لێدەبێت بە ژەهر و بە ژەقنەبووت!
ئەو نەوەیەی لە هەژاریدا چاو بۆ ژیان دەکاتەوە، دەزانێت برسێتی چییە ؟!
تامی بێنازی و لێدان و چاوسوورکردنەوەی چەشتووە، هەموو بەیت و
بالۆرەکانی کرێچێتی و کاری قورسی رۆژانە و کەمی موچە و زۆری خەرجی و
زۆری منداڵ خستنەوە و کەمی بەهای مرۆڤ و کەمی خۆشی و چێژی ژیانی
چەشتووە. بێکاری و نەخۆشی و بێکارەبایی و بێئاوی و بێ سووتەمەنی و
گرانیی بازاڕ و دابین نەکردنی پێداویستیەکانی رۆژگاری بینیوە. ..... !
مرۆڤی هەژار : لە هەموو چینە دەوڵەمەندەکان و بەرپرسەکان زیاتر هەست بە
ئازارەکانی ژیان دەکات، تاڵی و دژواری رۆژگاری سەختی چەشتووە. خەباتی
کردووە و بنەماڵەکەی شەهیدی لێ هەڵدەقوڵێت. لە دەوڵەمەند و بەرپرسەکان
زیاتر زێد و وڵاتەکەی خۆش دەوێت. کاردەکات و بنیات دەنێت، قوربانیی
دەبەخشێ و خێریش دەکات. پیاوی هەژار بیری لای پیاوەتی و چاکەخوازی و
هاریکارییە و سەد ئەوەندەی دەوڵەمەندەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات و
بێبەرییە لە ماف، نادادوەریی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و ناهەقی و دەرهەق
دەکرێت. بۆیە هەست دەکات بە زیندوویی زیندە بەچاڵیدەکەن!
مرۆڤی هەژار هیوای بە ژیان هەیە و خەونی مەزنی هەیە، بۆیە لە پاڵ ئەو
هەموو خەسڵەتە دژوارانەشدا، چەندان سیفەتی مەزنی تێدایە کە لە
زەنگینەکاندا بەدیناکرێت . کەسی هەژار خاوەنی هێز و بازووی خۆیەتی و
پشت بە کارکردن و بژێوپەیداکردن دەبەستێ. ئیرادەی بەرز و بەهێزە،
عیززەتی نەفسی زۆر بڵندە و کاری نامەردانەی قەبوڵ نییە، چاوچنۆک و رژد
و زاڵم و چەوسێنەر نییە، مرۆڤدۆستە و سنگی فراوانە، چونکە ئازاری
چەشتوە، ئاگای لە نەخۆش و دەردەدارە، چونکە برسێتی بینیوە، هاریکاریی
برسی و تینوو دەکات. بڕوای بە درۆ و بە گزی و دزیکردن نییە بۆ
پەیداکردنی پارووەنانی خۆی، بەدڕەوشتی و کوشتن و ماڵوێرانکردن ناکاتە
ئامرازێک بۆ گەیشتنی ئە ئامانجەکانی. مرۆڤی هەژار نەترس و بەهێزە و لە
نێو ئەوپەڕی نووتەکی و تاریکیدا مۆمی ژیانی دادەگیرسێنێ و رێگای خۆی و
ئەوانی دیکەش روناکدەکاتەوە، روناکیش خۆشەویستی و عەشق پەرشوبڵاو
دەکاتەوە...!!
hemea.rasoel961@yahoo.com
|