په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ده‌قی شانۆ:

تۆ کوڕى کامیانـى، جەلـلاد یان قوربانى.


ئەوە فەسادبوونى ئەقڵە ، ژیانى کردۆتە گۆڕستان.


پێشـڕەو حـەمـید


نامەوێ وەک تۆ لەنێو پێچى پشتوێنى یپاوە گرگنەکانى دیوەخانەکەتا نداوون بم ،گونهاى من نییە بچوک نابمەوە ، ئەوە بچوکى تۆیە خواردنەوەى پەرداخێک ئاوى مل شۆِرى بەشۆڕشکردن دەزانى ، ترسنۆکترین و گێل ترین و نــاپیاوترین پیاوى نێو مەمەلەکەتە ڕوخاوەکەتى ، ناشرینترین بونەوەرى نێو ناخى خۆتى ، ئەوەندە خۆتت سوکو تڕۆ کرد بۆ تەنها چەند دینارێک ئێستا سەرى زلت ئەوەندە بڵند وەستاوە هەرچى بکەى ناگاتە بن پێڵاوى بۆدى گاردى بەرپرسەکەت .
کەسى یەکەم : کەسێکى سەیرى ، زمانت وا دەڵێت ، بالێت بپرسم ( تۆ ) لەکام شوێنى خەونەکانى خۆت دایت ؟
تۆ کوڕى کامیانى ؟ بەرلەوەى وەڵامێکت هەبێت ، ڕێگەم بدە بونت بخوێنمەوە ( تۆ ) دەمێکە گومان لە خەونەکانى دەرەوەى خەونەکانى خۆت دەکەى .. ڕێگەم بدە بالەوە زیاتر ڕێگەت نەدەم لەسەر ئیهانەکردنم بەردەوام بیت ؟!
( کەسى دوهەم دەیەوەێت قسەکانى پێببڕێت و کەسى یەکەم بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکردن )
بهێڵە با ( تۆ ) وەک ئەو ( تۆ ) یەکى خاوەن شوناسى خۆت بتخوێنمەوە .... ئەوەى تۆ دەیکەى بانگەشە مەرگە بۆ هەردوکمان .
کەسى دوهەم : کام بانگەشەى مەرگ ؟ ئەوە ( تۆ ) چى بونەوەرێکى خەسیویت لە نێو مێشکى خۆتدا ؟
دیارە لەو کاتەوە خەسیویت کە ئیرادەى خۆتت دایە دەست مانایەکى هیچەوە ، ئەم خۆ سڕینەوەت لە کێوە سەرچاوە دەگرێ ؟ تۆ ...
( کەسیى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى یەکەم : تۆ کابرا ، لەژێر سێبەرى باڵاى کام ( مژدە ) دا وون بویت ؟ بۆ دەتەوەێ بەناوى قوربانییەوە لە خۆێنى من دەست نوێژێک هەڵبگرى ؟ لەوەزیار وون مەبە و بەناوى ( غەزاى ) عەقڵەوە لە کۆڵانە تاریکەکانى ناختا مەحشەرێک مەخولقێنە و من مەخەرە بەرەى ئەهلى کوفرەوە .
کەسى دوهەم : گێلى ...زۆریش گێلى
کەسى یەکەم : داڕوخاوترین مەخلوقى سەردەمەکەى خۆتى
کەسى دوهەم : لەنێو حیکمەتى هێماکاندا وەرەدەرەوە ، چاوەڕوان مەبە لێت بپرسن چى دەکەى ؟ هەمیشە بەخۆت بڵێ ، لەگەڵ کێدابم باشترە !
بەدمەستێکى وەک تۆ نەبێ هەموکەس دەزانێت ( نــان ) لەتاریکدا چنگ ناکەوىًَ ئەگەر مۆمێکت بۆهەڵ نەکەن .
کەسیى یەکەم : نــان... ؟ تاریکى...؟ تاریکى ئەمڕۆ بە هەڵکردنى هەمو مۆمى دونیا کۆتای نایەت ...ئەم تارییکەیەى لە تاریکى ئەقڵەکانى ئێوەدا بەرهەم هاتوە ، بەگڕى دۆزەخیش ڕوناک نابێتەوە ، هەمو شتێک تامێکى خۆى لەدەست ئەدات ئەگەر سەر بۆشۆڕکردنەوەى تـێدابێت .
کەسى دوهەم : هەڵدە لەو هەمو جەنجاڵییەى نێو سەرت کەقسەى قۆڕ بۆى دروستکردویت ... ئەم قسانەت تواناى دروستکردنى دنکە شقارتەیەکیان نیە تا لە تاریکى نێو ئەعقڵت ڕزگارت بکەن ، بەکەڵکى چی دێت قسەى سواو ؟ بزانە لەم بێدەنگیەدا چى دەکەى ؟ ئێرە خۆشترە یان ماڵى شەهوەت ؟
کەسى یەکەم : تۆهێشتا نازنى بڵێیت : ( بۆچى تۆ لەمن ناچیت ) بەڵکو وافێرکراویت بڵێیت : ( نابێت لەمن نەچیت ، نابێت نەبى بە من ) .
بۆدەبێ من خۆم نەبم ؟ بۆدەبێت ئێمە خۆمان نەبیت ؟ بۆزمانى غەزەب بەسەرماندا ئەبارێنن و پێمان دەڵێن : ( نابێت وەک ئێمە نەبن ؟ ) .
مردنى کەسێک ، ئیهانەکردن و سوککردنى کۆمەڵگایەک ئەعقڵى ڕزیووت ڕاناچەڵەکێنێت ..ئیدى چ بکەم لەچێژى ئەو ماڵەى پڕبێت لەشەهوەت ؟ ئەوە بێ ویژدانیە وێنە کاڵەکانى ژیان بەڕەنگى ئەو ( مۆم ) انە تۆخ بکرێتەوە کە بەگـڕى شەهوەت پێکرابن ، تەنها ووشە شک ئەبەم ، ئەگەر ئەوم نەبێت ، وەک تۆ دەبمە چەرمێکى ئاوساو لەخەونى پیس .
کەسى دەوهەم : ئەوەندەڕقت لەخۆت نەبێت باشترە ، بۆ واهەست دەکەى هەمیشە کەسێک هەیە بەدواتەوە هاوارت لێدەکات ؟ ئەوە هـاژە هـاژى ناخى ڕقاویتە ئارامى لێبڕیوت ... ئارامى تەنها لاى منە ( بەگاڵتەپێکردنەوە ) منیش لە باوەشى ئەواندا پێى ئاشنابوم ، تەنها لە باوەشى گەورەیى ئەواندا دەتوانى ناشرینى ئەو بچوکییەت بشاریتەوە ، دوو دڵ مەبە تەنها هەنگاوێک بەسە بۆ خۆ گەورەکردنت ، ئیدى بەم هاش و هۆشەى ناخت بێ دەنگیى ئێرە مەشێوێنە !.
کەسى یەکەم : بەزمانێکى لێوان لێو لە درۆ و گۆمڕاى ئێرە پڕمەکە لەبێَدەنگى ، دەبێ هەمیشە مەمنونى ئەوسیحرەبیت هەڵى لوشیت بۆ باوەشى جەنڕاڵە شەهوانیەکانت ، دەبێ مەمنون بى لەو هەمو خەونە گەورانەتەوە پڕیانکردیت لە بچوکى،
ئاى ئەوە چ هەستێکە نیگات لەئاست ڕاستیدا پڕدەکات لە خوێ ؟
( کەسى دوهەم دەیەوەێت قسەبکات کەسى یەکەم ڕێگەى نادات )
هەردەم دەکەیتەوە بۆنى گوشتێکى سوتاو دەکەم ، بیابانێک لەخوێ کرمەکانى ناخت نـاڕزێنێت ... ئەوەچى ئامێزێکى گەرمە ناهێلێت جەستەت ڕەق بێتەوە لەشەرمەزاریدا ؟
کەسى دوهەم : تۆ ...
( کەسى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى یەکەم : هەرکە بانگم دەکەى جێ ژوانى ماچەکانم بێهێنەمە نێو هەناسەى شەهوانیتانەوە ، چاقەکانم گۆج دەبن ، زمانم دەسوتێ ، گوێکانم کوێردەبنەوە ... ئیدى بەسە دەم مەکەرەوە با لە وەزیاتر نەسوتێم ..ئیدى ..
( کەسى دوهەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى دوهەم : پەرداخێک ئـاو ناخۆیتەوە ، ئاوى ســارد ؟
بێدەنگى
کەسى یەکەم :هیچ گەلە گورگێک لە دەرەوە کەڵپەى بۆمل شکاندنت ئا مادەنەکردوە ، بۆچى لەتەنیشت گەورە شوانەکەتدا ، شەڕ بەسەوزایى سروشت دەفرۆشى ؟خۆزگە بەوەت دەزانى چى گورگێکى ناشرینى .
کەسى دوهەم : ( پێدەکەنێت ) لەدەلاقەى کام خۆزگەتەوە بێمە ژورەوە ، تاپێت بڵێم ئەو ئارامییەى واهەست دەکەى لەسەرى پڕلە هیچەتداکۆتکردو وەتەوە ، پڕە لە هەناسەى سارد ؟ لەکام لاوە ، بەر بە هەناسەى ژەهراویت بگرم تائەم بێدەنگیە نەشێوێنى کە نەوە بە نەوەى ( شۆڕش ) لە تـابوتى مەرگدا ، زیندویانکردو وەتەوە ؟
چیتە .. پێشەنگى ئەوەندە چێژ بەخشە واجاڕاى شۆڕش کردن بۆ ئەدەى ؟ ئەگەر تینوتە با پەرداخێک ئاوت بۆبێنم .. ئاوى حــەیــات ؟! .
کەسى یەکەم : بە بچوکى خۆت گەورەیم لەکەدار مەکە ، ئەو ئاوەى دەتەوەى دەرخواردى منى بدەى خۆت نۆشیبکە ، تا پاروى سەرشۆرى نەیخنکاندویت .
من نامەوێ وەک تۆ لەنێو پێچى پشتوێنى یپاوە گرگنەکانى دیوەخانەکەتاندا وون بم ...گونهاى من نییە بچوک نابمەوە ... ئەوە بچوکى تۆیە خواردنەوەى پەرداخێک ئاوى مل شۆِرى بەشۆڕشکردن دەزانى .
کەسى دوهەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەسە بۆڵە بۆڵ ، بەسە خۆگێل کردن !
کەسى یەکەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەس نیە خۆ فرۆشتن ؟ بەس نیە خۆڵ لە چاوکردن ؟
( بێدەنگیەکى کورت )
کەسى دوهەم : لە خوا بپاڕێرەوە با لاڵت نەکات ، شۆڕش پڕە لە حیکمەت ، پڕ لە ئیمان ...
قوربانى ئازادى بم وافیرى کردویت هەمو جۆرەکانى ڕشانەوە تاقى بکەیتەوە ... هەى گرگن ... ئەقڵ پوچ ... شۆڕش هەرچى هەناسەى دزراو بوو گەڕاندییەوە ، هەرچى چەقۆى لەبرین بەجێماودابوو کردیى بە گوللەو ناچەوانى دوژمونەکەتى پێ داخ کرد ، ئێستا بۆشۆڕش بە دۆزەخ ، گەرم کردن دەزانى ؟
کەسى یەکەم : کام شۆڕش ؟
کەسى دوهەم : ئەوەى تۆ بەهى خۆتى نازانى !!
کەسى یەکەم : وتم کام شۆڕش ؟
کەسى دوهەم : ئەوەى فێرى کردى پرسیارو گومان کردن چیە ... ئەوەى فێرى ..
( کەسى یەکەم قسەکانى پێێ دەبرێت )
کەسى یەکەم : ئەو شۆڕشەى فێرى درۆى کردى ، ، یان ئەوەى کردیتى بە کەسێکى قورمیشکراو ؟ ها ؟ دەى زیاتر بڵێ لەبارەى شۆڕشەوە ، دەى بابزانم تاچەند لەبارەى شۆڕشەوە دەزانى ؟
کەسى دوهەم : زۆرلە وەزیاتر دەزانم کە تۆهەستى پێناکەى ، بەڵام واهەست دەکەم تۆکەسێکى لەو کەسانەى کەهیچ کەسێکتان قوربانى بۆشۆڕش نەداوە ، هەربۆیە هەمیشە بەوشێوەیە قسەى .....
( کەسى یەکەم ڕێگەى نادات تەواى بکات )
وایە ...وایە ...شۆڕش ... شۆڕشى شۆڕەسواران ... ( بەتوڕەبونەوە ) ئەوە تۆدەڵیى چى ؟ ها ؟ کەس هەیە قوربانى نەدابێت ؟ شۆڕش ... باسى کام شۆڕش دەکەى ؟ بەس پێم بڵێ کام شۆڕشیان ؟ ئەوشۆڕشەى فێرى لەزەتى تەور وەشاندنى کردین ؟ یان ئەو شۆڕەى فێرى سەرپان کردنەوەى کردین ؟ یان ئەوشۆڕشەى ....
کەسى دوهەم : ئەو شۆڕشەى هەرچى گوڵى نیشتمان بو لە پێناویدا ژاکاو ئێستا درک و داڵى وەک تۆ شەق لەبەرهەمەکەى هەڵئەدات ، ئەى گێل ... مل هوڕانە ژەهرى نـائـاگـاى بـڵاو مەکەرەوە ، زۆرلە وەسوکترى بتوانى بێ مـانــایى بە مانا باڵاکانى شۆڕش بدەى ، واهەست نەکەى هەرچى ئەفسانەکانى شۆڕشە درۆینەیە ، هەرچى جەنگاوەرەکانەیەتى جەلــلادە.
( بێدەنگیەکى کورت و کەسى یەکەم بێدەنگە و کەسى دوهەم توڕە دەردەکەوێت )
کەسى یەکەم : بڕواناکەم شۆڕش ئەفسانەى هەبێت !
نوکتەیەکى خۆشە ( بەتوڕەبونەوە ) وابزانى هەمو جەنگاوەرەکانى شۆڕش فریشتەن !! تۆ کە بڕوات بە راِستیەکانى شۆڕش نیە ، بۆلێ ناگەڕێیت قوربانیەکانى شۆڕش بە دواى خۆیاندا بگەڕێن ؟
کەسى دوهەم : هێشتا لە ڕەهەندەکانى شۆڕش بێ ئاگاى ، ئەگەرنا ...
( کەسى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت و توڕەدەبێت )
کەسى یەکەم : شۆڕش بەدواى شۆڕشدا هەڵدەگیراسا و سەرى دەپەڕاند ... سەرى جەلــلاد .. سەرى دوژمن ...سەرى منداڵ ... سەرى قوربانى ... سەرى ... ( تەواى ناکات و بارى دەروەنى تێک دەچێت ) هێشتا بۆنى خوێن دێت ، هێشتا ئەم خاکە بۆنى باروتى لێنەبڕاوە ( بۆکەسى دوهەم قسەدەکات ) شۆڕش لە دژى شۆڕش لە تەپۆڵکە وشکەکاندا تەڕ تەڕدەکرانەوە ، ئـــاخر شۆڕش نابێت جەنگاوەرى لێببڕێت ؟! ئەوە حیکمەتێکە تەنها شۆِرشگیڕەکان دەیزانن ، هەموو شۆڕشێک هەروایە ، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت، ئیدى دیارە ئەوە حیکمەتى شۆڕشەو من نازانم بۆچى دەبێت وەهابێت .
بەڵام ئەوەى هەرگیز لەیادم ناچێت ، جەنگاوەرەکان ... فریشتەکانى شۆڕش !! کۆڵە پشتەکانیان پڕکردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا ، ئاى چیى دیمەنێک بو هەرچى کۆڵانەکانى شاربو جمەى دەهات لە کاسبکارو قوتابیى و فەرمانبەرو مامۆستاو هونەرمەند .... هەر وەک سواڵکەر لە دەرگاى ماڵەکانیان ئەداو داواى نانیان دەکرد بۆ جەنگاوەرە برسیى و ماندوەکانى شۆڕش ؟! تەنها چەند هەفتەیک بو دواشۆڕشى تەپۆڵکە وشکەکان دەستى پێکردبو ، هەرچەند هەفتەیک بوو ،
منداڵە بۆیاخچیەکانى شار چونە بەردەم بارەگاى شۆڕشگێرەکان وبەدەم نزاو هاوارکردنەوە دەیان وت " شەڕەکانتان ، پێڵاوى لاستـیکـى کردە پێى هەموومان ، ئیدى ئێمە چـى بۆیاخ بکەین " ؟
ئــــاخ ، ئەگەر قەوانە فیشەک بۆیاخ دەکرا بەڕۆژێک هەمویان دەبونە ( فیرعـەون ) .
کەسى دوهەم : کابراى پاقلە فرۆشیش دەیووت " شەڕهاتووەتە سەر عەرەبانەکەى منیش ، ئەوەتا هەر ئەمڕۆ چوار پێنج موشتەرى چەورى قەڵەوەى لێدزیم " ... هەمو جدلـلادەکانى دونیا لەپێش هەمویانەوە ( جەللادى کورد ) بەخۆیان و خەونو حیکمەتەکانیانەوە بۆ دوزەخ .
بێدەنگى
کەسى یەکەم : درەنگ بویتەوە بەخۆت ... گومانهم هەیە هێشتا بزانى حەقیقەت لەچیدایە ؟!
کەسى دوهەم : بۆ پێت وایە حەقیقەت تەنها لاى تۆیە ؟ هێشتا بەئاوازەکۆنەکە مەست دەبیت ، بە موسیقایەکى ناساز دەکەویتە سەماکردن .... سەمایەک بۆخۆ لادانت لە ڕوو بە ڕووبونەوە ، سەمایەکیش بۆ گێلێتى خۆت !!
برادەر حەقیقەتى جوانى هەیە ئەشێوێنرێ .. حەقیقەتى فیکر هەیە ئەسوتێنرێ .. حەقیقەتێک بە ناوى ئینسان هەیە ئەى کەى بە پەند ؟! ( لەسەرخۆ بەرەو توڕەبون دەچێت ) ئیدى بەناوى خەونى کرچوکاڵتەوە خەون لە کەس حەرام مەکە.
ئاخر تۆچیت ، تا هەمو کوڕەکانى شۆڕش بە جەلــلاد بزانى ؟ هەرچى بڵێت یان نــا ، ناتوانى بڕوام پێبهێنى کە ( تۆ ) ،
( من ) نیت ! تــۆ هەر بە مـــن دەچیت ، تەنها ئەو کاتانە نەبێت کە بە ناوى حەقیقەتەوە درۆ کۆدەکەیتەوە .
[کەسى سێهەم و چوارم و پێنجەم دێنەسەر شانۆ ، کۆمەڵێک کەرەستەیان پێیە کە وەک ( موفرەدە ) بەکارى دەهێن لە شانۆکەدا و سەرقاڵى ڕێکخستن و ئامادەکردنى سەرتەختەى شانۆ کە دەبن بۆنمایشێکى شانۆى ، کەسى سێهەم دەرهێنەرى نمایشى ناو نمایشى شانۆکەیە ]
کەسى سێهەم : ( بۆ کارەکتەرى یەکەم و دوهەم ) واى ئێوە چەند گوناهن !!
واى ئێمە چەند گوناهین ، ئەهلى مەملەکەتێکین ، نەجەلــلادمان جەلـلادە ... نە قوربانیمان قوربانیە ... ئەرێ بەڕاست لەنێو ماڵە گوناهەکانماندا ، کێمان جەللادە و کێمان قوربانى ؟ من ئەڵێم نـازانم ، ئێوەش کەیفى خۆتانە .
کەسى دوهەم : قسەى هیچ .
کەسى سێهەم : وتت چیى .
کەسى دوهەم : هیچ ، وابزانم زۆرمان نەماوە وانییە ؟ کات چەندە ؟
کەسى سێهەم : ( بۆکەسى چوارم و پێنجەم ) کەرەستەکان بەپێى نەخشەى نمایشکەکە دابنێن و هیچ پە لە مەکەن ... با ، بە ناوى جوانییەوە ، نـاشرینى خەونى دۆزەخیمان پێوەنەبینێت !
کەسى یەکەم : هەرگیز ئەم هۆڵـە پڕنابێت لەبینەر ، ماندوبونمان تەنها سەرئێشەیەکەو هیچى تر .
کەسى سێهەم : لەنێو هەر فەتوایەکى سوردا کەسێکى موبارەک هەیە ، کەسێک بەگۆشت و خوێنەوە ، لەبرى کتێبە ئاسمانییەکان ، مرۆڤ بەسەر دۆزەخ و بەهەشت ، نەفرەت و ڕەحمەتدا دابەش ئەکات ، لەجیاتى ( خـوا ) لیستى حەرامەکان دائەبەزێنێ ، ئەو بڕیار ئەدا کێ ئەهلى فیردەوسە و کێش ڕاپێچى دۆزەخ ئەکا ( بۆکەسى یەکەم ) توش لەخۆتەوە هیچ لیستێک دروست مەکە و بڕیارى پێش وەخت مەدە، هەرکە شانۆکەمان تەواو بو چاوبگێرە هەرکەسێک نەهاتبو غائیبى دە .
کەسى دوهەم : دەشێ بەر لە ئێستا سیماى ئەو خەڵکەم هەموى نەدیبێ کە بۆنمایشەکەدێن ، وەلێ هەرپێیام دەڵێم ، مرۆڤ هەیە بەناوى ڕاستیەوە زمانى درۆ ئەگرێ ؟!
کەسى سێهەم : تەنها بیر لەسەرکەوتنى نمایشەکە بکەنەوە و بەس .
کەسى یەکەم : ئەوە گرفتەکەیە ، گرفتێکى خراپیش ( کەسى سێهەم دەیەوێت قسەبکات و ڕێگەى پێنادات ) هەرواشە ... لەنێو مانشێتى ڕۆژنامەکاندا کەسێکى پیرۆز دەبینم ، بەناوى هەمومانەوە و لەجیاتى نیشتیمان ، بەسەر بەرى شۆڕش و خیانەتکردندا دابەشمان دەکا ، هەرئەو زاتە گەورەیە بڕیار ئەدا ئـاو و هـەوا بۆ کێ حەڵالەَو بۆکیش نییە توخنى کەوێت ، ئەى ئینسانێک لەکارەسات ... ئەى .. ( کەسى سێهەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى سێهەم : ئەمە خزمەتکردنە بە بەشەریەت ، یاخود بەشەریەت پیسکردنە ؟ ئەوەڕەفتارێکى ئەخلاقییە ، یان ئەو پەڕى بەد ڕەوشتى ؟ ئەم وڕینانەچین ؟ ( کەسى یەکەم بەخێًراى دێتەقسەکردن و قسەکانى بۆ وروژاندنى کەسى دوهەمە )
کەسى یەکەم : جەستەیەکى سورى ئینسانت لە بەردەستایە بە تۆخى لەسەرى بنوسە بژى مــرۆڤ ، چەقۆیەکى سور سور ، بەدەستەوە بگرە و لە نێو خەونى مرۆڤدا بنوسە بژى حەقیقەت . ( کەسى دوهەم خیرا وەڵامى ئەداتەوە )
کەسى دوهەم : تۆیش پارچەیەکیت لە ( تەور ) دەتەوێت خەونە جوانەکانت بنویستەوە بە دەست و خەتى جەلــلاد .
کەسى سێهەم : ئــاى لە ( چەقۆ و تەور و جەلــلاد ) دەست و خەتیان چەند ناخۆشە ، ئاى مەملەکەتى حەقیقەت بە چ ناشرینییەک ، شەریعەتى جوانى دەنوسرێتەوە ؟! دەى چاوەڕوانى چین ( بۆ کەسیى یەکەم و دوهەم ) چەقۆکانتان هەڵبگرن و یەکترى پارچەپارچەبکەن ، تابزانین پارچەى کامتان بەشى کلکە تەورێکى سورى تێدادەبێت ؟!
کەسى چوارەم : ( لەنیوان کەسیى یەکەم و دوهەمدایە ) کامتان چەقۆتان پێیە ، تا ئەو شەیتانەى پێبکوژم کە پێکەنینى بەم گەمە شێتانەتان دێت ؟ چیى بکەم لەمۆمەکان ( بۆکەسى سێهەم ) ئێستا دایگیرسێنم ، یان .. ( قسەکانى پێدەبڕدرێت )
کەسی سێهەم : نەخێًر ئێستا نا ، جارێ پارچە قوماشەکان هەڵبواسن ، ئەوە ئێوەخەریکى چین ؟ توزێ بجوڵێن ، گوێبگرە
( بۆکەسى چوارەم ) لەجیگاى قوماشە ڕەنک ( سورەکان ) ئا ... هیچ ، هەرلایبەن هەڵى مەواسن .
( کەسیى یەکەم و دوهەم بێدەنگن ، کەسى چوارەم و پێنجەم سەرقاڵى ئامادەکردنى سەرشانۆکەن ، کەسى سێهەم بە بێدەنگى و بیزارۆییەوە لە کەسى یەکەم و دوهەم دەڕوانێت )
کەسی سێهەم : کەس هەیە بە پەیژەى بە دڕەوشتیدا بگاتە باڵە خانەى ڕەوشت ؟ بۆچى مانایەکى جوان ئەبەخشە ئەو چەقۆیە کە بەناوى کڕینەوەى شەرەفەوە سەرى ئینسان دەپەڕێنێ ؟
بۆ بەچاوى حورمەتەوە دەڕواننە ئەو بێشەرەفیەى کە لە خوێنى ئینسانەکاندا بەدواى شەرفدا دەگەڕێ ؟
باتێبگەم ، تێم گەیەنن ...ئێوە نازانن چى ئارامییەک دەبەخشنە دەروونم گەر عەناعەتم پێبکەن کە ئەم شەڕەتان مانایەکى هەیە و بەدڕەوشتى نییە ؟! خۆزگە تێدەگەیشتم کە بۆچى واهەست دەکەن ئێوە خۆتانن و قورمیش نەکراون ؟
ڕێگەمەدەن خوێنى پیس بگاتە شادەمارەکانى ناختان ... بۆ دەمتان پڕە لە خوێن ؟ بەرلە هەر ئازارێک بونەوەرێکى گوناه لەناختاندایە و ئازارى ئەدەن ... بەرلەهەر دەنگێک ، نوزەیەک لەبەرائەت لەناختاندایە و ئەیخنکێنن ، ئاخر بۆ ؟ بونەوەرێکى نامۆ لە ئێوە ناچێ و لەناختاندایە بیکوژن تــاببنەوە بەخۆتان ، ئاخر چۆن دەکرێ بەدەنگێکى ناساز گۆرانییەکى خۆش بوو ترێ ؟!
( کەسى شەشەم و حەوتەم دێنەسەرشانۆ یەکى ( دەف ) ێکیان بەدەستەوەیە و دەیژەنن ، کەسى شەشەم لە کۆتاى دواقسەى کەسى سێهەمدا گۆرانییەکى شادى دەچڕێت ، لەگەڵ گۆرانییەکەدا کەسایەتیەکان بەشێوەیەکى هونەرى یەکسان لەسەر شانۆکە بڵاو دەبنەوە ، دەکرێ ماوەى گۆرانییەکە دیارى بکرێت و دوو خولەک تێنەپەڕێنێ )
کەسى پێنجەم : ( لەدواى تەواو بونى گۆرانیەکە ) دەم خۆش ، دەم خۆش ، پەنجەکانتان سەلامەتبێ ...بەرلەوەى ئێوەبێن ، خەریک بو لە نێو ئەم کەشە توڕەیەدا ، شوێنێک بۆ هێمنى بەکرێ بـــگرم !؟
کەسى چوارەم : واز لەم هەمو ڕقـــە بهێنن ، با هەمیشە وێل نەبین و ساتێک بۆ خۆشەویستن قەرزبکەین !!
کەسى یەکەم : تەنها دەمەوێت بزانم کوڕى کامیانە ، جەلــلاد یان قوربانى ؟
کەسى دوهەم : هێشتا خۆت نیت ، کەسێکى شێوێنراویت و هەستى پێناکەى ، چونکە بێ هەستى .
کەسى یەکەم : دەمەوێت هەست بە بونت بکەم ، بەڵام یۆ نایە ڵیت ، چونکە خراپ قورمیشکراوی .
کەسى سێهەم : ( تورەدەبێت ) ... بابەس بێت ، ئیدى بەسە خول خواردنەوە لەبازنەى بێ هەستیدا ، دەبێ بڕوا بهێنن کە نیشتمان لەنێو زەبرو زەنگدا نــابێتە بــەهەشت ...هەست بەوەبکەن کات بە فیڕۆدەڕوات و هێشتا ئێوە دەبەنگانە بێئاگان ، ئێمە نمایشێکمان لەپێشە ناکرێ بەم بارە خراپەى دەرونمانەوە چاوەڕوانى پێشکەشکردنێکى باشبین .
( بێدەنگیى یەکى کورت و کەسى سێهەم بە ئاماژە کەسى چوارم و پێنجەم ئاگادار دەکاتەوە کە لەسەر کارکردن بەردەوام بن ، کەسى شەشە م و حەوتەم بە دەست خشاندنیان لە کامەى دەفەکان و یاریکردن بە زنجیرەبازنەیەکانى دەفەکان جۆرێک لەمۆسیقا دروست ئەکەن بۆ ئەو دیمەن کورتە ، کەسى یەکەم لە سوچێکى شانۆکەدا دانیشتوە وڕوناکى دەکەوێتەسەرى )
کەسى یەکەم : هەرچى دەرگاى بەختەوەریە داخراوە و کلیلەکانى لە گیرفانى ( حەزرەتى فــەساد ) دایە ... هەمو کون و قوژبنەکانى ئەم مەملەکەتە هەروەک ئەندامەکانى لەشم شارەزام ، بەڵام هێشتا نازانم بۆهەرچى خەونمان هەیە دەکرێتە کەلاوە ؟
بۆچى سەرخوان هەیە پڕە لەنان و پێکەنین ... سەرخوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى ؟ ئێرە مەملەکەتێکە پرە لەو کەسانەى هێشتا نازانن کوڕى کامیانن ، جەلــلاد یان قوربانى ... ئێرەمەملەکەتى ( تەورە ، تەور ) تەورەکانیان دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن : بەهەشتى ئێمە هەڵدەبژێرى یان دۆزەخى خۆت ؟!
ئەگەردۆزەخى خۆم هەڵببژێرم ، تەور بە دەستەکان بەشێت بە مناڵانى شار دەم ناسێنن و لەبەردەم دەرگاى مزگەوتەکانیشدا وێنەکەم بڵاو دەکەنەوە لەژێرەوە بەخەتێکى تۆخ دەنوسن ( هێشتا نازانى کێ باوکێتى ) !!
ئەمە گەیشتنە بەدڵنیایى ، ئیدى کەى ئەوە دەبەنگیى و کاڵ فامییە ؟
ئەوە حەقیقەتى ئەو زاتە گەورانەیە کەنازانم لەکام ماڵى سورى شۆِرشەوە هاتون ؟! ( کەسى سێهەم لیى نزیک دەبێتەوە ) ئەوە فەساد کردنى ئەقڵە ، ژیانى هەمومانى کردو وەتە گۆڕستان ، ئەوە ... ( کەسیى سیهَەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسی سێهەم : نەخۆشنیت وا ڕەنگت بڕسکاوە ؟
کەسى یەکەم : لە هیچ ڕەنگێک ناچم تانەخۆشى تێدا بدۆزمەوە !
کەسى چوارەم : پێم نەوتن ... مرۆڤگەلێکى ئێجگار خەیاڵ پڵاوین ... هیچ شتێک نەما لەشوێنى خویدانەبێت ، تەنها پێویستمان بەکەمێک پشوو هەیە .
کەسى سێهەم : ( بۆ جێبەجێکەرى ڕوناکى شانۆیەکە ) ڕوناکییەکان بکوژێنەرەوە با نەسوتێن ( کەسى دوهەم دەیەوێت مۆمێک دابگیرسێنێت ) ڕوناکى مۆمێک تاریکى لە دونیادا ناهێلێت ( مۆمەکەى لێوەردەگرێت ) بەڵام ئەم مۆمەى تۆ سەرشانۆکە ڕوناک ناکاتەوە !؟
کەسى دوهەم : ئاخر ئەگەر ڕوناکییەکان بکوژێنرێتەوە چاومان هیچ نابینێت .
کەسى سێهەم : ئەگەر خۆمان بمانەوێت چاومان هەموشتێک دەبینێت ئەگەر لە تاریکیشدا بێت !!
( بۆجێبەجێگەرى ڕوناکى شانۆیەکە ) گڵۆپەکان بکوژێنەرەوە ، ئەمەیان ... ئەوەش ... ئەو سەرى شانۆش ... بەردەمى من ... گڵۆپە سورەکانیش ، ئۆکەى ( ok ) زۆرباشە ، بڕۆنە ژورى خۆگوڕین کات درنگە .
( تەواى کارەکتەرەکان سەرشانۆکە بە جێ دەهێلن و ڕووناکى بەشێوەى ( ڤۆلۆ ) دەکەوێتەسەر کارەکتەرى یەکەم و وردەوەردە ڕوناکییەکە کاریگەرتر دەبێت )
کەسى یەکەم : ( بۆ بینەران )
ئەى ئێوە ... نەوەى کامیانن ، جەلــلاد ، یانى قوربانى ؟
تێبینییەکى پێویست : بۆ نوسینى ئەم دەقە شانۆیە سودێکى زۆرم لە توێژینەوەیەکى براى بەڕێز کاک ( ئاراس عەبدولکریم ) وەرگرتوە ، هەروەها ئەم دەقە شانۆیە بڕیاربو بۆ ڕۆژى جیهانى شانۆ ئامادەبکرێت بەڵام لەبەر ئەوەى لەلایەن ( بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان ) ەوە بەپێدانى هۆَلى شانۆکەیان هاوکاریان نەکردین بە بیانوى ئەوەى کە هۆڵ بۆ پرۆڤەکردن نییە ، لەکاتێکدا دەربەندیخان تەنها یەک هۆڵى تێدایە ، نەمان توانى ئیش لەم بەرهەمەدا بکەین ، بەڵام سەرلەنوێ ستافى ئەم کارە بڕیاریان دا کە لەدەرەوەى هۆَلەوە لە شوێنێکى تردا بەناچارى پرۆڤەبکەن بۆ پێگەیاندنى ئەم دەقە شانۆیە ، بۆ نمایشکردنى لەشارى ( دەربەندیخان ) و ئەگەر هاوکاریمان بکرێت بۆ لەئەستۆگۆتنى خه‌رجیی پێداویستیەکانى شانۆیەکە ئەوا لە ناوچەکانى گەرمیان و سلێمانی نیشانى بینەرانى ئەدەین .


کۆتایى زستانى 2009
peshrawhameed@gmail.com