تۆمارکردنى
لاپەڕەیەک بۆ مێژوو و یادەوەرییەکى ڕۆژانى سەختى
خەبات بۆ نەوەکان و سکاڵایەک بۆ کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان.
شەڕى نێو شار و زەبرى پێشمەرگانە.

هیوا ڕەش
ئێمەى لاوى شاریى هەرگیز ڕۆژ و شەوى وا
نەدیو بە دووى یەکا سەرمان خستبووە یەک و هەوراز و نشێو ، چیاو دۆڵ و
ڕچە ڕێ و کێڵگەکانى مینمان خستبووە ژێر باڵى قۆناغی گەشتێکى نادیارى
هات و نەهاتەوە ، نسرمى سەرمایەکى گوێ تەزێن ڕوومەتەکانمانى سڕ کردبوو
، فیکە فیکى جارجارەى نێوانمان بۆ ووریا کردنەوەى یەکتر لە هەندێ
جێگادا تێکەڵ بە مرخە مرخى بەراز و لوورەى چەقەڵ و ڕێوى و دەنگى نەشازى
کونە پەپوو ئەبوو ، کت و مت گۆرانى مەرگ خۆى بە ناخ و دەروونمان ئاشنا
ئەکرد گفەى بایەکە و شنە شنى جووڵەى دار و درەخت و خوڕەى ئاوى چەم و
خشە خشى شەڕواڵەکانمان بۆ ئەو بەستەیەى قۆناغەکەمان بووبوون بە
مۆسیقایەکى مەرگهێن ، تەقەى ناکاوى کوێرانەى ئێشکچییانى مۆڵگاکانى
دوژمن کە لەترسانا بۆ حەوانەوەى دەروونى خۆیان دەستیان بە پەلەپیتکەدا
ئەنا لە ناو شیوەکانا چەند هێند دەنگى ئەدایەوە و سەدایەکى ئارامى
بەخشى بە بەرامبەرەکەمان ئەگەیاند ، و لەگەڵ ئەو بەستە و مۆسیقایەى بە
هەنگاوەکانمانەوە لوولمان دابوو تێهەڵکێش ئەبوو ، ناوناوەش لە کاتى
هەڵدانى تەڵقە تەنوورەى ڕەبایەکان دۆخەکەى ئەشڵەژا و بە تۆبزى بە زەوى
دا ڕایئەکشاندین تا لە چاوى دوژمن خۆمان بشارینەوە .
بوڵێڵە ى نەدابوو ، شار چەشنى گۆڕستان کەوتبووە ژێر باڵى ماتییەکى
بێوێنەوە ، کپ و خامۆش چرپەیەک دڕ بە بێدەنگییەکەى نادات ، هەرسێکمان
بە پاڵ یەکترەوە دانیشتین و هەر چاوێکمان کردبوو بە چوار و گشت هەست و
نەستمان لە گلێنەکانمان دا خڕ کردبووەوە ، ئەو ناوەمان تەنى دواى ئەوەى
هیچمان بەدى نەکرد و دڵنیا بووینەوە ئینجا یەک یەک بە خۆدانەواندنەوە
چووینە ئەوبەرى شەقامەکە و لە پەناى یەکەم ماڵى پەڕى شاردا دووبارە کۆ
بووینەوە ، کۆڵانە و کۆڵان بە ووریاییەوە بە دواى یەکدا بەهەمان شێوازى
هاتنە ناو شارەوە قۆناغى مەترسیدارتر لە پێشوو ترمان دەست پێ کرد ، بە
خۆدانەواندن و نەرمە ڕاکردن و فیکە و بە چەک بەدەستەوە گرتنەوە
بەردەوام بووین لە سەفەرە خوێناوییەکەمان .
کات : ئەو دێوەزمەیە بوو زۆرانى مان و نەمانى لەگەڵا ئەگرتین ، تەنها
بەگورجیى خۆمان دەروەستى ئەهاتین ، بۆیە تا ئەهات ووریاتر و توند و
تۆڵترجووڵەمان وەبەر خۆمان ئەنا ، هاوڕێ ( س ) لە هەردووکمان شارەزاتر
بوو بۆیە لێرە بە دواوە چاوساغیمان بەو سپارد ، منیش بە دووى ئەودا و
شەهید ( سیڤەر ) یش بە دواى مندا ، ئەمجارەیان جیا لە جاران چەکەکانمان
هەر بە دەستمانەوە و بەکۆمەکۆم و ووریایى زۆر زیاترەوە جادە نزیکەکانى
جێ مەبەستمان لە دواى خۆمانەوە جێئەهێشت تا گەییشتینە شوێنى دیارى کراو
، شەهید ( سیڤەر ) بۆ چاودێرى لە سەر کۆڵانەکە وەستا ، منیش دانەویمەوە
و هاوڕى ( س ) بە ئەدیداسەکەیەوە لەسەر شانم جێى بۆ پێڵاوەکانى خۆش کرد
و بە پڕتاو بە دیوارەکەدا هەڵشاخاو خۆى هەڵدایە ئەو دیوە و لە دیوى
ناوەوەى حەوشەکەوە دەرگاى لێ کردینەوە ، من هێشتا دەرگاکەم لەسەر خۆمان
دانەخستبووەوە هاوڕێ ( س ) بە ئەسپایى شوشەى جامخانەکەى دایە بەر زەبرى
ڕەقینەى پەنجە ى دەستە سەرما بردەڵەکانى .
نەیهێشت غەڵبە غەڵبى خانەخوێیە میوان درەنگ وەختەکەمان زیاد بکات خۆى
پێیان ناساند و هێمنى کردنەوە .ئەوانیش کە هاوڕێ ( س ) یان ناسییەوە بە
دڵنیاییەوە دەرگاکەیان کردەوە ، ئافرەتەکان بە لەسەرخۆیى بە نوکە
پەنجەیان ڕوومەتیان ئەڕنییەوە ، دۆست و هاوڕێ نەترسەکەشمان بێ ترس
بەدەم بەخێرهێنانى گەرمەوە بە پیجامە خەتخەتە وەکو شەڕواڵ
دووراوەکەیەوە بردمانییە ژوورێکى ڕاخراوەوە ، جگە لە مناڵەکان گەورەکان
کە هەموویان بێدار بووبوونەوە لە دەورەمان ئاڵان و هێندە بە تاسوقەوە
بە خێر هاتنیان ئەکردین شەرممان بە خۆمان ئەهات .
شەکەتى و ماندوێتى لە خەوێکى بێ ئامانەوە پێچابوومانیەوە ، چەند جارێک
هاتبووە دیار سەرمان بۆ قاوەڵتى خواردن دڵى نەهاتبوو هەڵمان سێنێ و لەو
خەوە خۆشەمان بکات ،پاش درەنگە خەوێکى چەند سەعاتى کە بە ئاگا هاتم
تەماشام کرد لاى سۆپاکەوە بە دیارمانەوە دانیشتووە ، تاقمە پیاڵە و
تەدارەکى قاوەڵتیش لەولایەوە ، هاوڕێیانم هەڵساند و قاوەڵتى دەمە و
نیوەڕۆى بەناو بەیانیمان خوارد .
دواى نان خواردن و کەمێک دەمەتەقێ و پلان دانان من لەگەڵ هاوڕێى
خانەخوێدا بە کراس و شەڕواڵێکى ئەوەوە لە ماڵ وەدەر کەوتین و بەرەو
سەنتەرى شار بە ڕێ کەوتین بە مەبەستى دەست نیشان کردنى شوێنى لە بار و
گونجاو بۆ بە ئەنجام گەیاندنى چالاکییە دیارى کراوەکەمان .
کە شەو داهات بە پێشڕەویى خانەخوێوە لە ماڵەوە دەرچووین ، لە پێشدا ئەو
دەرچووە دەرەوە و لەو شوێنەى بڕیارمان لێ دابوو چاوەڕێى ئەکردین ،
ئێمەش بە ڕێپاکى و ڕێنمایى ئافرەتەکان چووینە دەرەوە ، چەکەکانمان بە
شانەوە ئاسایى بە دەم قسە کردنەوە هاوشانى یەک بە کۆڵانەکانا پیاسە
ئاسا گەییشتینە لاى خانە خوێکەمان لەو جێگەیەى کە چاوەڕێى ئەکردین ،
لەگەڵ ئەوەى بێ کۆمە کۆم و بێ ڕاکە ڕاک و بێ چەک بەدەستەوە گرتن
ئەڕۆییشتین بەڵام ترپەى دڵ و پەشۆکاوى وترسمان زۆر زیاتربوو لە پێشوو
تر ، نیاز و مەراممان بە سزا گەیاندنى ( ڕەئیسى مونەزەمەى بەعس ) ى
شارەکە بوو بەرامبەر بە ڕەفتارى پڕتاوانى نامرۆڤانەى ڕۆژانەى دەرهەق بە
ڕۆڵەکانى گەلەکەمان ، کە بە پێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەییشتبوو
لەبەر جەردى ساڵانەى خۆیان تا درەنگانى شەو لە بارەگاکەى خۆى
ئەمێنێتەوە ، ئێمەش ئەمانویست ئەم هەلە بقۆزینەوە و دەستى خۆمانى لێ
بوەشێنین ، وێڕاى ترس و دڵە ڕاوکێمان لە ناخەوە شایى لۆغانی خەیاڵیى
سەرکەوتن هەموو شتێکى لە بیر بردبووینەوە بە تایبەتى بە لەناو بردنى
ناحەزێکى سەرسەختى دانیشتوانى شارەکە ، بە وجۆرە بە دەست لە قاییشى
تفەنگ زامن ترازاوى گیر کردووەوە ڕێمان ئەکرد و هەوڵمان ئەدا سەرنجى
ڕێبواران بە لاى خۆماندا ڕانەکێشین بۆیە خۆمان بە دوور گرتبوو لە هەڵس
و کەوتى نائاسایى و بێ منەتانە جاش ئاسا ، هەتا جارجارە تووشى
چەکدارەکانى ڕژێمیش ئەهاتین بە سڵاو لەیەک کردنەوە جێمان ئەهێشتن تا
گەییشتینە جێ مەبەست .
بەم شێوەیە ئەرکەکەمان لە گرەوە نابوو ، ووجاغێکى گۆشت برژاندن و
تانکییەکى بچکۆلانەى ئاوى زنجیر تێوە ئاڵاوى بەستراو بە دارێکەوە نێوان
سووچى دیوارى سەر کۆڵانەکەو شەقامەکەى پێکەوە گرێ دابوو و ڕێگەى
هاموشۆى شۆستەکەى بۆ ڕێبواران نەهێشتبووەوە ، دواى سووسەیەکى کەم و
دابەش بوون و دەست نیشان کردنى جێگاکانمان خانەخوێیە بوێرەکەمان بە ماچ
کردن و هیواى سەرکەوتن خواستنەوە لێمان جیا بووەوە .
لەگەڵ درەنگ داهاتندا جموجۆڵى ڕێبوارانیش کزتر و کەم تر بەدى ئەکرا ،
شەهید ( سیڤەر ) لاى چەپى گرت و منیش لاى ڕاست و لە نزیک ووجاغەکەوە ،
هاوڕێ ( س ) یش کەمێک لە پشتى منەوە دەست لەسەر پەلەپیتکە بۆ پێکانى
ئامانج دامەزراین ، ئێمە کارمان بە کەسەوە نەبوو هەتا ئەو چەکدارانەى
بە لامانیشدا یان لە میواندارى ئەهاتنەوە یان بۆ میواندارى لەگەڵ ماڵ و
منداڵیاندا بە لامانەوە گوزەریان ئەکرد ، لەوە بترازێ هەتا بۆمان
بکرایە لە شەوقى لایتى سەیارە خۆمان ئەشاردەوە و لەگەڵ دیوارەکاندا
ئەبووین بە گیانێک لە دوو جەستەدا .
کات نزیک و نزیکتر ئەبووەوە و ئێمەش ئامادەباش تر ، ( 10 ) ى شەو
وادەمان بوو ، کاتى ژوانى دڵداریمان بوو لەگەڵ خوێن و کوشتن ، وەلێ
ناچار کرابووین لەو ژوان و جێژوانەدا ڕێژنەى ماچ بە ڕێژنەى گوللە
بگۆڕینەوە ، کات لاى دا و میوانى خەونەکەمان دیار نەبوو ، ئێمەش لە
چاوەڕوانیى بێهودەدا خەریک بوو ڕەشبینیمان و ڕەشى شەو زیاتر ئاوێتەى
یەکتر ئەکرد ، هاڕەو لرمە لرمێکى ناکاو ژێر پێمانى خستە لەرزەوە ،
لایتى بە شەوقى ڕووناکى سەراپاگیر بە تیژڕۆییەکى لە ڕادەبەدەرەوە
ئاراستە بەرەو ئێمە ، وامانزانى زرێپۆشە ، هەتا لێمان تێنەپەڕى لەبەر
ئەوەى هەر ئەوەتا و ناچووینە ناو دیوارەکەوە نەمانزانى ئۆتۆمۆبیلى ئاگر
کوژێنەوەیە ، چونکە بێ ویقە ویق تەنها گڵۆپەکەى سەرى دڵنیاى کردینەوە ،
لە دواى تێپەڕ بوونى ئۆتۆمۆبیلەکە هاوڕێ ( س ) خۆى گەیاندە لام و ووتى
:
_ ( عەول ) گیان کاتەکەمان بەسەرچوو ، لەو بڕوایەدا نیم تازە پەیدا بێت
شوێنەکە جێ بێڵین و بڕۆین باشترە .
ووتم : هاوڕێ گیان پەلە مەکە جارێ کات ماویەتى تا خۆمیش ئاگادارتان
نەکەمەوە باسى ڕۆییشتن مەکەن و لە جێى خۆتان مەجوڵێن .
دەنگى ئەو ئۆتۆمۆبیلە ئەگەر لە دەنگى زرێپۆشیش نەچووبێت لە گوێى ئێمەدا
ئاوها ئەبیسترا و لە مێشکمان دا ئەزرینگایەوە ، خۆ گەر وابوایە بە دوو
کڵاشینکۆف و ژێسێیەکەوە ئەستەم بوو هیچمان پێ بکرایە لە بەرامبەرى بە
تایبەتى لە ناو شاردا وەکو ئەوە وابوو دەست بە کونە زەردەواڵەیا بکەین
چونکە زۆربەى ستارەى سەربانەکانى ئەو شوێنە لێوان لێو لە چەکدارەمان لێ
ئەکرا بەسەنگەر و ئەگەر زیانیشیان پێمان نەگەیاندایە شپرزە و سەغڵەتیان
ئەکردین ، هەموو ئەوانەمان لە حیسابى خۆماندا دانابوو بەڵام بۆ پێکانى
ئامانجی گەورە تر بە لامانەوە ئاسایى بوو ، لەو شوێنەدا هەر پێکانى
فیشەکى ڕاستەوخۆ بەهەند وەر نەئەگیرا بەڵکو هەستانەوەى فیشەک و گۆڕینى
ئاراستەکانیان لە خشانى دیوارەکانیش زۆر مەترسیى لەسەرمان هەبوو .
جارى دووەمیش هاوڕێ ( س ) هاتەوە بۆ لام و هەمان پەیامى پێم
ڕاگەیاندەوە ، ئەمجارەیان ترس و نائومێدیم زیادى کردبوو بۆیە نەرمتر و
هێمنانە تر وەڵامم دایەوە : کەمێکى تر ئەڕۆین کێ ئەڵێ ئێستا خەریکى
بەزم و ڕەزم و خواردنەوە نین ؟ ! بە هاوڕێ ( سیڤەر ) یش بڵێ بیست دەقەى
تر ئەڕۆین ، با ببێتە 11 ى ڕێک ئەڕۆین ، لەو قسانەدا بووین هاوڕێ ( س )
قۆڵمى ڕاتەکاند و دامیە لاوە و بە هێواشى ووتى : عەول خواکە ببینە
چیمان بۆ هات ؟ ! کۆمەڵێک زەلامى چەک بەدەستەوە گرتوو بەمبەر و ئەوبەرى
جادەکەوە بە ئاراستەى ئێمەوە ئەهاتن ، سێ چوارێکیان لە ناوەندى جادەکە
ڕێیان ئەکرد ، هەرچەندە کاتى دیارى کراوى گەڕانەوەى بەرپرسى مونەزەمە
زۆرى بەسەردا تێپەڕیبوو بەڵام تروسکە ئومێدێکمان هەر مابوو بە هاتنى
ئەمانە ئەویش کوژایەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارێکى بە پەلەمان دا تا
بتوانین خۆمان لە شەڕیان لا بدەین بۆ ئەوەى ڕیسەکەمان لێ نەبێتەوە بە
خورى ، ئەوەى ئەمانەوێت هەر ئەوە بە ئەنجام بگەیەنین ، بڕیارمان دا
وێڕاى ئامادەباشیى تەواومان وا خۆمان بشارینەوە نەهێڵین بە دیمان بکەن
و هەست بە بوونمان نەکرێ لەوێ دا ، ترسێکى ئەوتۆشمان لێ نەکردن لەبەر
ئەوەى :-
1 – جگە لەوەى پیادە بوون لە چەکى سووک زیاترمان لێ بەدى نەکردن .
2 – ژمارەشیان زۆر نەبوون و نزیکەى 4 ئەوەندەى ئێمە ئەبوون .
3 – شوێنى ئەوان دیار تر و ئاشکرا تر و بێ بەربەست تر بوو هى ئێمەش
پەنا تر و قایم تر بوو .
4 – شوێنەکەمان جێگەى گومانى بوونى پێشمەرگەى لێ نەئەکرا و لەو
باوەڕەدا نەبوون بۆسەى لێ دانرابێ بۆیە ئەوان بێ مەترسیى و بێ
ئامادەباش و بێ دەربەست بوون ، ئەمەش فرسەتى باشترى بۆ ئێمە ئەڕەخساند
جێدەستى زەبرمان کاریگەر بێت .
5 – سەبارەت بە ئێمەش زۆر بە باشى خۆمان ئامادە کردبوو ، فیشەک لەبەر
کار و دەست لە سەر پەلەپیتکە بەس مابووى گڕى لوولەى تفەنگیان تێ بەر
بدەین .
بەم بڕیارەوە دامەزراین ، هەتا ئەتوانین بە خۆ بەدوور گرتن لە گێچەڵیان
، هەر کەسەو بە ووریایى و ئامادەیى زیاترەوە شوێنى خۆى بگرێتەوە ، لە
حاڵەتى ئاشکرا بوونیشمان یەکەم جار هاوڕێ ( س ) وەڵامى قسە بێت یا
تەقەیان بداتەوە و سەرپشک بێت ، ئێمە لامان ڕوون بوو ئەوان چڵکاوخۆرى
دوژمنن و بەرەو لامان دێن ، ئەگەر هات و لێمان بەدەنگ هاتن ئێمەش خۆمان
وەکو ئەوان بناسێنین ، بۆ ئەوەى دڵنیا و غەمسارد و پشت ساردیان
بکەینەوە ، ئیدیعاى ئەوە بکەین کە ئێمەش وەکو ئەوان لە واجبین .
تا ئەوان لێمان نزیکتر ئەبوونەوە ئێمەش بێ جووڵە تر وەکو جەستەیەکى
مردوو هەناسەشمان بە تەواوى نەئەدا ، من بە تەنیشت ووجاغى گۆشت
برژاندنەکەوە چووبوومە ڕۆخى زیادە دەرچووى کەبابخانەکەوە و وا خۆم پێوە
چەسپ کردبوو مەپرسن ، لەوبەریشمەوە هاوڕێ ( سیڤەر ) لە سووچى دەرگاى
یەکەمین ماڵى ناو کۆڵانەکە خۆى حەشاردابوو ، هاوڕێ (س ) چەند هەنگاوێک
لە پشتى منەوە چووبووە پێچى دیوارى زیاد دەرچووى ناو کۆڵانەکەوە ،
جێگەى ئەو لە هى هەردووکمان باشتر و تۆکمە تر بوو ، دوو کەس لەوانەى
بەرەو کەندەڵانى مەرگ ئەهاتن چوار پێنج هەنگاوێک لە منەوە دوور بوون و
لە پەناى تانکییە ئاوە بچووکەکەدا خۆیان مەڵاس دا و بە دزییەوە
سەرەتاتکێى ناو کۆڵانەکەیان بوو ، چمەز درکیان بە دۆخێکى نائاسایى
کردبوو ، لەوبەر جادەکەشەوە پێ ئەچوو فەرماندەکەیان بێت ، قیت و ڕەپ
بەرامبەر کۆڵانەکە وەستاو قیڕاندى :-
کێ یە ئەوە ؟
هاوڕێ ( س ) هاتە وەڵام : خۆمانین .
بە توڕەییەوە : خۆتان کێن ؟
هاوڕڕێ ( س ) : جەماعەتى ( شێخ - - - ) ، ناوى سەرەک جاشێکى برد .
چى ئەکەن لێرە ؟
هاوڕێ ( س ) : واجبین .
لەم نیمچە دەمەقاڵەیەدا چاوم لێ بوو ویستى چەکەکەى بەرز بکاتەوە هاوڕێ
( س ) دەست پێشخەرى کرد و بوارى نەدا و مەردانە لێى هاتە دەست و
دەمودەست پێکاى و منیش لە لاى خۆمەوە ئەو دووانەى بەردەستم دایە بەر
ڕێژنەى گوللە و تانکییەکەشم کون کون کرد ، هاوڕێ ( سیڤەر ) یش بوێرانە
لە جێى خۆى دەرپەڕى و فیشەک ڕشێنى کردن و ئەو هەلەمان قۆستەوە و
چالاکییەکى لە بەرنامە دانەنراومان تۆمار کرد .
شایانى باسە ، چالاکییەکى کتوپڕ و تێکچڕژاو و زۆر تێکەڵ و چاوەڕوان
نەکراو بوو ، هەرچەندە ئامانجى سەرەکى لە دەست داین بەڵام زیانێکى
گورچک بڕ و کاریگەر و مەعنەوى بە دوژمن گەیاند و پیاو خراپانى چاوشکێن
کرد ، هێزەکەى دوژمن بە تەواوى تەفر و تونا کران و تەنها بریندارێکیان
بە زیندوێتى گەیەنرایە بەغا ئەویش لە نەخۆشخانەى ئەوێ گیانى دەرچووبوو
، لەو شەڕە تێکئاڵۆسکاوەدا لە ئاکامى بەیەکدا چوونى تەقەى زۆر لە یەک
نزیکەوە من بریندار کرام ، هەر ئەمەش کارەکەى لێ شێواندین و بە
پێویستمان زانى زوو تر خۆ دەرباز بکەین و گوێ بە دەسکەوت نەدەین ، بە
ڕێگاوە بەجامانییەکەى خۆم دەستمیان پێچا و ملى ڕێگەمان گرتە بەر تا بە
زووترین کات بگەینە دەرەوەى شار .
لە قەراغى شاریشەوە وەکو هێماى سەرکەوتن و دوعا خوازى لە خەڵک چەند
فیشەکێکى گڕدارمان بە سەر شارا تەقاند .
تێبینى :- بەرپرسێکى کۆمەڵەى پێشمەرگە
دێرینەکان لێم بە ڕقدا چووە و ناسنامەى پێشمەرگە دێرینەکانم پێ ڕەوا
نابینێ .
# شەهید ( سیڤەر ) ساڵى 1987 گەییشتە
پلەى سەرپەلیى لە لقى شوان ( شەهید بەکر تەلانى ) ى حیزبى شیوعى ،
مخابن لە ڕاپەڕینە مەزنەکەى 1991 ى گەلەکەمان لە گرتنى شارى کەرکوکدا
شەهید بوو .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|