تۆمارکردنى
لاپەڕەیەک بۆ مێژوو و یادەوەرییەکى ڕۆژانى سەختى خەبات بۆ نەوەکان.
- بیرەوەرییە سەختەکانى دواى ئەنفال -

هیوا رهش
- بەشى یەکەم -
لە مێژووى کورددا ڕۆژانێک نیە لە ئەنفال شووم تر بێت کە تێیدا بارى
سیاسى و سەربازى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و فەرهەنگى و کلتورى
و کەلەپورى و تەواوى خەسڵەتە نەتوەییەکانمان لە باشورى کوردستان لە
بەردەم هەڕەشەى نەمان دا بوو لە لایەن مێژوویى ترین دوژمنى دڕندەوە ،
نیشتمانێک سووتماک کرا ، خاکێک داگیر کرا ، گەلێک جینۆساید کرا ،
شۆڕشێک خامۆش کرا . هەوڵ درا نەک دارستان بنچکیش ، نەک کانیاو ڕوباریش
، نەک گوند لادیواریش ، نەک پێشمەرگە جاشیش ، نەک هاوڵاتى تەنانەت
ئەوەى بە ئاو و هەواى کوردستان ئەژێت بە ( مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەر و
مێش و مەگەز و دار و درەختەوە ) ەوە قڕبکرێن .
ئەم دۆخە هێزى پێشمەرگەى پەڕاگەندە کرد و کردیانى بە چەند بەشێکەوە :
1 - کەمینەیەک بوون بە جاسوس و خۆفرۆش و بە ئیعازى دوژمن دواى شەهید
کردنى هاوسەنگەرەکانیان چوونە سەر ئاخوڕى دوژمن . ئەمانە زیاتر
پێشمەرگە شیوعییەکانیان ئەکردە دیارى ڕووڕەشیى خۆیان کە ئێستا ئەستێرەى
چانسیان لە جاران درەوشاوە ترە .
2 - زۆرینەیەکى زۆر وورەیان بەرداو هاوڕێکانیان جێ هێشت و خۆیان
ڕادەستى دوژمن کرد و چارەنوسى خۆیان دایە دەست قەزا و قەدەرەوە و لە
بازاڕى دەسەڵاتى سیاسى ئەمڕۆى کوردستان دا هێشتا پلەیەک لە خوار
ئەوانەى سەرەوەدان .
3 - زۆرینەى زۆر بە دەم ڕاکردن وە یا شەڕى پاشەکشەوە ڕوویان کردە سەر
سنورەکان و لەوێش هەندێکیان خۆیان گەیاندە هەندەران و هەندێکیشیان لە
ووڵاتە دراوسێکان پاڵیان لێى دایەوە و هەندێکى تریشیان لە بارەگاکان
مانەوە و چاوەڕێى گۆڕانکارییان ئەکرد .
4 - کەمینەیەک وەکو مەفرەزەى پارتیزانى لە ناوچەکان دا مانەوە و بە
ژیانى پڕ لە مەترسى و چاوەڕوانى مەرگەوە بێوچان لە خەباتی سەختى
شۆڕشگێڕانە بەردەوام بوون .
5 - زۆرێک قارەمانانە لە شەڕى نابەرامبەر داستانیان تۆمار کرد و لە
شەڕى مان و نەمان دا تاجى سەروەرییان لە سەر ناو شەهید بوون و ئێًستا
لەگەڵ ئەوانەى شەهیدیان کردوون موچە بۆ کەس و کاریان بڕاوەتەوە .
ئێمە لە ڕیزبەندى چوار دا بووین و نەک بە لامانەوە نەنگ و داڕووخان بوو
بەڵکو بە وورەى بەرزەوە وێڕاى دەست لە ملانێى ژیانێکى مەرگ ئاسا
پەرەمان بە خەبات دا :
- مامۆستا هۆگر :- ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى حیزبى شیوعى عێراق و
بەرپرسى ڕێکخستنەکەمان لەو سەردەمەدا .
- مولازم شوان :- سکرتێرى ئێستاى پارتى کارى سەربەخۆی کوردستان .
- مولازم ڕابەر :- ئەندامى پەیوەندییە ناوەندییەکانى حیزبى شیوعى
کوردستان - عێراق .
- سەعدون عەرەب :- ئەندامى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى عێراق بە دەستى
تیرۆریستان شەهید کرا .
- ئەحمەد شاهین :- کادیرى پێشکەوتووى کۆمیتەى پارێزگاى هەولێرى حیزبى
شیوعى کوردستان - عێراق .
- سرود :- ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى حیزبى شیوعى کوردستان - عێراق .
- ئەبو ئەحلام :- ئەندامى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى عێراق .
- کاوە چاوشین :- سەرلق بوو ئێستا لە هەندەرانە .
- مولازم هەژار :- سەرلق بوو ئێستا لە هەندەرانە .
- هاوڕێ ئاشتى :- ئێستا لە هەندەرانە .
- هاوڕێ سیار :- ئێستا لە هەندەرانە .
- نووسەر :- ئەندامى پارتى چەپى کوردستان .
ئەوانەى لە خەیاڵم دا مابن ئەوەندەن و ناوى هەر هاوڕێیەکى تێکۆشەرم لە
یاد کردبێت بە شەرمەزارییەوە داواى لێبوردنى لێ ئەکەم و چاوەکانى ماچ
ئەکەم ، ئێمە دواى بەسەر بردنى ژیانێکى ناهەموار لە ناوچەکانى ( بەستى
شەرغە و دەشتى هەولێر ە بەڕانەتى و خۆشناوەتى و دۆَڵى بالیسان و
مەلەکان هیران و نازەنین و بەرەکە - - - - - ) و گشت ئەو ناوچە
داپۆشراوانە بە هێزى زەبەللاحى دوژمن کە زۆر جار بە قەدپاڵەکانەوە
خۆمان ئەشاردەوە کۆپتەرەکان لە خۆمان نزم تر و سەر پشتیان لە ئێمەوە
دیار بوون و بە دوامان دا ئەگەڕان ، ئەسپ و هێستر و کەریان ئەکوشت ڕەز
و باخ و لادیوار و کانیا و و خۆراکى جێماوى گوندنشینە
ئەنفالکراوەکانیان لە کەڵک ئەخست تا سوودیان لێ نەبینین ، تا لە
دواییدا بڕیار درا دزە بکەینە ناو شارەوە .
بە چاوساغى و کارئاسانى ڕێکخستنە نهێنییەکانى ناو شارى هەولێر کە
مامۆستا هۆگر سەرپەرشتیارى بوو بە چەک و تفاقى پێشمەرگایەتییەوە بە دوو
ئۆتۆمۆبێل لە قەراغى شار لە عەنکاوە وە گوازراینەوە بۆ شوققەیەک لە
بەرامبەر هۆڵى میدیاى شارى هەولێر ، دواى ووچانێکى چەند ڕۆژیى
کۆبوونەوەیەکمان ساز دا کە دوو ڕاى جیاوازى تێدا هاتە باس کردن ، ڕایەک
ئەوەبوو بەم کارەمان مل لە چەقۆ ئەسووین و دەربردن لە گەڵى دا ئەستەم و
دژوارە ، ڕایەکەى تریش جەختى لە برەودان بەکارى ئاییندە ئەکرد بەم
شێوازى تازەى پارتیزانییە . لە ئاکام دا سووربوون لە سەر ڕاکان کردمانى
بە دوو بەرەوە و بڕیارێکى ئارەزوومەندانەى لێ هاتە بوون _ ئەوانەى
بیانەوێ بگەڕێنەوە لاى هاوڕێیان لە بارەگاکانى سنوور بگەیەنرێنە جێى
مەبەست و دووەمیش ئەوانەى لە خۆیان ڕائەبینن بمێننەوە و بە ووریاییەکى
لە بن نەهاتوو کارەکانیان ئەنجام بدەن - بەم شێوەیە ژمارەمان بووە نیو
بە نیو .
منیش یەکێک بووم لە ئەندامانى بەرەى دووەم و لەگەڵ مانەوەدا بووم بۆ
کارى نهێنى و ڕاپەڕاندنى ئەرکێکى نوێ تر و مەترسیدار تر بۆ وەگەڕ
خستنەوەى تواناکان لە پێناو کۆکردنەوەى ڕێکخستنە لێک پچڕاوەکان کە وەکو
ئاردى ناو دڕک پەرت و بڵاوەیان پێ کرابوو ، ئەمەش جگە لەوەى بۆ کارێکى
ئاوەها هەستەوەر کەم ئەزمون بووین لە هەمان کات دا ئەرکێکى سە ختى بە
عەقڵى کەس نەچوودا بوو .
- بەشى دووەم -
هێزێکى ماندوو ، ووڕ و کاس ، شەکەت و شپڕێوى دەرباز بوو لە چنگى مەرگ ،
دواى ماوەیەک ووچان و پشوو بۆ دووبارە باڵانس کردنەوەى خۆمان دەست کرا
بە هەنگاو هاویشتن ، هێندە نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکانى ترەوە چونکە
ئەترسم جڵەوى متمانەى زاکیرەم شڵ بێت و بمخاتە نێو هەڵدێرى هەڵەوە ، لە
سەرەتا دا بە پەلکوتان لە ناو هەولێر و دەور و بەرى شار دەستمان پێ کرد
. بەڵام بەر لە گەڕانەوەى هاوڕێکانى ترمان سەردانى شار و شارۆچکە و
سلێمانى و بەغداشمان پێکەوە کرد و ئەو تێکۆشەرانە چالاکى جوامێرانەشیان
ئەنجام دا بەر لە گەڕانەوەیان .
ڕۆژێکیان شەهید سەعدون و مولازم هەژار و وا بزانم کاوە چاوشین و من
سەردانى بنەسڵاوە مان کرد بە مەبەستى دیدەنى هەندێک لەو هاوڕێیانەى لە
گوندەکان دا سەر بە حیزب بوون بۆ سۆراغ کردن و دووبارە خستنەوە گەڕیان
بۆ کاروبارى حیزب و سەر لە نوێ بنیات نانەوەى ڕێکخستنەکان ، بە ڕێکەوت
تووشى دوو لەو هاوڕێیانە هاتین کە ئێمە مەبەستمان بوون ( بەکر تەیفور و
گۆران حەسارى ) پێکەوە پیاسەیان ئەکرد ، ئێمەش بە کراس و پانتۆڵ و
ئۆتۆمۆبیلێکى جۆرى ( میتسیۆبیشى ) یەوە کە ڕامان گرت و تیاى دابەزین و
بانگى ئەو دوو هاوڕێیەمان کرد خەریک بوو ڕا بکەن ، کاتێک بە ناچارى
ئەوان و خۆشحاڵى ئێمە بەرەو ڕووە یەکدى ڕۆییشتین هێندە شڵەژان بە
ڕوخساریانەوە دیار بوو مەپرسن ! ناهەقیان نەبوو چونکە هێندە خیانەتى
جۆرا و جۆر لە پێشمەرگەى ڕووخاو بەرجەستە کرابوو هەموومان لە خانە
گومان دا بووین ، نەک بووبوونە مەترسى بۆ سەر هاوڵاتییان و
ڕێکخستنەکانى شاخ بەڵکو جەستەى هاوڕێ و هاوسەنگەر و کەللەسەریانیان بە
سەرشۆڕییەوە ئەبردەوە بۆ ڕژێم و بستێک بە سەر هیچ جۆرە خیانەتێک بازیان
نەئەدا ! بە هەرحاڵ هەتا ئەو هاوڕێیانەشمان جێ هێشت هێشتا وەزعیان
ئاسایى نەبووبووەوە .
بە تێپەڕ بوونى ڕۆژگار لە ڕێگەى کەسانى بوێرى وەکو بەکر و غازى تەیفورى
براى و خێزانە مەرد و چاونەترسەکەیانەوە هەوێنێکى باشمان لەو ناوچەیە
دروست کرد ، میمکە عەتێى شێرەژنى دایکیان یادى بەخێر شایەنى ئەوە بوو
حیزبى شیوعى پەیکەریان بۆ دروست بکردایە بەڵام باوەڕناکەم هەتا مابوو
سەرکردەیەکى حیزبى شیوعى چاویشى بە نێوچەوانى کەوتبێ ، تەنانەت لە
گلەییەکم دا لە شیوعییەکان کە پێم ووتن کاتێک غازى خزمەتى منى کردووە و
حەشارى داوم و کارى حیزبى ڕاپەڕاندووە وەکو کەسیى بۆ هیوا ڕەشى
نەکردووە و هەرچى کردبێ بۆ حیزبى شیوعى ئەنجام داوە و پێویست ناکات بە
ئاگرى خیلافاتى نێوانى هەردوو لامانەوە خەڵکانێک بسووتێنن و هەقیان بە
سەرتانەوە هەیە و ناکرێت فەرامۆش بکرێن ، بە ناچارى جێگەیەکیان بۆ غازى
لە بارەگاکەیان دا دانا کە ئێستا توانیویەتى برەو بە کارەکانى بدات - -
- - - جارێکی دیکەش مولازم هەژار و شەهید سەعدون و من لە هەولێرەوە بۆ
بەغدا ئەڕۆییشتین ، لە کەرکوکدا بە لاى ( باخچەى دایکى دوو بەهار –
حدیقە ام الربیعین ) دا تێپەر بووین ، پیرەمێردێک لە پەنا دیوارى
باخچەکەدا دانیشتبوو خۆى دابووە بەر خۆرەکە ، دیقەتم دا باوکم بوو ووتم
هاوڕێیان ئەوە باوکمە ، هاوڕێى شوفێر کە بە باشى لە یادم نەماوە
مامۆستا هۆگر بوو یان مولازم هەژار ئۆتۆمۆبیلەکەى لە شوێنى خۆى دا
چەقاند و زۆریان لێ کردم بچم بۆ لاى چونکە ئەیانزانى ساڵانێکە یەکترمان
نەبینیوە ، دواى حەوت ساڵ لێکدابڕان چووم بۆ لاى و دواى چاک و چۆنى
دانەویمەوە دەستى ماچ بکەم پرسى کوڕم تۆ کێى ، خۆشم پێى ناساند هەر
نەیناسیمەوە ؟ ! بە هەرحاڵ کە گەڕامەوە بۆ لاى هاوڕێیان ووتیان ئەوە
باوکت بۆ وا سارد بوو لە گەڵتا ؟ منیش بە پێکەنینەوە ووتم : وەڵڵا وەکو
فلیمى هندى بەس ( ئاجا ئاجا ) کەى کەم بوو تەعاروفیشم کرد دیارە منى لە
بیر نەماوە بۆیە هەر نەیناسیمەوە ! وەزعەکە هێندە نائاسایى بوو بۆیە
رَێکەوتى شتى نائاساییمان زۆر ئەکرد ، لە یەکێک لە چالاکییەکانى
پێشمەرگەکانى ناوچەى هەولێر و چوونە ناو شارەوە هاوڕێیان بەشى ناوخۆیى
زانکۆیەک کۆنترۆل ئەکەن و بە دواى پیاوى دوژمن دا ئەگەڕێن و پاشان (
رئیس اللجنە الاتحادیە ) ى بەعس ئەگرن و ئەیبەن و هەر ئەو شەوە لە شار
دەر ئەچن و بۆ سبەینێ لەگەڵ خۆرهەڵاتن دا ڕژێم بە هێزى زەمینى و
ئاسمانییەوە شوێن پێیان هەڵئەگرێت و لەو کەین و بەینەدا تاوانبار
ئەکوژرێ ، ئەحمەد شاهین و من لە بەغا لە یانەى مەیخواردنەوە کۆمەڵێک
گەنج لەولامانەوە دانیشتبوون نازانم چۆن بەسەرخۆشى گوێیان لێمان بوو کە
بە کوردى قسە ئەکەین هاتنە لامان و داوایان کرد لاى ئەوان دانیشتین و
دواى قسەو گفت و گۆ دەرکەوت یەکێکیان پوورزاى ئەو ڕەئیسى لیژنەى
ئیتیحادییە بوو کە لە لایەن هاوڕێیانى هەولێرەوە بە سزا گەیەنرا بوو ،
ناچار ئێمەش لەبەر ئەوەى کەم و زۆر ئاگادارى ڕووداوەکە بووین خۆمان
لێیان کرد بە جاش و باسى ڕاونانى پێشمەرگەکان و جنێودان و ئازایەتى و
قارەمانێتییانمان تێکەڵ کردبوو ، گەنجەکەش هەر چەند ئەیووت ئەگەر ئێستا
پوورم بزانێ لەگەڵ فورسان دا دانیشتووم نەتانبەمە ماڵەوە لێم عاجز
ئەبێت ، چونکە پوورم چاکەى ئێوەى لە ڕاونانى ئەو موخەریبانە هەرگیز لە
بیر ناچێت .
لە دوادوایى دا ماینەوە بە مامۆستا هۆگرى بەرپرس و ئەحمەد شاهین و
شەهید سەعدون و سرود و من ، کە بەرپرسیارێتى هەندێک لە ڕێکخستنەکانى
دەور و بەر و مەڵبەندى شارى هەولێر و چەند هێڵێکى ناو شارى کەرکوکم پێ
سپێردرابوو ، هەر لە هەمان کاتیش دا هاوڕێیان لە گەڵ مەفرەزەیەکى
پارتیزانى کە مام جوامێر فەرماندەیان بوو لە بنارى چیاى کۆسرەت لە
پەیوەندى بەردەوام دا بوون نازانم هۆکارى دوور خستنەوەى من لەو
هاوڕێیانە لە چییەوە سەرچاوەى گرتبوو ؟ بەڵام ناخۆشحاڵییەک هەبوو لەو
مەسەلەیەدا چونکە ئەگەر من دەستم بەو مەفرەزەیە ڕابگەییشتایە دۆخەکە بە
شێوەیەکى تر ئەگۆڕا ، لەو سەر و بەندەش دا بوو لە هاوڕێیانى ڕێکخستنى
مەڵبەندى شارى هەولێرەوە کە وا بزانم هاوڕێ ئامانج بەرپرسیان بوو
زانیارییەکى نیمچە متمانە پێ کراویان لا گەڵاڵە بووبوو لە گریمانەى
هاتن و سەردانى سەدام حوسێن بۆ هەولێر ، ئێمەش تاوتوێى ئەوەمان ئەکرد
کە نابێت لەم هاتنەى دا دەست و پێ سپى بین بۆیە بیرمان لە داڕشتنى
پلانێک ئەکردەوە بۆ چۆنێتى زەبر وەشاندن لە کەژاوەى سەدام حوسێن .
مەفرەزەیەکى قارەمانى ترمان لە گەرمیان دەستى خیانەت زەبرى کاریگەرى لێ
وەشاندبوون ، ئەبو ڤیان و ئەحمەد بازۆکا و مامۆستا ئەنوەر و حەیدەر و
هاتف و چەند هاوڕێیەکیان شەهید و دیل کرابوون ، ئەوانەشى مابوونەوە لە
ڕێگەى ئێمەوە دواى فشارێکى زۆر بەناچارى مل درا بۆ ڕزگار کردنیان ، بە
ر لەوانیش مولازم سەعد و هاوڕێکانى ، قاسم عەرەب و هاوڕێکانى ، دکتۆر
عادل و کانەبى گچکە و هاوڕێکانیان لە لایەن چەکدارە خۆفرۆشەکانى نێو
ڕیزى هێزى پێشمەرگەى پارتى و یەکێتییەوە شەهید کرابوون ، هەر ئەم گیانى
تۆڵەیەش بوو بڵێسەى هەستى شۆڕشگێڕیمانى جۆش دا بوو بۆ بیرکردنەوە لە
چالاکییەک کە هەتا مێژوو مابێت باسى بکرێت ئەویش لێدانى خودى دیکتاتۆر
سەدام حوسێنى گەورەى تاوانباران و خۆفرۆشان بوو .
- بەشى سێیەم -
باس کردنى پلان دانان بۆ لێدانى دڕندەترین دیکتاتۆرى بە زرێى مرۆڤى
بکوژ و پۆڵاو چەکى جۆرا و جۆر و حیمایەى ئاسمانى ئابلوقە دراو ، لە
لایەن چەند کەسێکى بە ژمارە لە پەنجەى دەست تێنەپەڕ کردووە وە بەر لە
هەموو شتێک ئەگەر لە درۆیەکى شاخداریش نەچێت ئەچێتە قاڵبى وەهم و
خەیاڵە وە ، چەند کەسێک کە هەندێکیان بە ڕێکەوت و چنگەڕنێ لە مەرگ
دەرباز بووبن کەس باوەڕ ناکات بە تەماى سەرەونخونى ڕژێمێک بن
کیشوەرەکانى دنیاى سەرقاڵى شەڕانگێزى خۆى کردووە !
لە کۆبوونەوەیەکم دا لەگەڵ لیژنەى قەزاى ناوەندى هەولێر کە بە داخەوە
لە ئامانج زیاتر دوو هاوڕێکەى تر ناویانم لە یاد نەماوە کە نەئەبوو
وابێت چونکە ئازایەتى و بوێرى ئەوان شایستەى ئەوەیە بە کڕنوشەوە باسیان
بکرێت ، هەموو بۆچوونەکان لە ئامادەکارى مناڵانى سەرەتایى و پرۆڤە پێ
کردنیان بۆ پێشوازى لە سەرۆک و سرود فێرکردن و گۆرانى ووتن و سەما و
چەپڵە ڕێزان و گوڵباران کردن ئاماژە بوون بۆ هاتنى سەدام بۆ هەولێر ،
ئەمە تەواو سەرقاڵى کردبووین لە سەرەتاى مانگى شوباتى 1990 دا ،
گەییشتینە ئەو باوەڕەى مانگى شوبات جگە لە 8 ى شوبات بۆنەیەکى ترى تێدا
نەبوو تا بە سۆنگەیەوە سەرۆکى بکوژ و دیکتاتۆر سەر لە ( شیمال حەبیب و
مەنتیقەى حوکمى زاتى ) بدات ، بێگومان دڵنیابووین لە 8 ى شوبات دا کە
دوو ڕۆژى مابوو سەرۆک نایەت ، یەکەم : ئەو بۆنەیە ڕایەڵەیەکى بە شیمالە
قەرەبرووت کراوەکەى سەدامەوە نیە . دووەم : ئامادەباشییەکان نەکرابوون
، جا ئەمە ئێمەى گەیاندبووە ئەو قەناعەتەى لە مانگى ئازارى پڕ لە ئازار
بۆ کورد سەدام دێت و قەتماغەى برینى بە سوێى پڕ لە ئازارى گەلەکەمان
هەڵئەداتەوە ، بۆیە لەوانەیە 11 ى ئازار ڕۆژى جاڕدانى ئۆتۆنۆمى بکاتە
هەلى سەردانەکەى کە ئەمە گریمانەیەکى لاواز بوو لەو بەهێز تر جەژنى
نەورۆز بوو .
لە هەردوو حاڵەتەکەدا مانگى ئازار پێویستى بە خۆ گورج کردنەوە هەبوو ،
تاوتوێى ئەوەمان ئەکرد ئەگەر سەرۆک بێت بۆ هەولێر ئێمە چى بکەین ؟
پێمان وابوو لە هاتنى دا سەردانى پارێزگار و بینایەى پارێزگا ئەکات ،
بۆیە ئەبێت هەوڵ بدەین :
1 - بە هەر نرخێک بێت خانوویەک لە نزیکى پارێزگاى هەولێر بە کرێ
بدۆزینەوە .
2 - مەفرەزەیەکى ئازا و مولتەزیم بە خۆحەشاردان لەوپەڕى نهێنى دا لە
خانووەکەدا بشاردرێنەوە .
3 - جگە لە کڵاشینکۆف بە ئار بى جى و بى کەى سى چەکدار بکرێن .
4 - بەیانێکى چاپکراو بۆ ڕاکەیاندنى چالاکییەکە و بەرپرسیارێتییەکەى
لەگەڵ ئەنجام دانى چالاکییەدا بڵاو بکرێتەوە .
5 - کەسانى تایبەت بۆ بەسەر کردنەوە و پڕ کردنەوەى کەم و کوڕییەکان
هاموشۆى خانووەکە بکەن .
6 - بە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنى چالاکییەکە ئەبێت ئەو هاوڕێیانە بە
زووترین کات چەکەکان فڕێ بدەن و شوێنەکە جێ بهێڵن و بگەنە شوێنى بڕیار
بۆ لێدراو .
ئەمانەى باسم کردن بڕیار نەبوون بەڵکو خەون و خەیاڵى ئەبێت بمبەخشن
ئەگەر بڵێم ووڕینەى چەند هاوڕێیەکى بە جەرگ بوون ، بەڵێ بڕیار نەبوون و
پێشنیارێکى قەشمەرجاڕى بوون بۆ نوێنەرایەتى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە
ناو شاردا کە بە باس کردنى لە پێکەنینا ئەتریقانەوە .
بۆ نەگبەتى بەندەش یەکێک بووم لەو هاوڕێیانەى کە بەرپرسەکان بە
قەشمەرییەوە لە سەر مێزى خواردنەوەدا باسیان ئەکردین و
پێشنیارەکەمانیان ئەکردە مەززەى بەدبەهایى خۆیان ، لەو دەمانەدا
سەفەرێکى بەغدامان کرد و پاشان گەڕاینەوە هەولێر ، ڕۆژى دوو شەممە بوو
پێم وابێت ڕێکەوتى 26 ى شوبات ژوانم لە گەڵ کیژە هاوڕێکەم دا هەبوو ،
جێژوانیشمان پەیمانگاى تەکنیکى هەولێر بوو ، لە بەدبەختى ئەمجارە
ژوانەکەمان نمونەیى بوو ، لە دوو لاوە موچڕکە سەراپاگیرم ئەبوو ، لە
لایەکەوە خۆشەویستەکەم هێندە خۆشەویستى خۆى بۆ دەرئەبڕیم هەرگیز بەو
جۆرە نەمدیبوو ئەمەش واى لێ ئەکردم جۆرێک لە خۆ خۆشویستن و ترس گەمارۆم
بدات ، لە لایەکى تریشەوە بە پێداگیرییەوە جەختى لە سەر هاوسەرگیریمان
ئەکردەوە کە ئەمەش پاڵنەرێکى ناوخۆى لە خودما بەرهەم ئەهێنا کە
خۆپارێزى بکەوێتە کەڵکەڵەمەوە ، بەڵام لە ئاستى بوێریى هاوڕێیانى
لیژنەى قەزاى هەولێر کە من بەرپرسیان بووم شەرم دایئەگرتم و جورئەتى پێ
ئەبەخشیم و بوارى پاشگەز بوونەوەى بۆ نەئەهێشتمەوە ، بەڵام دڵى ( ڕ )
شم بە لاوە مەبەست بوو ، لە ناوخۆى خۆم دا ململانێکە قوڵتر ڕەنگى
دابووەوە و چەند جارێک ئەمویست بۆ خۆشەویستەکەمى باس بکەم کە کارێکى
لەو جۆرەمان لە بەردەم دایە بەڵام نهێنیى کارەکە ڕێگەى نەئەدام ، پێش
ئەوەى لێک جودا بینەوە لە سەر ڕۆژى هەینى ڕێککەوتین داخوازى بکەم و
بکەوینە ناو هەنگاوى یەکەمى ژیانى هاوسەرگیریمان ، دەمودەست بیرم
کەوتەوە هەینى مەوعیدى حیزبیم هەیە لە کەرکوک ، بۆیە دوامان خست بۆ
شەممە 3 3 1990 .
پێنج شەممە 1 3 1990 لە شوققەکەم دا بەرامبەر ( ادارە المحلیە ) ى
کەرکوک ڕێک لە سەر ( مەتعەم شاهین ) ەوە پاڵ کەوتبووم ، مێشکم جەنجاڵ و
کات وەکو کیسەڵ ڕێ ئەکات ، پەلەم بوو شەو دابێت و ڕۆژ ببێتەوە و
بەرامبەر شوققەکەم مەوعیدە گوماناوییەکەم لە کۆڵ بکەمەوە . و بگەمە
هەولێر و ئینجا نۆرەى مەوعیدى پڕ لە خۆشەویستیى بە زەوق و شەوقەوە لە
ئامێزبگرم .
- بەشى چوارەم -
چارەگێکى مابوو کاتى مەوعیدەکەم بێت ، بەپلەکان دا چوومە خوارێ و لە
دەرەوە ئیستێکم کرد و لە دەور و بەرى خۆم ڕوانى و بە شەقامەکەدا
پەڕیمەوە و خۆم گەیاندە ڕوکنى لاى خوارەوەى شەقامى سەرەکى ( ادارە
محلیە ) وە و بە کاوەخۆ لەو سەریم ئەڕوانى کە شوێنى دیارى کراوى من و
هاوڕێکەم بوو ، هەنگاوەکانم قورس بوون و دڵیشم ترپەى زیاد تا نیوەى
زیاترى ڕێیەکەى نێوانمان ڕۆییشتم و هیچم لێوە دیار نەکەوت ، ئەمەیان
دڵخۆشى کردم وامزانى هاوڕێکەم نەهاتووە ، بەرە و دوا گەڕامەوە و سەیرى
کاتژمێرەکەى دەستم کرد لەوە ئەچوو خولەکێکى مابێت بۆ 10 ى تەواو ،
هێشتا دەستم دانەگرتبووە خوارێ دوو ئۆتۆمۆبیلى تیژڕۆ بە خشەى برێکەوە
پێش و دوایان لێ گرتم ، زەلام دابارینە سەرم و پەلاماریان دام ، وەکو
نێچیرێکى بەسزمانى نێو قەپاڵ و چڕنوکى گەلەگورگم لێ هاتبوو لە حەژمەتا
شەڕە بۆکس و لەقەم لە گەڵ دا کردن ، توانیم خۆمیان لێ ڕاپسکێنم و پێنج
شەش هەنگاوێک لێیان دوور بکەومەوە بەڵام فیشەک بوارى نەدام و هەڵى دام
بە ئاسمان دا ، بە سەر ئەرزا ڕایانکێشام و خستمیانە ئۆتۆمۆبیلێکیانەوە
، بەدەم کەللە و بۆکس و شەق و زللەوە بێهۆش ئەکەوتم و بە ئاگا
ئەهاتمەوە .
لەسەر قەڕەوێڵەى خەستەخانە چاوم کرایەوە ، چوار دەورم بە زەلامى داڵ و
ئەستێرە لە سەر شان بە غەڵبە غەڵب و ژاوەژاوەوە تەنرا بوو ، لەسەر
شانەکانەوە دەم و چاوى تازە بۆ بینینم کێبڕکێ یان بوو ، گەلەکۆمەیان لێ
کردبووم بۆ کوژانەوەى دوا تروسکەى هیواکانم ، وێنەیەکى سەرۆکى دیکتاتۆر
بەرامبەرم هەڵواسرابوو ، تەنها ئومێدێک لە دڵما ئەو تۆزە گوڕ و تینە
بوو کە خستمە کار ، هەموویان قڕوقەپ لێیان ئەڕوانیم لەگەڵ ڕاست
بوونەوەما هەموو هێزم لە دەمما کۆکردەوە و تفێکم ئاراستەى وێنەکە کرد ،
شەق و زللە و بۆکسى هەمە جۆرە بووراندمیەوە ، دواى چوار ڕۆژ وەئاگا
هاتمەوە ، سەرەتا ئاسایى بوو دواى ماوەیەک بۆم دەرکەوت سنگم هەڵدڕاوە و
شوێنى فیشەک و نەزیفەکەم چارەسەر کراوە و نەشتەرگەرى ( colostumi ) ى
کرابووم و کیسە بە قەبرغەما بۆ پیسایى کردن هەڵواسراوە وەکو دائیرەى
ئاو شەش سۆندە ڕەت کرابوونە جوستەمەوە ، دواى ماوەیەک حەواڵەى (
مەنزومەى ئیستیخباراتى شەرقى کەرکوک ) کرام و فلیمى ئەوێندەر تەواو بوو
نێردرام بۆ بەغاو ماوەیەک لە ( سجن رقم واحد ) مامەوە و پاشان ڕەوانەى
( ئیستیخباراتى عامە ) کرام و لەوێش خۆیان ووتەنى دواى لێکۆڵینەوە
بەرەو ( جناح خاص ) بەڕێ کرام بۆ چاوەڕێى (
مەحکەمەى سەورە ) و سێ جار دواخرام و دواى حەوت مانگ و هەژدە ڕءژى
میوانداریى قەسابخانەکانى بەعس دواى حوکمى سێدارە خوێندنەوە و تیف تیفە
دانى بە مەرحەمە و مەکرەمەى سید الرئیس بە حوکمى موئەبەدەوە چوومە
خزمەتى ئەبوغرێب .
پێم خۆشە دان بە هەندێک ڕاستى دا بنێم ، ئەوەندەى لە بەردەستى
جەلادەکان دا بووم هیچ هەستم نە بە پەشیمانى کردووە و نە لێشیان ترساوم
و دوو جاریش هەوڵى خۆکوشتنم داوە و ئاشکرا بوومە و ڕێگرییان لێ گرتووم
تا بتوانن بە مانەوەم سوود لە نهێنییەکان وەر بگرن و هیچ سوودیان لێم
نەبینی ، و زۆر ئارەزووم ئەکرد ( وەکو ئارەزوو ) ئیعتیراف بکەم لە سەر
ئەوانەى خاوەن بڕیار بوون و ترسنۆک و بوودەڵە بوون ، پارە و ئیمکانیاتى
حیزبیان تەخشان و پەخشان ئەکرد ، حەزم ئەکرد لە ڕێگەى ئیعتیرافەوە
ڕیزەکانى حیزب لەو هەلپەرست و ناشیوعییانە پاک بکەمەوە هەڵبەتە لە بەر
چەند هۆیەک ئەو هەنگاوانەم نەئەنا :
1 - ئەمزانى بە ناوهێنانى ئەوانەوە لێم ناوەستن و هەر ئەوەندەى سەرە
داوێکیان دەست بکەوێت ئیتر کەوڵم ئەکەن .
2 - ئەترسام ئەو هەلپەرستانە لە چۆک دادانا جەستەى حیزب لەبەر یەک
هەڵوەشێننەوە و بە زوو ترین کات ئیعتیراف لە سەر زۆرترین شت بکەن .
بۆیە بڕیارم دا لە پێناوى سەربەرزى کەس و کارى خۆم و خۆشەویستەکەم و
وەفا بۆ شەهیدان لەت و پەتم بکەن بچووکترین نهێنى نەدرکێنم و تەنانەت
دواى زیاد لە مانگێک ئینجا بۆیان دەرکەوت کە من ( یاسین کاوانى مستەفا
) نیم .
دواى نزبکەى دووساڵ بە ئاڵوگۆڕى زیندانییانى نێوان ڕژێم و بەرەى
کوردستانى لە گەڵ کۆمەڵێک زیندانیى سیاسى تردا ئازاد کرام ، و هاتمەوە
و بە دیدارى هاوڕێیان شاد بوومەوە و کۆمەڵێک ڕوخسارى گەنجى نێو
سەرکردایەتى حیزبى شیوعى شاد ترى کردم بەڵام لە دوایی دا سەلماندیان
ئەبێت هەر ڕەحمەت لە کفن دز بکەین ، لە لایەک سەپاندیان کە ئەبێت لە
سفرەوە دەست پێ بکەم و وەکو دۆستێک لە نوێوە تێ هەڵچمەوە و ڕیزە
کاولەکەى حیزب ئاوەدان بکەمەوە ، لەولاوە خۆشەویستەکەشم هەڵگێڕدرابۆوە
و گەییشتم بە سەر دەمەدەمى شوو کردنى دا و لە هەمووى کاریگەر تر زیندان
بوارى نەدام دواى ساڵەهایەک لێک دابڕان بە دیدارى پیرۆزى باوکم شاد
ببمەوە و مەرگ مەوداى نەدا تاسەى دوورى خۆیم پێ بشکێنێ ، هەموو ئەمانە
و کۆمەڵێک دیاردەى دزێوى نامۆ بە شیوعیەت گەلێک جاران هیواى پێ
ئەخواستم بۆ کونجى زیندان و ژیان بردنە سەر لەگەڵ جەلادەکان نەک
سەرکردە شیوعییەکانى داماڵدراو لە ئاکارى شیوعیەت .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|