په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠٢٥

تۆم بارەک و قۆناغی بێشەرمیی ئیمپراتۆریای خۆراوایی.


ئەرسەلان مەحمود      


ئەو زمانەی تۆم بارەک قسەی پێدەکات زمانی خۆیی نییە. زمانی فەرمی ئیمپراتۆرییەتییەکە قەرنێکە زمانی زاڵە و لە هەر سەردەمێکیشدا لە فۆڕمێکی تازەدا دەردەکەوێتەوە. کاتێک نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا لە دەوحەدا ڕایگەیاند پاشایەتی باشترین مۆدێلە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە قسەی لۆرد کرۆمەری میسر دووبارە دەکاتەوە، سەرلەنوێ نەخشەی سایکس-پیکۆی دەکێشێتەوە، دەیەوێ میراتی کیسینجەری بپارێزێت، نا - نەخێر، هیچی نوێی نەوت.

ئیدوارد سەعید لە ڕۆژهەڵاتناسیدا، ئەم مێکانیزمەی ورد ڕووتکردوەتەوە: ڕۆژاوا، خۆرهەڵات وەک ئەوی تر دەبینێت، ئەوی تر وەک گەلانێک گوایە ناتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن. بارەک هەمان پەیام دەگوازێتەوە: ئێوە ناتوانن، ئێمە دەتوانین، ئێمە دیاری دەکەین کێ بمێنێت و کێ بڕوات. کۆلۆنیاڵیزم کۆتایی نەهاتووە، ئەوەی گۆڕاوە تەنها ڕواڵەتە.

کام پاشایەتییە؟ ئەوەی سعودیا ڕۆژنامەنووسانی بە مشار پێ پارچە پارچە دەکات؟ ئان ئەوەی ئیمارات ئەمڕۆ کرێکاری کۆچبەری پێ کۆیلە دەکات؟ وەک ئەو بەحرەینەی شیعەکانی سەرکوت دەکات؟ یان وەک ئەو سوریا و تورکیا و ئێرانەی سەد ساڵێک زیاترە کورد سەرونگوم دەکەن؟ وڵامەکە ڕوونە: ئەم ڕژێمانە کاتێک باشن بەرژەوەندی واشنتن بپارێزن. کاتێک خراپن لەو هێڵە ئەمریکییە دەردەچن و دەبنە ڕژێمی خۆسەر و دەبێت لەناوببردرێن.

بارەک دەڵێت ڕۆژاوا هەرکاتێک ناوچەکەی بەجێهێشتووە باشتر بووە. ئەم قسەیە لە ڕووکەشدا دژ-کۆلۆنیاڵییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان کۆلۆنیاڵیزمە. چونکە هەمان کەس داوا لە کورد دەکات خۆبەڕێوەبردن جێبهێڵن، داوا لە لوبنان دەکات حیزبوڵڵا دەربکەن، داوا لە فەلەستینی دەکات کۆچ بکات. ئایا ئەمە ڕێگەدانە بەچی و ڕێگریکردنە لەچی؟ نەخێر. ئەمریکا تەنها ئەو خودیارییە پەسەند دەکات سوودی ئەمریکای تێدا بێت.

کورد نموونەیەکی زیندووە. لە ٢٠١٤، کاتێک داعش مەترسی بوو، کورد بوو بە هاوپەیمانی بەهادار. خوێنی ڕشت، هەزاران شەهید دا، بوو بە ستوونی تێکشکاندنی داعش. ئێستا داعش ئەو پێگە و مەترسییەی جارانی نەماوە، بارەک دەڵێ: یەک وڵات، یەک سوپا، یەک گەل، فیدراڵیزم کار ناکات. ئەم لێدوانە قسەی واشنتۆن نییە، قسەی ئەنقەرەیە. بارەک هەمانکات بەریتانپێکەری ئەمریکایە لە تورکیا، ئەمە ڕێکەوت نییە. تورکیا هێشتا SDF بە تیرۆریست دەزانێ، ئەمریکا لەجیاتی ئەوەی لە تەک هاوپەیمانەکەی بوەستێت، ئەولەویەت دەداتە ئەنقەرە. ئەمە دووبارەکردنەوەی ١٩٧٥ـە، کاتێ کیسینجەر کوردی بە سەددام فرۆشت. یەک وڵات، یەک سوپا، یەک گەل زمانی ئەتاتورکە، زمانی هەر ڕژێمێکی ناسیۆناڵیستی سەرکوتکارە. ئەم زمانە لە عیراق و سوریا و تورکیادا تاقیکراوەتەوە و شکستیخواردووە. فیدراڵیزم لە عیراقدا کاری کردووە. ئەوەی کار ناکات ئەو مەرکەزییەتەیە کورد و پێکهاتەکانی تر تێیدا سەرکوت دەکرێن.

کاتێک بارەک لە بەیرووتدا بە ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی گوت ئاژەڵانە ڕەفتار مەکەن و مەدەنی بن، ئەمە کێشەی ناوچەکەیە، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پیشاندا. ئەم زمانە هەمان زمانی کۆلۆنیاڵیستی فەڕەنسی و بریتانییە: ئێمەی مەدەنی و ئێوەی وەحشی، پێویستە لێمانەوە فێربن. ڕاستە دواتر داوای لێبوردنی کرد. بەڵام بەمە پێچەوانەکەی ئیسپات دەکات: وشەکەی بەکارهێنا، بەکارهێنانیشی ڕوانگەی ناخۆیی ئاشکرا کرد. ئەم مەبەست نەبوونەی ڕاستییەکی قووڵتر دەردەخات: بەرپرسانی ئەمریکا خەڵکی ناوچەکە وا دەبینن.

لێدوانەکانی بارەک نیشانەی قۆناخێکی تازەی ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکین: قۆناخی بێشەرمی. پێشتر واشنتن بەرژەوەندییە خامەکانی لەپشت دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەشاردەوە. ئێستا بارەک بە ئاشکرا دەڵێت دیموکراسی بۆ ئێوە گونجاو نییە و پاشایەتی باشترە. ئەم ڕاستگۆییە ترسناکە، بەڵام بەسوودیشە چونکە توخمە ڕاستەقینەکان ئاشکرا دەکات. ئەمریکا کەی خولیای دیموکراسی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە؟ بێگومان هەرگیز. خولیای ئەمریکا کۆنتڕۆڵی نەوت و ڕێگەکانی بازرگانی و پاراستنی ئیسرائیل بووە. لە دەرەوەی ئەمە، گوێ بە کوشتنی خاشقجییەکان نادا، کوشتارگەی غەززە نابینێت، باکی بە جێهێشتنی کورد نییە.

گەلانی خۆرهەڵاتی پێویستیان بە ڕێنوێنی ڕۆژاوا نییە. مێژوو و شارستانییەتیان هەیە، پێش ئەمریکا و ئەوروپا. ئەوەی پێویستە ئەوەیە ڕۆژاوا ڕێگرییەکانی لەناوببات و خەڵک خۆی چارەنووسی خۆی لە ناوچەکەدا دیاری بکات، بە هەر سیستەمێک خۆی بیەوێت. واتا ئەمریکا دەست لە پشتیوانی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان هەڵگرێت. تۆم بارەک و بەرپرسانی وەک ئەو تێدەپەڕن. ئەوەی دەمێنێتەوە گەلانی ناوچەکەن. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێش ئەمریکاش هە هەبوو، دوای ئەمریکاش هەر دەبێت.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک