په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٠

تۆپی باغە.

فەرهاد کەریم   


هەرەسە .. نسکۆیە .. ئاشبەتاڵه‌، شتێکە و شەقە شەقی دێ، پێشمەرگەیە .. پێش دەرگەیە .. پێشکەیە، شتێکە و جیزە جیزی دێ، فاتیحایە ..فتوایە .. فتکردنە، شتێکە و بۆنی مەرگی لێدێ...

 

تەنها جارێک و بەس لە پرسەی ئازیزێکدا لە بری فاتیحا سێوە و مێوەکی جوانە .. بخوێنە هەم لەسەر زار ئاسانە و بۆ گیرفانیشت لە تۆرکەش هەرزانتر دەکەوێ، بۆ گەدەشت هەر زۆر زۆر چاکە.

 

با بچینە ناو باغان دوور لە فەنتازییای ئادەم و حەوا و دانەری زەوی و ئاسمان، ئەو هەموو سەرمایە و چاوی بڕیوەتە ئەو دیوی ژیان، لە فاتیحادا چاو چنۆک دەبی و مەیلت بەرەو فاشیەت و کوسکێشی و مەسینەهەلگرتن دەڕوا، مەودای خۆپەرستیشت بەر فراوانتر.. نێوان تۆی فەتح و فەتاح و فاتییح، گێزەر و گندۆریە.

 

لە بیرمە مامۆستا حەسەن کەچەل دوای هەرەسەکە شیوەنێکی زۆری بۆ هەریسەکە دەکرد.. خۆی نا قوتابیەکانی، ئەوەی سیفەتی مامۆستا بوو تێیدا نەبوو بەڵام لە شەق تێهەڵدان لەو دەسەلاتەی ئێستامان کارامە تربوو، خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ باوکی روحیی خۆی هەبوو، لە پۆلەکەمان گەر بە هەڵه‌ نەچووبم تەنیا من لێدانم بەرنەکەوت، هۆکەشی هێندە فەقیر بووم مێشم لەدەمم لانەدەدا، درۆشم نەکردبێ لە منی زیرەکتری تێدانەبوو، بە کوردییەکەی داخی ئاشبەتاڵه‌کەیان لەو قوتابیە نەگبەتانە دەرەهێنا، بە لێکدانەوەی ئێستام هۆی نسکۆکە - نیسکێنە نا - نسکۆکە ئێمە بووین، قوڕ بە سەرت قوتابی وەرە شت لەو مامۆستا نەخوێندەوارانە فێربە، هاوڕێکانم بوون بە سیاسی سەقەت و نویژکەری گیرفان پڕ ، هەندێکیان لە جەنگ لە تڕی سەی چوون، بەڵام هەر هەموومان لە هزردا کەم ئەندام بووین، رەنگە شیاوترین ناو بۆ ئێمە تۆپی باغە بێ - باغ نا - باغه‌، چونکە گەر تۆپی باغە یاری لە سەر کۆنکریت واتا ئەو چیمەنتۆ رەقە پێبکەی هەر تەقە تەقی دێ.

 

ئەی هاورێیانی

تەق و رەقی دێرینم .. تۆپی باغەی ئەمرۆم،

تەق تەق تەق ... تەقە تەقیش هونەرە هونەر !

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم