په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠٢٣

تۆپی پێ گۆڕەپانی مۆنۆپۆلی سەرمایە و ئایدیۆلۆژیا.

 


جەمال کۆشش      

 
جامی جیهانی تۆپی پێی ئەمساڵ لە قەتەر، لە میدیا ولە بیروڕای گشتیدا، بەتایبەت بە هۆی پەیوەندی و نزیکی هەمەلایەنەی قەتەر لێمانەوە، وەک دیاردەیەکی نوێ لەزۆر لایەنەوە سەرنجی درا. تەوەرەیەکی جەوهەری ( پەیوەندی وەرزش وسەرمایەداری) هێندەی ئاگاداربم بە هیچ شێوەیەک نەهاتبوو. ئیرادی سەرەکی ئەم بۆشاییە بە توندوتیژی ئایدیۆلۆژی پڕ دەکرێتەوە( لەبری میتۆدی مادییانە). چۆن سەرمایە ئەم وەرزشەی داگیرکردووە وشێخە ملیاردێرەکانی کەنداو و بانک و دامەزراوەکانی وەبەرهێنانیان لەم پیشەسازییەدا بەگەڕخستووە. گەندەڵی و بەرتیلخۆری ساڵی ٢٠١٠ کە جامەکە بە قەتەر فرۆشرا، لە مێژووی فیفادا بێوێنەبوو. سێپ پلاتەر سەرۆکی پێشووی فیفا زۆرێک بەڵگەکانی خستە ڕوو.هەر ئەوکاتیش رۆژنامەی ( لەمۆند) دانیشتنە سێ قوڵیەکەی میخایل پلاتینی، سەرۆکی ئوفا( یەکێتی فیدراسیۆنی تۆپێ پێی ئەوروپا) و ( نیکۆلای سارکۆزی)سەرۆکی پێشووی دەوڵەتی فەرەنسا و تەمیم بن حەمید ئەلتانی( ئەمیری قەتەر) لە ٢٣/١١/٢٠١٠ لە کۆشکی شاهانە بڵاوکردبؤوە. پاشان ئەوە بوو کە یانەی پاریسیەن جیرمەنی بەقەرزێکی ٧٠ ملێۆنیەوە کڕی وپاشان ئەوە گەندەڵیەش کە لۆرانس کوڕی میخایل پلاتینی لە وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەری ئەندامی باڵای بەڕیوەبەرایەتیەکەیە ئاشکرا بوو. زۆرکەمیش لەبارەی بایکۆتی جامەکەوە بڵاوکرایەوە کە لیستێکی سەد هەزار کەسی بوون و مۆسیقارە بەناو بانگەکانی وەک رۆد ستیوارت و یاریچیە بەناو بانگەکانی وەک فلیپ لام و شفاین شتایگەر تێدا بوون. تەنانەت حزبی کۆمۆنستی نەمسا بانگەوازی( بایکۆت نا شۆڕش) ی بڵاوکردەوە. رۆژنامەی دیسایتی ئەڵمانی دەنوسێت بایکۆت دەیتوانی سەربکەوێت، وە ڕۆژنامەنوسی لێهاتووی( کاترین گالبیرت ) لە شوێنیکی وەک سەروتار دە نوسێت( تۆپانێ ناتوانێت لەمە زیاتر ڕۆبچێت)،ستیفان رامینگ ، ڕێپێدانی سەلت ئابێ( نوسرەت قۆجە) بۆ نێو یاریگاکە بە لوتکەی ئینحتات دانا(لەئین زیت زیت سۆنتاگ)دا.

ئەم نووسینە لە دوو بەش پێکدێت:
یەک: هەژمونی سەرمایەوقازانج لە پیشەسازی وەرزش دا.
دوو: وەرزش وەک شوناسی ئایدیۆلۆژیا وئایین وئیدمان.

ئەوەی لێرەدا بڵاوکراوەتەوە تەنها بەشی یەکەمە.

تۆپی پێ و سەرمایە.

کاتێک(جۆن هۆڵدینگ)،خاوەنی کارگەیەکی چکۆڵەی بیرەدروستکردن ،دەستیبردبۆ دامەزراندی یانەی لیفەرپوولی بەریتانی( ١٨٩٢ )، مەقسەدی بازاڕگەرمکردنی فرۆشتنی بیرەکانی بوو،قەد خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو، ئەم ڕزقەی لێبەرهەم بێت. ئەم وەرزەشە لە جیهاندا، ٢٥٠ ملیۆن ئەندامی لە یانەو تیپ و کۆمەڵەکان و ملیاردێک و ٢٠٠ ملێۆن هاندەرولایەنگری دڵسۆزوسەرشێتی هەیە. پیشەسازی وەرزش،بازاڕی ململانێێەکی گەورەی وەبەرهێنان و کەڵەکەکردنی قازانج وگەندەڵی وبەرتیلخۆرییە.( وێنەی کۆمەڵگای ئەمڕۆمانە )وەک پیتەرسۆلتدار لەدواین چاوپیکەوتنیدا لە رۆژنامەی دی تسایت دا دەریدەبڕێت.

پەیبردن بە ڕەهەندی پەرجویی وەرزش بە بوونی ووزەی هونەرێکی ناوازەی نێوخۆیی و توانای گۆڕینی بە سەرگەرمییەکی ملێۆنی و بە ئیدمانی بەکۆمەڵ ومێشکشۆردنەوە، دەرفەتێکی زێرینی بۆ وەبەرهێنان وکەڵەکەی سەرمایە پەیدا بوو. وەرزش بەگشتی ئێستا لۆجیکی گلۆلەبەلایزەشنی سەرمایەی وەرگرتووە وتوێژێکی( ئیلیتێکی) پرۆفسیۆنال وڕایەڵ وپالاست ویاریگا ئاڵتونیەکان وگەلەرییە نیونەتەوەییەکان و بەڕیوەبەرایەتیەکی هیرارکی بۆ بەکارخستنیانی پێکهێناوە. یاریچیەکان دەبنە کاڵاو خاوەن کاڵاکە یانەکانیان و کڕیارەکان هاندەرانن، بە ملیۆنان کەرەستەکانی وەرزش بە هەقدەستی کرێکاری کۆیلە بەرهەمدەهێنن ومایەی قازانجی ملیاردین بۆ خاوەن یانەو کۆمپانیاکانیان.

تۆپی پێ و نێولیبرالیزم.

لێسەندنەوەی وەرزش لە جەماوەر وەک چالاکیەکی چێژبەخشی کۆمەڵایەتی، فرۆشتنی مافی پەخشکردنەوەی یارییەکان، دامەزراندنی ئاکادیمیاکان لەسەرانسەری جیهان بۆ ئامادەکردنی یاریچییە پیشەییەکان و بەکاڵاکردنی یاریچی و بردنی یانەکان بۆ بۆرسەو بەئاسمانداچوونی کرێ وبۆنوسی خەیاڵی ساڵانەی یاریچی و سەرۆک وبەڕێوەبەرەکانیان، چڕکردنەوەی بەتواناترینەکانی لە لێهاتوترینەکان لە چەند یانەیەک ومۆنۆپولکردنی نێوبانگی یانەو یاریزانەکان، قۆرخکردنیان لەلایەن چەند ئۆلیگارشێکی شێخەکانی کەنداو ملیاردێرە ڕوسی وئەمەریکیەکانەوە، فراوانکردنەوەی بەشداری دەوڵەتان لە جامی جیهانی لە ٣٢ بۆ ٤٨، هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سوپەر لیگای ئەوروپی، پراتیکی نێۆلیبرالیزمن لە مارکێتی وەرزشدا.کلاوس زینرگەر و ستیفان گموندر دەنوسن،( جوانترینی شتەلاوەکیەکەی جیهان بوو بە ئەسپی تۆرنادای نیولیبرالیزم) ،( ئەم وەزرشە بە ملیارد لەلایەن ئۆلگاریشە گەندەڵەکانی شێخە نەوتەکانەوە پەپمدەرێت، کاولی دەکەن )).

مێژووی ٣٠ ساڵەی وەرزشی تۆپی پێ، سەرەتای پەلهاویشتنی نێولیبرالیزم بۆ نێو سەنتەری سیاسەتی ئەم کایە یە. سپۆنسەری کۆمپانیا گەورەکانی کۆکا کۆلا وبیرەی هاینکن، ئەدیداس،..سەرەتایەک بوون. هەنگاوی گەورە مافی پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکان بە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن، دامەزراندنی لێگاکان ( بەپریمەر وچامپنز و لالیگا وئەروپا لێگ..)، ئەم ئاڵوگۆڕانە حەشاماتێکی ملیۆنی هێنایە نێو بازاڕی سەرگەرمی وەرزش وشوناسی پەراوێزخراوەکان. بەمجۆرە پارەیەکی خەیاڵی ڕژایە بەردەستی یانەو دامەزراوە جۆراجۆرەکانی یەوە، نرخی یاریچی وکرێی ساڵانەوبۆنوس وبەخشیشەکان فڕین. تا دەیەی هەشتاکانیش جیاوازی کرێی کرێکارێ لەگەڵ یاریچیەکی یانە بە نێوبانگەکانی وەک بایرمونشن تەنها ٣ بۆ ٤ جار بەرزتر بووە.لە ئێستادا سەدان جار لە هی سەرۆکی دەولەتەکان بەرزترە.

بەر لە ٢٠ ساڵ لەگانا ئاکادیمیایی ( رایت تو دریم) دامەزرا، ئەم ئەکادیمیایە لە بری تاڵانی ودزینی کەرەستە خاوەکان، بە شوێن سەرمایە ئینسانیە دانسقە لێهاتووەکاندا دەگەڕێت ودەیانکات بە یاریچی لێهاتوویی پیشەیی، تائێستا ١٤٤ کەسی ئامادەکردوە و فرۆشتووە لە نێویاندا کەمالەدین عوسمان بە ٢٣ ملیۆن ومحمەد کۆدوس کە بە ٩ ملیۆن ئۆیرۆ فرۆشت. میسر دووەم وڵاتە کە ئاکادیمیای لێ دەکرێتەوە وتۆڕێکی پەروەدەکردنەکە فراوانتر بکەن.

لە ٢٠١١ کە وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەری یانەی پاریسەن جێرمەنی کڕی، گرانی نرخی زۆربەی یاریچیەکان ڕێکۆردی جیهانیان شکاندووە، لە نەیمار ومامپێ و مێسی.

قەتەر لە تێچووی سازدانی جامی جیهانیشدا، ڕیکۆردی جیهانی تێپەڕاند. ٢٢٠ ملیارد دۆلار وەبەرهێنانی سەرمایەداران لەم پیشەسازییەدا، یەکێک لە مەترسیدارترین ئاراستەکانیەتی. سەرەڕای ئەوەی کە ٦٥٠٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە لەماوەی ئامادەکردنی جامەکەدا، وە کۆیلایەتیەکی هاوچەرخ تائێستاش بەردەوامە.

لە نێو ئەم بازاڕی وەرزشەدا، دەسەڵاتی سەرمایە کراوەیە.گەندەڵی وچاوچنۆکی وبەرتیلخۆری و سپیکردنەوەی پارەوتاوان تا سەر مۆخ وبۆ هەموو جێگا پەلوپۆی هایشتووە. بۆتە دینامیزمی سیستەمی سەرمایەی وەرزش. بمانەوێت وێنەی هەرە ناشترینیەکانی نیولیبرالێزم لە ژێر ناوی بێلایەندا ببنین، سیاسەت و پیشەسازی وەرزشە. ئینفانتۆ ( سەرۆکی فیفا) لە میانەی کردنەوەی جامی جیهانی ئەمساڵ ووتی: ( ئێوەدەتوانن لە سێدارەم بدەن ، بەڵام ئامادە نیم ،ڕەخنە لەقەتەر بگرم)، گاردیانی بەریتانی نوسی(ئەو ئێستا لێرەیە- مەسیحی فوتبال- لێرە یە ولە نێوماندایە). لە جێگرتنەوەی سەرۆکی کۆنی فیفا پلاتەر بە ئینفانیتو لە خوشکەکەیان پرسی سەرنجی چیە ؟ وەڵامی خوشکەکەی : ئەو ئامادەیە بۆ کورسی سەرۆکایەتی بەسەر لاشەی هاوڕێکانیدا بڕوات.

لە ٢٠١١ کە دامەزراوەی وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەری یانەی پاریسەیەن جیرمەنی کرێ وسەرۆکی یانەکە ناسری خەلیفە وە دیاریکرا، دەبوو یانەکە ٧٠ ملیۆن قەرز بداتەوە، بەپێی گۆڤاری فۆربەس، ئێستا نزخەکەی دوو ملیارد نیو دۆلارە.ئەو دەم سەرۆکی دەولەت نیکۆلای سارکوزی کە هەوڵی جددی دابوو کە قەتەر میوانداری جامەکە بکات، دوای ساڵێک ئەوەبوو کە مەرامەکەیان بەدیهات لەهەمان یانەدا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار بڕیاری دا یەک ملیارد یۆرۆ تیا وەبەرهێنان بکات. بەشوێن ئەوەی پەیمانی ٥ ساڵەیان درێژکردەوە، نەیمار(٢٢٠) و مامپێ بە ( ١٨٠) دوو گرانترین گواستنەوە لە مێژووی تۆپی پێدا ئەنجامدران.لەسەر دەمی ماکرۆنیشدا، مامپێ عەقدەکەی درێژکردوەو بۆ ساڵانە ٧٢ ملێۆنی سافی یانی رۆژانە ١٩٧ هەزار٢٦٠ ئیرۆ تا ٢٠٢٥ کۆتایی عەقدەکەی. سەرەڕای ئەمانەش ٤٢٠ ملێۆن ئیرۆ وەک بۆنوس وەردەگرێت.لەهاوینی ٢٠٢١ پاریسەیەن جێرمەن بە ٤٠ ملیۆن ئۆیرۆ لێنویل میسی کڕی، ئۆردۆۆ( تەلەکۆمینیوکەیشن)، کەیەکێک لە ٦ کۆمپانیا قەتەریەکەیە کە پاریسەن جێرمەنیان کرێوە لە گەڵ میسی ڕێککەوتنەکەی ئەنجامداوە.

بەپێێ گۆڤاری ئابووری فۆربەسی ئەمەریکی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەساڵی ٢٠٢١ دا ١٠٧ ملیۆنی ئێرۆی دەستکەوتوە، ٧٧ ملیۆنی لە ڕێگای ڕیکلامەوە بووە، لە ئینستاگرام ٥٠٧ ملیۆن فلوەری هەیە، یەک لە پێنچی هەموو بەکار‌هێنەرانی ئینستاگرام پێکدەهینن، بەشوێن ئەودا مێسی ٣٨٣ ملیۆن فلوەری هەیە.

 

کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک