په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٢

تۆرانییەک.. دژی ناولێنای کوردییە لە کەرکووک.


رەزا ساڵح         


لە رۆژی یەکشەممەی رابردوودا ٤\١١\٢٠١٢ گرووپی کوردی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، کە بۆ تاوتوێکردنی (١٢٩) پرۆژەی پارێزگای کەرکووک سازکرابوو، دانیشتنەکەیان بەجێھێشت و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان.. وەکو ناڕەزاییەک بەرانبەر بەو یادداشتەی کە ئەندازیارێکی شۆڤێنی تورکمان کە ناوی (سامی عەبدولعەز)ە، لە لایەن گرووپی تورکمانییەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یادداشتەکەی خوێندرایەوە ، لەو یادداشتەیدا رەخنەی لەوە گرتبوو کە ھەندێ لەو پرۆژانە ناوی کوردییان لێ نراون و، ئەم شۆڤێنییە ئەو ناوە کوردییانەی بە (نامۆ) ناوبردووە و، داوای گۆڕینی ئەو ناوانە دەکات.. وادیارە ئەم تۆرانییە دەیەوێت ئەم پرۆژانە بە ناو باپیرە خوێنرێژە عوسمانییەکانییەوە ناوبنرێن.. یەکێک لەو ناوانەی کە ئەم ھەتیوە تۆرانییەی رەخنەی لێگرتووە و، بە نامۆی ناو دەبات (ھەوارەبەرزە)یە، کە ناوێکی رەسەنی کوردییە.. کە ناوی (پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی ھەوارە بەرزە)یە لە ناوچەی سێکانیان لەسەر رێی (کەرکووک ـ ھەولێر) دروست دەکرێت.. ‏سامی عەبدولعەزیزی شۆڤێنی کە ئەندازیارێکە سەر بە پارێزگای کەرکووک.. تا سەر ئسقانیش رقی لە کوردە و.. لە یادداشتەکەیدا، ناوی کوردی بە نامۆ دەزانێ.. ئەم ئەقڵییەتە بۆگەنەشی لە دەوڵەتی (قەرە قۆینلوو) و (ئاق قۆینلوو) و ئیمپریالیزمی عوسمانییەوە بۆ ماوەتەوە.. کە گەورەترین تاوانیان لە دژی کورد و کوردستان ئەنجامدا.. کە بۆ ماوەیک کوردستانیان داگیکرد.. ئەوە بوو بەر لە ھەموو شتێک دەستیان بە (بەتورکی کردی ناوی شوێنە کوردییەکان) کرد کە پێشگری (قەرەیان) خستۆتە پێش ناوە کوردییەکانەوە بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکووکدا، چەندین دێھاتی کوردیمان، کە بۆ دەرمانیش نە تورکێکی لێ ژیاوە و نە بە بینینیش بینیویانن ، کەچی قەرەیان خستوونەتە پێش ناوە کوردییەکانەوە بۆ بە تورکی کردنی ئەو ناوە کوردییە رەسەنانە.. بۆ نموونە ئەمانە ناوی ھەندێ دێھات و شوێنی کوردن و قەرە خراوەتە پێش ناوە کوردییەکانەوە: (قەرەناو، قەرەدەرە، قەرەتاموور، قەرەسالیم، قەرەھەنجیر، قەرەقاچ، قەرەحەسەن، قەرەتەپە، قەرە... قەرە... تادەگاتە قەرەداغ).. بێگومان بە تورکی کردنی ناوەکانیش تەنھا لە کوردستاندا جێبەجێیان کردووە.. نە لە ناوەڕاست و نە لە باشووری عێراقدا ، شوێنێک نییە کە ئەم شتە گڵاوە (قەرە)یان پێوەبێ.. عەرەبە ‌رەگەزپەرستەکانی دوای ئەوانیش.. دوای بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگای کەرکووک، ناوی چەندین شوێن و گەڕەک و شاروچکەی و زۆربەی قوتابخانە کوردی ناوەکانی کەرکووکی کوردستانیان عەرەبناوکرد، واتەناوی عەرەبیان لێنان.. چەندین گەڕەکیشیان بە ناوی نامۆوە بۆ عەرەبە نیشتەجێکراوەکان دروست کردن.. وەکو ‏گەڕەکی: (العروبە، الواسطی، غرناطة، المثنی، القادسیە، الاندلس، الکرامە، دۆمیس ، حی البعث... ھتد) تادەگاتە گۆڕینی ناوی (کەرکووک) بۆ (التامیم).

ئێمە لە سامی عەبدولعەزیزی شۆڤینی دەپرسین ، کە ناوی ئەو شوێنانە لە کەرکووکدا کە بەو ناوە عەرەبیە نامۆیانەوە ناونران.. ئایە تنۆکێک غیرەتت تیابوو.. کە ورتە لە دەمتەوە بێت و، بەو شۆڤێنییە عەربانە بڵێی ئەم ناوانەتان لە کەرکووکدا نامۆن؟ یا وەکو ئێستا دەمدرێژی و ناماقوڵی دەکەی و بەم ناوە رەسەنە کوردییانەمان دەڵێی نامۆن.. ئایا ئەوسا بۆ ئەم غیرەتت نەبوو کە یادداشتێکی ناڕەزایی بە پارێزگاری ئەوسای کەرکووک بدەیت و بتنووسییایە ئەم ناوانەتان نامۆن؟.. (الاندلس) و (الغرناطة) لە کوێن و کەرکووک تۆ لە کوێی؟ ئەی کە ناوی قوتابخانە تورکمانییەکانتان گۆڕیان بۆ ناوی عەرەبی.. غیرەتت ھەبوو، کە ناڕەزایی خۆت بەرانبەر بەو ناوە عەرەبییە نامۆییانە دەربڕی؟

پێش ھەموو شتێک با سامی عەبدولعەزیز و، ھەموو رەگەزپەرستان و ناحەزان ئەوە بزانێن کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و، زوو بێت یا درەنگ، دەبێت بگەڕێتەوە سەر کوردستان و.. رۆژێکیش دێت کە ھەموو ئەم کێچە پیسە (قەرە) و ھەموو ئەو وشە نامۆ ھاوشێوانەی قەرە لاببرێن و ناوی ئەو شوێنە بە تورکی کراوانەمان.. بگەڕێنینەوە بۆ بە ناوە رەسەنە کوردییەکانمان.

کە پرۆژەی (بەربەستی خاسە) لە سەر (خڕی خاسە) لە کەرکووک، لایەن وەزیری ئاودێریی پێشووتری عێراق کە دکتۆر (عەبدولەتیف رەشید) بوو (کوردە).. بەردی بناغەی ئەم بەربەستەی لە خوارووی دێی (کۆچەک)ی سەر بە ناوچەی شوان لە سەر خڕی خاسە دانا .. ئێمە ئەوسا لە نەرویج گرووپێکمان ھەبوو بە ناوی (گرووپی داکۆکیکردن لە کەرکووک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان).. لە نووسینێکی ناڕەزاییدا، رەخنەمان لە وەزیری ئاودێریی و لە پارێزگاری کەرکووک گرت.. داوامان کرد کە ئەم پرۆژەیە بە ناوی (بەربەستی خاسە) یا (بەربەستی شوان) ەوە ناو بنرێت، چونکە لە سەدا (٧٥) ی خڕی خاسە و سەرچاوەکەشی دەکەوێتە ناوچەی شوان .. یەکسەر راگەیاندنە تورکمانییەکانی کەرکووک بە (خاسە چای سەد) ناویان برد .. ئیستاش داوا لە (دکتۆر نەجمەدین کەریم) پارێزگاری ئێستای کەرکووک دەکەین .. کە واخەریکە ئەو بەربەستە تەواببێت .. پێویستە بە ناوێکی کوردییەوە ئەو بەربەستە بکاتەوە.‌. داواشی لێ دەکەین کە ناوی ناحیەی قەرەھەنجیر بگەڕێنێتەوە بۆ ناوە کوردییە رەسەنەکەی (ھەنجیرە)، ھەروەھاش ناوی (قەرەحەسەن) یش بۆ (خاڵەبازیانی).

بایکۆتکردنی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە و بەروارەی سەرەوەدا ، لایەن گروپی کوردییەوە.. لەجێی خویدا بوو.. داواکارین تەنھا بەو بایکۆت کردنە وازنەھێنن.. بەڵکو سەرکۆنەی ئەو بیرە بۆگەنەی ئەندازیاری دڵکرمێ و شۆڤێنی (سامی عەبدولعەزیز).. پێویستە گرووپی تورکمانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، داوای لێ بوورد لە کورد بکات.


نەرویج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک