٢٣\٢\٢٠١٦
تۆیت یان نا؟

فەرهیدوون سامان
پێم بڵێ...
لەو ھەموو تەنگەتاویەی ماڵاواییدا
دوایەمین گۆرانی ژیانم
تۆی یا نا...
لەوھەموو بێھیودەی ساتەکانی داڕمانم
دوایەمین ھەناسەکانی جاویدانەی ئەڤین
تۆی یان نا...
پێم بڵێ...
بەڵام نەک بە زمانی تاڵی مردن
کە لە قوڕگی پاسارییەکاندا دەگەڕێ
یان لەسەمای مەرگی ئەو گەڵا وەریوانەی
کە خەزانیش نەیەت کەچی ھەڵدەوەرێن،
من کە ھەرگیز نازانم بۆ لە روانینی ئەو چاوانەی
کە ھەمیشە لە پەراوێزی ئاوێنەدا جێ دەمێنن
یان لە مەودای گەڵا زەردەکانەوە
مەتەڵی پاییزەکان دەھۆننەوە
یان لە ساتەکانی ئەوپەڕی بێھودەییم
بیر لە مردنم دەکەیتەوە
بیر لەھاتنی کەسێک کە ھەرگیز نایەت
دەروازەکانی بەختەوەریت بۆ واڵاکات
نامۆ بە خێڵی لەباربردنی گوڵەکان
ئەتککردنی ئاو..
پێم بڵێ..
ئەگەر دەرفەتێک ماوە بۆ ھەناسەدان
بۆ ئامێزی گەرمی ئاسوودەیی پاسارییەکان
بۆ ئاشتەوایی نێوان چقڵ و گوڵەکان...
ئیتر ئەگەر نەبیت بە چاوساغانی بەرلەشکری خێوەکان
من لە ئێستاوە رادەستی تۆم
ئاڵای سپیت بۆ ھەڵدەکەم.
رەشەمەی ٢٠١٦
ماڵپهڕی فهرهیدوون سامان
|