١١\١٠\٢٠١٩
ترامپ لە
بایەخی کوردەکان کەم دەکاتەوە!
ترامپ
دەڵێت: ''ئەوان لەجەنگی دووەمی جیھاندا
یارمەتییان نەداین، دۆزینەوەی ھاوپەیمان بۆ جەنگی داعش ئاسانە''.
رۆژی چوارشەممە، سەرۆک ترامپ گوتی:" ئەگەر کوردەکانی سووریا بەھۆی
جەنگی تورکیاوە ئەوێ چۆڵ بکەن و بڕۆن، زۆر ئاسانە بۆ وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھاوپەیمانیێتی نوێ بنیاتبنێ. خۆ ئەوان لە جەنگی
دووەمی جیھانیشدا یارمەتیان نەداوین، ئەوان بەس خەمی خاکی خۆیان بوو،
بۆ خاکی خۆیان تێدەکۆشان.".
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی چوونەناوەوەی تورکیا بۆ سووریا ترامپ
گوتی:"لەگەڵ ھەموو ئەم شتانەدا، ئێمە کوردمان خۆشدەوێت". ئەم
لێدوانانەی ترامپ نافەرمیی بوون و لەئاھەنگێکی کۆشکی سپییدا کە بۆ
ئیمزاکردنی ھەندێ بابەت کەپێوەندیی بەم کێشەیەوە نەبوو، گوتران. ئەمەش
لەکاتێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکا ھەموو ھەوڵی خۆی خستبووە کار بۆ
راستکردنەوەی گوتە چەوتەکانی ترامپ دژی کوردەکانی ھاوپەیمانی ئەمەریکا
و، لەبارەی ھێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی تورکیا و گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی
رۆژی یەکشەممەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان.
لەبەیانێکی نووسراودا؛ ترامپ ھانی تورکیا دەدات کە خەڵکی سڤیل بپارێزێ
و ھۆردوگای دیلەکانی شەڕکەرەکانی داعش بپارێزێت. دەڵێت:'وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرپرسیارێتیی دەخاتە ئەستۆی ھاوپەیمانەکەی خۆی
لەناتۆ دەربارەی ئەنجامەکانی ھێرشکردنەسەر شەریکێکی سەرەکیی ئەمریکیی
لەنەھێشتنی تێرۆردا، ھەروەھا لەبەیانەکەدا دەڵێت:ئەم ھێرشە بیرۆکەیەکی
خراپ بوو". دەشڵێت تورکیا بەڵێنی داوەکە نەھێڵێت قەیرانێکی مرۆیی
رووبدات، گەرەنتی ئەوەش بکات کە نەھێڵێت داعش خۆی بەھێز بکاتەوە. لە
دیمانە رۆژنامەوانییەکەشیدا گوتی:"پێشبینی ئەوە دەکەم ئەردۆغان
ھێرشەکەی بەشێوەیەکی مرۆڤانە ئەنجام بدات، پێویستە ئەمە دیاریی بکەین و
لەسەری سووربین، دەتوانێت نەرم بێت. دەشتوانێت بەسەختی ئەنجامی بدات.
ئەگەر کەبەشێوەیەکی دادوەرانە نەیکات، ئەوا تورکیا باجێکی گران دەدات.
ھەر لەم ھەفتەیەشدا ترامپ گوتبووی:(ئەگەر تورکیا خراپ ھەڵسوکەوت بکات
ئابووری وڵاتەکەی وێران دەکات، بەڵام دیاریی نەکردبوو، خراپ چییە.بەڵام
تا رادەیەکی زۆر دژی ئەو جەنگەی نێوان تورکیا و کوردەکان بوو کە
ئەنجامی چەندین سەدەی رقی نێوانیانە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەنابێت
ئەمەریکا بەشداریی تێدابکات.
کۆمارییە دیار و ناودارەکانی ناو کۆنگرێس، دەربارەی کێشانەوەی ٥٠ تا
١٠٠ سەرباز لەسنووری سووریا و تورکیا و وازھێنانی لە کورد؛ رەخنەی
توندیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکا کرد، ئەوان وەک ھێزێکی
نێوانگرخزمەتیان دەکرد. ترامپ شەوی یەکشەممە رایگەیاند کە تورکیا
لەنەخشەی خۆیدا بۆ باکووری سووریا بەرەوپێش دەچێت. ھێزەکانی ئەمەریکاش
نە لەوێ دەبن و نە لەدەوروبەری و نە لەپشت پەردەوە و نە وەزارەتی
بەرگریی بەدوایدا دەچێت. ئەمە وای لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی
ئەمەریکیی کرد کە بکەونە خۆ و بەپەلە ھاوپەیمانەکانی دیکەیان کە ھێشتا
لەسووریا ماون وەک بەریتانیا و فەرەنسا دڵنیا بکەنەوە و، بڵێن ئێمە
ھێزێکی کەممان لەسوریا کشاندووەتەوە و ھێشتا ١٠٠٠ سەربازمان لەباکووری
سووریا ماوە. ئەوان گۆڕانیان بەسەردا نایەت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھێرشی یەکلایەنەی
تورکیای لە سووریا سەرکۆنە کرد و، بەیانی پێنجشەممە؛ داوای
کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد. لە توێتیکیشدا و لەناو
کۆشکی سپیشدا لەتێبینییەکانی خۆیدا ترامپ دەڵێت:(کێشانەوەی ھێزەکانی
ئەمەریکا بەئامانجی کۆتاییپێھێنانی شەڕی یاخییبوانێکە کە دوو دەیەیە
فۆکوسی سەربازیی ئەمەریکای سەرقاڵ کردووە). ھەروەھا لەکۆشکی سپییدا
ترامپ گوتی: بەرای من خراپترین ھەڵەیەک کە وڵاتەیەکگرتووەکان کردبێتی؛
ئەوەیە کە خزاوەتە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە. "ئێمە بووینە پۆلیسی ناوچەکە،
ئێمە کارێک دەکەین کە دەبوایە وڵاتانی تر خۆیان بیکەن". ھاوکات
کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێس لەھۆشدارییدان بەردەوامن و پێیانوایە کە
ھێرشی تورکیا ھەڕەشەیە بۆ سەر بەرژوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان،
پێشڕەویی تورکیا بۆ سوریا لەگوڕو تینی دژایەتیی داعش کەمدەکاتەوە و
دەستدرێژیشە بۆسەر ھاوپەیمانەکانمان لە ھێزی بەرگریی، ئەم ھەنگاوە بۆی
ھەیە کە دووبارە ئەلقاعیدە و ئێران لەناوچەکەدا جێپیی خۆیان بکەنەوە،
ئەمە گوتەی سەرۆکی کەمایەتیی ناو کۆنگرێس کیڤن ماکارپی بوو. ھەروەھا
داوای لەتورکیا کرد دەستبەجێ ھێرشەکەی بوەستێنێ و لەگەڵ ئەمەریکا
پێکەوە ئارامی ناوچەکە لە داعش بپارێزن. سوریای دێمۆکراتی بەو ھێزانە
دەگوترێت کە کوردەکان بەسەریدا زاڵن و، دژی توندڕەوەکان؛ لەسەر زەویی،
ھاوپەیمانی سەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان بوون. ھەروەھا "لیز چینی"
سەرۆکی گرووپی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی:"ئەم بڕیاری
کشانەوەیە لێکەوتەی خراپی دەبێت و دەتوانین پێشبینی بکەین". ئەم
بڕیارەش یارمەتی دژەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەدات وەک رووسیا و ئێران
و تورکیا ھاوکات دەبێتە ھۆی بوژانەوەی داعش. ھەروەھا نوێنەر "ماک کول"
(ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە پارتی کۆماریی) و کۆمارییەکی دیارە لە
کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا گوتی:"ئەو دیمەنەی
ئەمڕۆ لەسووریا دەیبینین جێی قەبووڵکردن نییە و دەبێت دەستبەجێ
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بوەستێنێت کە بەڕاستیی زیانی گیانیی بە خەڵکی
سڤیل گەیاندووە. من لەگەڵ ھاوکارانمدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەیەکەوە؛
خەریکی چارەسەری ئەم رەوشە دینامیکییەین".
دێمۆکراتەکان:
دێمۆکراتەکان کە تائێستا و لەدەستپێکی کشانەوەی ئەمەریکاوە زۆربەیان
بێدەنگ بوون کەوتنە رەخنەگرتن. رۆژی چوارشەممە؛ زیاتر لە ٥٠ ئەندامیان
لە ئەنجوومەنی نوینەران وتەیەکی نووسراویان ئاراستەی ترامپ کرد و،
داوایان لێکرد؛ پێشئەوەی کار لەکار بترازێت لەم بڕیارە پەشیمان ببێتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە، ھەوڵەکانی
نەھێشتنی تێرۆر دەخاتە مەترسییەوە. دەبێتە ھۆی لەدەستانی متمانەی وڵاتە
یەکگرتووەکان لەلایەن ھاوپەیمانەکانی ئێستامان و ھی داھاتووشمان."
ئەوانەی ئەم نووسراوەیان ئیمزاکردبوو، لەناو حیزبدا نوێنەرایەتی رای
سیاسیی فراوان دەکەن.
چاودێرانی سەربازیی ئەمەریکیی کە بەچڕی ئاگاداریی رەوشەکەن؛ دەڵێن:
تورکیا دامەزراوە سەربازییەکانی کوردەکانی کردووەتە ئامانج و بڕێکی لەو
چەک و کەرەستە سەربازییانەش لەناوبردووە کە ئەمەریکا پێیداون.
بەرپرسێکی دیکە بەو مەرجەی ناوی نەبرێت، دەڵێت:"ئێمە بۆمان نییە
بەئاشکرا لەم باسە بدوێین، ھەندێ لەو ھێرشە ھەواییانەی تورکیا؛ تەواو
لەشوێنی پڕ لەدانیشتوانی سڤیلیان داوە، لەبەر ئەو ھێرشانەش بەرپرسێکی
ھێزەکانی سووریای دێمۆکراتی گوتوویەتی؛ ئەوان ھێزەکانی خۆیان لەدەوری
ھۆردوگای دیلەکانی داعش کەم کردووەتەوە. لە کۆشکی سپیش ترام
گوتی:"وڵاتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی دیاریکراوی لە شەڕکەرە خراپەکانی
داعش دەستگیرکردووە و گواستوونییەوە، ئەو پێشبینی ئەوە دەکات تورکیا
دەست بەسەر ئەو ھۆردوگایانەدا بگرێت کە کوردەکان جێیدەھێڵن. زۆر لە
شەڕڤانە کوردەکان ئەوێیان بەجێھێشتووە و بەرەو بەرەکانی پێشەوەی شەڕ
رۆیشتوون. بەرپرسێکیان گوتوویەتی؛ لەئێستادا ھەموو ئۆپەراسیۆنەکانی
تایبەت بە دوڵەتی ئیسلامیمان وەستاندووە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست
١٠\١٠\٢٠١٩
وەرگێڕانی: مستەفا
|