په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠١٢

توندوتیژیی لە قامچیەکەی کاروان عەبدوڵادا.


یاسین برایم      


قامچی سەرێکی لە دەست جەلادو ستەمکاران دایە و سەرەکەی تریش ، ئاگری ئۆف و ئازار لە جەستەی کەسێکی بیگوناە و تۆمەتبار یان تاوانبارھەڵدەستێنێت .بیستنی وشەی قامچی ترس داماندەگرێت و سەری جەلاد و مرۆڤێکی چاو سوورمان دێتە بەر چاو ، کە بە دەستی ڕاستی قامچی دەخێوێنێتە جەستەی مرۆڤێک. مێژووی مرۆڤایەتی بەم وشەو ئامێرە ئاشنایەو ھەزاران مرۆڤی لە ژێر ئازارەکانی ئەم ئامێرە گیانیان سپاردووە. لە وڵاتەکەی ئێمەش ، کورد بەشی شێری بەرکەوتووەو ھەموو ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ھۆگری قامچی بوون بۆ ترساندن و ئازاردان و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان و حەقبێژان و شۆرشگێران و کورد پەروەران و کادر و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان .لە سەردەمی بەعسدا ، ھەمیشە قامچی بە دەستەکان لە زیادبووندابوون، جەستەی مرۆڤی ئەم وڵاتەیان پێ شین و مۆر دەکرد . تەنانەت جەستەی ھەرزەکارو کچ و ژن و بە ساڵاچووانیش ، کە ھیچ تاوانیشیان نەبووە لە ئازارەکانی قامچی بێبەش نەبووینە . ئەوا لە پرۆسەی ئەنفال ، چیرۆکی ئەوانەی لە ژێر قامچی دەبورانەو گیانی پەپولەیان دەسپارد، ھیندە زۆرە ، مرۆڤایەتی لە ئاستی ئەم گەلە چەوساوەیە شەرمەزار دەبێت . خودی ناوھێنانی قامچی تەزوو بە لەشمان دادێت و لێمان دەبێتە کابووسێکی گەورە ، بەرھەمی قامچی بۆ مرۆڤ (ترسان ، شەرم ، توندو تیژی ، گریان ، ھاوار ، خۆبەدەستەوەدان ، بوورانەوە ، مردن ، کەمئەندامبوون ، نەخۆشکەوتوون ، سوکایەتی پێکردن ، توڕەیی ، رق و تۆلە ، لەکەدارکردنی بەھای مرۆڤایەتی ، رووخاندنی رۆحی کەسایەتی ...ھتد. لێ دروست دەبێت .ھەر یەک لەم چەمکانە بە جیا لە لایەن سایکۆلۆژیشەوە کاریگەری خرابی لە سەر ژیانی کەسایەتی مرۆڤ دەبێت ،لە ئایندەدا ، ڕەنگدانەوەی لە ھەلسوکەوت و کارو کردەوەکانی دەردەکەوێت . ئاشنابوونی ئێمە بە قامچی، ھەم لە رووی دەسەڵاتەوە ھەم لە لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزان و سیستەمی پەروەردە بوونی ھەیە و ئێستاش لە گەڵ بێت بە شێوازێکی تر خۆی نمایش دەکاتەوە . ئەوەی لەم نوسینە قسەی لە سەر دەکەین ئەو قامچییەی لە دەستی جەلادو پیاو کوژو دەسەڵاتدارانی و پۆلیسەکان نییە ، بەڵکو ئەو قامچییە لە دەستی کەسە پیرۆزەکانە ئەویش مامۆستایە و تیدا بەم ھۆیەوە نەوێکی نوێ پەروەردە دەکات . لێرەدا سەفەرێکی دەکەین بە نێو کون و قوژبن و تونێلەکانی قامچیەکەی کارواندا ١. کە سیستەمی شارێکی کۆن و ناسراوی وەک رواندز بۆمان دەگێڕیتەوە ، کە چۆن منداڵ فێری پەروەردەو فێرکردن کراووە ، شیکرنەوە و ئاوڕدانەوە لە لاینە ھونەری و زمان و ڕەگەزەکانی و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ئاسان نییە لەم نووسینە جێگای بێتەوە ، مەبەستی ئێمەش ھەر خوێندنەوەیەکە بۆ سیستەمی پەروەردە کە رۆماننووس دەخاتە روو . لە ھەڵبژاردنی ناوی قامچی بۆ ڕۆمانەکە ئەوەمان پێدەڵێت وشە و رستە و پەرەگرافەکانی ناو ئەو ڕۆمانە پڕە لە توندوتیژیی و ھاوارو ئۆف و ئازار و گریان . خودی ناونیشانە کلیلی ڕۆمانەکەمان دەخاتە دەست کە باش لە چی دەکات و ھاو شێوەی (دار حەیزەران)ەکەی فەرھاد پیرباڵ . پەروەردەکردنی مرۆڤ بە بە زەبری توندو تیژی و دار ، وەک شێرزاد حەسەن وتەنی ( قوتابخانەکانی ئێمە لە بەندیخانە دەچن) ئێمەش لە دەمی پاڵەوانی نێو ڕۆمانەکە چیرۆک و بەسەرھاتە تڕاژیدیایەکانی ناو ڕۆمانەکەی قامچی لە نێو قوتابخانە بۆ نەوی نوێ دەگێرینەوە..


ڕۆمانی قامچی چیرۆکی گێڕانەوەی منداڵێکی بچووکە بە ناوی( سەرمەد )، تا دەبێتە مامۆستا . لەم ڕۆمانە ، یەک بە دوای یەکی رووداوەکان وەک زنجیرەیەک بۆمان باسدەکات . ئەو وەک ھەموو منداڵەکانی ھاوتەمەنی خۆی خەون بەوە دەبینێت بچێتە قوتابخانەو لە ترسی لێدانی دایک و باوک و براگەورەی رزگاری بێت ، بەڵام ئەم خەونە جوانەی بە پێچەوانەوە دەکەوێتەوە ، ئەو لە یەکەم ڕۆژی کە پێی دەخاتە نێو قوتابخانە و بینی سیمای توڕەو ترشی و دارەکانی مامۆستایان و تووشی ترس و لەرزدەبێت . ئەو لە لایەن دایکیەوە زۆری لە بنا گوێ خوێندرابوو لە قوتابخانە لە بەرامبەر مامۆستا ئاقڵ بێت و ھیچ قسەیەک نەکات وەکو بت بێت . کەچی لە جیاتی شیرینی پێدان و پیشوازیکردن لەم منداڵە خوێن شیرینە ، کەچی لێدان پاداشتی ئەم منداڵە دەداتەوە ." لەوە تێنەدەگەیشتم بۆچی لە سەر ھەر ئاوڕدانەوەیەک ، یان جوڵەیەک یان دالغە و بزەیەک ، زللەیەک بە پشتە سەرم دەکەوت ....ل ٥". بینینی دارمازوو وحەیزەران و شولکەدارو مەستەڕە بە دەستی مامۆستایان ئەمانەی لێدەبنە مارو ئەژدیھا، ئەوەندە ترس لە نێو دەروونی ئەم منداڵە بچووکە چەکەرە دەکات . وای لێ دێت ھەرچی بکات (راست یان ھەڵە) لە لێدانی و کوتانی مامۆستایەکان دەرباز نابێت .لە سەر دالغە لێدان مامۆستا بە دار لێی دەدات . ترس لە مامۆستا وادەکات لە کاتی تەنگاو بونیش نەوێرێت باسی چوونی بۆ ئاوەدەست بکات. ئەمەش وا لەو منداڵە بەستەزمانە دەکات لە وانەیەک بقەومێنێت " ھەستم کرد شتێکی گەرم لە نێو رانمدا پەرش و بڵاودەبۆوە ...ل٧" . ئەمجارەیان ھاتنە قوتابخانە سەختتر دەبێت و شەرم داگرتن لە نێو قوتابیان و ھەست بە کەم کردن ، ئارامی لێ دەبرێت ، لە ماڵیش دایکی بەم بەزمە لە جیاتی دڵدانەوەی منداڵەکەی ، پاداشتی خرابی دەداتەوەو ئازاری جەستەی دەدات"دوای ئەوەی لە ماڵەوەش دووسێ زللەم بە دەستی دایکم خوارد وپشتە دەستی چەپیشم داغ کرا ...ل٨" ئازارو ژانی دەست داغکردن و ترس لە زانینی باوکی لەم بەسەرھاتە نەیدەزانی چۆن کاتەکانی تێدەپەرێت، ئەوە بوو ڕۆحی دەرنەدەچوو ، شەویش بەدەم ئازارەوە خەوی لێدەکەوێت .ترسان وای لێدەکات ئەمجارە میز بەخۆداکردنیش بێتە سەر . کاتی بەیانی دایکی دەستی کوڕەکەی دەگرێت بۆ قوتابخانەی دەیبات لە بەردەمی دەرگای قوتابخانە مامۆستای دەست بە دار وحەیزەران دەبینێ ، ترسەکانی زیاتر دەبێت .. وانەیەکی تر لە ترس فێر دەبێت و جاریکی تر کەسایەتی ئەم منداڵە لە لایەن مامۆستایەک زامدار دەبێت " ئەمە ھەر برمیز نییە ، گرینۆکیشە ..ل٩" لێرەشدا ، دایک وەک پاڵەوانێک و وەک شانازیکردنێک بە خۆی، لە بەردەم مامۆستا ئەو توندو تیژیەی بەرامبەر منداڵە شیرینەکەی خۆی کردووە بۆ مامۆستا دەگێرێتەوە وەک مژدانە پێی دەدات . وەک بڵی گەورەتریت تاوانباری سزا داوە "جاریکی تر میز بە خویدا ناکا ، تەمبێم کردووە .... لێم داوە بۆ ھەموتانم تەمبێکردووە !...ل٩". ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردن لە بەرامبەر بە قوتابیان دەبێتە خووێکی ڕۆژانە ، بگڕە جنێو و قسەی ناشیرین و سووک نەک ھەر بە قوتابیان دەدرێت ، بە ڵکو دایک و باوکیشیان دەگرێتەوە ، کە لە دەمی ھەندێک لە مامۆستایەکان دێنە دەر.لە بەردەم بێدەنگبوونی منداڵەکان ، مامۆستاش دەبێتە جەلاد و توقێنەرو جنێودەر." ھەستە دەی بڕۆ ماڵەوە ... با گوش بەخۆتدا نەکەی ل١١" ، "دانیشە فزەت لێوە نەیێ! ل ٢٥" ، "بڕۆ ملت بشکێنەو دانیشە ل٢٥" لە بەردەمی بێدەنگکردنی قوتابیەکی کچ، مامۆستا بەم شێوە وەڵامی دەداتەوە " زمانت بگڕە بێحەیا ".


توندو تیژ مامۆستایان دەبێت دیاردە بە ڕەحمترینیان ڕۆژانە چەند قوتابیەک دارکاری دەکات و زللەو شەق و پێلاقە دەوەشێنێتە جەستەیان . لێدان بۆ قوتابیانیش وەکو یاریکردنی لێدێت و دەبێتە شتێکی ئاسایی واتە ( خوێندن + لێدان ) وەک ھاوکێشەیەکی پەروەردەی و ماتماتیکی لە مێشکیان چەسپ دەبێت. زۆر جاریش لە سەر ھەڵەی قوتابییەک لە پۆل (تەڕو ھیشک بەیەکەوە دەسووتێن !) و ئاگر لە دەستی قوتابیان ھەڵدەستێت . سەرمەد لە بەرامبەر دڵڕەقی مامۆستایان ، ھەست بە کەمی و پاڕانەوەی سووک دەکات.ھەست دەکات کەس گوێ لە قسەو ڕاستیەکان ناگرێت . ئیدی ئەمەی لێ بووە بەرنامە ، ( قوتابخانە) مانای لێدان و تێھەڵدان و دارکاری کردن لە لایەن مامۆستاو بەڕێوەبەری قوتابخانە. زۆر جاریش بەردەستی قوتابخانەش ناڕاستەوخۆ دێتە ناو ئەو ھاوکێشەیەو بەشداری دەکات لە ھێنانی دار و گێڕانەوەی ئەو رووداو وکێش و ھەلانەی لە لایەن قوتابیان ئەنجامیان دەدا .سەرمەد لە بەرامبەر شەڕێک لە دەرەوەی قوتابخانە ئەنجامداروەو بێتاوانیش بووە ، کەچی لە سەر ئەم کێشەیە لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە سزادەدرێت . کاتێ ئەمە بۆ بەڕێوەبەرەکە دەگێرینەوە چاوی دەچێتە تۆقی سەر . بە بەردەستەکەی دەڵێت " وەرە سەرمەد بیخەرە ئەم ئاودەستخانەیە! ...". لە ئاوەدەستخانە دەکرێت . ئاودەستخانە زیندانی قوتابیان بووە ، ئەمەش پیسترین و گەورەترین سزا بووە بۆ ئەوانەی سەرپێچیان کردووە .بێجگە لەم ڕۆمانە کە باس لە سیستەمی پەروەردەو توندوتیژیی لە قوتابخانەنەکانی رواندز دەکات ، ڕۆمانی (تەمی سەرخەرەند)ی (شێرزاد حەسەن )ە ، کە ھەمان سیستەمان بۆ دەگێرێتەوە کە پڕە لە لێدان و ئازاردانی قوتابی بەدارحەیزەران و جنێوو و قسەی سووک ، لەو ڕۆمانە ئەوھا باس لە تورەیی مامۆستا عوسمان دەکات کە لە ژوورەکەی سەت تفی دەکاتە دەم و چاوی قوتابی و ناشھێلێت تفەکانی لە رووخساری بسرێتەوە "بێ ئەدەب ... تفی من بە پیس دەزانی ... بە شەرەفم لە مەکتەب دەرت دەکەم ... بە ئیمانم لە ئاودەستخانە حەپست دەکەم ... کەر کوڕی کەر ...بەم بەیانیە زووە کەس ھاتوە بۆ مەکتەب ؟ بە شەرەفم ھەر دە نمرەی ئەدەبەکەت لێ دەستێنمەوە ... ھەی بێ شەرەف .... ل٨٨-٨٩"٢. کاری توندو تیژی و لێدان و ئازادانی جەستە دەبێتە پیشەیەکی ڕۆژانە وەک کوردەواری وتەنی پێستیان دەخارێت و وەک ئاو خواردنەوەیان لێ ھاتووە . سەرمەد ئەمە وەک لێ ڕاھاتن و خۆھەڵدانەوە، باسیدەکات " وەک چۆن لە ماڵەوە دەبوایە ژەمی لێدان ھەبێ ، ئاوھاش لە قوتابخانە ، ئەگەر رۆژێک ، شەقێک ، دارێک ، شاپێکم پێ نەکەوتبا ، جوێنێکم پێ نەدرابوایە ، ئیسراحەتم نەدەکرد ....ل١٨ ".


لە نێو ئەو کارو کردەوەو توندوتیژییەی قوتابخانە کە ھەموو ساڵەکانی بەم شێوەیە بەڕۆکی دەگرێت وەک کارەکتەرێکی عاشق و فریشتەیەکی نەرم و نیان لە بەرامبەر یەکێک لە کچەکانی ھاوپۆلی کە ناوی (رەیحانە) یە ،دروستدەبێت و دەکەوێتە عەشقێکی شێتانە و خەمھێنەر . سەرتاپای ژیانی گەمارۆ دەدات ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەونەکانی گەورە و پیرۆزدەبێت و ھەمیشە خەیاڵی لای ئەوە ، وەک دوو عاشق ئاوێزانی یەکتر دەبن و لەم پێناوش سەرمەد قوربانیەکی زۆری داوە و ئازارێکی زۆر دەبینی . بە تایبەتی لە رووی چینایەتیەوە کە لە لایەن کوڕە ئاغایەک کۆسپ و تەگەرە دەخەتە بەردەم ژیانی ، ھەم لە قوتابخانەو ھەرم لە دەرەوەی قوتابخانە . ئەم ململانێیەش لە گەڵ ھەڵکێشانی تەمەنی ئاڵۆزترو پڕ کێشەتر دەبێت ، سەرمەد ھەموو ئەو ترس و لەرزو رق و تینە لە منداڵی لە بەرامبەری ئەنجامدارە ، لە (خێزان + قوتابخانە + کۆمەڵگا ) کاریگەری لە سەر کەسایەتی ئەودا بەجێ دێلێت لە زۆر لایەن بە دوای رق و تینەو تۆلەکردنەوە دەگەرێت . بە تایبەتی ئەو کاتەی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا . دەگەڕێتەوە ئەو قوتابخانەیەی ، کە یەکەم جار ئەو چویتە بەر خوێندن ، ئەو قوتابخانەیە لای ئەو شوێنی فەلاقە ولێدان و زەللەو گوێڕکێشان و جنێو و قسەی ناشیرین بووە . ئەو سەرتا دەیویست دارحەیزەران بە دەست نەگرێت و جیا بێت لە مامۆستایەکانی تر ، بەمەش خۆی بە دوور دەگرێت لەو مامۆستایانەی دار بە کار دێنن بە تایبەتی بەڕێوەبەر . لە بەر ئەو ڕەفتارەی سەرمەد، لە لایەن مامۆستا ھاوڕێیەکانیەوە توشی لۆمەو توانج دەبێتەوە ، بەڵام ڕەفتاری نابەجێی ھەندێک مامۆستا و بزێوی و ھاری ھەندێک لە قوتابیان وای لێدەکات ببێتە کۆپی مامۆستایەکانی خۆی و ببێتە مامۆستایەک لە بەرگی جەلاد . ئەویش قەناعەتی بەو دێت کۆتک دەزانێ قۆناغ لە کوێیە ! چارەسەری زۆر لە کێشەکانە .بۆیە رۆژێ بە ناو قوتابیان دەکەوێت و پۆلەکە پڕ دەکات لە رق و تۆلەو ھاوار "رادەی تووڕە بوونەکەم ھێندە زۆر بوو لە حەژمەتان بە نێو ھەموویان کەوتم . ل٢٠١ " .ئەمە نەک ھەر بەدار ، بگڕە لە سەر ئەوەی قوتابییەک لە بەرامبەری قسەیەک دەکات و قوتابیانی تر پیدەکەنن و چۆن ھەڵدەچێت. " خۆم گەیاندە قوتابیەکە و تا ھیزم تیا بوو مستێکم لە نێو دەمی داو خستمە سەر زەوی. ل٢٠٢ "ئەمەش بەس نابێت بۆئەوە تۆلە لە قوتابیان بکاتەوە ، بەڵکو زۆرجاریش لە ماڵەوە رەیحانەی ھاوسەری دەکوتا و خۆشی نەدەزانی بۆچی ئەم رەفتارانە ئەنجام دەدات . ئەو لە سەر ھەمان کولتووری توندو تیژی و تۆلە ، کەسایەتی خۆی دروست دەکات بە زەبری قامچی بوونی خۆی دەسەپاند ، ڕۆژ بە ڕۆژیش رق و تینەکەی لە نێو دڵ و دەروونی بە ھیز تر دەبوو و ژیانی دەبێت بە مرۆڤێک پڕ لە توندو تیژی و تۆلە.. ئەوەی لە نێو ئەم ڕۆمانەو لەزەت بەخشە بە دەر لە عەشقی رەیحانە بوونی کۆمەڵێک کەسی خۆشەویست و ژیاندۆستی شارەکەیە کە لە نێو خەڵک بە شێت و کەم ئەقل ناوزەند دەکرێن. لەم ڕۆمانە ، ئەوان ئەم توندو تیژیە نانوێنن و دەست ناوەشێنن و ھەر یەکی چیرۆک و بەسەرھاتی خۆش و بەرھەم دەھێنن ، بە ناوھێنانی (عەبدوڵڵا شێت) (عەلیەجڕ) و (خەلیفە حوسێن) و (قاسمە قوڵ) و (فەقێ شێت ) دونیایەک لە جوانی ئەو مرۆڤە کۆچکردووانە لە مێشکی خوێنەر زیندوودەکاتەوە و شێتەکانی رواندز لە بەرگی فریشتە زیندوو دەبنەوەو داوای خۆشی و بەختەوەری و ئارامی ژیان بۆ خەڵکی شارەکە دەکەن . ئەوان دوور لە توندو تیژی قامچی و خەندە دەخەنە سەر لێو خەڵک .لە ئەنجامدا پەیامی قامچی ئەومان پیدەڵێت پەروەردە بە شێوەیەکی توندو تیژی وبە زەبڕی قامچی ، لە ئایندە کەسێکی تۆلە ستێن و قامچی بە دەستمان بۆ دروستدەکان . بۆئەوەی مرۆڤەکان بە ئاسوودەیی ژیان بگوزەرێنن ، پێویستە قامچیەکان فڕێ بدرێن و ببینە فریشتە ئاسا لە نێو ماڵ و خێزان و قوتابخانەو کۆمەڵگا . بۆ ئەمەش دەبێت دوور بین لە قامچی و نەفرەتی لێ بکەین!!
___________________________________________
سەرچاوە:
١- کاروان عەبدوڵڵا، رۆمانی (قامچی) ،دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، ھەولێر، چاپی یەکەم ،٢٠٠١.
٢- شێرزاد حەسەن، رۆمانی (تەمی سەرخەرەند)، دەزگای ئاراس، ھەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠٠٣ ،ل ٨٨ - ٨٩.

 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک