په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٨\٢٠١٣

توندوتیژیی لە (تەورات)دا.
لاپەڕە خوێناوییەکانی (موسا و یەشوع) وەک نموونە.


شازین ھێرش      

- بەشی دووەم (کۆتایی) -

 

یەشوع جکە لەوەی خاکێکی پڕ لە دانیشتوانی بە ژن و منداڵ و ئاژەڵەوە کۆمەڵکوژ کرددووە، بەمەش ڕۆحی سادە و شەڕەنگێزی دانەمرکاوە کەچی نەفرەت لەو کەسانە دەکات کە شارێکی وەک ئەریحا ئاوەدان دەکاتەوە و سوێند دەخوات بە خودا ھەر کەسێک ویستی دووبارە ئەم شارە درووست بکاتەوە بە مەرگی نۆبەرەکەی بناغەی دادەنێت و بە مەرگی منداڵە بچووکەکەی دەرگاکەی بنیات دەنێتەوە. جا لە پاش کاولکردنی شاری ئەریحا و کۆمەڵکوژکردنی دانیشتوانەکەی، بەنوئیسرائیل لەبەرامبەر لەشکری "عای" دەشکێن ئەویش بەو ھۆیەوە کە خودا غەزەبی لێگرتوون، چونکە یەکێک لە بەنو ئیسرائیل خیانەتی لە غەنیمەتەکەدا کردووە و لە قەدەغە کراوەکەی خوداوەندی بە مەبەستی شەخسی دزیووە و سەرئەنجام یەشوع دەیگرێت و بە خۆی و ماڵ و منداڵ و سامان ئەو دەستکەوتەشی کە بۆ خۆی گل داوەتەوە، دەیانسوتێنێت، پاشماوەی ئەم بەسەر ھاتانەش لە کتێبی یەشوع دا بەم شێوەیە ھاتوە:

((بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە قەدەغە کراوەکە ناپاکییان کرد، عەخانی کوڕی کەرمی کوڕی زەیدی کوڕی زارەح لە ھۆزی یەھوزا لە قەدەغە کراوەکەی برد، جا تووڕەیی خوداوەند بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لای "بەیت ئاڤنە"وەیە و کەوتووەتە خۆرھەڵاتی بێت ئیل پێی گوت: "سەرکەون سیخوڕی زەوییەکە بکەن". پیاوەکانیش سیخوڕی عایان کرد، ئینجا گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: "با ھەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنھا نزیکەی دووھەزار یان سێ ھەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، پێویست ناکات ھەموو گەل ڕەوانەی ئەوی بکەیت، چونکە بە ژمارە کەمن"جا نزیکەی سێ ھەزار کەس سەرکەوتن بۆ ئەوێ، بەڵام لەبەردەم عای ھەڵھاتن و خەڵکی عای لێیان دان و نزیکەی سی وشەش پیاویان لێ کوشتن و دوایان کەوتن، لەبەردەم دەروازەکەوە تا شباریم و لە لە لێژاییەکەدا لێیان دان، جا گەل ڕەنگیان بە ڕووەوە نەما، یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی خوداوەنددا کەوتە سەر زەوی و تا ئێوار خۆی و پیرانی نەوەی ئیسرائیل خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد، ئینجا یەشوعی گوتی: "ئای خوداوەندم خوداوەند، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ئۆردون پەڕاندەوە تا بماندەیتە دەست ئەمورییەکان و لە ناومان بەرن؟ خۆزگا بەوەندە قایل دەبوویت و لەو بەری ئۆردون دەماینەوە، ئای خوداوەندم، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی بەنو ئیسرائیل لە بەرامبەر دوژمنەکانیدا بەزین؟ جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتوانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر زەوی دەسڕنەوە، ئەی چیدەکەی بۆ ناوی گەورەیی خۆیت؟".

ئینجا خوداوەند بە یەشوعی گوت: ھەستە، بۆچی ئاوا بەسەر زەویدا کەوتووی؟ نەوەی ئیسرائیل گوناھیان کرد و پەیمانەکەیان شکان، کە فەرمانم پێکردبوون و قەدەغە کراوەکەیان برد و دزیان کرد و نکۆڵیان لێکرد و لە ناو شتەکانی خۆیان شاردیانەوە، ھەر بۆیە نەوی ئیسرائیل نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕاوەستن و بەزین، چونکە بوونەوەرگەلێکی نەفرەت لێکراوە، لەمەوبەداوەوە لەگەڵتاندا نابم ئەگەر ئەو نەفرەتە لە ناو خۆتاندا بنبڕ نەکەن. ھەستە گەل پیرۆز بکە و پێیان بڵێ با بۆ بەیانی خۆیان پیرۆز بکەن، چونکە خوداوەند، خوادوەندی بەنۆ ئیسرائیل وای فەرمووە، ئەی ئیسرائیل لە نێوتاندا نەفرەتێک ھەیە و بۆیە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕاوەستن تا ئەو نەفرەتە لە نێو خۆتاندا دانەماڵن. جا ئەو کەسەی قەدەغە کراوەکەی پێوە دەگیرێت دەسوتێنرێت، چونکە پەیمانی خوادوەندی شکاندووە و کارێکی دزێۆی لە نێو ئیسرائیلدا ئەنجامداوە".

ئینجا یەشوع خێڵی زارحی گرت و پیاوەکانی ھێنایە پێشەوە و پاشان عەخانی کوڕی کەرمی کوڕی زەیدی کوڕی زارحی گرت کە سەر بە خێڵی یەھوزایە، ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: "کوڕی خۆم تکایە، خوادوەند، خوادوەندی ئیسرائیل پیرۆز بکە و دانی پێدا بنێ و پێم بڵێ چیت کردووە و لێمی مەشارەوە".

عەخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: "بەراستی من بەرامبەر بە خوادوەندی ئیسرائیل گوناھم کردووە و ئاوا و ئاوام کردووە، لە نێو دەستەکەوتەکاندا (غەنیمەت) بەرگێکی شەنعاری گران بەھا و دووسەد شاقڵ زێو و قاڵیە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقڵ دەبوو، حەزم لێکرد و بردم و ئەوەتا لە ژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردوومەتەوە و زێوەکەشی لە ژێرەوەیە".

جا یەشوع چەند کەسێکی نارد بۆ چادرەکە و بینیان ئەوەتا لە نێو چادرەکەدا شارداونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە و ئەوانیش شتەکانیان لە نێو چادرەکەدا ھەڵگرت و بۆ یەشوع و ھەموو نەوەی ئیسرائیلیان ھێنا و لەبەردەم خوداوەنددا دایاننا. ئینجا یەشوع عەخانی کوڕی زارەحی لەگەڵ زێو و بەرگەکە و قاڵیە زێڕەکە و کوڕ و کچەکانی و گاو و گوێدرێژ ومەڕەکانی و چادرەکەیی و ھەموو ئەو شتانەی کە موڵکی ئەو بوون بردیان و سەریانخستن بۆ دۆڵی عەخوڕ. ئینجا یەشوع گوتی: "چۆنت لێ تێک داین خوداوەندیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێک دەدات". ئینجا ھەموو نەوەی ئیسرائیل بەردبارانیان کردن و بە ئاگر ھەموویان سووتاندن و کۆمەڵە بەردێکی گەورەشیان بەسەردا کەڵەکە کردن کە تا ئەمڕۆش ھەر لەوێیە. ئینجا خوداوەند لە جۆش و تووڕەییەکەی سارد بوویەوە و ئەو شوێنەش تا ئەمڕۆ بە دۆڵی عەخور (تێکدان) ناو دەبریت)) (١٦).


ئێمە لێرەدا دەپرسین ئایا عەخانی کوڕی زارەح خیانەتی لە ماڵی خودا کردووە یان ژن و منداڵەکانی؟ ئایا نەدەکرا خودا ئەوەندە دڵڕەق و تۆڵەسێن نەبووایە و تەنھا تۆڵەی لە عەخان بکردیایەتەوە و ژن و منداڵکانی عەفوو بکردایە؟ ئەی تاوانی ئەو ھەموو ئاژەڵانەی کە موڵکی عەخان بوو، چی بوو؟ کە ئەوان ھیچ تاوانێکیان نەکردووە و تەنھا ڕۆح لەبەرێکی بەستەزمان بوون و ھیچی تر! دووبارە دەپرسین بۆچی تووڕەیی و جۆشی خوداوەند لە ئاینە سامییەکاندا (جولەکە و ئیسلام) ھەمیشە بە غەزەب و نەخۆشی تاعوون ناردن بۆ میللەتان دەنیشێتەوە، ئەی ئەگەر خودا پێشتر ھەموو شتێکی لە چارەمان نوسیووە ئیتر بۆچی تۆڵەمان لێدەکاتەوە؟ ئەمە لە کاتێکدا کە ھەرچی گومڕایی و و گوناە و کوفر ھەیە کە مرۆڤ تووشی دەبێت پێشتر لە (لە وەحی مەحفوز) دا تۆمار کراوە و بەم پێیەش بێت مرۆڤ ھەر گوناە و تاوانێک بکات، تاوانبار نییە و پێشتر لە چارەی نوسراوە، جا ئیتر نازانین بۆچی خوداوەند لێمان تێناگات و ھەرجارەوە بەڵایەکمان بۆ دەنێرێت؟ من ئەگەر کەسێکی باوەڕدار بم بە ئاینی جولەکە یان ئیسلام، ئەوا ھەرگیز تاغوت و دیکتاتۆرەکانی وەکو ھیتلەر و سەدام و تەیموری لەنگ و خالیدی کوڕی وەلید و میرەکانی ئومەیە و یەشوعی کوڕی نون بە تاونبار نازانم، چونکە پێشتر لە چارەیان نوسراوە کە دڕەندە و کۆمەڵ کوژی میللەتانن و دەست لە منداڵی شیرەخۆرە و پیر و لاو ناپارێزن ــ بە کورتی: دڕەندەیەکی وەکو یەشوع پێغەمبەر شایستەی ھیچ ڕێز و گەورەییەک نییە، بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە مرۆڤێکی حەقیر و تاوانبارێک کە ھیچی لە تەیموری لەنگ و مەغۆل و تەتەرەکان زیاتر نییە، ئێمە ھەرلە منداڵییەوە ڕایان ھێناوین کە ڕێز لە پێغەمبەران بگرین و بە ئاگری قیامەت تۆقێندراوین و ھەمیشە وێنەی ئەو تاوانبارانەیان لەبەر چاو جوان کردووین، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکی بەرچاویان تاوانی وا دڕندانەیان ئەنجام داوە کە لە شەللاتیترین پیاوکوژی ئەم سەدەیە ناوەشێتەوە.


جا با بزانین لە دوای کۆمەڵکوژی بنەماڵەی عەخان و ژن و منداڵەکەی، یەشوعی پێغەمبەر چ کۆمەڵکوژییەکی تر ئەنجامدەدات و چ شەرمەزارییەکی تر دەخاتە سەر لاپەڕەی پڕ لە غەدر و تاوان کە کتێبە پیرۆزەکان بەو پەڕی پیرۆزییەوە لەم مرۆڤ کوژە دەڕوانن و بە سیقە پێکراوی دەستە ڕاستی موسای دەزانن!!


((ئینجا خوداوەند بە یەشوعی فەرموو: "مەترسە و ورە بەرمەدە. ھەموو جەنگاوەرکانت لەگەڵ خۆت ببە و ھەستە سەرکەوە بۆ عای، چونکە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەییم داوەتە دەست تۆوە و تەسلیمی بەنۆ ئیسرائیلیان دەکەم، جا ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیت کرد بە عای و پاشاکەشی بکە، بەڵام دستکەوت (غەنیمە) تەکان و ڕەشەوڵاخەکانیان بۆ خۆتان بە تاڵان بەرن و بۆسەیەکیش لە پشتی خۆتانەوە بۆ شارەکە دابنێن".


جا یەشوع ھەموو جەنگاوەرانی ھەستان ھێرش بکەنە سەر شاری عای، یەشوع سێ ھەزار جەنگاوەری پاڵەوانی ھەڵبژارد و بە شەو ناردنی و فەرمانی پێکردن و گوتی: "تەماشا کەن، لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆریش لە شارەکە دوور مەکەونەوە و ھەمووتان لە ئامادەباشیدا بن، منیش لەگەڵ ھەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر دوژمنیش دێتە دەرەوە بۆمان و ئێمەش لەبەردەمیاندا ھەڵدێین و ئەوانیش دوامان دەکەون تا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان ھەڵدێن. جا ئێمەش لەبەر دەستیان ھەڵدێین. ئێوەش لە بۆسەکەوە ھەستن و شارەکە داگیر بکەن و خوادوەندتان ئەم شارە دەداتە دەستانەوە. پاشان کە شارەکەتان گرت ئاگری تێبەر دەدەن بە پێی وتەی خوداوەند".


ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بەرەو شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن لە نێوان "بەیت ئیل"و عای دا و لە خوارووی عایدا مانەوە. یەشوعیش ئەو شەوە لە ناو گەلدا مایەوە. بۆ بەیانیش یەشوع زوو لە خەو ھەستا و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لە پێش گەلەکەیەوە سەرکەوتن بۆ عای و ھاتنە نزیک شارەکە، یەشوعیش پێنج ھەزار پیاوی بردوو کردنیە بۆسە لە نێوان بەیت ئیل و عای لە خۆرئاوای شارەکەدا. کاتێکیش پاشای عای ئەمەی بینی، بەرەوروویان بوونەوە و چوونە بەردەمی دەشتاییەکە، بەڵام نەیاندەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە. جا یەشوع لەگەڵ سوپای ئیسرائیلییەکاندا بە فێڵ و تاکتیک و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا ھەڵھاتن و شکستیان لەبەردەم دوژمن نیشاندا و پاشان لەشکری عای و خەڵکی شارەکە دوایان کەوتن تا لە شارەکە دوور کەوتنەوە و یەک پیاو لە ناو شاری عایدا یان لە بەیت ئیلدا نەمابوو کە بۆ شەڕ کردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا دەرنەچێت، جا شارەکەیان بە کراوەیی بە جێھێشت. ئینجا خوداوەند بە یەشوعی فەرموو: "رەمەکەی دەستت بەرەو ڕووی عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستەوە". یەشوعیش ڕەمەکەی دەستی بەرەورووی عای گرت، ئینجا بۆسەکە بە پەلە لە جێی خۆیان ھەستان و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و ئاگریان تێ بەردا. ئینجا پیاوەکانی عای ئاوڕیان بۆ دواوە دایەوە و بینیان شارەکەیان دووکەڵی لێ ھەڵدەستێ و ھیچ شوێنێکیش نییە بۆی ھەڵبێن نە بەلای ڕاستدا و نە بە لای چەپدا، ئەو ھێزی ئیسرائیلیش کەبەرەو چۆڵەوانی ھەڵھاتبوون دژە ھێرشێکیان بۆ سەر سوپای عای کرد و بۆسەکەشیان بۆ بەرنگار بوونەوەیان لە شارەکە ھاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عایش کەوتنە نێوان سوپای ئیسرائیلییەکانەوە و ئینجا لێیاندان و تا دوابەیەکیان قڕ کردن و کەسێکیان نەما لەو شەڕە دەربازییان بێت، بەڵام پاشای عای یان بە زیندووی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەمی یەشوع. پاش ئەوەش کە ئیسرائیل لە کوشتنی ھەموو دانیشتوانی عای بوونەوە، لە کێڵگە و چۆڵەوانی دوایان کەوتن و ھەموویانیان دایە بەر زەبری شمشێر و لە ناویان بردن. ئینجا ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ شاری عای و دایاننە بەر زەبری شمشێر. جا ھەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا لە پیاو و ژن کوژران ژمارەیان دوانزە ھەزار (١٢٠٠٠) کەس بوون، یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژ کردبوو نەیگێڕایە دواوە، تا سەرئەنجام دانیشتوانی عایی قڕ کرد، بەڵام نەوەی بەنۆ ئیسرائیل ڕەشەوڵاخ دەستکەوتی ئەو شارەیان بە تاڵان و غەنیمەت بۆ خۆیان برد، ھەر بە پێی ئەو وتەیەی خوداوەند کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو. ئینجا یەشوع عایی سوتاند و کردییە گردێکی ھەتا ھەتایی، وێرانەیەک کە تا ئەمڕۆش پاشماوەی ھەر ماوە. پاشای عایشی تا ئێوارە بە دارەوە ھەڵواسی و لە ئێوارەشدا یەشوع فەرمانی کرد و لاشەکەیان داگرت و لەبەردەم دەڕوازەی شارەکەدا فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەری کەڵەکە کرد کە تا ئەمڕۆش پاشماوەکەی ماوەتەوە.


ئینجا یەشوع قوربانگەیەکی بۆ خوداوەند خودای ئیسرائیل لە چیای عیبالدا بنیات نا، ھەروەک موسای خزمەتکاری خوداوەند فەرمانی بە نەوەی بەنۆ ئیسرائیل کردبوو و پاشان قوربانی ئاشتیشیان بۆ خوداوەند سەربڕی)) (١٧).


ئەم چەند دێڕەی کە خستمانە ڕوو نمونەیەکە لەو کردەوە قێزونەیە کە پەیامبەرێکی خوا بە ناوی یەشوعی کوڕی نون ئەنجامی داوە کە لە ئەدەبیاتە ئیسلامییەکاندا بە "یوشع"پێغەمبەر ناسراوە و بەو پەڕی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و شانازیش بەوەوە دەکەن کە شمشێرەکەی بڕەندەیە و لە جیھاد و ژن و منداڵ کوشتندا پسپۆڕە بووە، وەک چۆن "ئیبن کەسیر"لە تەفسیرە ئیسرائییلیەکەیدا بەو پەڕی ڕێزەوە لێی دەڕوانی! جا نازانین کەسێک بە کوشتنی ژن و منداڵ و ئەنفال و تاڵانچێتی ھەستابێ، خاکی وڵاتانی بە بێ ھۆ داگیر کردبێ، ژن و منداڵی خەڵتانی خوێن کردبێ، ماڵ و موڵک و سەروەتی چەندین شاری بە تاڵان بردبێ، پیشەی ڕاونان و غەنیمەت و ئەنفال بووبێ، دەبێت پیرۆزی ئەم دراکۆلا خوێنمژە لە کوێدا بێت؟ ھەموو ئەمانشی لە پێناو خودادا کردووە، چونکە گەلی جولەکە گەلی ھەڵبژێردراوی خودان، وەک چۆن "قۆرئان" باسی دەکات، بەڵام مادام یەشوع پێغەمبەرە و خودا ئامۆژگاری کردووە کە ئەو کۆمەڵکوژیانە ئەنجام بدات، ئەوا ئێمەی کافر و زەندیق بۆمان نییە ڕەخنە لەم پیاوە پیرۆزە بگرین و باس لەو کۆمەڵکوژییە بکەین کە دژی چەندین شاری دەوور و بەری ئۆردون و فەلەستین و ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی داوە، چونکە عەقڵی ئێمەی کافر زۆر لەوە بچووکترە پەی بە نھێنییەکانی خودا بەرین و تەنھا ئەویش عەلیم و خەبیرە!!


سەرەڕای ئەم ھەموو تاوانەی کە ئەم پیاوەی خودا دژی چەندین شار و ئاوایی ئەنجامی داوە، کەچی ھێشتا تینوی خوێن بووە و دەروونی نەخۆش و سادیانەی، سروشتی نیکرۆفیلیا و کەسێتییە ناھاوسەنگییەکەی پێویستی بە تێر کردنی خوێنی ژن و منداڵان و پیر و سەگ و پشیلەشە، جا با بزانین لاپەڕەکانی مێژووی ئەم پەیامبەرە خوادوەندییە بە کوێ دەگات و لە کوێشدا کۆتایی بە کۆمەڵکوژیی خەڵکانی بێ تاوان دەھێنێت.


دووبارە لە کتێبی یەشوع دا ھاتووە:


((جا کاتێ ھەموو ئەو پاشایانەی لەوبەری ئۆردن و لە دەشت و کێو و لە ھەموو کەنارەکانی دەریای گەورە و دەریاری سپی و ناوەڕاست بە لای ئوردندا، کە حیسییەکان و ئەمورییەکان وکەنعانییەکان و فێریزییەکان و حورییەکان و ئەیوبییەکان ئەوەیان بیست پێکەوە کۆ بوونەوە بۆ جەنگ کردن لەگەڵ یەشوعی پێغەمبەر و ئیسرائیل، بەڵام دانیشتوانی گەبعون کە بیستیانەوە یەشوعی چی بە ئەریحا و شاری عای کردووە، بە زۆر زانی و فێڵەوە ھاتنە لای یەشوع و خۆیان وەک بێگانە و خەڵکانێک ناساند کە لە دوورەوە ھاتیوون بۆ ئەوەی ببینە کۆیلە و خزمەتکاری ئێوە، چونکە ھەموو ئەو شەڕ و سەرکەوتنانەی ئیچوەمان بیست کە خودا ھاوکارتان بووە. یەشوعیش لە دوایدا بۆی دەرکەوت کە ئەوانە خەڵکی گەبعونن و لە ترسانا تەسلیم بوون و یەشوعیش سوێندی بۆیان خوارد کە ھیچیان لێ ناکات، ئینجا کردینیە داربڕ و ئاوکێش بۆ گەلی ئیسرائیل و قوربانگەی خوداوەند و ئینجا کاتێ ئەدۆنی ێادقی پاشا ئۆرشەلیم بیستیەوە کە یەشوع عای و ئەریحای گرتووە و ھەموو دانیشتوانەکەیی کۆمەڵکوژ کردووە و گەیعونیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیدا بەستووە زۆر ترسا، چونکە گەیعون شارێکە لە عای گەورەتر و ھەموو پیاوەکانیش پاڵەوانننجا ئەدۆنی ێادقی پاشای ئورشەلیم ناردی یە دوای ھۆھامی پاشای خییرۆن و پیرامی پاشای یەرومووت و یاخعی پاشای لەخیش و دبیری پاشای عێگلۆنی و گوتی: "سەرکەون بۆ لام و یارمەتیم بدەن با لە گەیعون بدەین، چونکە پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ یەشوع و گەلی ئیسرائیلدا بەستووە". ئینجا ئەموورییەکان کۆ بوونەوە و بە خۆیان و ھەموو سوپاکەیانەوە سەرکەوتن و دایان بە سەر گەبعوندا، جا دانیشتوانی گەبعونیش ناردیان بە دوای یەشوعدا کە لە ئۆردوگای سەربازەکانیدا لە گڵگاڵ دا بوو و پێیان گوت: "دەست لە خزمەتکارەکانت بەرمەدە و بە پەلە سەرکەوە بۆ لامان و ڕزگارمان بکە و یارمەتیمان بدە، چونکە ھەموو پاشاکانی ئەمووری و ئەوانەی لە چیادا نیشتەجێن گەلەکۆمەیان لێکردووین". ئینجا یەشوعیش لە گڵگانەوە لەگەڵ ھەموو جەنگاوەکان و پاڵەوانە بە جەرگەکان سەرکەوتن و خوداوەندیش بە یەشوعی گوت: "لێیان مەترسە، چونکە ئەوانەم داوەتە دەست تۆ و کەسیشیان ناتوانێ لەبەردەمتدا ڕاوەستێ". جا یەشوعیش لە ناکاو بۆیان ھات. خوداوەندیش لەبەردەم ئیسرائیلدا سەری لێشیچواندن و لە گەبعوندا لێدانێکی گەورەی تێسرەواندن و بە ڕێگای عەقەبەی بەیت حۆروندا ڕاوین نان و تا عەزیقە و مەقیدە بەردەوام بوون لە لێدانیان. ھەروەھا کاتێ لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕایان کرد و لە لێژاییەکی بێت حۆروندا بوون خوادوەند لە ئاسمانەوە بە تەرزەی گەورە لێیدان و تا گەیشتنە عەزیقە ھەر لەوێشدا مردن، ئەوانەش کە بە بەردە تەرزە خوداوەند لە ئاسمانەوە بە سەریاندا دەیباران، زیاتر بوون لەوانەی کە بە شمشێری نەوەی ئیسرائیل کوژران. ئینجا یەشوع لەگەڵ خوداوند دوا، ئەو ڕۆژەی کە خوداوەند ئەمورییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیلەوە و گوتی: "ئەی خۆر بەسەر گەبعونەوە بەردەوام بە. ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیلونەوە بە". جا خۆر بەردەوام بوو و مانگیش وەستا تا گەل تۆڵەیان لە دوژمنان کردەوە. جا خۆر لە ناو جەرگەی ئاسماندا وەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوا بووندا بوو و پەلەی نەکرد. جا وەک ئەو ڕۆژە ھەر نەبووە، نە پێشتر و نە دواتر کە خوداوەند بەو شێوەیە گوێ لە دەنگی مرۆڤێک بگرێت، چونکە خوداوەند لە جیاتی ئیسرائیل دەجەنگا. ئینجا ھەر پێنج پاشاکەش ھەڵھاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقیدە خۆیان شاردەوە. کاتێکیش یەشوع پێیانی زانی بە پیاوەکانی خۆیی گوت: "بەردی گەورە خلۆر بکەنەوە بۆ شەکەوتەکە و چەند پیاوێکیش دانێن بۆ چاودێری کردنیان و ئێوەش مەوەستن و دوا دوژمنەکانتان بکەون و لە دواوە لێیان بدەن و مەھێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە خوداوەند ئەوانی داوەتە دەستانەوە"ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل دەستیان بەتاڵ بوو لە لێدان و گورزێکی جەرگیڕی تێسرەوان و لە ناویانی بردن، ئەوانەش ھەڵاتن چوونە ناو شار و قەڵاکانیانە. دوای ئەمەش ھەموو جەنگاوەرکان بە سەلامەتی گەڕانەوە لای پێغەمبەری خوداوەند، یەشوع بۆ نێو ئۆردروگاکە لە مەقیدە. ئینجا یەشوع گوتی: "دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایە بھێننە دەرەوە ". ئینجا ھێنانیان و یەشوع فەرمانی بە جەنگاوەرکانی دا کە قاچیان بخەنە سەر ملی ئەم پاشا دیلکراوانە و ئەوانیش فەرمانەکەی یەشوعیان جێبەجێ کرد و قاچیان خستە سەر ملیان. ئینجا یەشوع پێی گوتن: "ورە بەر مەدەن و مەترسن، چونکە خوداوەند ھەموو دوژمنانتان ئاوا لێدەکات، ئەوانەی دژی دەجەنگن"ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی و ھەر پێنجشیانی بە پێنج دارەوە ھەڵواسی تا ئێوارە بە ھەڵواسراوەیی بەسەر دارەکانەوە مانەوە، پاشان لە دارەکان کردیاننەوە و خستیانە نێو ئەشکەوتەکە و بە بەردی گەورەش دەمی ئەشکەوتەکەی داخستن و تا ئەمڕۆش ھەر لەوێن.


ھەر لەو ڕۆژەشدا یەشوع مەقیدەی گرت و دایە بەر زەبری شمشێر و پاشاکەی و ھەموو گیانەکانی تێدا قڕ کرد و کەسی بە زیندووی لێ نەھێشتەوە. ئینجا یەشوع لەگەڵ ھەموو گەلی ئیسرائیلدا پەڕینەوە بۆ شاری لینیە و دژی لینیە جەنگا، جا خوداوەند ئەویشی لەگەڵ پاشاکەی دایە دەست ئیسرائیل و بە زەبری شمشێر کەوتە کوشتنی ھەموو گیان و ڕۆح لەبەرێک و کەسی تێدا نەھێشتەوە. ئینجا یەشوع لەگەڵ سوپاکەیدا لە شاری لینیەوە پەڕینەوە بۆ لەخیش و ئەوێشی داگیر کرد و بە زەبری شمشێر کەوتە کوشتنی ھەموو دانیشتوانەکەی و بە دەردی لینیەی بردن. ئینجا ھۆرامی پاشای گازەر بۆ یارمەتیدانی لەخیش ھات و یەشوعیش لە خۆی و لە گەلەکەیی دا و ھەموو سوپا و دانیشتوانەکەشی قڕ کرد. پاشان پەڕیەوە بۆ عیگلۆن و ھێرشی کردە سەری و دژی جەنگا و ھەر لەو ڕۆژەشدا گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر و سەرجەمیان کۆمەڵکوژ کردن و بە دەردی لەخیشیان بردن. ئینجا پەلاماری خێبرۆنی دا و گرتیان و سەرجەم شارەکە ھەر لە پاشاوە بگرە تا ئەوانی تر قڕ کرد. پاشان گەڕانەوە و ھێرشیان کردە سەر دەبیر و داگیریان کرد و پاشا و سەرجەم دانیشتوانەکەیان کۆمەڵکوژ کردن و لە ناویان بردن.
لێرەدا یەشوع ھەموو پاشاکانی باشوور و دەشت و قەدپاڵەکانی بە دانیشتوانەکەیەوە ڕەشەکوژ کردن و ھەموو ھەناسەیەکیشی تێدا قڕ کرد. ھەروەک چۆن خوداوەند خودای ئیسرائیل فەرمانی پێکردبوو. جا یەشوع کەوتە لێدانیان لە قادیش و بەرنیعەوە تا غەزە و ھەموو خاکی جەوشەن تا گەیعبون. یەشوع خاکی ئەو پاشایانەی بە یەک جاری داگیر کرد، چونکە خوادوەند لە جیاتی ئیسرائیل دەجەنگا. ئینجا یەشوع گەڕایەوە بۆ ئۆردوگاکەی لە گەڵگاڵ)) (١٨).


ئەوەی جێگای داخ و ماڵوێرانییە، تەقدیس کردنی ئەم پیاوکوژەیە کە لە قۆرئان و تەفسیرە ئیسلامییەکاندا بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و موسڵمانی سادەی پێ ھەڵدەخەڵەتێنن. ئین کەسیر لە کتێبەکەیدا کە تایبەت بە ژیانی پێغەمبەران بە پشت بەستن بە ئایەتەکانی قۆرئان، چەندین مرۆڤی خوێنڕێژ وەک داود و سڵێمان و یەشوع و موسا و محەمەدمان پێ دەناسێنێت، کە چۆن خودا دەستیانی واڵا کردووە بۆ زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە. ئێمە ھەر لە منداڵییەوە فێری ئەوەیان کردووین کە ڕێز لەم دراکۆلایانە بگرین و لاپەڕەی ڕەش و خوێناویان بەو پەڕی شانازییەوە بخوێنینەوە و وەک پیاوانی خودا لێیان بڕوانین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دڕندانە شایستەی ھیچ ڕێزێک نین و جگە لە کۆمەڵێ مرۆڤی دەروون نەخۆش و تاوانبار ھیچی تر نین.! باشە ناکرێ خودا پەیامەکەی لە ڕێگای عیشق و خۆشەویستییەوە بڵاوو بکاتەوە؟ یان خود لە ڕێگای پەند و وتەی بە سوودەوە میللەتانی تێبگەیاندانەیە کە واز لە گوناە و تاوان بھێنن و ڕێگای خودا بگرنە بەر؟ بۆ ھەر دەبێت ئەم خودایە لای جولەکە بە بۆنی سوتاوی گۆشتی مەڕ سوکنایی دڵی دابێت و خوێن و گۆشتی قوربانی نەکاتە پێوەر بۆ دڵسۆزی و ملکەچبوونی؟ یان خود نەدەکرا بە محەمەدی ڕابگەیاندایەت کە ھێرش کردنە سەر میللەتانی تر و داگیر کردنی ژنەکانیان و بە کۆیلە کردنی منداڵانیان کارێکی ناپەسەندە و پێویستە ئاینەکەی بەو پەڕی دڵفراوانی و خۆشەویستی و لێبووردنەوە بڵاوو بکردایەتەوە؟


بەھەرحاڵ ئێمە ھەرچییەک بڵێین و بنوسین پەی بەو موعجیزانە نابەین کە خودا بە پێغەمبەرانی ڕاگەیاندووە، چونکە ئێمەی کافر و مولحید بۆمان نییە پرسیار بکەین و دەست لە کاروباری خوداوەند وەربدەین!!


دووبارە لە کتێبی یەشوعدا ھاتوو: ((ئینجا کاتێک یابینی پاشای حاسوور ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆئابابی پاشای مادۆن و پاشای شەمرون و ئەکشاف و ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیاکان و لە دەشتایی کەنرۆت و لە نشێوەکانی و لە بەرزاییەکانی (دوورە) لە خۆرئاوابوون، کەنعانییەکان لە خۆرھەڵات و خۆرئاوا و ئەمورییەکان و حیسییەکان و فیرزییەکان و یەبووسیەکان لە چیاو و حوییەکانی نیاری حەرموون لە خاکی میسفات جێگربوون، خۆیان و ھەموو سوپاکانیان بۆ جەنگ ئامادە کردن، کە گەلێک زۆر بوون وەک لمی کەنار دەریا، بە ئەسپ و گالیسکە زۆرەکەیانەوە، کۆ بوونەوە و لای ئاوەکانی مەیروم دابەزین تا لە دژی ئیسرائیلییەکان بجەنگن. ئینجا خوداوەند بە یەشوعی فەرموو: "لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا ھەموویان بە کوژراوی فڕێ دەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا جومگەی ئەسپەکانیان دەبڕیتەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر دەسوتێنیت". جا یەشوع و ھەموو جەنگاوەرکانی لە نزیک ئاوەکانی مەیروم بوون و دوژمن لە ناکاودا ھاتنە سەریان. خوداوەندیش دایانییە دەست ئیسرائیل و ئەوانیش لێیاندان و دەریانپەڕاندن بۆ سەیدۆنی گەورە و میسەر فوت مایم و دۆڵی میسفات لە خۆرھەڵاتدا، جا لێیان دان و ھەموویان لە ناو بردن. یەشوعیش ئەوەی پێکردبوون کە خوداوەند پێی فەرموبوو، جومگەی پێی ئەسپەکانی بڕی و گالیسکەکانی گڕ تێ بەردا. لە دوای ئەمەش یەشوع گەڕایەوە و حاسووری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا، چونکە پێشتر حاسوور سەرگەورەی ھەموو ئەو پاشایانە بوو. ھەر چی کەشی تێدا بوو دایە بەر شمشێر و قڕیانکردن و ھەناسەکانیان تیا نەھێشتەوە و حاسووریشیان بە ئاگر سوتاند. ئینجا یەشوع ھەموو ئەو پاشایانەی گرت و بە شمشێر لێیان دان و قڕیانی کردن وەک چۆن موسا پێی فەرموبوو. ئینجا ھەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانەیان بە ڕەشەوڵاخکانیان و... تاڵان کرد. یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا، ھیچ شارێکیش نەبوو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت، تەنھا حووریەکانی دانیشتوی گەیعبون نەبێت، بەڵکو ھەموویان بە جەنگ گرت و ماڵ و حاڵیشیانی بە تاڵان بردن، چونکە خوداوەند دڵی ھەموویانی ڕەق کردبوو تا لە جەنگدا دژی ئیسرائیل ببنەوە تا بەزەییان بە سەرەوە نەبێت، بەڵکو لە ناو ببرێت وەک چۆن موسا پێغەمبەر پێی فەرموبوون. ئینجا ھەر لەو کاتەشدا یەشوع ھات و عەناقییەکانی لە چیای حەبرۆن و دەبیرو و عەناب و ھەموو چیای یەھوزا و ھەموو چیای ئیسرائیل لە ناو برد و لەگەڵ شارەکانیاندا قڕیان کردن، جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام لە غەزە و جەت و ئەشدوود مانەوە. پاشان سەرجەم خاکەکەی بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دابەش کرد و خاکەکەشی لە جەنگ پشووی دا. خوداوەندیش بە یەشوعی فەرموو: "تۆ پیر بوویت و چوویتە ساڵەوە و زەوییەکی زۆریش ماوە داگیری بکرێت، ئەمەش ئەو زەویانەن کە ماونەتەوە: ھەموو ناوچەی فەلەستینییەکان و ھەموو جەشوورییەکان، لە شەیحورەوە کە لەبەردەم میسرە تا سنووری عەقرون، لە باکوورەوە ھی کەنعانییەکانە. پێنج سەرۆکی ھێزی فەلەستینییەکان، غەزەییەکە و شەدوودیەکە و ئەشقەلۆتیەکە و جەتیەکە و عەقرۆنیەکە و عوییەکان. لە باشووریشەوە ھەموو خاکی کەنعانییەکان و معارە کە ھی سەیدونییەکانە تا ئەفیق و سنووری ئەمووریییەکان، ھەروەھا خاکی گیلییەکان و ھەموو لوبنان بەرەو خۆرھەڵات، لە یەعل گاج بناری چیای حەرموونەوە تا دەگەیتە حەمات. ھەموو دانیشتوانی چیاش لە لوبنانەوە تا میسرە فوت مایم، ھەموو سەیدونییەکانیش من لەبەردەم گەلی نەوەی ئیسرائیلدا دەریان دەکەم، دەبێت تۆش بە تیر و پشک بە میرات بۆ ئیسرائیلی دابەش بکەیت بەو شێوەی فەرمانم پێکردووی)) (١٩).


ئینجا یەشوعی کوڕی نون ھەموو ئەو خاکانەی کە بە جەنگ داگیری کردن بەسەر نۆ ھۆز و نیوەی ھۆزی مەنەسادا بە میرات دابەشکرد، ئەو خاکانەش کە ماونەتەوە و تا ئێستاش داگیر نەکراوە، وەک پێشتر باسمان کرد بەسەر دوو ھۆز و نیوەی تری ئیسرائیلدا دابەش دەکرێت، بە تەنھا ھۆزی موسا کە بە لیڤی ناو دەبرێت میراتی ناکەوێت، بەم شێوەیەش خوا لە پشت ھەموو جەنگ و ئەم خوێنڕێژیانەوە بوو، کە نەوەی ئیسرائیل دژ بە پاشا و ئەو میللەتانە ئەنجامیداوە و لایەنگری خۆی بۆ نەوەی ئیسرائیل ئاشکرا کرد و غەزا و جیھادی لەسەر فەرز کردن و دەستیشیانی واڵا کرد بۆ ئەنفال و تاڵانی ویڕۆ.


لەبەشی کۆتایی کتێبی یەشوعدا ھاتوو ((ئینجا یەشوع پیر بوو، چووە ساڵەوە و بە ھەموو ڕیش سپی ھۆزی ئیسرائیلی گوت: "ئەوا من پیر بووم و بەساڵا چووم و ئێوەش ھەموو میللەتانتان بینی کە خودا چی لێکردن و چۆن لە ناوی بردن، چونکە خوداوەند لە جیاتی ئێوە دەجەنگا. جا بەھێز بن بۆ پاراستن و کار کردنی ھەموو ئەو فەرمانانەی لە پەرتووکی شەریعەتی موسادا نوسراونەتەوە، نە بەلای ڕاستدا و نە بەلای چەپدا لێی لامەدەن و نەچنە ناو ئەو میللەتانەی کە ئێستا لەگەڵتاندا ماونەتەوە، ناوی خوداکانیان مەھێنن و سوێندیان پێ مەخۆن و خزمەتیان مەکەن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن، بەڵکو بە خودای خۆتانەوە پەیوەست بن و ھەروک تا ئەمڕۆ ئەنجامتان داوە، چونکە خوداوەند میللەتانی گەورە و بەھێزی لەبەردەمتاندا ڕاماڵیووە و تا ئەمڕۆش ھیچ کەس ناتوانێت لەبەردەمتاندا خۆی ڕابگرێت. یەک پیاو لە ئێوە ھەزار کەس ڕادەماڵێت، چونکە خوداوەند لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت ھەروەک بەڵێنی پێداوون. جا ئاگاداری خۆتان کە خوداوەند، خودای خۆتان خۆشبووێت، چونکە ئەگەر گەڕانەوە و بە پاشماوەی ئەو میللەتانەوە نووسان ئەوانەی لەگەڵتاندا ماونەتەوە و ژن و و ژنخوازیتان لەگەڵدل کردن و چوونە ناویانەوە و ئەوانیش ھاتنە ناوتانەوە، ئەوا باش بزانن کە ئیتر خوداوەند، خوداتان ئەو میللەتانە لەبەردەمتاندا دەرناکات، جا دەبنە داو و تەڵە بۆتان و قامچی لەسەر پشتان و درک لە ناو چاوتاندا دەبێت، تا لەسەر ئەو زەوییە چاکە لە ناو دەچن کە خوداوەند پێیداوون. ئەوەتا منیش ئەمڕۆ وەک ھەموو دانیشتوانی زەوی کۆچی دوای دەکەم، ئێوەش بە ھەموو دڵ و بە ھەموو دەرونتانەوە کە تەنیا یەک وشە نەکەوتووە لە ھەموو ئەو وشە چاکانەی کە خوداوەند دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، ھەمووشی بۆتان ھاتە دی. بە ھەمان شێوەش خوادوەند ھەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەھێنێت. تا لەسەر ئەم زەوییەن، ئەم زەوییەی چاکەی کە خوداتان پێی داون، لە ناوتان دەبات، کاتێ کە پەیمانەکەی خوداوەندتان دەشکێنن و خزمەتی خودایانی تر دەکەن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەو کاتەش خوداوەند تووڕەیی بەسەرتاندا دەجوشێت و بە زوویی لەسەر ئەو زەوییە چاکەی وا پێی داوون لە ناو دەچن". ئینجا یەشوع ھەموو سەرگەورە و پیرانی ئیسرائیلی کۆ کردەوە و پێی گوتن کە خوداوەند، خودای ئیسرائیل فەرموویەتی: لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەو بەری ڕووبارەوە نیشتەجێ بوون، تاڕەح باوکی ئیبراھیم و باوکی ناحوور، و خودای تریان دەپەرست، بەڵام من ئیبراھیمی باوکتانم لەوبەری ڕووبارەوەکەوە برد و بە ناو ھەموو خاکی کەنعاندا گێڕان و نەوەکانیم زۆر کرد و ئیسحاقم پێدا و بە ئیسحاقیش یەعقوب و عیسوم دا و بە عیسۆ چیای سەعیرم دا، تاکو داگیری بکات، بەڵام یەعقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر. ئینجا موسا و ھارونم نارد و لە میسر دەرمھێنان. جا باوپیرانتانم لە میسر دەرھێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە دوای باوباپیرانتان بۆ ناو دەریای سوف کەوتن، جا کە ھاواریان بۆ خوداوەند کرد، ئەویش تاریکییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا ھێناوە و دایانپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان کە من لە میسردا چیم کرد، پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.. ئینجا ئێوەم ھێنایە ناو خاکی ئەموورییەکانەوە، ئەوانەی لەوبەری ئوردندا نیشتەجێ بوون و دژتان جەنگان و منیش ئەوانەم دایە دەستانەوە و خاکەکەیانتان داگیر کرد و لەبەر دەمتاندا بنبڕم کردن. ئینجا باڵاقی کوڕی سیفوری پاشای موئاب ھەستا و دژی ئیسرائیل جەنگا و بە لعامی کوڕی بەعووری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتان لێبکات، بەڵام نەمویست گوێ لە بەلعام بگرم. جا ئەویش پیرۆزی کردن و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن. ئینجا لە ئۆردون پەڕینەوە و ھاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەموورییەکان و فەریزییەکان و کەنعانییەکان و حیسییەکان و گرگاشییەکان و حورییەکان و یەبووسییەکان دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستان و زەردەواڵەکانم لە پێشتانەوە نارد و ھەموو پاشای ئەموورییەکانم لەبەر دەمتاندا دەکردەوە، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت ئینجا زەویەکەم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوونە و شارانێکیش کە بنیاتتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و، ڕەزە ترێ و زەیتونێکیش کە نەتانچاندووە، دەیخۆن. ئێستاش لە خوداوەند بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە خزمەتی بکەن و ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باو و باپیرانتان لەو بەری ڕووبار و لە میسردا خزمەتیان دەکردن، بەڵام ئێوە خزمەتی خودای ئیسرائیل بکەن. جا ھەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان "لە ئێمە دوور بێت واز لو خوداوەند بھێنین و خزمەتی خودایانی تر بکەین، چونکە خودامان ئێمە و باپیرانمانی لە میسر، لە ماڵی کۆیلایەتییەوە ھێنایە دەرەوە، کە ئەو ھەموو نیشانە گەورانەی لەبەر چاوماندا کرد، ئەو کاتەی بە ھەموو ئەو ڕێگا و بە نێو ھەموو ئەو گەلانەی کە بە ناویاندا تێدەپەڕین پارێزگاری لێکردین". ئینجا یەشوع بە ھەموو گەلی گوت: "ئێوە ناتوانن خزمەتی خوداوەند بکەن، چونکە ئەو خودایەکی پاک و پیرۆزە و خودایەکی بە ئێرەییە، لە یاخیبوون و گوناھەکانتان خۆش نابێت، ئەگەر بێتو واز لە خوداوەند بھێنن و خزمەتی خودایانی نامۆ بکەن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردا دەھێنێت و کۆتایتان پێدەھێنێت پاش ئەوەی کە چاکەی لەگەڵتاندا کرد". گەلیش بە یەشوعیان گوت: "نەخێر، بەڵکو خوداوەند دەپەرستین. "یەشوعیش پێی گوتن: "ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە خوداوەندتان بۆ خۆتان ھەڵبژاردووە تا خزمەتی بکەن"ئەوانیش گوتیان: "ئێمە شایەتین"یەشوعیش پێی گوتن: "جا ئێستا ئەو خودا نامۆیەی لە ناوتاندایە داماڵن و دڵتان بە لای خواوەند، خودای ئیسرائیل با بدەنەوە". گەلیش بە یەشوعیان گوت: "خوداوەند، خودامان خزمەت دەکەین و گوێ لە دەنگی ئەو دەگرین". ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و لە شەکیەدا فەرز و حوکمی بۆ دانان و یەشوع ئەم وشانەی لە پەرتووکی فێرکردنەکانی خودادا نووسی و بەردێکی گەورەی ھێنا و لەژێر دار بەڕووەکەدا چەقاندی کە لای پیرۆزگاکەی خوداوەندەوە بوو. ئینجا یەشوع بە ھەموو گەلی ئیسرائیلی گوت: "ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە ھەموو وشەکانی خوداوەند بوو کە پێی فەرمووین، دا دەبێتە شایەت بە سەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن"دوای ئەم ئامۆژگاریانەش (یەشوعی کوڕی نون) و خزمەتکاری خوداوەند لە تەمەنی ١١٠ ساڵیدا کۆچی دوایکرد، جا لە سنووری میراتەکەی خۆیدا لە "تیمنەی سارح"کە دەکەوێتە چیای ئەفرایمەوە، لە باکووری چیای گاعەش ناشتیان)) (٢٠).


جا با بزانین لە قۆرئان و لە کتێبی (ابن کثیر) "ژیاننامەی پێغەمبەران"چۆن باس لەم دڕندەیە دەکات، کە جێی ڕێزی سەرجەم موسڵمانانە.


بە پێی ئەم کتێبەش، ((یوشع یان یەشوع، کوڕی ئیفرایم، کوڕی یوسف، کوڕی یەعقوبی کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراھیمە، دەڵێن یەشوع ئامۆزای ھود بووە، بەڵام خوای گەورە لە قۆرئاندا ناوەکەی ئاشکرا ناکات و فەرموویەتی:


{
وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِفَتَاهُ} (الکھف: ٦٠). ھەروەھا دەفەرموێت: {فَلَمَّا جَاوَزَا قَالَ لِفَتَاهُ آَتِنَا غَدَاءَنَا} (الکھف: ٦٢). ھەروەھا لە فەرموودەی "ێحیح" دا ھاتووە پێغەمبەر"موحەمەد" فەرموویەتی: یەشوعی کوڕی نون پێغەمبەر بووە)) (٢١).


ھەروەھا (ابن کثیر) دەڵێت: ((بەنوئیسرائیلییەکان، ڕووباری ئوردوونیان بڕیوە و گەیشتوونەتە ئەریحا، کە ئەوسا قایمترین شار بوو. شارێکی گەورە و قەرەباڵغ و ئاوەدان بوو، بۆ ماوەی شەش مانگ گەمارۆی شارەکەیاندا، ڕۆژێکیان لە ناکاو ھەڵیانکوتایە سەری بە مۆسیقا و تەپڵی سەرکەوتنەوە ڕوویان تێکرد، ھەرھەموو سوپاکەی یەشوع (س. خ) بە یەک دەنگ دەیانگوت "اللە اکبر"تا دیواری شورەکانی تێک ڕووخا و بە یەکجار داڕمی، چوونە ناو شارەکە و ھەموو شتەکانیان بە غەنیمەت بۆ خۆیان دەست بەسەردا گرت و دوانزە ھەزار (١٢٠٠٠) کەسیشیان لێ کوشتن بە ژن و پیاویانەوە. لەگەڵ گەلێک لە میرەکاندا بەشەڕ ھاتووە، وتراوە یەشوع (س. خ) توانی دەربکەوێت و زاڵ بێت بەسەر سی ویەک میر لە میرەکانی شام، وا باس دەکرێت کە تا دوای عەسری ڕۆژی ھەینی گەمارۆکەیان درێژەی ھەبوو بۆ سەر ئەو شارە. کاتێکیش خۆرئاوا بوو، یان خەریک بوو ئاوا ببێ، ئیتر ئەو ڕۆژە ھاتە پێشەوە کە ڕۆژی شەممەیە و لە یاسای ئاینی ئەوان (جولەکە) دا جەنگ و خوێنڕێژی لە ڕۆژانی شەممە حەرام بوو، بۆیە یوشع (س. خ) بە خۆری فەرموو: تۆ فەرمانبەری خوای گەورەی، ھەروەھا منیش فەرمانبەریم، خوایە ئەم ڕۆژەش بۆ من دابنێ، (واتە بە منی بسپێرە و ھەینیم بۆ بخەرە سەر ڕۆژی شەممە کە سبەینێیە).


خوای گەورەش داواکەی وەرگرت، تا بتوانێت ئەو شارە ڕزگار بکات، ھەروەھا خوای گەورە فەرمانی بە مانگ یش کرد کە ھەڵنەیەت و دەرنەکەوێ و بوەستێ، ئەویش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو شەوە شەوی چوار مانگی یەکەم بووە، بەڵام چیرۆکی وەستانی مانگ لای "اھل الکتاب"شتێکی ترە، باش وایە نە بە درۆی بزانین نە بە ڕاست)) (٢٢).


ئەم بەسەرھاتەی یەشوعیش کە (ابن کثیر) بۆمان دەگێڕێتەوە ھاووشێوەی ئەو چیرۆکە ئیسرائیلییەیە کە لە کتێبی پەیمانی کۆن و لە سیفری یەشوعی کوڕی نوندا ھاتووە، کە جیاوازییەکەی زۆر کەم لە نێوان ھەردوو گێڕانەوەکەدا ھەیە، بەڵام ھەردوو لا ھاوڕان لەسەر پەلاماردان و کۆمەڵکوژییەکانی خوێنمژێکی وەکو یەشوعی کوڕی نون کە چۆن وەک کۆیلەیەکی موتیع و گوێڕایەڵی خوداوەندی بەنوئیسرائیل، بە ھەزاران گیانلەبەری بە ژن و منداڵ و ئاژەڵانەوە کۆمەڵکوژ کردووە، بە شێوەیەک کە ئەم پاڵەوانە (شێری خودا)، بۆتە جێگای ڕێز و ستایشی پێغەمبەری ئیسلامیش، جا با بزانین پایەی ئەم موجاھیدە ژن و منداڵ کوژە و شاروێرانکەرە لای پەیامبەری "رحمە للعالمین" چۆن باسی لێوە کراوە:


"پێشەوا ئەحمەد، صحیح الاسناد: المسند ٣٢٥١٢"فەرموودەیەکی ھێناوە کە دەیباتەوە سەر ابن سیرین، ئەویش لە ئەبوھورەیرەوە (خ. ل) کە پێغەمبەر موحەمەد (س. خ) فەرمووی: (( خۆر بۆ ھیچ کەسێک بەند نەکراوە، بۆ یەشوع نەبێت و ئەویش ئەو شەوانەی کە بەرەو "بیت المقدس" دەڕۆشت. ئەم فەرموودەیەش بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسەی "بیت المقدس"ی ڕزگار کرد، یەشوع کوڕی نون بوو (س. خ)، نەک موسا (س. خ)، خۆریش وەستێنرا بۆ ڕزگار کردنی بیت المقدس، نەک بۆ ڕزگار کردنی ئەریحا)) (٢٣).


بە کورتی، ھەموو گێڕانەوەکانی (ابن کثیر)، بە حەدیسەکەی موحەمەدیشەوە سەرجەمیان لە کتێبی جولەکەوە وەرگیراون، کە ئەم گێڕانەوەش لە کلتوری ئیسلامیدا (بە ئیسرائیلییات) ناو دەبرێت و ھیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵام ھەرچییەک بێت یەشوعی کوڕی نون پێغەمبەرێکی خوێنڕێژ و تاوانبارە، بەو تاوانەی کە سەرجەم خەڵکی فەلەستینی کۆمەڵکوژ کردووە، وەک چۆن داود پێغەمبەر چەندین گوند و شاری وێران کردووە و دانیشتوانەکەشی کۆمەڵکوژ کردووە و سەری "جاڵووت"ی نیشتمان پەروەری فەلەستینیی لە لەشی جیا کردەوە و وەک دیارییەک بردیە بەردەمی "طالوت"ی پاشای جولەکە بۆ شاری ئورشەلیم (قودس) کە ھەر ئەو کاتەش سەرجەم سوپای فەلەستینییەکان تا بەردەم دەروازەکانی جەد و عەقرون ڕاو نا و شارەکانیان تاڵان کرد(٢٤).


بە ھەمان شێوەش قۆرئان ستایشی دەست و شمشێری داود و "طالوت" دەکات کە بە چ شێوەیەک فەلەستینییەکانیان کۆمەڵکوژ کردووە و وەک پێغەمبەرێکی خۆراگر و خودا ناس وەسفی کردوون و خەڵکی فەلەستین کە لەسەر خاک و ئاوی خۆیان دەژیان بە بێ ئەوەی دەستڕێژی بکەنە سەر ھیچ کەسێک، کەچی داود و طالوتی داگیرکەر و تاڵانچی، ھێرش دەکەنە سەر ئەو گەلە خاوەن شارستانی و ڕەسەنانە، کە قۆرئان بە کافریان دەزانێت و داود و "طالوت"ی پیاوکوژ و (بەدەویی) بە خوداناس وەسف دەکات و فایلی تاوانیان تەسدیق دەکات و بۆ موسڵمانانی دەکاتە پەند و حیکمەت:


{
فَلَمَّا فَصَلَ طَالُوتُ بِالْجُنُودِ قَالَ إِنَّ اللَّهَ مُبْتَلِيكُمْ بِنَهَرٍ فَمَنْ شَرِبَ مِنْهُ فَلَيْسَ مِنِّي وَمَنْ لَمْ يَطْعَمْهُ فَإِنَّهُ مِنِّي إِلَّا مَنِ اغْتَرَفَ غُرْفَةً بِيَدِهِ فَشَرِبُوا مِنْهُ إِلَّا قَلِيلًا مِنْهُمْ فَلَمَّا جَاوَزَهُ هُوَ وَالَّذِينَ آَمَنُوا مَعَهُ قَالُوا لَا طَاقَةَ لَنَا الْيَوْمَ بِجَالُوتَ وَجُنُودِهِ قَالَ الَّذِينَ يَظُنُّونَ أَنَّهُمْ مُلَاقُو اللَّهِ كَمْ مِنْ فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإِذْنِ اللَّهِ وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ. وَلَمَّا بَرَزُوا لِجَالُوتَ وَجُنُودِهِ قَالُوا رَبَّنَا أَفْرِغْ عَلَيْنَا صَبْرًا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَانْصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ. فَهَزَمُوهُمْ بِإِذْنِ اللَّهِ وَقَتَلَ دَاوُودُ جَالُوتَ وَآَتَاهُ اللَّهُ الْمُلْكَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَهُ مِمَّا يَشَاءُ وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَفَسَدَتِ الْأَرْضُ وَلَكِنَّ اللَّهَ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْعَالَمِينََ} (البقرة: ٢٤٩ ـ٢٥١).


جگە لەمانەش قۆرئان لە چەندین ئایەتدا وەسفی جوولەکە دەکات و فەزڵی بەسەر ھەموو مرۆڤایەتیدا دەدات و نیعمەتی دنیاشیان پێدەبەخشێ، کە ئەمەش ھزر و تێڕوانینێکی ڕەگەز پەرستانەیە و ھێندەی تر ھانی بزووتنەوەی زایۆنیزمی جیھانی و حاخامە تووندرەوە ئاینییەکانی ئیسرائیل دەدات تاخویان بە"شعب اللە المختار " بزانن وشەرعیەتیش بەسەربرینی ژن ومندالانی فەلەستینی بدەن!!


{
يابَنِي إِسْرَائِيلَ اذْكُرُوا نِعْمَتِيَ الَّتِي أَنْعَمْتُ عَلَيْكُمْ وَأَنِّي فَضَّلْتُكُمْ عَلَى الْعَالَمِينَ} (البقرة: ٤٧).
{
واتَّقُوا يَوْمًا لَا تَجْزِي نَفْسٌ عَنْ نَفْسٍ شَيْئًا وَلَا يُقْبَلُ مِنْهَا شَفَاعَةٌ وَلَا يُؤْخَذُ مِنْهَا عَدْلٌ وَلَا هُمْ يُنْصَرُونََ} (البقرة: ٤٨).
{
يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ اذْكُرُوا نِعْمَتِيَ الَّتِي أَنْعَمْتُ عَلَيْكُمْ وَأَنِّي فَضَّلْتُكُمْ عَلَى الْعَالَمِينَ} (البقرة: ١٢٢).
{
وَاتَّقُوا يَوْمًا لَا تَجْزِي نَفْسٌ عَنْ نَفْسٍ شَيْئًا وَلَا يُقْبَلُ مِنْهَا عَدْلٌ وَلَا تَنْفَعُهَا شَفَاعَةٌ وَلَا هُمْ يُنْصَرُونََ} (البقرة: ١٢٣}.


"بروانە دووبارەبوونەوەی ئەوئایەتانەی سەرەوە لە ھەمان سوورەتدا ، کەئەمەش بۆخۆی دەلالەت لەفرەخوێندنەوەی مەسحەفە جیاوازەکان دەکات کە "زید بن پابت" ھەستا بەتەدوینکردن وکۆکردنەوەی ڕیوایەتە جیاوازەکانی قورئان".


{
وَجَاوَزْنَا بِبَنِي إِسْرَائِيلَ الْبَحْرَ فَأَتَوْا عَلَى قَوْمٍ يَعْكُفُونَ عَلَى أَصْنَامٍ لَهُمْ قَالُوا يَا مُوسَى اجْعَلْ لَنَا إِلَهًا كَمَا لَهُمْ آَلِهَةٌ قَالَ إِنَّكُمْ قَوْمٌ تَجْهَلُونَ، إِنَّ هَؤُلَاءِ مُتَبَّرٌ مَا هُمْ فِيهِ وَبَاطِلٌ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ. قَالَ أَغَيْرَ اللَّهِ أَبْغِيكُمْ إِلَهًا وَهُوَ فَضَّلَكُمْ عَلَى الْعَالَمِينََ} (الاعراف: ١٣٨ ـ ١٤٠) .


{
وَلَقَدْ آَتَيْنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ الْكِتَابَ وَالْحُكْمَ وَالنُّبُوَّةَ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى الْعَالَمِينََ} (الجاپیە: ١٦) .


و سەرباری ئەمانەش قورئان خاکی فەلەستین لە سەر جوولەکە تاپۆ دەکات ودەیکاتە موڵکیان و داوایان لێدەکات جیھاد و خەبات بکەن و بچنە ناو خاکی فە لە ستینەوە، چونکە خودا پییبەخشیوون:


{
يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الْأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَلَا تَرْتَدُّوا عَلَى أَدْبَارِكُمْ فَتَنْقَلِبُوا خَاسِرِينََ} (المائدة: ٢١).


ھەموو ئەم ئایەتانەشی کە خستمانە ڕوو ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن کە ئیسلام تا چ ڕادەیەک پەیوەستە بە کلتوری جولەکە و کتێبی "تەوڕات תורה ، ئاغادە אַגָּדָה ، تەلمود תלמוד ، میدراش ـ מדרש ، گیماراکان" و ئەو چیرۆک و داستانە خورافیانەی کە بە "ئیسرائیلیات" ناسراون.


چەند ساڵێک بەرلە ئێستاش بەردێک دۆزرایەوە لە "نۆمیدیا"لە قرتاجیای کۆن، لە باکووری ئەفریقیا کە لەسەر بەردە کە نوسرابوو:


ئێمە لە ماڵەکانمان ھەڵھاتین و گیانی خۆمان ڕزگار کرد، لە ترسی چەتە و ڕێگرێکی وەک "یەشوعی کوڕی نون"پاش ئەوەی بە جارێک دە ھەزار (١٠٠٠٠) کەسی لێ کوشتین(٢٥).


لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە ئەوەی تێکستی قۆرئان لامان پیرۆز دەکات، شێواندنی ڕاستییەکان و ھەڵگێڕانەوەی پێوەرەکانن! بەم شێوەیەش ئەکەینە ئەو دەرەنجامەی کەپێغەمبەرانیش تینووی خوێن و توندوو تیژین... ئەملیکولینەوە کورتەش بەسەرھاتی کوورتی دووپەیامبەری بەنو ئیسرائیلن کەوەک نموونە وەرمانگرتوون، تا ئاستی تووندوو تیژیان دەستنیشانبکەین..
_______________________________
پەراوێز و سەرچاوە:

(١٦) کورتەیەک بوو لە بابی حەوتی کتێبی یەشوع.
(١٧) کورتەیەک لە کتێبی یەشوع، ١، ٣٢.
(١٨) کورتەیەک لە بابی نۆ، ١ - ٤٢.
(١٩) کورتەیەک لە بابی یانزەھەم و سیانزەیەم.
(٢٠) کورتەیەک لە بابەکانی چواردەیەم - بیست و چوارەم.
(٢١) ابن کثیر، ژیاننامەی پێغەمبەران، لاپەڕە ٢٨٥، وەرگێڕانی کاروان محەمەد، نشری ئیحسان.
(٢٢) ھەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٩٠.
(٢٣) ھەمان سەرچاوە، ٢٩٠، ٢٩١.
(٢٤) العھد القدیم، صموئیل الاول/٤٨: ١٧ /٥٤.
(٢٥) مدخل إلی فھم دور المیثولوجیا التوراتیة، سید محمود القمني، ێ، ٩. شبکة اللادینین العرب.

_____________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/tundutijiylet1.htm  

 

ماڵپەڕی شازین هێرش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک