|
٤\٨\٢٠٢٦
تونیڵی جەنگەکان.

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
بە تونێڵی
جەنگەکاندا تێپەڕیم و نە کوژرام
بەنێو بۆردومانی وشەکاندا ڕەت بووم و برینداریش نەبووم
شەڕە تفەنگم بە بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان کرد و
خۆم دایە بەر دەستڕێژی ڕەخنەی نووک تیژ
خۆم خستە بەر پەلاماری چیرۆکەکانی بێدەنگی
سینگم کردە قەڵغانی هێرشی ڕۆمانی کرچ و کاڵ
چێژم لەو شیعرانە نەدەبینی کە سواری سەری خۆیان بوون
خۆشیم لەو نووسینانە نەدەبینی کە پڕ وێنە و خاڵی خاڵی بوون لە هەڵوێست.
لەو نووسەرانە بێزار بووم کە بەدەمامکەوە دەچوونە جەنگەکانی ژیان
حاڵی حازر ڕۆژ نییە نەبمە قوربانی
قوربانی خەم لە زمان
قوربانی خەم لە پاکێتیی
قوربانی خەم لە هەڵوێست و لایەنگری ئینسان
قوربانی گوێگرتن لەو نووسەرە ترسنۆکانەی کە لافاوی بەرژەوەندی و گیرفان
دەیانداتە بەر!
چی بەو مردنانە بڵێم کە زۆرێک بە ژیانی شکۆمەندانەی دەزانن
چی بەو جەنگانە بڵێم کە سەنگەری بەرگریم تیایاندا لێدا و ئاگرم بەسەردا
باری و نەمردم
چی بەو تونێڵە پڕ لە پێکدادانە بڵێم لە تاریکی خوێن هەڵی لووشیم و هەر
زیندووم
ئەمە ئەو چارەنووسە بوو کە دەبوو پیایدا تێپەڕ بم بێئەوەی چرکەیەک لە
ژیان بدۆڕێنم.
* * *
دەمویست ببم بە فیشەک، بەڵام خۆشبەختانە دەبووم بە ئارامی
دەمویست بمرم، کەچی لە نەگبەتیدا ژیانم دەگرت
دەمویست ببم بە بوومەلەرزە. لەولاوە هێمنیم لێدەچۆڕا.
چی بکەم لەو شەوانەی هەتاو خۆی لەباوەشی تاریکیدا دەشارێتەوە
چی بکەم لەو مردنانەی خۆیان بەئاوی ژیان دەشووشت
وەرە ئەی جەنگ وەرە با بە تونێلی ژیانا بەپێکەنینەوە ڕەت بین
وەرە با بە ڕووبارەکانی مردندا بپەرینەوە ئەودیو پێدەشت و سەوزاییەکانی
گیانبازی
وەرە با چیرۆکەکانمان بگێڕینەوە بۆ یەکتر
با نامەکانی یەکتر بخوێنینەوە
با ببین بە ئەو گۆرانییەی کە مرۆڤایەتی تەنها بۆ خۆی دەمانچڕێ
*
* *
من خەریکی کۆکردنەوەی پارچەکانی خۆم بووم وەختێ
چەپک چەپک تۆپ و درۆن دەیان هاڕیم،
ئاسمان ببووە تابلۆیەک لە ڕەنگی سوور و ئەرخەوانی
من خەونەکانی منداڵیم دەکردنە بوخچەی ئومێدی دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک
کاتێک یەک یەک ڕۆژەکانم لەخوێنی سوور هەڵدەکێشران
کی بیریەتی کاتێک دووشک بووین لەگەڵ یەک
بەرلەوەی بە عاموودەکانی خۆشەویستی هەڵگەڕێین، بیرمان لەچی دەکردەوە؟
کێ بیرییەتی بەر لە دانووسانمان لەگەڵ چارەنووسدا چ کێڵگەیەک بووین لە
سەوزی و
چ سۆزێکی گەرووی خەم بووین؟
ئێستا هەموو لەنێو پۆلەکانی جەنگدا، قۆپیە دەکەین لە یەکتر و
بە نهێنی ئەویترمان بە واستەوە دەڕۆینە تاقیکردنەوەی مەرگ و ژیان
بڵێن کەی بووە تۆزقاڵێ بیرەوەری منداڵیمان نەکرێتە چای ژیانەوە
دەی ئێوە بڵێن کەی بووە و کەی گونجاوە و کەی دروستە بە تەزکییەی
بێمێشکییەوە
بچین لەگەڵ بێمتمانەیی بە یەکتر؛ لەسەر هەمان تەختە و لەناو هەمان
پۆلدا
گوێ لە درۆی گەورەی مێژوویەکی زامدار و فریودەری وەک ئەم مێژووەی خۆمان
بگرین
ئاخر بڕیار بوو ئێمە ڕێ بە هەتاو بدەین هەتا هەڵبێ
بڕیار بوو ئێمە ئەستێرەی شەوان بنێرین بۆ بەر پەنجەرەی ماڵان
ئێمە ببین بە پێکەنین، بە زەردەخەنەی سەر لێوان
ببین بە موژدەی بانگەواز بۆ جیهانێک کە شایستە بێت بە ئینسان.
*
* *
وەرە ئەی ترسە خاسەکەی ژیان وەرە .. مەهێڵە جەنگ بمانکات بە بەشێک
لەخۆی
مەهێڵە مەرگ ناسنامەمان بۆ دەربکات
گۆرانییەکان مەگۆڕەوە بە کسپە و خورپە
پێکەنینەکان مەدەرە دەست سەفەرێکی بێکۆتایی
لەو ڕێگایانە زوویر مەبە کە دەچنە بەر دەرگای گۆڤەندێکی غەمبار
من چی بکەم وەرزەکان زوو زوو کۆچ دەکەن
من چی بکەم هەموو شەوێ ئاسمانەکانی خەیاڵم دەبن بە تابلۆی ئەو ماچەی
ساڵەهایە چاوەڕوانم بێت و لە دەرگای لێوم بدات
من چی بکەم هەموو ڕۆژێ گریانەکانی نێو ڕۆژم دەبنە پۆلێک لە هەناسە و
سینگی ژینم دەکەن بە کانگای ئومێد و
چاوەکانم دەکەن بە کانی تەقیوی بەهارانی نێو مەراق و حەسرەتەوە.
*
* *
بە تونێڵی جەنگەکاندا تێمەپەڕە و مەبە بە تاقیگەی قازانج
بارووت مەکە بە دۆستی خۆت
مردن مەنێرە بەردەم ئەو دەرگایانەی دانەخراون
سڵاو لە گۆڕستانە تەنیاکان مەکە و مەبە بە مارشی کوشتن و بە تابووتی
مەرگ
وەرە و هەورێکم داگرتووە پڕە لە خەون
پڕە لە زەردەخەنە و قاقای ماوە بەسەرچوو
پڕە لەو نوکتە کۆنانەی کە کەس پێیان پێناکەنێت.
وەرە ئازیز.. داری ئاشتییەک شک دەبەم بێ جەنگ مەحاڵە بەر بگرێ
دۆزەخی جەنگێک دەناسم ڕەنگە ڕۆژێ قووتمان بدات
ڕێ بە دەنگێک دەبەم ئاشنا بە دڵی باڵندەی خۆزگە
وەرە ئازیز.. با ئەمجارە بەنێو تونێڵی جەنگەکان نەڕۆینە باوەشی ژیان
وەرە ئازیز با ئەمجارە بۆ دووایین جار هەنگاو بنێین
بەسەر پردی بەها و خۆشەویستی ئینسان.
کۆتایی ئازاری
٢٠٢٦
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|