په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١١

تونس دەروازەی راپەڕین؟!


ستار محەمەد قادر


سەرۆکە دەمامکدارەکان، کاتێک لێیان دەقەومێ لەنێو خاک و میللەتەکەی خۆیاندا، هەست بە غوربەت دەکەن، کاتێک میللەت لێیان رادەپەڕێ و دەستەڵات لەژێر رکێفیان دەردەهێنرێت، باش درک بەوە دەکەن، لە هەرەمی دەستەڵات دەکەونە خوارەوە، بۆیە وەکو پیشەی هەمیشەییان، لە کەسێکی پاڵەوانەوە دەبن بە ترسنۆکترین مەخلووق، ئەوان وا راهاتوون هەموو کاتێک لە پشتی مێزەوە بڕیار دەربکەن، بە لایانەوە ئاساییە بە تەوقیعێکیان ملی دەیەها ئینسان لە لەشیان جیا بکەنەوە، پشتی مێزی لێ بترازێت، ئەوان شوێنێکی دیکە نابیننەوە، تەنانەت وەکو هاوڵاتییەکی ئاساییش لەسەر سەکۆی ژیان دەربکەون؟


تونس دەروازەی شۆڕشێکی نوێ، شۆڕشێک رەنگبێت هیچ پێویستی بەمانیفێستکردن نەبووبێت، زۆر ئاسایشە هیچ کاراکتەرێکی ناودارو کارێزمایی سەرکردایەتی و رێبەرایەتی نەکات، ئەم شۆڕشە نە شوێنی دیارەو نەش کات، رەنگە لەسەر دەستی کەسانێکی پەراوێز خراوەوە، لە ناوەندی یەکێک لە شەقامەکان، لەهەر چرکە ساتێک کە خۆی بیەوێ و بڕیاری لێ بدات، ئەسپی خۆی بەرەو خۆر تاو بدات، تا لەوێ چیرۆکی ئەو پیاوە قەزەمە ترسنۆکانە بە گوێی هەموو هەسارەکاندا بدات، حەقیقەتی ئەو پیاوانە بدات بەدەم تیشکی خۆرەوە، کە دوور لە گۆڕەپان، تا لەپشتی مێزەوەن، خۆیان وەکو پاڵەوان و هاوڵاتییان زۆر لەمشک بچووکتر دەبینن؟!


ئاخ چەند کارێکی سەخت و دژوارە، مرۆڤ باس لە دادپەروەری بکاو لە هەمان کاتدا خودی خۆی گەورەترین ستەمکار بێت. چ شتێک لەوە ناخۆشترە، سەرۆکی ووڵاتێک ببی و لە ووڵاتێکی دیکە داوای مافی پەنا بەرێتی بکەیت. چ مەرگە ساتێکە مرۆڤە ترسنۆکەکان جڵەوی دەستەڵاتیان بە دەستەوە بێت، چیش لەوە ناخۆشترە لەشاردا نیشتەجێ ببی و ئەو پیاوە ترسنۆکانە یاسای دارستان بەسەرتدا پێڕۆ بکەن!


مرۆڤ کاتێک خۆ سووتاندنی گەنجێک دەبینێت، ئەوەی لێدەخوێنێتەوە، ئەوی مرۆڤ چیدیکە ئەو ژیانەی ناوێت، وا بە ناوی یاساوە هەموو دەرگاو پەنجەرەکان بەڕوویدا دادەخرێت، چیتر رێگە بەخۆی نادات، شکۆمەندی ئەو وەکو ئینسان بخرێتە ژێر پرسیارەوەو بریندار بکرێت، چونکە هەر کاتێ ئینسان زەلیلی پێ هەزم کرا، ئەوە دەبێت بەلایەوە ئاسایی بێت، لە ئینسان بچووکتر بیبینن و لەویش بچووکتر مامەڵە بکرێت!


راپەڕینی گەلی تونس، بە حەقیقەت بریتییە لە شۆڕشێک، شۆڕشێک بارگاوی نییە بە هیچ ئایدیاو ئایدۆلۆژیایەکی درۆزنانەی سەردەم، بەڵکو گوزارشت لە شۆڕشێکی جەماوەری دەکات، شۆڕشێک داکۆکی لە سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤ دەکات، میللەتی تونس توانییان بە پراکتیکی ئەوە بۆ هەموو رژێمە ستەمکارەکان بسەلمێنن، نان بڕین، چەندە مەترسیدارترە لە مل بڕین؟!


تونسییەکان ئەوەیان سەلماند، کاتێک میللەت بڕیار بدات، ئامادەیی ئەوەیان تێدایە لە پێناو داکۆکیکردن لە شکۆمەندییان وەکو ئینسان، قوربانی بە ژیانی خۆیان دەدەن، جگە لەوەی ئیرادەی تونسییەکان ئەو هاوکێشە نێو دەوڵەتی و ئێقلیمیانەی ئاوەژوو کردەوە، وا هاوکێشە سیاسییە نا تەندرووستەکان نەخشەی بۆ دادەڕێژن، چونکە زۆرینەی سەرۆکەکان، جگە لەوەی ئابووری ووڵات و لەشکرو هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەچوار چێوەی دەوڵەتدا، تەنها بۆ مانەوەی خۆیان بەکار دەهێنن، هەموو کاتێک ئیش بۆ ئەوەش دەکەن، لەپێناو بەهێز کردنی پێگەی خۆیان، کورسی سەرۆکایەتی بۆ ئەوە بەکاربهێنن تا پشتگیریی نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ مانەوەیان مسۆگەر بکەن، بەڵام تونس و تونسییەکان، بوون بە هەوێنی رەنگدانەوەی واقیعی نوێی میللەتانی زیندووی جیهان و ئەو سەروەریەیان بۆ خۆیان تۆمار کرد، لە شوێن راکردنی خەڵکی سیڤیل لە ستەمکارییەکانی دەستەڵات، سەرۆکە کارتۆنییەکەیان ووڵات بەجێدەهێڵێ و لە ووڵاتان داوای مافی پەنا بەرێتی دەکات؟!


هەر چەندە ئەوەی لە تونس روویدا، بەدووری دەزانم تەنها لەو ووڵاتەدا بارگەی خۆی بخاو پەل نەهاوێت بۆ ناو تخووبی ئەو ووڵاتانەی وا غەریزە حوکمڕانییان دەکات، راستە تونس بوو بە دەروازەی راپەڕین و بەرجەستەکردنی شۆڕشێکی نوێ لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام شۆڕشێک هەر لەگەڵ راکردنی سەرۆکە بیست و سێ ساڵییەکەی تونسدا، ئاسۆی لەچەند وولاتێکی دیکە دەرکەوت، بۆیە ئەگەر سووتاندنی گەنجێک ببێت بە هۆی هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگری گەورەترین شۆڕش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، نابێت ئەوەیش بەدوور بزانین، زۆربەی گەلان، لە پێناو داکۆکیکردن لە شکۆمەندییان وەکو ئینسانگەلێکی خاوەن ماف و بەرجەستەکردنی دادپەروەریی، دەبێت بە دەروازەی تونسدا تێبپەڕن!

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر