٢٤\١١\٢٠١٢
توورەج ئەسڵانی بۆ
وەرگرتنی خەڵاتی ئیسکرین ''ئاسیا پەسیفیک'' کاندید کراوە.
مەنسوور جیهانی
وێنەگری
کورد توورەج ئەسڵانی بە فیلمی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن
قوبادی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی خەڵاتی
ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" کاندیدکراوە.
وێنەگری لاوی کورد توورەج ئەسڵانی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین
وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان
سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"
Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماکاری
ناوداری کورد بەهمەن قوبادی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری
شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"
(APSA) لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا کاندیدکراوە و
بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ "چارین پێنگپانیچ" وێنەگری
فیلمی سینەمایی "بۆناهان" نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە رێوڕەسمی ئۆسکاری
ئەمساڵ و سێ وێنەگری دیکەی کیشوەری ئاسیا رکابەریدەکات.
ناوی کاندیداکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش
کردنی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC،
لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین
فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن،
باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت
راگەیاندراوە و لەم ناوەندەدا ناوی توورەج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی "وەرزی
کەرکەدەن" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان کاندیداکانی
باشترین وێنەگری ئەم خەڵاتە بەرچاودەکەوێت.
توورەج ئەسڵانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" دەبێت
لەگەڵ چوار وێنەگری ناودار و بەئەزموونی ئاسیایی رکابەری بکات، لەوانە:
"چارین پێنگپانیچ" وێنەگری فیلمی سینەمایی Bunohan
لە وڵاتی مالیزیا، "چین تینگ ـ چانگ" وێنەگری فیلمی سینەمایی
Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، "حەجیک پۆلای"
و "لای یوفای" وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia
لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ و "یووری رایسکی" وێنەگری فیلمی
سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی و دەستنیشانکردنی سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانی
شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"،
لە رۆژانی داهاتوودا لە شاری بریسبین لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی
ئوستوڕاڵیا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دوایین بەشداری جیهانی خۆیدا لە
بەشی پێشبڕکێی ٤٩مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە
وڵاتی ئەمەریکا، لە بەشی تایبەتی ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "سینەمای نوێ" لە وڵاتی کەنەدا و بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی
لە میانەی پەنجا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیکی"
یوونان نمایشکرا.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|