په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠٢٦

    تووڕەم!


تاڤگە سابیر

چ بێدەنگە ئەم کیشوەرە چ نامۆیە ئەم ناوە ئەم گۆشەگیرییە
نە کۆڕاڵی خوشەویستیی دەبیسترێ و نە ئاوەدانیی ھاوڕێیەتی
من تاقانەترین ئاشق بووم گەشتەکانم ونکرد
نەمزانی ھێوربوونەوە چیە؟
تووڕەبووم، تووڕە، تووڕەییەک تا ئەودیوی ئەندێشەکانی تۆ بردمی
تا ئەودیوی پانتاییە بێ واتایەکانی ئەم بوونە گوناھاوییە بردمی
من منداڵێك بووم فێری گوناھ نەببووم
سپێدەی سبەینان پێدەکەنیم
بە بێ ھیچ یاسایەکی ڕەوشتیی لە ناوەوەمدا
دەستی منداڵانی کۆڵانم دەگرت و گۆرانیمان دەگوت
کەچی پەرجووێک گەورەی کردم
بەڵام ھەر ئاشقانە پێدەکەنیم، ئاشقانەش دەگریام
دەمویست ھەموو گەڵایەکان بگرمەباوەش

ماچی درەختە تەنیایەکانم دەکرد
خۆم دەدایە بەر ڕێژنەی باران، بیرم لە خۆشەویستیی دەکردەوە
خەونم بە باخچەکانەوە دەبینی
لە دەرگایەکانم دەپرسی
لە پەنجەرەوە سەیری یاریی پەپوولەکانم دەکرد
شەوانە تا درەنگێ لەسەر جادە چۆڵەکان دەمامەوە
بە تەنیا ھاوارم دەکرد
ئەی گەورەی بە بەزەیی ئەم چۆڵەوانییە
ئەی ئەوەی هەی و منت بۆ نادۆزرێتەوە
من ئەشق پاسەوانی ماڵەکەمە
ئەو ماڵەی لە تەنیشت دارستانەوە بە گەڵای پایز دروستمکردوە
ئەو ماڵەی پەنجەرەکانی شینایی دەریان
دەرگای سروەی سبەینانە
شەوانە زۆر دەگەڕام
بیرم لە ماڵە گەرموگوڕەکان دەکردەوە
لەوانەی گەمەی خۆشەویستیی نازانن و لە ژێر پێخەفی
ڕەنگاوڕەنگدا خەوتوون
بیرم لەو پیاوە تەڵەکەچییانە دەکردەوە
لاشەی کچە تاقانەکان دەفرۆشن و
گاڵتە بە چارەنووسی ئەو ئاشقانە دەکەن
تا دەرەنگێ بە تەنیا
لەسەر شەقام و لەبەردەم پەنجەرە تەڵخەکاندا دەمێننەوە
من بیرم لە زۆر شت دەکردەوە
لە شینایی بێ نازی دەریا لە باخچە و پەرپووتیی مرۆڤ
لە مێژوو و شەرمەزاریی ئایندە
بیرم لە گەڵا دەکردەوە کاتێك با دەیبا و
جارێکی تر دارستان نابینێتەوە...
ئەی ئەو مرۆڤە بەدخوانەی سەروەریی ئەم ژیانەتان دۆڕاند
من لە ئاو پاکتر بووم دڵم لە پێستی گوڵ ناسکتر بوو
بەڵام کەس نەیزانی نھێنییەکانی من چین؟
کەس ماڵە پایزییەکەی منی نەدۆزیەوە
کەس ئەفسوونی ئەم ئەشقەی منی نەزانی
کەسێک لە سەروەریی نەدوا
کەچی جارجارە پەنجەرەکانی ڕوانینم زۆربوون
جیهانم بە ڕەنگاوڕەنگیی دەبینی
ڕێگای باخچەکانم دەزانی.. ناوی گوڵەکانم لەبەربوون
ھەموو سنەوبەرە باڵابەرزەکانی باخچەی گشتیی
منیان دەناسی
جار جار دڵم بە ژنی سەر شەقامەکان دەکرایەوە!
پێکەنینم بە زۆر رێبواری یاخیی دەفرۆشت
گوڵم دەبینی بە دووی ماچدا دەگەڕا
ھاوڕێی ھەموو درەختە پیر و کەنەفتەکان بووم
جارجارەش تفم لە ھەمووتان دەکرد
دەمگوت ڕاستە من ئاشقم

بەڵام ئێوە شەڕ بە جوانیی و پاکیەتی دەفرۆشن.
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک