١٥\١١\٢٠١٧
تورکیا لە دۆخێکی دژواردایە.

هۆشیار ئەوڕەحمان
پەیوەندیەکانی ئەمەریکا و تورکیا:
تورکیا لەسەر سێ مەسەلەی سەرەکی و چەند مەسەلەیەکی لاوەکی دڕدۆنگە
بەرانبەر ئەمەریکا ، ئەمەریکاش بەهەمان شێوە کۆمەڵیک بەڵگەی مەترسیداری
لەسەر ئاکپارتی وخودی ئەردۆغان لەبەردەستدایە، کە
یەکەم: کێشەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکادا.
دووەم: مەسەلەی کۆدەتاکەی ١٥/٧/٢٠١٦.
سێیەم: مەسەلەی هاوکاری کوردانی رۆژئاوا.
چوارەم: مەسەلەی گولەن.
پێنجەم: رەزا (سەراف) زەڕاب.
شەشەم: کوردستانی باشور.
هەڵکشانی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای
دەسەڵات گرتنەدەستی ئاکپارتی و پاشان ڕێگریکردنەکەی پەڕلەمانی تورکیا
بۆ بەکارهێنانی خاکی تورکیا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، ئەگەرچی پێشتر
کۆی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکادا لە ڕێگەی دامەزراوەی
سەربازیەوە بو،کە راستەوخۆ لەگەڵ (پنتاگۆن) دا دانوستاندنیان دەکرد،
بەڵام بەهاتنە سەردەسەڵاتی ئیسلامیەکان ڕایەڵەی ئەو پەیوەندیانە
هەڵوەشانەوە و،کە ئەکتەرەکانی جەنراڵەکانی سوپابون پاش بەهێزبونی
دەسەڵاتی ئیسلامیەکان کەوتنە بەر ڕاوەدونانی ئەردۆگان و لە ڕیزەکانی
سوپادا وەدەرنران و بەوجۆرەش کۆتایی بە پەیوەندیەکانی ئەمەریکا و ناتۆ
هات لەگەڵ جەنراڵەکانی سوپادا... لە ئێستادا تورکیا لە ژیرسایەی
ئەمەریکا وناتۆدا نەماوە و دەستلەملانێ دەولەتانی تر بوە ، بەتایبەتی
روسیا وئیران، کە بە پێی لێکدانەوەی شارەزایان ئەمە هەڵەیەکی خۆکوژیە،
چونکە تورکیا ئابوریەکەی بەندە بەیەکێتی ئەوروپا وئەمەریکاوە. سیاسەتی
ئەردۆغان سیاسەتێکی چەوت وناتەندروستە بەرانبەر بەئەمەریکا ویەکێتی
ئەوروپا، لەکاتێکدا باری ئابوری تورکیا لەگیانەڵادایە و ٤٠ ملیۆن تورک
لەدۆخی هەژاریدا ژیانی کولەمەرگی بەسەردەبەن ... شارەکان خەریکە زبڵ
دایدەپۆشی ، بۆیە پێدەچێت ئەم وڵاتە نەزانێک بیبابەڕێوە، چونکە تورکیا
تا دێت لەئەوروپا دوردەکەوێتەوە وتەرە دەبێ و بەتایبەتی کێشەکانی لەگەڵ
ئەڵمانیادا تا دێت قوڵتر وئالۆزتر دەبێ، لەگەڵ ئەمەریکاشدا گەیشتۆتە
مریشکە ڕەشە و قەدەغەکردنی پێنەدانی ڤیزا بەهاوڵاتیانی یەکتری، کە
ڕەنگە تەنها لەڕوی ئابوریەوە ڕێگری لەهاوڵاتیان تورکیا بەرەو ئەمەریکا
زیانەکانی خۆی بدات لە ٥٠ ملیارد دۆلار ساڵانە، جگە لەوەی،کە لەڕوی
سیاسیشەوە بەواتای شکاندنی ئیعتیبار وشکۆمەندی* تورکیا دێت لە ڕیزی
کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا . لەراستیشدا روسیا وئێران هەرگیز ناتوانن جیگەی
ئەمەریکا ویەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا پڕبکەنەوە، بۆیە ئەم کێشانە
ناسەقامگیریەکی ئابوری وسیاسی وگەورە بۆ تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت ،
کەباجەکەی زۆر بەقورسی لەسەر ڕژێمەکەی ئەردۆغان دەکەوێت.
رەزا زەڕاب : مەسەلەی سکانداڵی گەندەڵی رەزا زەراب وخەڵک بانق بەیەکێک
لەگەورەترین سکانداڵی دزی وگەندەڵی وقاچاغچێتی* دەریتەقەلەم لەمێژوی
کۆن ونوێی حکومەتەکانی تورکیادا، کە خیزانی ئەردۆگان وبەشێک
لەوەزیرەکانی ومناڵەکانی تێوەی گلاون. سەرەتای دەرکەوتنی سکاندالەکە
دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢ ، کە ٧١ کەس بەتاوانی تێوەگلان لەدزی
وبەرتیل وەرگرتن لە ١٧ و ٢٥ ی ساڵی ٢٠١٣ دا هاتنە گرتن و هەر لە
لێپرسینەوەی یەکەمدا ٣٨ کەسیان ئازادکران وئەوانیتریش بەهۆی ئەوەی
لەوەزیرە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەردۆغان بون وەکو وەزیری ناوخۆ معمر
گولەر ووەزیری ئابوری زافەر چاڵیان و وەزیری ژینگە ئەردۆغان بەیرەقدار
و وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا ئەگەمەن باغش دۆسیەکانیان ڕەوانەی
پەڕلەمانی تورکیا کران، چونکە بیلالی کوڕی ئەردۆغانیش تیوەگلابو لەگەڵ
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی تورکیادا سەلامی ئاڵتینۆک... لەکۆتاییدا بەهۆی
هەوڵەکانی ئەردۆغانەوە تەنها کاڕاکتەرە سەرەکیەکانی سکانداڵەکە مانەوە،
کە بریتین لە رەزا زەراب وجێگری بەڕێوەبەری گشتی بانقی خەڵک، کەلە
ئێستادا لە دادگاکانی فیدراڵی ئەمەریکا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت،
چونکە ئەم سکانداڵە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەئەمبارگۆی ئەمەریکا و
نەتەوەیەکگرتوەکانەوە هەیە لەسەر ئێران و زەڕابی بیزنسمانیش بەرەگەز
ئێرانیە...ئەم کێشەیە زۆر مەترسیدارە بۆ تورکیا وبنەماڵەی ئەردۆغان،
ئەگەر لەوکاتەدا حکومەتی ئاکپارتی تاکە دەسەلات نەبوایا، زۆر ئەستەم بو
،کە خۆی لەبەرانبەر ئەم سکانداڵە گەورەیەدا بەپێوە ڕابگرێ، بەڵام
ئەردۆغان لە پێناوی خۆی وحیزبەکەیدا هەڵسا بەگۆڕینی کۆی دادوەری
داگاکان و داواکارەگشتیەکانی کۆمارەکەو کاریگەری سکاندالەکەی بۆ
ماوەیەکی کورتیش بیت هێورکردۆتەوە، بەڵام دانپیانەکانی ئەم دواییەی
زەڕاب لەدادگاکانی ئەمەریکا حکومەتی ئەردۆغانی هێناوەتە لەرزین و،
چونکە تەنها تا ئێستا ئەردۆغان و بیلالی کوڕی بۆ چەندەمین جار لە کۆی
دانیشتنەکاندا ناویان هاتوە و پێدەچێت تێوەگلابێتن.
کۆدەتاکەی ١٥ ی تەموز:
یەکێک لە سیماو تایبەتمەندیەکانی ڕژێمە رۆژهەڵاتیە توتالیتێرەکان
ئەوەیە، کە هەمیشە بۆ مانەوەیان لەدەسەلاتدا، پێویستیان بە چەند
دوژمنێکی وەهمیە،،، ئەردۆغان وڕژێمی ئاکپارتیش جگە لەکورد کە دوژمنێکی
هەمیشەییە وهەڕەشەیە لەسەرئاسایشی نەتەوەیی تورک بەلۆژیکی نەگۆڕی
زیهنیەتی نەژادپەرستی تورکی، ئەردۆغان پێویستی چەند دوژمنێکی تریش
هەیە،لەوانە گولەنیەکان چەورترین دوژمنی وەهمین بۆ دارودەستەکەی
ئەردۆغان، ئەگەرچی سەرەتا ئەردۆغان وهەڤاڵەکانی بزوتنەوەی
گولەنیەکانیان وەکو پەیژە بەکارهێنا بۆ گەیشتنە دەسەڵات وسودیان لەپێگە
وپارەکەیان وەرگرت، بەڵام لەساڵی ٢٠١٣ کۆدەتایان بەسەر گولەنیەکاندا
کرد وبەشێکی زۆری سەروەت سامانەکانی ئەو بزوتنەوەیەیان وەکو تاڵانی
دەست بەسەراگرت ولەهەوڵیشدا بون لەدەرەوەی تورکیاش ئەو گورزیان
تێسرەوێنن، بەڵام بەهۆی تێکچونی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ زۆربەی
وڵاتاندا نەیتوانی کارگەری گولەنیەکان کەمبکاتەوە، کە تورکیا بەپلەی
یەکەم فتح اللە گولەن تاوانبار دەکات، کەلەپشتی کۆدەتاکەوە بوبێت، کە
پاشان ئاراستەکەی گۆراو بوبە کۆدەتای ئەردۆغانیەکان بەسەرنەیارەکانیدا
لەگولەنی و هەدەپە وچەپەکان . یەکێک لەو خالانەی کە تورکیای دڕدۆنگ
کردوە، ئەویە کە ئەردۆغان لە پێش هاتنەسەرکاری ترەمپەوە داوای
رادەستکردنەوە فتح اللە گولەن دەکاتەوە، کە لە ئێستادا دانیشتوی
ولایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکایە، من پێموایە ئەو داوایەی تورکیا
لەئەمەریکا هێنانەدی لەسەر ئەمەریکا ودێمۆکراتی وشکۆمەندی دەستورەکەی
دەکەوێ . ئەگەرچی تورکیاش وەکو پەرچەکردارێک بەرانبەر بەهەڵوێستی
ئەمەریکا هەندێک خەڵکی زایندانی کردوە بەتاوانی جاسوسیکردن بۆ ئەمەریکا
لە کونسولخانەی ئەمەریکا.
هاوکاری کوردانی رۆژئاوا لەلایەن ئەمەریکاوە:
ئەمەریکا سەرەتا هاوکاری هێزەکانی سوریای ئازادی کرد، کەدەسەندەخۆری
ئەردۆغان بون، بەڵام پاشان ئەمەریکا لەوهاوکاریانە پەژیوانی هەڵبژارد ،
لەبەر ئەوەی ئەو هێزە هیچ جیاوازیەکی نەبو لەگەڵ گروپە ئیسلامیە
رادیکالەکانی بەرەی نوسرە وئەحرار الشام وداعشدا، بۆیە ئەمەریکا
لەسەروبەری هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی وگرەسپی، کەلەسەرەتای ساڵی
٢٠١١ کوردەکان بەهاوکاری پێکهاتەکانی باکوری سوریا ئازادیان کردبو،
بۆیدەرکەوت کە کوردەکان وهێزە چەکدارەکەیان تاکە هێزن، کەبەراستی شەر
دژی داعش دەکەن... لێرەوە کێچ کەوتە کەوڵی ئەردۆغانەوە وکەوتە ماخۆلان
وپەنابردن بۆ ناتۆ ویەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە
ڕێگەی پێبدەن چەند ناوچەیەکی لەخاکی سوریا بەناوی ناوچەی (بێلایەن) بۆ
خۆی دابڕێ وبۆئەو مەبەستەش سازشێکی زۆری کرد بۆ روسیا وئێران و یەکێتی
ئەوروپا. ئامانجی سەرەکی تورکیا لەدروستکردنی ئەو ناوچەیە تەنها بۆ
ڕێگری بو لەیەکگرتنەوەی کانتۆنەکان... ماوەی چەند ساڵێک وڕکی
لەئەمەریکا گرت، کە یا تورکیا یا کوردەکان هەڵبژێرە وەکو هاوپەیمان،
بەڵام لە کۆتاییدا ئەمەریکا کورد وپێکهاتەکانی باکوری سوریای هەڵبژارد،
نەک تورکیا و کۆی ئۆپەراسیۆنەکانیشی لەگەڵ یەپەگە وهەدەسە دا ئەنجام دا،
بۆیە لێرەدا جارێکیتر تورکیا زۆر بەپەلە بایدایەوە بەلای روسیاداو
لەبەرانبەر کشانەوەی هێزەدەسەندەخۆرەکانی لە حەڵەب بەناچاری پەلاماری
شارۆچکەی سنوری جەرابلوسیدا ، کەئەوکاتە لەژێرکۆنترۆڵی داعشدا بو ،
داعشیش بەبێ هیچ جۆرەبەرگریەک شارەکەی بۆ بەجێهێشتن... ئەمەریکا
بەئاشکرا درێژەیدا بە هاوکاری یەپەگە وهەدەسە و مەبەستیشی بو،کە تورکیا
بەشداری پێنەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنەوەی پایتەختی خەلافەتی
داعشدا... لە ئێستاشدا ڕژێمی ئەردۆغان هەر چۆن لە حەڵەب
هێزەدەسەندەخۆرەکانی کشاندەوە لەبەرانبەر جەرابلوس وعزاز و البابدا
لەداهاتویەکی نزیکیشدا ئامادە دەبێ،کە ئیدلیب وشوێنەکانی تریش لەناوچەی
سەهبا رادەستی ڕژێمی ئەسەد بکات لەبەرانبەر ڕێگری لە بالادەستی و
پێشڕەوی هێزەکانی رۆژئاوا بەرەو کانتۆنی عفرین.... سەردانەکەی ئێستای
بیناڵی یوڵدرمیش ئەگەرچی بەپلەی یەکەم پەیوەندی بە دانپیانەکانی رەزا
سەرافەوە هەیە، کە حکومەتی ئەردۆغان زۆر دەترسێ کە مەسەلەکە بگاتە
ئەوئاستەی ، کە ئەندامانی نێو خێزانەکەی ئەردۆغانیش بگرێتەوە.. ئەگەرچی
هاوکات مەسەلەی هاوکاری رۆژئاواش لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە
لە نەخشەو خشتەی کارەکانیدایە، وەلی ئەوەی من بیزانم ئەوەیە ، کە
ئەمەریکا وەکو پێویست پێشوازی لەم شاندەی حکومەتی تورکی ناکات وتا
ئێستا پاش هەوڵێکی زۆر تەنها جێگری سەرۆکی ئەمەریکایان بینیوە.
فەتحوڵا گولەن:
گولەن بە خاوەن وڕێبەری بزوتنەوەی خزمەتگوزاری لەتورکیادا ناسراوە و ئەم
بزوتنەوەیە
بەدیع ئەلزەمانی زانای کورد (سعیدی نورسی) بەڕێبازی خۆیان
دەزانن ولەتورکیا ودەرەوەی تورکیادا خاوەنی سەدان خویندنگە وزانکۆی
ناودارن، هاوکات خاوەنی دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری گەورەن لەولاتانی
رۆژئاوا وئاسیای ناوەڕاست وئەمەریکا... گولەنیەکان حیزب نین، بەڵام
هەمیشە وەکو لایەنێکی ئایینی دەوڵەمەند و کاریگەر دەردەکەون وموریدو
هەواداریان لەتورکیا ودەرەوەیدا زۆرن، بۆیە حیزبە ئیسلامیەکانی تورکیا
لە نجم الدین ئەربەکانەوە تا ئەردۆغان سودیان لەتواناو کارامەیی
گولەنیەکان وەرگرتوە، بەتایبەتی ئەردۆگان وحیزبەکەی سودیان
لەتوانامادیەکانی گولەنیەکان وەرگرتوە و وەکو پەیژە بەکاریان بردون بۆ
گەیشتنە دەسەڵات.سەرانی ئاکپارتی بەتایبەتی خودی ئەردۆغان هەمیشە فتح
اللە گولەنی بەمامۆستای گەورە ناودەبرد، بەڵام کە هەستیان بەبەهێزی
خۆیان کرد دوای دامرکاندنەوەی دەسەلاتی جەنراڵەکانی سوپا کەوتنە وێزەی
گولەنیەکان وئامانجی سەرەکیشیان لەو هەڵگەڕانەوەیە دژ بەگولەنیەکان
بریتی بو لەدەستبەسەراگرتنی دامەزراوە وسەرمایەکەیان...بۆ ئەو مەبەستەش
دەیان دۆسیەی جۆراوجۆریان بۆ گولەنیەکان هەڵبەست و جارێ بەناوی تاوانی
دامەزراندنی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا وجارێکی تربەچاوساغی داگیرکەران
وهاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان ودەیان قسەوقسەڵۆکی تر ...ئێستاش
پاکتاوکردنی پاشماوەی دامەزراوەی سوپا لەدوای کۆدەتاکەی ساڵی پار لە
ژێرناوی پەیوەندی بەگولەنیەکانەوە دوردەخرێنەوە وزیندانی دەکرێن ...
ئێستاش لەهەوڵی ئەوەدان ،کە ئەمەریکا گولەنیان ڕادەست بکاتەوە، ئەگەینا
لە ڕێگەی کەنالەتایبەتیەکانی خۆیانەوە دەیڕفێنن. لە ڕاستیشدا گولەن
دوژمنی راستەقینەی تورکیا نین، بەڵام ئەردۆگان بۆ مانەوەی خۆیان
پێویستیان بەدوژمنێکی هەمیشەیی هەیە وگولەنیەکانیش چەورترین دوژمنی
نمونەیین بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان و ئەنجامدانی مانۆڕی جۆراوجۆر لەهەر
کاتێکدا ، کە بەرژەوەندیان بیخوازێت.
کوردستانی باشور:
حکومەتی ئاکپارتی تاساڵانی ٢٠٠٨ مامەلەو ناوهێنانی حکومەت وهەرێمی
باشور هێڵی سور بو ، هەمیشە هەڕەشەی لەشکرکێشی لەپێشەوەی بەرنامەکانی
حکومەتی تورکیدا بو، بەڵام لەگەڵ زاڵبونی ئاکپارتی بەسەردامەزراوەی
سەربازیدا پەیوەندیەکان گۆڕانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی وپاش جەند ساڵێک
توانیان کوردستانی باشور بکەنە لەبارترین بازاڕی ساغکردنەوەی شت ومەک
وکەلوپەلی تورکی، کەلە ئێستادا ١٣٥٢ کۆمپانیای جیاجیای تورکی لەم
هەرێمەدا بونیان هەیە وساڵانە چەندین ملیارد دۆلار لەهەناردەکردن و
نەوتی هەرزان دەچننەوە ولەلایەکی تریشەوە ئەم پەیوەندییانە
نەیانتوانیوە هەڕەشە ولەشکرکێشیەکانی تورکیا لەسەر باشور کەمبکەنەوە
ولەسەروبەری ڕیفراندومیشدا بەهەمان شێوە تورکیا ڕۆڵێکی خەراپی گێڕا ،چ
لەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەبەغدا و لەگەڵ ئێرانیشدا بەهەمان
شێوە کەوتنە وێزەی گەلی کورد وگاڵدانی کەمەنەتەوەکانی تورکمان وئەوانی
تر دژ بەخەڵکی کوردستان لەکاتێکدا حکومەتی تورکی خۆی سودمەندی یەکەم بو
لەم هەرێمە وگرێبەستەکانیشی بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند ئەنجامداوە...
لە ئێستاشدا کە تورکیا بەپلەی یەکەم پشت بەسەرچاوەکانی وزەی کوردستان
دەبەستا ئێستا نرخی نەوت و بەنزین بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو
بەرزبۆتەوە، کە دیسانەوە تورکیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، چونکە حکومەتی
ناوەند لە عێراق دەتوانێ نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەسرە و هێڵەکۆنەکانی
بانیاس و تەنانەت ئێرانیشەوە هەناردە بکات، ئەمە جگە لەوەی ،کەهەناردەکردنی
نەوت بەرەو تورکیا کاتێک مسۆگەر دەبێت، کە کێشەی حکومەتی هەریم وبەغدا
ئارامی وسەقامگیری بۆ فەراهەم بکرێت.
شکۆمەندی تورکیا شکاوە:
سەرانی ئاکپارتی، کە ساڵێک دوای دامەزراندنی پارتەکەیان لەیەکەم
هەڵبژاردنێکی پێشوەختدا دەسەڵاتیان گرتە دەست تا ساڵی ٢٠٠٩ توانیان
تورکیا لەهەمو ڕویەکەوە بگۆڕن وباری دەرامەت وداهاتی نەتەوەیی
بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە وتەنانەت توانیان تورکیا بەدور بگرن لەو
کێشەئابوریەی ئەو رۆژگارە ،کەئەمەریکا ووڵاتانی رۆژئاوای هەراسان کردبو،
جگەلەوەی تورکیا لەسەردەستی ئاکپارتی ڕیفۆرگەلێکی زۆری کرد
لەسەرئاستەکانی ناوخۆ ودەرەوەدا بەئەندازەیەک لە کۆی ١٩٢ دەوڵەتی جیهان
١٥١ دەوڵەت دەنگیاندا بەتورکیا، کە دەوڵەتێکە دەتوانێ ببێتە ئەندامی
یەکێتی ئەوروپا و ڕیز لەمافی مرۆڤ دەگرێت ودێمۆکراتیەتیش لەو وڵاتەدا
هەنگاوی باشی ناوە ودەسەلاتەکانیش تا رادەیەکی چاک سەربەخۆ کاردەکەن،
بەڵام پاش جەند ساڵێک لەو مێژوە واتا لە سەرەتای بەهاری عەرەبیەوە
تورکیا بەرەو دواوە چوە و بۆتە دایکەدزانە و پەناگە و حەشارگەی
تیرۆرستانی گروپە رادیکالە ئیسلامیەکانی ئاسیای ناوەراست وداعش، بۆیە
لە هەڵنانی ئەمساڵدا تورکیا لەکۆی ٢٠٠ دەوڵەت تەنها ٦٠ دەنگی هێناوە،
ئەویش بەهۆی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆی چەوتی ئەردۆغانەوە، کە تەنها
زمانی کوشتن وگرتن وداپڵۆسینی پەیڕەوکردوە ، بێ گوێدانە سیاسەتی نەرم و
ڕێگەی دیبلۆماسی نەرم وتەنها (هارد پاوەر) ی لەسیاسەتی دەرەوە
وناوەوەدا بەکاربردوە.
سکانداڵی ١٧/١٢/٢٠١٣:
قاچاغچێتی نەوت و ئاڵتون و شتنەوەی دروای ڕەش (دۆلار)ی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و وەرگرتنی هەرچی پرۆژەی ستراتیژی هەیە لە تورکیادا بۆ بیلالی
کوڕی ئەردۆغان وکوڕی بیناڵی یڵدرم ووەزیرەکانی تر دەرچوە، کە سەرەداوی
ئەم گەندەڵیانە گەیشتۆتە دادگاکانی ئەمەریکا و دورگەی (ماڵتا) ی
بەهەشتی دراوە نەختینەکان.
ماڵپەڕی هۆشیار
ئەوڕەحمان
|