په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠١١

تورکیا، ئۆردوگای زۆرەملێ لە سەردەمی دەستووری نوێ.


هۆشیار حوسێن    

 

لە کاتێکدا، پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا باس لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێی دیموکراتی دەکات کە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی گەلان و سەروەری یاسا تێیدا باڵادەست بێت، هەر لە هەمان کاتدا سیاسەتی تواندنەوە و کۆچبەری و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزان لەبەرامبەر گەلی کورد پەیڕەو دەکات.

بڕیاری رووخاندنی ئەو گەڕەکە کوردانەی شاری ئەدەنە* کە منداڵەکانیان بەردهاوێژن، لەلایەن (حسێن عەونی جۆش**)ـەوە دەرچوو، ئێمە باس لەبڕیارێکی گەرماو گەرمی ئێستا دەکەین، نەک مێژوو، ناوبراو لەنێوان ساڵانی 1991– 1995 کاتێک جێگری والی رەوشی ئاوارتەش بوو لەباکوری کوردستان، فەرمانی خاپوورکردنی هەزاران گوندی کوردانی دەرکرد.

ئێستاش ناوبراو والی شاری (ئەدەنە)ـیە، رەزامەندی لەسەر راپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەدەنە نیشان داوە کە تێیدا هاتووە:

(داوادەکەین کە ئۆردوگای زۆرەملێ بۆ منداڵە بەرد هاوێژ و خۆنیشاندەرە کوردەکان ئاوابکەین، چونکە گەڕەکە کوردنشینەکان ناتوانرێت کونترۆل بکرێت، کوچە و کۆڵانەکانی تەسک و باریکن، دەتوانن زوو خۆ وون بکەن، ئۆتۆمۆبیلەکانی پۆلیس و ئاسایش ناتوانن بچنە نێو ئەو گەڕەکانەوە، بۆیە بۆتە زەمینەیەکی رەخساو بۆ رێکخستنی تیرۆریستان - مەبەستی پەکەکەیە -).

شایانی باسە هەفتەی رابردووش والی دیاربەکر مستەفا تۆپراک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند:
(بۆ سزادانی ئەو منداڵانەی کە بەرد دەگرنە پۆلیس رێبازێکی تازە دەگرینەبەر، ئەویش ئەوەیە ئەو منداڵانە لە خێزانەکانیان دەستێنین و خۆمان پەروەردەیان دەکەین).
هەرچەندە ناڕەزاییەکی زۆر لەلایەن دایک و باوکی منداڵانیش نیشان دراوە، بەڵام جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن بە کەیفخۆشیەوە پێشوازیان لەو بڕیارە کردووە.

هەر دەستبەجێ دوای ئەو راپۆرتە، والی جۆش کەوتۆتە جموجۆل بۆ جێبەجێکردنی خاپوور کردن، سەرەتا لە سەیهان***وە دەستپێدەکات کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 000 250 کەسە، خەڵکی سەیهان دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکان گوندەکانیان چۆل و خاپوورکردن و ماڵیان تالان کراو کەوتنە بەر شاڵاوی زولم و ناحەقی، ئەوا جارێکی دیکە ماڵوێران دەکرێنەوە و لەو شوێنانەش دەردەکرێن کە لێیگیرساونەتەوە و دەکەونەوەوە بەر لێشاوی زوڵمێکی دیکە.
______________________________________________________
* ئەدەنە؛ شارێکی تورکیایە، دوای شارەکانی ئیستەمبۆل، ئەنقەرە، ئیزمیر، بۆرسە، گەورەترین شاری تورکیایە، بە گوێرەی سەرژمێریەکان لەساڵی 2010 ژمارەی دانیشتوانی 1.835.652 کەسە. پاش رووخاندنی گوندەکانیان و کۆچبەری کوردان لەساڵانی نەوەدەکان، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە کوردەکان روویان لە شاری ئەدەنە کرد و خانوو و گەڕەکی سەرەتاییان لەنزیک و دەوروبەری شارەکە دروستکرد و گیرسانەوە.
** حسێن عەونی جۆش لەساڵی 1959 لەشاری ئیسپارتا هاتۆتە دنیا، گەلێک ئەرکی جۆراوجۆری دەوڵەتی بەڕێوەبردووە، قائیمامێتی چەندین شاری کردووە.
لەسەردەمی یاسای رەوشی ئاوارتە لەکوردستان لەساڵانی نەوەدەکان، جێگری والی رەوشی ئاوارتە بوو، کە حەملەیەکی لەشێوەی ئەنفال بەرامبەر باکوری کوردستان بەڕێوەچوو، زۆربەی هەرە زۆری تاوانەکانی (بکوژی نادیار) و ئەشکەنجە و بێسەرو شوێنکردن و رووخاندنی گوندەکان لە نێوان ساڵانی 1991 تا 1995 جێبێجێکران کە حسێن عەونی جۆش لە کوردستاندا ئەرکدار بوو. کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی شارەوانی شاری ئیستەمبۆل بوو، لەسەر ئەو تۆمەتی گەندەلیەی لە دژیدا لێکۆڵینەوە کرابووەوە، جۆش ئەو کاتە موفەتیشی مولکیەتی دەوڵەت بوو، ئەردۆغانی پاراست و رزگارکرد. والیێتی شارەکانی ئاک سەرای، بینگۆل، هەرە دواییش کرا بە والی ئەدەنە
*** سەیهان: گەڕەکێکی کوردنشینی گەورەیە بەشاری ئەدەنەوە لکاوە.

 

ماڵپه‌ڕی هۆشیار حوسێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک