په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٦

تورکیا؛ گۆڕستانێک بۆ میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن.

ئیسماعیل تەنیا     


لەوەتەی ئەردۆغان ھاتۆتە سەر حوکم،چوار تا پێنج ساڵی سەرەتایی لێبترازێت،دەنا بەھۆی تاکڕەوی و سیاسەتە پەڕگیریەکەی،قەیران لەدوای قەیران،ڕوبەڕوی تورکیا،دەبێتەوە.لە قەیرانی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن.ئەوەی لەپاش ساڵانی(٢٠١٣)ەوە لە تورکیادا دەگوزەرێ،ئەوە دوپات دەکەنەوە کە؛کەشتیەوانە ڕاستڕەوەکە،وا خەریکە کەشتیەکە لەجیاتی گەیشتن بە دوڕگەو کەناری ئارام،بە شاخەکانی کەناری مەڕمەڕەی دادەدات....داتای قەیرانەکان ئەوەندە زۆرن، ناپرژێینە سەر دەور کردنەوەیان.مەبەستی ئێمە تەنھا قەیران و قەیران دروستکردنە بۆ میدیای ئازادو ئۆپۆزسیۆن.ئەویش ھەمووی نا،تەنھا ئەوانەی کە ئەوەندە تازەن کە دیمەنەکانیان لە ھزرو خەیاڵمان کاڵ نەبوونەتەوە.لە یەک دوو مانگی پێش کۆتا ھاتنی ساڵی ڕابردو،ڕێک لە مانگی ئۆکتۆبەردا،بە یەک جار، حەوت کەناڵی تەلەفزیۆنی(دیژی تورک)،داخران.لە نۆڤێمبەری ھەمان ساڵدا،سێزدە کەناڵی(ڕادیۆ و تەلەفزیۆن)،لەسەر مانگی دەستکردی(تورک سات)دا،وەدەرنران.ھەر لەبەر ئەوەی سەر بە کۆمەڵەی (سەمان یۆڵ)ی پەیوەست بە بانگخوازی ئیسلامی قاچاغ لە تورکیا(فەتحوڵلا گویلەن)بوون.سەرەڕای وەدەرنانی ئەم کەناڵانە،(ھیدایەت کاراجا)ی سەرۆکی کۆمەڵەکەشیان دەستگیر کردو بێ لێپرسینەوەو دەستنیشانکردنی کاتی دادگایی کردنی،لە زیندانیان پەست.دەبێت ناوبراو یەک ساڵ بێ دادگایی کردن لە زیندان چاوەڕێ بکات،پاشان بچێتە بەردەم دادگاو داکۆکی لە کێسەکەی خۆی بکات...

ھەر لەوسەرو بەندەدا،(مانگی نۆڤێمبەر)،بە بیانوی بانگەشە کردن بۆ تیرۆرو کاری توندو تیژی، کەسایەتی دیارو سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی شاری دیاربەکر،(تاھیر ئالچی)یان لەژێر ناوی تاوانی بکەری نادیار،تیرۆر کرد....کێسی تیرۆر کردنەکەشیان پەردەپۆش کرد.لەپێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا لە ڕۆژی (١/١١/٢٠١٥)شدا،کەناڵی ئاسمانی(بوگون تیڤی)یان خستە ژێر چاودێری دەوڵەتەوە،بۆ پڕوپاگەندە کردن بۆ حیزبەکەی ئەردۆغان و داود ئۆغڵو،بەکاریان ھێنا...ئەم کەناڵەش مایەپوچ دەرچوو، لەگەڵ ھەردوو ڕۆژنامەکە؛(بوگون)و(میللەت)،داخران.

لەساڵی(٢٠١٤)دا،(جان دۆندار)ی سەرنووسەری ڕۆژنامەی(جمھوریەت)ی خاوەن دیدو ڕامانی عیلمانی و(ئەردەم گیول)ی بەرپرسی شاری ئەنقەرەی ڕۆژنامەکە،بەبەڵگەوە بڵاوی کردەوە کە؛چەندین شاحینەی تورکیا بینراوە کە لەژێر چاودێری عەسکەرو(میت)ی تورکیدا،چەکیان بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش) گواستۆتەوە...دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکە،ڕاستەوخۆ (ئەردۆغان) ھاتە سەر خەت و بەناوی کەشف کردنی نھێنیەکانی دەوڵەت و ئاسایشی نەتەوەیی،ھەڕەشەیەکی توندی کردە سەر سەرنوسەری(جمھوریەت)و گوتی؛(ئەو کەسەی ئەم ھەواڵەی بڵاوکردۆتەوە،گران لەسەری دەوەستێت، دەبێت باجێکی قورس بدات).ھەر پاش ئەم ھەڕەشەیە،لەلایەن دادگاوە دۆسیەیان بۆ کراوەو(جان دۆندارو ئەردەم گیول)یان،زیندانی کرد.سەرەڕای ناڕەزایی زۆری ڕێکخراوی لێبووردنی گشتی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی بێسنوورو دەیان ڕێکخراوی تری سەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوان ھەر لە زیندان مانەوە.پاش فشاری زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا،دادگایی کران،بەڵام بە بەڵگە ھیچ تاوانێکیان لەسەرئیسپات نەبوو،بە بڕیاری (دادگای دەستووری) لە (٢٥/٢/٢٠١٦)دا، ئازاد کران...ھەفتەیەک دوای ئازاد بوونیان،ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی؛من دژی ئازاد کردنی ئەوانەم،دان بەو بڕیارەی دادگای دەستوورییەوە نانێم....میدیاو میدیاکارانی سەر بەدەوڵەت و خودی ئەردۆغانش ئەوەیان بڵاوکردەوە کە؛لە نزیکترین کاتدا،ئەوانە ڕاپێچی زیندان دەکرێنەوە.پاش ئەم قسەیەی ئەردۆغان،(جان دۆندار)،لە کۆنگرەیەکدا لە وەڵامی میدیاو ڕۆژنامەنووساندا بە سەرسوڕمانەوە گوتی؛(تا ئەم چرکە ساتەیە،ھیچ سەرۆک کۆمارێکی تورکیام نەبینیوە جەسارەت بکات و بڵێت؛من دان بە بڕیاری دادگای دەستووریەوە نانێم....ئەم قسەیەی سەرۆک کۆمار دەرھەق بە بڕیاری دادگا،چەند ئێمەی نیگەران کردوە پێنج ھێندە ئەمەریکاو ئەوروپای تووشی شۆک کردوە).ھەروەھا دەربارەی تێکچوونی شیرازەی پەیوەندییەکانی نێوان دامودەزگا حکومی و دەستووریەکان،ھۆشداریداو گوتی؛(دەوڵەت بەرەو قەیران دەڕوات...قەیرانێک تەواو نابێت،یەکێکی تر دێتە پێش.بەچاوی خۆمان

دەبینین پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکایەتی کۆمارو دادگای دەستووری چی لێھاتووە....ھەروەھا پەیوەندی نێوان سەرۆکایەتی کۆمارو پەرلەمان،پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن،ئۆپۆزسیۆن و دەزگا دەستووریەکان،بە ھەمان شێوە....ئێستاکە گرژی و ئاڵۆزیەکان گەیشتۆتە ناو حکومەت و وەزیرەکانیشەوە).دەربارەی ھاوڕێ و ھاوپیشە زیندانیکراوەکانیشی گوتی؛زیاتر لە سی لەھاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانم تا ئێستا لە زیندانن،ھیوادارم ئەوانیش زوو ئازاد بکرێن.

ھەر لەم ھەفتەیەشدا،کەناڵی(بەنگوتورک)ی تورکی و کەناڵی تەلەفزیۆنی(ئای ئێم سی)کوردی،لەسەر مانگی دەستکردی(تورک سات)،دەرکران.شایانی زانینە کە؛تورکسات،ڕاستەوخۆ سەر بە دەوڵەتە، ھەر کەناڵێک ڕەخنە لە دەوڵەت بگرێت،دەکرێتە دەرەوە.

تازەترین قەیرانیش،بڕیاری خستنە ژێر چاودێری ڕۆژنامەی(زەمان)ە،کە لە رۆژی(٤/٣)،خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.(زەمان)،ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆژانەیە،لە بزووتنەوەی خزمەتی(فەتحوڵا گیولەن)ەوە نزیکە.یەکەم ژمارەی لە رۆژی(٣/١١/١٩٨٦)دا دەرچووە.یەکەم رۆژنامەیە لە ڕوی تیراژو فراوانی بڵاوکردنەوەو خستنە ڕووی ڕاستیەکانەوە.جگە لە تورکیا،لە ئوستراڵیاو مەکەدۆنیاو ئازەربایجان و بولگاریاو تورکمەنستان و باکوری قبرس و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا،بڵاودەکرێتەوە. جگە لە چاپی تورکی،لە ماڵپەڕەکەیاندا بە زمانەکانی(عەرەبی)و(کوردی)و(ئەڵمانی)و(ئینگلیزی)شی ھەیە.لە ئێستادا،ڕۆژانە (٩٨٠)ھەزار دانەی لێ چاپ دەکرێت.لە ھەندێک جارانیشدا ئەم تیراژەی تێپەڕاندووەو گەیشتۆتە ملیۆنێک و دووسەدو پەنجا ھەزار دانە.لە(٨/١/٢٠١٥)ەشەوە،ماڵپەڕەکەیان بە زمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)کەوتۆتە کار.

پاش ساڵی(٢٠١٣)و ڕەخنەکانی زەمان لە حکومەت و خودی ئەردۆغان،پەیوەندیەکانی نێوانیان بەرەو خراپ بوون رۆیشت...تا بە ئەمڕۆ گەیشت کە بڕیاری ماندات و خستنە ژێرچاودێری بۆ درا.ئەم بڕیارەی حکومەت،ئەوروپاو ئەمەریکاو دەزگاکانی میدیاو مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی تورکیای ھێنا سەر خەت.لە تازەترین کاردانەوەدا،وتەبێژی حکومەتی ئەمەریکا(جۆن کیربی)،گوتی؛ئەم کارەی حکومەتی تورکیا مایەی نیگەرانییە،کپکردنی دەنگی ئازاد خزمەت بە ھیچ لایەک ناکات.ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت؛(حکومەتی تورکیا بەدەست بەسەرداگرتنی رۆژنامەی زەمان و میدیای ئازاد،دوا ھەنگاوی ھێرش و بەرتەنگکردنەوەی ئازادی ڕامان و مافی مرۆڤە).میدیاکارانی زەمان لە گردبوونەوەیەکدا گوتیان؛(نەک ھەر زەمان،بەڵکو تەواوی ڕامانی ئازاد،ڕۆشنبیران،ھونەرمەندان، ئەکادیمیسستان،ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیادا لە ژێر چاودێری ھەڕەشەدان لە تورکیا). (ئۆزگور مومجو)،ڕۆژنامەنووسی ناودار لە ڕۆژنامەی(جمھوریەت)ی تورکی دەنووسێت و دەڵێت؛ (کەمێک پشووتان ھەبێت،لە داھاتوویەکی نزیکدا،چاودێری دەخەنە سەر ھەموو ماڵێک کە بزانن خاوەنەکەی دەنگی بە ئەردۆغان و پارتەکەی نەداوە).

شایانی باسە،جاران بەھۆی ژمارە زۆری داخستنی پارتە کوردیەکان و پارتە چەپەکان،لەنێو ناوەندی سیاسی و ڕۆشنبیری تورکیدا،بەگاڵتەوە دەیانگوت؛تورکیا بۆتە گۆڕستانی پارتە سیاسیەکان... بەڵام لە ئێستادا؛لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕوداوە یەک لەدوا یەکانەی کە لەدژی رۆژنامەو تەلەفزیۆن و میدیای ئازادەوە ڕوودەدەن،ڕاستە بڵێین؛تورکیا نەک ھەر گۆڕستانێکە بۆ پارتە سیاسیەکان،بەڵکو لە ئەمڕۆدا بۆتە گۆڕستانێکی گەورە بۆ میدیای ئازادو ئۆپۆزسیۆنیش.

 

 

ھانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک