٢٢\٩\٢٠١٦
تورکیا و
یاوەرەکانی و ھەوڵی داگیرکردنی موسڵ.

ئهحمهد رهجهب
لە ١٠ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ موسڵ دووەم شاری گەورەی عێراق بە پێی
پیلانێکی توکمەی دارێژراو لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری
تورکیاو ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری موسڵ و بەعسییەکان و سەرکردەکانی
سوپاکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری ئەلمالکی کەوت و لەلایەن دەوڵەتی
ئیسلامی خوێنرێژەوە ( داعش) کۆنترۆڵ کراو دەستیانکرد بە کوشتن و
خوێنرشتن و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی دانیشتوانی شارەکەو بووە ھۆی
راکردن و ھەڵاتن و ئاوارەبوونی ھەزاران خێزان بە تایبەت کریستانییەکان
( مەسیحەکان) و ئێزدییەکان و شەبەک و کاکەییەکان لە ترسی کوشتن بە ھۆی
ئاین و مەزھەبەوە.
لەم رۆژانەدا مقۆ مقۆیەکی خەست و سەخت لە نێوان ئەمریکاو تورکیاو
یاوەرەکانی و عێراق و پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە ئارادایەو، ھەر یەک
لەوانە پلان و ئەجیندای تایبەتی خۆی ھەیەو بە دوای بەرژەوەندییەکانیان
ئەگەرێن و، ئەمریکا بە قورسایی خۆی و ھەموو تواناکانیەوە ئەیەوێت بە
زووترین کات دەستبکرێت بە شەری موسڵ و ببێت بە پێشەنگ و، خاوەنی بریار
لە پاش نەمانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) و، بۆ ئەو مەبەستە جگە لە کاری
عەسکەری رووی کردووەتە کاری دیبلۆماسی و، لە ھەفتەی رابردوو شاندێکی
ئەمریکا گەیشتە بەغداو، شاندەکە پێکھاتبوو لە ئەنتۆنی بلیکن یاریدەدەری
وەزیری دەرەوەو، بریت ماگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆک ئۆباماو جۆزێف
ھاریس بەرێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ کاروباری عێراق و،
جۆزێف بینتگتۆن بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوین و،
شایانی ئاماژەیە شاندەکە لە گەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق باسی
ھەنگاوەکانی شەری موسڵیان کرد ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە
تورکیاش ئەیەوێت پەلە بکرێت لە شەری موسڵ و، بەشداری تیادا بکات و،
ئامانجی ئەوەیە چۆن لە کاتی رۆخانی رژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەێن
ھەرچی بەڵگەنامەو دیکۆمێنت ھەیە لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بە
سەرداگیراو، ھەر ھەمووی باسی لە رەفتارو پرۆسە چەپەڵەکانی سەدام و حزبی
بەعسی عەرەبی و، ھەلسوکەوتی رژێمەکەی ئەکردو، تورکیا لەوە ترساوە
بەڵگەکانی پاش نەمانی داعش بکەوێتە دەستی لایەنەکانی تر، کە چۆن
ئەردۆگان و تورکیا یارمەتی داعشیانداوەو، تورکیا نایەوێت ھەرچی تاوان
دژ بە ھەلسوکەوتی نامرۆڤانەی داعش ھەیە کە بە فیتی ئەو کراوە بدرێتە
پاڵی و، تاوانبار بکرێت.
تورکیاو وڵاتانی کەنداو بە تایبەت عەرەبستانی سعودی و قەتەرو
بەعسییەکانی عێراق و ھەندی لایەنی تر لە ژێر چاودێری ئەمریکا داعشیان
دروستکردو، ھەر لە سەرەتاوە تورکیا یارمەتی داعشی داوە لە ھەموو
روویەکەوەو، ھەرچی کارو کردەوەی نامرۆڤانە ھەیە، داعش بە فەرمانی
تورکیا ئەنجامیداوەو، لە ھەمووی زەقترو دزێوتر گرتنی شەنگاڵ بوو لە ٣ ی
ئابی ٢٠١٤ دژ بە ئێزدییەکان و، ئەو کارەش بە پێی نەخشەیەکی دارێژراوو
گوماناوی کراو، بەبێ تەقەکردنی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
کە پاراستنی شارەکە لە ئەستۆیان بوو.
ئەگەر موسڵ لەلایەن ھەر ھێزێکی ترەوە داگیربکرێت و داعش تێکبشکێنرێت،
ئەوا بەشێکی زۆر لەو تاوانانە ئەردۆگان وحزبی "" دادو گەشەپێدان "" و
تورکیائەگرێتەوەو، تورکیا لە مێژووەوە بە یارمەتیدانی داعش
تاوانبارکراوەو،ناوی چووەتە لیستی رەشەوە.
زلھێزەکانی دنیا کۆکن بە تێکرایی بچنە جەنگەوە دژ بەدەوڵەتی ئیسلامی (
داعش) بۆ ئازاد کردنی شاری موسڵ و، ھەر یەکە بە گوێرەی قورسایی و
توانایی سەربازیی خۆی بەشدار ئەبێت و، لە کۆتاییدا پشکی خۆی وەرئەگرێت
لە تاڵانی دوای جەنگی شاری موسڵ و،ئەمریکا بۆ گرتنی شاری موسڵ لە
کێبرکێدایە لە گەڵ نەیارو دۆستەکانی و، ھەوڵئەدات ھەموو بۆشایەکان
پربکاتەوەو، بەشدارییەکی بەھێز بکات بۆ لەناوبردنی رێکخراوی داعش ، بە
مەبەستی قایمکردنی جێپێی خۆی لە عێراقداو، ئێرانیش کار ئەکات پاڵ بنێت
بە حەشدی شەعبی شیعەکانی سەر بەخۆی بۆ بەشداریکردن لە شەری موسڵداو،
جێی خۆی لە گۆرەپانی شاردا دیاری بکات و، بەو شێوەیەش رێگای سوریا و
عێراق خۆش ئەکات و، ئەتوانێت بە ھێزی زەمێنی دۆستەکانی لە عێراق و
سوریا بپارێزێت، بەڵام تورکیا بەرامبەر بەوانە لە رێی دارودەستەی
سوننەکان و کوردانی یاوەری ئەیەوێت بوونی خۆی لە شارەکە پیشان بدات و،
بتوانێت دەسکەوت و بەرھەم دابین بکات و، لە ئێستادا ھەموو ھەوڵێکی
تورکیاو یاوەرەکانی ئەوەیە رێگری لە گرتننەوەی موسڵ بکەن و، نەھێڵن ھیچ
ھێزێکی تر بەشداری بکات و،تورکیا وەک شەڕی سوریا ئەیەوێت ھێز بە
راستەوخۆ بەشداریی گرتنەوەی شاری موسڵ پێبکات ئەوەش بە پێی رێککەوتن
نامەیەک لە ساڵی ١٩٢٦ شدا لە نێوان زلھێزەکان واژوکراوەو ئەو مافەی
پێئدراوە.
لە ٢٤ /٨/٢٠١٦ ھێزەکانی سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنی (قەلغانی فورات)
چونە ناو خاکی سوریاو شاروچکەی جەرابلوسیان داگیرکردو، لە پاش رۆژێک
تورکیا تۆپبارانی ئەو ناوچانەی کوردی تیابوو کردو، بووە ھۆی شەھید
بوونی ژمارەیەک ھاوڵاتی و شەرڤانان و، وا دیارە بە بەڵگەی بەشدارکردن
لە گرتنەوەی موسڵ تورکیا ئۆپراسیۆنێکی تر ئەنجامئەدات و، دوور نییە
ناوی ئۆپراسیۆنی ( قەڵغانی دیجلە) ی لێبنێت و، ئەوەتا سەرۆکی تورکیا
نایشارێتەوەو رایگەیاند، باوەڕیان وایە کردەوەی ھاوشێوەی (قەڵغانی
فورات) لە عیراقیش پێویستە ھەر وەک چۆن لە سوریا کردیان.
بۆ ھەرکارێکی سەربازی لە عێراق تورکیا ئامادەیە، چونکە خاوەن ژمارەیەکی
زۆر بنکەی سەربازییە لە خاکی کوردستان و، ھێزێکی گەورەی زەبەلاحی لە
بەعشیقە نزیک بە پارێزگای موسڵ کۆکردووەتەوەو، ئەوترێت تەنھا ١٠
کیلۆمەتر ماوە بگاتە ناو شار.
بۆ دەستێوەردان لە کاروباری عێراق تورکیا پشت بە رێکەوتنی زلھێزەکان
ئەکات کە لە ساڵی ١٩٢٦ مۆرکراوەو، دیارە تورکیا ئەگەر بۆی برەخسێت و،
بەشداری شەری گرتنەوەی موسڵ بکات و، نیمچە سەرکەوتنێک وەدەستبھێنێت
پەلاماری شاری کەرکوک ئەدات و، ئەو کات رەجەب تەیب ئەردۆگان سەڵتەنەتی
عوسمانلییە دۆراوەکان زیندو ئەکاتەوەو، لە پێش ھەموو شتێک لە دۆستەکانی
ھەڵئەگەرێتەوەو، خاکی وڵاتەکانیان داگێر ئەکات و، کوردیتانیش دوور نییە
لەو نەخشە گڵاوە.
ئەمریکا، تورکیا، ئێران، عێراق، سوننە بەعسییەکان، پێشمەرگەو حەشدی
شەعبی شیعەکان، ھەر ھەموویان لە سەر خەتن و، چاوەروانی کاتی دەستپێکن
و، ھەر یەک لە سەر ئاوازێک ئەخوێنێت و، داھاتووش ھێشتا لێڵەو، کەس
نازانێت کێ زیاتر خوێن ئەدات و، لافاوی خوێن کێ ئەگرێتەوەو، کی ئاوارە
ئەبێت و، کێ وەریان ئەگرێت و، کێ برسییەکان تێر ئەکات و، کێ شوێنی
ژیانیان دیاری ئەکات، کێ ئەمرێت و کێ ئەمێنێتەوە.
ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە دوور بین لە پیلانی دوژمنان و، بتوانین ھێزی
پێشمەرگە قارەمانەکان بپارێزین و، ھەموومان پشتیوانیان بین و، بە
دروشمی زەق و بریقەداری دوژمنان ھەڵنەخەڵەتێن و، ھەوڵ و تێکۆشانمان
یەکبخەێن لە پێناو دەرکردنی دوژمنی سەرسەختی گەل و نەتەوەکەمان تورکیای
کەمالیست لە خاکی کوردستان.
١٩\٩\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|