١\٩\٢٠١١
تورکیاى ئاوس بە
نەژادپەرستیى، شادمانە بە تیرۆرى ١٦٠ گەریلاى کورد.

هیوا رهش
ماوەیەکە کەمالییە فاشیستەکان بۆ داپۆشینى شکستەکانیان ، بێشەرمانە
پەنا وەبەر درۆ و دەلەسە دەبەن و سەرقاڵى چەواشەکارى و شاردنەوەى
ڕاستییەکانن، وێڕاى خستنە گەڕى هێزى زەمینى و ئاسمانى و خەرج کردنى
ملیارەها دۆلار بۆ خامۆش کردنى شۆڕشى گەلێکى بەشخوراو ، کە بە تەواوى
توانا مادى و مەعنەوى و سەربازییەکانیانەوە بەربوونەتە وێزەى پارتى
کرێکارانى کوردستان و سوپایەکى ئەندام لە پەیمانى ناتۆ بە جۆرەها چەک و
جبەخانەى پێشکەوتووەوە ئابڵوقە و پەلامارى گەریلاکان دەدەن و وێڕاى
ئەوەى بەردەوام لوتیان دەشکێنرێت و تەنانەت نەیانتوانیوە بستێک لە خاکى
ئازادکراوى ژێر دەسەڵاتى گەریلا داگیر بکەنەوە ، کەچى باس لە شەهید
کردنى 160 گەریلا بە سەرکەوتنێکى نمونەیى خۆیان دەزانن ! گریمان
درۆکەیان ڕاستە و ئەو ژمارەیە لە گەریلا شەهید بوونە ، بەڵام ئەگەر بێت
و چڕى دانیشتوانى کوردانى باکور لەگەڵ باشوردا بەراوورد بکەین کە هەشت
هێندە ژمارەیان زیاترە ، و ئاوڕێک لە دڕندایەتیى شۆفینیزمى عەرەبى
بدەینەوە کە لە پرۆسە بەدناوەکانى ئەنفالدا ، سەربارى بەکارهێنانى
جۆرەها چەکى قەدەغەکراوى نێو دەوڵەتى و پیادە کردنى سیاسەتى جینۆساید
دەرهەق بە کوردانى باشور و زیندەچاڵ کردنى 182 هەزار کەس لە خەڵکى سڤیل
، دەردەکەوێ ئەو ژمارە شەهیدەى گەریلا کە تورکە ترسنۆکەکان باسى شەهید
بوونیان دەکەن ، مایەى ئەوە نیە خۆیانى پێوە هەڵکێشن و بیانەوێ بە
ڕێگەى دیماگۆگییانە ، ترس بخەنە دڵى ڕۆڵەکانى گەلەکەمانەوە ، لەوە
دەگەڕێین کەچەند کەس لە بەرامبەردا کوژراوە و چەند خانەوادەى تورکیش
هاوشانى کورد جگەرگۆشەکانیان کوژراوە و کۆستیان کەوتووە و ماتەمبار
کراون ، بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێک خۆیان دەهێننە پێشەوە :
1 - باشتر نیە بەر لە خوێنبەربوون بگیرێت و ڕێگەچارەى ئاشتیانە بگیرێتە
بەر و حکومەتى ئیسلامیى تورکیا - لا فرق بین العربی و العجمى الا
بالتقوى - پیادە بکات ؟
2 - ئەو پارەیەى لە جەنگێکى وەها ناڕەوادا خەرج دەکرێت ، بکرێتە خزمەتى
تەنگژە ئابورییەکانى ناوخۆى تورکیاوە ، چەندە کاریگەریى ئەرێنیى لەسەر
داهاتى تاکى تورکیادا جێدەهێڵێت ؟
3 - ئایا ئاغاى - عەلى قەرەداغى - لەمەڕ خۆمان ، وەکو ئیسلامییەکى
دەستڕۆییشتووى جیهانیى نەیدەپەرژا هەوڵ بدات لە ڕەمەزان و جەژنى
ئیسلامەکاندا بەر لە خوێنڕشتنى ئیسلام و دەربەدەر کردن و ڕەز و باغ
سوتاندن و دەست نەپاراستن لە ئاژەڵ و بێزمانان بگرێت و تەحریمى بکات ؟
یان کورد بە هەڵگەڕاوە لە ئیسلام دەزانێت و کوشتنیانى بەلاوە جیهادە !
4 - ئەو پارە زۆر و زەوەندەى لەو پێناوەدا بە فیڕۆ دەدرێت ، باشتر
نەبوو حکومەتى ئیسلامى بۆ ڕێگریى لە بە - قەحپەخانەبوون - ى وڵاتەکەیان
تەرخانى بکات و بازرگانیى لەشفرۆشیى پێ کەم بکاتەوە ، کە لەمولەوپەڕى
دنیاوە ڕووى تێ دەکرێت بۆ بەتاڵ کردنەوەى شەهوەتى دەوڵەمەند و
گەشتیارانى جیهان ؟
5 - پارەیەک بەو کاسبییە دەستیان دەکەوێت و بۆتە سەرچاوەى داهاتى
ئابورییان ، بۆچى وا بەخۆڕا بەفیڕۆى دەدەن و دەیدەن بە بۆمب و ناپاڵم و
160 گەریلاى پێ شەهید دەکەن ، باشتر نیە لە - بیت المال - ەکەیانەوە
بەزەکاتى بکەن و بیبەشێننەوە بەسەر هاونیشتمانییە هەژارەکانى خۆیان ؟
6 - ئایا لە مێژووى شۆڕشى ڕزگاریخوازیى گەلانى دنیادا لەدەستدانى 160
خەباتگێڕ ، شۆڕشگێڕانى ڕقئەستوورتر کردووە یان پشتیانى سارد کردۆتەوە ؟
کەوا ئێستا ئیسلامییە کەمالیستەکان وا بە هەڵە خوێندنەوەى بۆ دەکەن !
7 - چ خولیایەک لە مێشکى ئەحفادى سەعد و قەعقاع و سوڵتانەکانى
ئیمپڕاتۆریەتى پیاوە نەخۆشەکە دەخولێتەوە ، تۆ بڵێى دواى کڵاوى بابردوو
نەکەوتبن و کەڵکەڵەى سڕینەوەى گەلێک کەللەیى نەکردبن ؟
8 - گەرچیى قەندیل سیمبولى بەرخودانى گەلێکە ، بەڵام هەر گەریلایەکیش
قەندیلێکە ، بە داگیرکردنى چیاى قەندیل سەرمەست بێت ، ئەى فاشیستانى
تورک چى لەو هەموو قەندیلە دەکەن ؟
9 - بە نەریتى باوى کۆمەڵایەتى ، بە شەریعەتى کتێبە - پیرۆز - ەکان و
بە یاساى دادگەریى ، پێوانەى هەڵکوتانى تورک و بەرگریى کورد بکەین ،
سوپاى رَژێمى تورکیا یان هێزى گەریلا ، کامیان تیرۆریستن ؟ ئەى بۆچى
زلهێزەکانى دنیا لە هەمبەر کۆکوژیى کورد گوێیان کەڕ و زمانیان ڵاڵ و
چاویان نابینا و ویژدانیان مردووە و لە کەمالیستەکان بێدەنگن ؟
10 - ئایا هەرسێ ڕژێمى مرۆڤکوژى ئیسلامیى تورکیا و ئێران و ئێراق ، چ
وێنایەکى ئیسلامییەکانى لاى خۆمان پیشانمان دەدەن کە لە دوور و نزیکەوە
بە فەرمیى توخنى پرۆتیستۆ و ڕیسوا کردنى بۆمبارانى ئاخوند و
کەمالیستەکان ناکەون ؟
11 - هەزار هێندەى 160 گەریلامان لێ شەهید بکرێت هێشتا بە ژمارەى
قوربانییانى ئەنفالچییانى عروبە و ئیسلام لە باشورى کوردستان ڕا ناگات
، ئەم هەموو شەهیدە لە پەناى ئیسلامەوە بێت ، ئیتر بۆچى پەنا وەبەر
ئیسلام ببەین ؟
12 - یەکێتى زانایانى ئیسلام لەمەڕ - جێندەر - و - یاساى توند و تیژیى
دژى ژنان - فیغانیان گەییشتە کەشکەڵانى ئاسمان ، بەڵام لە هەمبەر توند
و تیژیى حکومەتى ئیسلامیى ئێرانى عەممامە و تورکە قین لە دڵەکان ، بۆچى
نوزەیان تا بەر لوتیان بڕ ناکات ؟
لە غوڕابى خەوێ داى ، دوژمنت بێدارە کوردە گیان !
هەڵستە لەم خەوە ئیمڕۆکە جەنگەى کارە کوردە گیان. مامۆستا هێمن
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|