په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 تووتی و کەلاوەکان و مەلا محیەدین.

سەلام عەبدوڵا  


ماوەی دوو رۆژە چەندین برادەرو دۆست و ناسیاو وهاوڕێ ئەم پرسیارەم لێدەکەن: توتییەکەی لای کرندیت بینی؟ ئەو حەیوانەت بینی؟
- کامە، نەخێر!
- هاهاهاهاها
ئەوەندە پرسیاریان لێ کردم، گومانم لەلا درووست بوو و گومانەکەم زیاتر بوو کاتێ پاش پرسیارەکەیان، لە قاقای پێکەنینیان دەداو پرسیارەکەیان بەجۆرێکی تر دەکردەوە: حەیوانەکە دید؟
- نە، نەدیم!


گۆڕەپانی کرێکاران لەناوەڕاستی شاری خانەقین(خانەقی)ە و تایبەتمەندی خۆی لە بیرەوەری خەڵک و بەتایبەتی کرێکاران، هەیە: ئێرە ناوەندی رۆژباشی کرێکارانی نەفتخانەو پاڵاوگەی ئەڵوەن بە جلوبەرگی شین و جامانە و سەفەرتاسییەکانی دەستیدان و کرێکارانی بیناسازی بوو لەگەل ماستفرۆش و ژنە قەیماخ فرۆش و نانەواو چاخانەکانی دەوروبەری.


پاش ئەوەی ئەم گۆڕەپانە بە بڕی30ملیون دینار، نۆژەنکرایە(ان الله یعگی من یشاء!)، ئێستا لەبری ئەوەی بکرێ بە شوێنی پەیگەری یەکێک لە شایستەترین کەسایەتی شارەکە، واتە(مامۆستا و شاعیری گەورەی شارەکەمان و خاوەنی شیعری-ئەوەت لە کوێ بوو؟-و دەیان شیعری کوردی و عەرەبی و تورکمانی و فارسی)، پەیگەری حەیوانێکیان داناوە گوایە(تووتی)یە!


دیاریکردنی پەیگەر لە شوێنێک دەبێ پەیوەندییەکی مێژوویی یان کۆمەلایەتی یان هونەری یان ئەدەبی سیاسی یان روحی یان هەر پەیوەندییەکی تر هەبێت، ئەوجا دەبێ فڵانە شوێن بۆ فڵانە پەیگەر تەخان بکرێ.


لەم ماوەیە خەریکی دۆزینەوەی پەیوەندی لە نێوان ئەو تووتییە زەبەلاحە و شارە نەگبەتەکەم بووم، بەڵام بەڕاستی تا ئێستا نەمدۆزیوەتەوەو تەنها یەک شت هەیە: راستە هەندێ کەس وەک تووتی، قسەی کەسانی تر بە بێ بیرکردنەوە دەڵێنەوە، بەڵام پێموابێت ئێمە چ پێویستییەکمان بە کلتووری تووتیتیزم نییە.
پێدەچێت نەک تەنها من، بەڵکو خەڵکەکەیش پەیوەندییەک لەنێوان:


تووتی و خانەقین،
توتی و گۆڕەپانی کرندی،
تووتی و مێژوو،
تووتی و ئەڵوەن،
تووتی و کرێکاران
تووتی و باخەکان،
تووتی و کەڵات
تووتی و کوردستان،
تووتی و سۆسیالدیموکرات،
تووتی وهەڵبژاردن،
تووتی و مادەەی 140،
تووتی و هاپەیمانی کوردستانی،
تووتی و شەهیدان،
تووتی و رزگاری گەلان،
تووتی و خەبات نابینن، بۆیە بەو جۆرە سەیرە پێدەکەنن!
تووتی، ئەمما تووتی: مۆن و سەرشۆڕ، وەک بڵێی(گومی کردیە، مینەی کەیگ)!


بۆ نەگبەتی، تووتییەکە بە دەردی ئاسکەکانیش نەچوو: پاش ئەوەی هەندێ بەرپرسی سەربازی و حزبی لە رۆژهەڵاتی شارەکە تا نەفتخانە ئاسکیان، قڕکرد، لە گۆڕەپانی قایمقامییەو لە خۆشەویستییەوە بۆ ئەو ئاسکە"مەرحومەکان" کە راوکردنیان بەگوێرەی یاسا قەدەغەیە، پەیگەری ئاسکی پلاستیکیان بۆ داناوە.
خۆزگا لەبری ئاسک و تووتی و چەند شتێکی تر، یەکەم جار کار بۆ دانیشتوانی کەلاوە شڕە زۆرو زەبەنەکانی کەڕەکەکانی(عەبدوڵڵا بەگ، تێلخانە، حاجی مەحەلە، ئاغاوخەلیفە، جەلەوە، ساڵح بەگ، هەردوو دیوی کۆردەرە، پاشاکۆپری، کاریزی بان و خوار)بکەن!
یان سەنتەرێک بۆ لانەوازو پەککەوتەو بەتەمەنچووەکان، دامەزرێنن.


ئەوەی بتوانی چەند سەنتەرێکی رۆشنبیری دامەزرێنێ و خەرجییەکانیان هەڵبگرێ، دەبوو پێشتر خەمی دابینکردنی خانوو بۆ هەژاران، کار بۆ گەنجان، بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ بەتەمەنچووان، بخوات، بەلام ئێستاش درەنگ نییەو ئەگەر مەلا بەختیار کە پەردەی لەسەر ئەم"تووتییە لە تووتی بەدەرە"تۆزێک تەماشای پشتی خۆی بکردبا، گەنجە لانەوازە ئاخرشەڕەکەی بەردەم هوتێلی بیارەی دەبینی!


من سەرم لەو توتییە سووڕماوە، بۆیە لەبەر بێدەسەڵاتیم دەڵێم: هەموو بەدبەختییەکانی خانەقین لە چاوی ئەو مێوانە(توتی)رەزا قورسە دەبینم کە بە ناهەق لەناوەڕاستی شارەکەمان دانراوە، بەڵام هیواکان زۆر گەورەترن و رۆژێک، هەر رۆژێک بێت دەکرێ بە شوێنی پەیگەری حەمە عەلی کە تا ئەو رۆژە هێزی تێدابوو، لە کەرتی بیناسازی کرێکاری دەکردو پاشان بەهۆی نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی، خەڵک"خێری"پێدەکردو بەتاقی تەنها کۆچی دوایی کرد یان پەیگەری شاعیرو براو مامۆستاو خەباتگێڕی خۆشەویست و هێژامان: مەلا محێدین شاکر داییزادە!