تووتی، سایلۆ و
خەمی سەرگوڵ خانم.

سەلام عەبدوڵا
ناسیاوێکی
سیاسەتمەداری گەورەم هەیە، ماڵی خۆی(خانەقین)، وێرانەو لەبری ئەوەی
ئەحوالی"رەعییەتەکەی"بپرسێت، مێوانداری شێخە عارەبەکان دەکا(تەکتیکی
سیاسیانە!)و پەردە لەسەر گرانترین توتی لە جیهان-40ملیون دیناری تێچووە-
لادەدات(هەندێ دەڵێن ئەوە پەیگەری دیناسورەو هەندێ تریش دەڵێن
دوڵدڵەگەی ئیمام عەلییەو هەندێ تر دەڵێن: ئەمە حکمەتێکی گەورەی
پۆستمۆدێڕنی تێدایە لەبواری هەڵپەڕکێ و هەندێ تریش دەڵێن، ئەو تووتییە
بەو بەروبوومانە گەورەکراوە کە جیناتەکەیان دەستکاری کراوە، بۆیە بەو
شێوەیە پفی کردووەو بووە بە ئەلتائر الجبارو لەوانەیە وەک لە فیلمە
خەیاڵییە ترسناکەکانی ئاژەڵە زەبەلاحە دڕندەکان، خانووە قوڕەکانی
گەڕەکە هەژارەکان بڕوخێنێ و شارەکەمان قڕبکات: باڵندەیەکی ناپەسەند لە
شوێنێکی نەشیاو و لە کاتێکی نالەبارو تایبەتمەدییەکی ناشرین و بە
خەرجێگی زۆر گران...!)... هەست بە خنکاندن، زەلیلی و گەمارودانی
خەڵکەکە بە خۆیشمەوە، دەکەم:
(سەرگوڵ حوسین-07708996787)و هاوسەرەکەی(نەوزەر
جەلال)خاوەن3منداڵن(سروە، شەفا، سێوە)، لە بێدەسەڵاتییەوە هاوار دەهێنێ
و دەڵێ: کارێک بۆ هاوسەرەکەم بدۆزنەوە کە لەگەل نەخۆشییەکەی بگونجێ و
موحتاجی دەستی کەسی تر نەبین)!
نەوزەر جەلال، بێکارو نەخۆشەو باری دەروونی خراپە.
نەوزەر وەک ئەسیرێکی جەنگی ئیراق-ئیران موچەی مانگانە کە
دەگاتە165هەزار دینار وەردەگرێ، بەڵام ئایا خێزانێکی5کەسی دەتوانێ بەم
موچەیە بە کەرامەتەوە بژێن؟
ئەی ئەم"حوکامە عوقلا و عادیلانە"دەتوانن چی بۆ(شوکور مەهدی ساڵح)بکەن
کە وەک پاسەوان لە ناوەندی پیشەسازی کاردەکات و موچەکەی تەنها125هەزار
دینارە؟
کاک
شوکور دانیشتوی ئاوایی(محەمەد حەیدەر)بووەو خانووەکەی لەلایەن
ئیسلامییەکانەوە روخێنراوەو بە زۆرەملی دەرکراوەو خاوەن 4منداڵە(یاسر،
ساڵح، محەمەد، دوعا). ئەوجا سەرباری ئەوەش ئێستا دەبێ مانگی100هەزار
دینار بۆ کرێی خانوو بدا.
لەوانەیە حەمزە موستەفا خۆشحاڵ بێت بەوەی کاری هەیە، وەک چایچی لە
بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی خانەقین، کاردەکات و مانگانە300هەزار دینار
وەردەگرێ، بەڵام ئایا ئەم موچەیە بەشی خێزانێکەی بە هاوسەرو دوو
منداڵەوە(ئەیوب، 9ساڵ، عەلاوی، 5ساڵ)دەکات؟
لەولاوە(ئیبتسام موراد باوەخان)، هاتەپێشەوەو وتی: من دوو منداڵم
هەیە(ئیبراهیم، 21ساڵ، قوتابی و، جیهان، 21ساڵ و کچی ماڵ)، هاوسەرەکەم
لە کاتی جەنگی(عیراق-ئیران)وە بێسەروشوێنەو هیچ موچە و کارێکم نییە،
بەڵام براکەم(موئەیەد) بە گوێرەی توانا بژێویمان دابیندەکات!
گەنجێک دەستی منداڵێکی بەدەستەوە بوو، بەدەگێکی نزم و شەرمەوە، وتی:
منیش!
ناوتان چییە؟ کاردەکەن؟ سەڵتی یان خێزانداری؟
- ناوم عەدنان زوهێرە لە زریڤانی هەولێر کاردەکەم و خێزانم
هەیە(هاوسەرەکەم نەهلە موراد)ە و دوو منداڵمان هەیە(موستەفا، زەهرە)و
موچەکەم250هەزار دینارە. لەم موچەیە40هەزار دینار بە کرێی هاتووچوو
دەدەم. موستەفای کوڕم موچیرە لەسەر زمانی هەیە، بەڵام ناتوانم خەرجی
نەشتەرگەرییەکەی دابین بکەم؛ بنمێچی خانووەکە لەناوەڕاستەوە دابەزیوە،
ئەمیشم پێ چاک ناکرێت!
- ژمارەی تەلەفۆنت هەیە؟
- عەدنان: 077021151779، بەڵام ژمارەی تەلەفۆنی منت بۆ چییە؟
- تا بڵاوی بکەمەوەو بەڕێزان وەزیری ئابووری و دارایی و ئاسایش کارێک
بکەن نەهێڵن نیشتمانپەروەریت کاڵ ببێتەوەو منداڵەکانت وەک منداڵەکانی
خۆیان گەورە ببێت، چونکە ئەو وەزیرانە زۆریان پێناخۆشە برایەکیان وەک
تۆ دەستکورت و رەنگ زەرد بێت، ئەی ئەوان بۆچی دەیان ساڵ گیانی خۆیان
لەسەر دەست!
(بەڕاستە؟ هەر بەراست دنیاکەمان وای لێهاتووە؟)
-
نەیخۆی تاڵە! جەنابتان کێن؟
- من(ئیبراهیم محەمەد سدیق)م و کاری قەساوی دەکەم، بەڵام لە جەژنەوە
بێکارم.
- منداڵ و خێزانتان هەیە؟
ئیبراهیم: بەڵێ. هاوسەرەکەم ناوی(ئەخڵاس محەمەد عەلی)یە و دوو کوڕمان
هەیە(ئیلاف، حەمزە)
- جەنابتان بەرەگەز لە جەزیرەی عەرەبییەوە هاتوون؟
ئیبراهیم: نەخێر...هاهاهاها! ئێمە کوردین!
- ئەی ئەو ئیلاف و میلاف و حەمزە و مهمزەیە چییە؟! پێدەچێت ئێوە کوردی
سعودیەو موعدیەن؟
ئیبراهیم: ...ئەمە ژمارەی تەلەفۆنەکەمە(07703537395)! ئەو پیاوە دەناسی؟
- ئەی چۆن، لە ئەبو غرێب لەگەلماندا بوو، سەرەتا بە ئیعدام سزادرابوو و
پاشان بە20ساڵ زیندانی....ئەوە لێرە چی دەکەن؟ کاک خەلیل چۆنی؟....بەهەرحاڵ،
خۆزکا لەسەرەتاوە لێرە بوایە. دەبا کورتی بکەینەوە، ناوی تەواویتان
چییە؟
خەلیل: خەلیل رەشید حوسین و(نەزیمە محەمەد سەعید)هاوسەرمەو 6کوڕمان
هەیە(رەهێڵ، رەوەند، کاروان، کەوەند، کاردۆ، کردۆ)
- ئەو هەموو ناوە جوانانە!
خەلیل: 30ساڵ لە رومادی ژیام و ئەوەش ناوی منداڵەکانمە....جا سوودی
چییە؟! من باسی هیچ ناکەم، رۆژەکانمان بە بژی ومەمرە بەسەردەبەین...بڕوا
بکە لافاو هات و ماڵەکەیشم روخاند!
بەڕێزان: ئەمانە لەشکرێکن، کۆتایی بە ژیانی من دەهێنن و خۆیان کۆتاییان
نایەت، توتی و تازە خاوەنەکەیشی بەو تێگەیشتن و جیهانبینییە بۆ سیاسەت
و کۆمەڵگە، ناتوانێ فریایان بکەوێت و ئەگەر منیش ناو و وێنەی خێزانێکم
لەبیرچووە، ئەوا لێم ببوورن، چونکە دانیشتوانی ماڵەکانی"سایلۆ"، وەک
خودی سایلۆکەن و هەرچۆنێک بێت، دەبێ ژیانی رۆژانەیان پەڕۆپینە بکەن...!
|