په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٢

عومەر جەلال:

ئەوەی ئازار دەیبەخشێ بۆ دۆزینەوی خود و شتە

پەنهانەکانی دەوروپشتمان خۆشبەختیی ناتوانێ پێمانببەخشێ.


گفتوگۆی: ھێمن عوسمان عەبدوڵا


عـومەر جەلال دوو بەرھەمی شیعری چاپکراوی ھەیە ''سفری ئەزموون ٢٠٠٩'' و ''کتێبی سفر ٢٠١٢'' تێکستەکان وەک پەیام و وەک تەکنیک و ئەو شێوە کارکردنەی پێی نووسیووە لێک دوورن، لێرەدا گفتووگۆ دەکەین دەربارەی بەرھەمەکانی و چەند باسێکی پەیوەست بە شیعر و ئەو دەق ئاوێزانەی کە زۆر جار نووسەری کوردی بە دز و دزیکردنی ئەدەبی پێ لەقەڵەم دەدەن.

 

 

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ: دەبینین لەزۆرێک لە چاوپێکەوتنەکانی شاعیراندا ، گەر لێیان بپرسرێت شیعر چییە؟ ڕاستەوخۆ پێناسەیەکی شیعر دەکەن و " ھەوڵدەدەن بەکەمترین پیاھەڵدان ، شیاوترین ووشە دەرببڕن ، بە جۆرێک ئەو ووشانەی بۆ پێناسە دەریدەبڕێ پێشتر نەو ترابێ و ، ڕاستەوخۆ شیعر لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو دەگرن ، ئایا دەکرێت شیعر پێناسە بکرێ ؟ یاخود ناساندنی گشتی بکرێ و ، دوور بکەوینەوە لە چەند ڕستەیەکی کۆنکرێتی و پێناسەی شیعر و قسە ھێنانەوەی ئەم نووسەر و ئەو نووسەر لە کاتی پێناساندنیدا؟

عومەر جەلال:
ئەگەر بڵێین شیعر پێناسە ناکرێت ، ئەمە خۆی پێناسەیە بۆ شیعر ، بەبڕوای من شیعر وەک عەشق دەبینم تا مرۆڤەکان ئەزموونی نەکەن ناتوانن مافی پێناسەکردنی بدەنێ ، یان بەمانایەکی دی ھەرکەس لەروانگەی خۆیەوە وەک شاعیر پێناسەی خۆی ھەیە بۆ شیعرو ، جوانترین پێناسەکان ئەوانەن تا ئیستا نەکراون ، شیعر دەکرێت پێناسە بکرێت بەڵام نەکردنی جوانترە ، ئەو سیحرەی لەشیعردا ھەیە نزیکە لەسرووتی عەشقەوە ، من ھەمیشە لەو بڕوایەدام مرۆڤ جۆرێکە لە شاعیر‌و ئیدی ھەندێ کەس ئەو تێڕوانینانە‌ی ژیانی دەنووسێتەوە و ، کەسانێکیش ھەن لەناوەوەی خۆیاندا دەیخۆنەوە.

نووسەر گەلێک ھەن ئەوەندە ناشرین دەنووسن ، نەنووسن بەلای خوێنەرەوە ئاساییە و ، بەپێچەوانەشەوە کەسانێکیتر ھەن زۆر جار کە قسەیان لەگەڵ دەکەین یا تێکەڵیان دەبین ، ئومێد دەکەیت بنووسێت و ، کەچی ھەموو شیعرەکانی بەھەڵوێست و جوانیی و ، قسەکردن و ، ژیانێک شاعیرانە دەردەبرێت ، بۆیە من وای دەبینم ، هەموو ئەو پێناسانەی کە ئەم و ، ئەو ، بۆ شیعر کردویانە لەروانگەی پەیوەندەی خۆیانەوە بووە بەشیعر‌وە ، ئەگینا پێناسەیەکی وا نابینیت لەئاستی مافی شیعردا بێت ، ھەندێ چەمکی تایبەت ھەن کە پەیوەستن بەمرۆڤەوە و ، دەبنە بەشێک لەژیانیان ، رۆژ لەدوای رۆژ قوڵترو پر مانا تردەبن شیعریش یەکێکە لەو ژانرە جوانەی ئەدەب ، کە مرۆڤ بەتایبەت نووسەر توشی نادڵنیایی دێت کاتێک پێناسە دەدۆزێتەوە بۆ شیعر ، ھەر وەک دەبینین شیعر بەپێی سەردەمەکان بەچەندین رێبازی ئەدەبی تێپەر دەبێت و ھەمیشە لە نوێبوونەوەدایە ، پێناسەکردنیش بۆ "شیعر" دەتوانین وەک شیعرێک تەماشای بکەین ئەگەر ئەو جوانی و سیحرەی شیعر نیشان بدا ، ئەگەر من بمەوێت پێناسە بۆ شیعر بکەم تەنیا دەڵێم "شیعر".

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
لە کوردستان ساڵانە چەندین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی سازدەکرێت ، بەڵام لەم نێوەندەدا دەبینین ھەندێک خاوەن تێکست تەنھا بۆ ڤیستیڤاڵەکان دەنووسن ، یاخود بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە کوڕی ڤیستیڤاڵ ، ئایا ئەمە چۆنە بەلای جەنابتەوە؟

عومەر جەلال:
ھیچ کات لەگەڵ ئەوەدانیم ، جا ھەرکەسێک بێت کە بۆ ڤیستیڤاڵ دەنووسێت و ، زۆر نائاساییانە و قیزەونانە دەیبینم . ھەر چەندە ئەوەندە ئاگادار نیم ئەوە کێیە بۆ ڤیستیڤاڵ دەنووسێت ، نووسین کە بووە ھەوڵێک بۆ بژێویی و ، خۆبردنە پێشەوە من رەتی دەکەمەوە . ھەرچەند ئەو ڤیستیڤاڵانەی دەکرێت پڕن لەکەم و کوڕی تێکشکانی ھەندێ کەس و ، گەورەکردنەوەی ھەندێ کەسیتر ، بۆخۆم دوو جار ، بەشداری دوو ڤیستیڤاڵی جیاوازم کردووە و لەدوایشدا ئەوەندە ناشیرنیم بینیووە کە نەتوانم جارێکیتر بچمە ڤیستیڤاڵ و ئەو شتە بێ مانایانە ، ئیدی نووسەر ئازادە بەشداری دەکات لەو جۆرە ڤیستیڤالانە . بەڵام گرنگ ئەوەیە لەدوای ڤیستیڤاڵ بەسەرکەوتن و ، بێبەشکردنیان لەخەڵات بەردەوام بیت لەنووسین ، ھیچ کات بەتایبەت لەمێژووی ڤیستیڤاڵە کوردییەکاندا نووسەری درووست نەکردووە تەنانەت کەسانێکیش ھەبوون ئەنجامی ڤیستیڤاڵیان کردبووە پێوانەی نووسەربوونی خۆیان ، لەکاتێکدا نووسەر مەرجە بۆ خودی خۆی و خوێنەرەکەی بنووسێت نەوەک ڤیستیڤاڵ ، جا من ئەوەندەی قسەم لەسەر لاوازیی و ، بێ مانایی ئەو جۆرە ڤیستیڤاڵانە ھەیە ئەوەندە کێشەم لەگەڵ کەسانیک نین کەتەنیا ساڵانە بەتێکستێکەوە خۆیان دەکەن بە پالەوانی ڤیستیڤاڵ ، ئەگینا شێوەیەکی جوان و گۆڕانکاری جیدیی لەڤیستیڤاڵەکاندا ئەگەر بکرێت بەم شێوە نەنووسەر دەتوانێت بەو شێوە ببێتە پاڵەوانی ڤیستیڤاڵ ، نە ڤیستیڤال دیوێکی ناشیرنی ئەدەبی کوردییمان نیشان دەدات ، ڤیستیڤاڵ بۆئەوەیە رێز لەو دەنگە جیاواز و جوانانە بگرێت کەچی زۆر جار دەیبینین لای ئێمە پێچەوانە دەکەوێتەوە و ، مەگەر بەسودفە ئەگینا کەسانێک لە ھەندێ ڤیستیڤاڵ کراون بەپاڵەوان خوێنەرێکی سادەش ناتوانێت چێژ و جوانی و تازەگەری لەوشەکانیدا ببینێت.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
تۆ تاچەند بایەختداوە بە وێنەی شیعریی ، کەھەرکات لەم شێوە کارکردنەدا زۆر قوڵبویتەوە ، ئەوا ڕاستەخۆ واتا شیعرییەکان دەپوکێنەوە و ، پڕاوپڕ دەستەواژە شیعرییەکان دەبنە جۆرێک لە وڕێنە ، یان گەر بەجۆرێکی تر پرسیارەکە بکەین ، ئایا ڕات چیە لەسەر ئەم شێوە کارکردنە؟

عومەر جەلال: لە ڕاسیتیدا ئەم شێوە کارکردنەی من پێ دەنووسم ھەڵبەت خاڵی نییە لەوێنە ، بەڵام لەھەندێ شیعر و لەھەندێ شوێندا کارم لەسەر کۆد کردووە . یان بەمانەیەکتر وێنەی شیعیرم لەھەندێ شوێندا کردووە بە کۆد و لەھەندێ شوێنیتریشدا کۆد و قوڵبوونەوەی فیکرم بەشێوەیەکی وێنەی سادە دەڕبڕیوە . لە ھەندێ ڕستەی شیعرەکانمدا ئەگەر بەتایبەت "کتێبی سفر" تەماشا بکەیت ، بەر ئەو جۆرە وڕێنەیە دەکەویت و بەئاسانی وڕێنەکان دەناسرێنەوە ،‌ یانی بەکورتی نووسین بەلای منەوە ئاوێتەیەکە لەوێنە و فیکر و وڕێنە و ئەو شتانەی تۆ باسی دەکەیت و لەپرسیا‌رەکەتدا ئاماژەت پێکردووە ، من ناتوانم وەک کەسانێک بنووسم کەبۆ خوێنەر بنووسن و ، ئەوەی دەمەوێت زیاتر پەیوەندیی بەم دۆخە نامۆیەی ئێستاوە ھەیە کە مرۆڤی بێزار و نائومێدی تێدا دەژێت و ، ڕەنگە بارودۆخی سیاسی و ، کۆمەڵایەتی ھەنووکە نەبایە من بەم شێو وڕێنە ئامێزانە نەمنووسیبایە ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەم سەر زەوییە بوونی "مرۆڤی مۆدێرنە" مرۆڤێکە زووتێپەر و دونیای ئەدەب زۆر بچوککراوەتەوە ، ئەگەر بەم شێوەیەیی خۆم دەمەوێت نەنووسم ناتوانم بنووسم ، من ھەمیشە لەو بڕوایەدابووم کە کەسێک ویستیی بنووسێت یان نەنووسێت یان خاوەنی دەنگ و ، رەنگێکی تایبەتی خۆی بێت و ، نەبێتە کۆپی ئەوانی دی ، تۆ تەماشاکە لەئێستادا گەنجانێک دەنووسن(کەخۆشم بەشێکم لەو گەنجانە)زۆربەیان لەیەکەوە نزیکن و واھەست دەکەیت سەرقاڵی یەک دەقی درێژین و ، دەبێت بەھەموومانەوە کاری لەسەربکەین تەنانەت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەست بەجیاوازییەکی کەم دەکەیت ، لەنێوان نووسینی ئەم دەیەدا ھەڵبەت من تا پێمکرابێت وەک دەوروپشتم نەمنووسیوە و ناشمەوێت وا بنووسم.

تۆ ئەگەر ھەردووکتێبەکەی من بخوێنیتەوە دەبینیت خاوەنی یەک شێوە کارکردن نیم و بەتایبەت لەدواین کتێبمدا "کتێبی سفر"واھەستەکەی چەند کەسێک نووسیویەتی یان وام ئارەزووکردووە گۆرانکاری لەنووسینەکانی خۆمدا بکەم و ، بەچەند شێویەک بنووسم ، ئیدی لەھەندێ شوێندا وڕێنەیە و ، لەھەندێ شوێندا سادەییە و ، لەھەندێ شوێندا وێنەگەلی رۆمانسی زۆر سادە و ھەروەھا فیکریش دەبینیت کەمن بۆ تێکشکانی رێبازەکانی شیعر کردوومە و ، نەمویستووە پەیوەست بم بەدونیایەکی تایبەتی نووسینەوە.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
لەسەر ئەو جیاواز کارکردنەت لە فۆڕم و، ناوەڕۆک و ، تەنانەت تەکنیکی شیعریەکانت لە ھەردوو بەرھەمەکەتدا دەمەوێ پرسیارێکی دیکە بکەم ئەوەش ، دەبینین ھێندێکجار لەناو تێکستەکاندا "بەکەمی "بەر "سوریالیزم" ھەندێکجاریش بەر "نێھیلیزم" دەکەوین ، تۆ تاچەند خۆت وا بەستە دەکەیت بە رَێبازێکی ئەدەبی دیاریکراوەوە؟

عومەرجەلال:
من وابەستە نیم بەھیچ رێبازێکی شیعری و ناشمەوێت ببمە دووبارەکردنەوەی رێبازێکی شیعری و خۆم بئاڵێنمە ئەو جۆرە رێبازانەوە ، ئەوەی کەدەینووسم بەشێکی خۆنووسینەوەیەو بەشێکی خوێنەر ناچارم دەکات بنووسم ، راستە دوونیایەکی تاریک لەشیعرەکانمدا ھەیە بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئیدی من حەز بەبڵاوکردنەوەی رەشبینی و ئەو شتانە بکەم ، شیعر بەلای منەوە بۆ جوانترکردنی ژیانەو بەشێک لەو ساتە تایبەتانەی خۆم دەنووسمەوە ، ئیدی زۆر جار غەمگینییە و زۆرجاریش سوریالیانە و زۆر جاریش ھێندە سادە دەنووسم وەک ئەوەی سەرەتای نووسینمبێت ، بەکورتی ھیچ رێبازێکی نووسینم نییە ، خۆشم لەنێو زۆربەی رێبازە ئەدەبییەکاندا دەبینمەوە ، بوونی رێبازێکی ئەدەبیی بەلای منەوە گرنگ نەبووە ئەوەندەی ویستوومە شتێکی جیاواز بنووسم ، ئیدی ئەوە خوێنەرە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات من لەکام رێبازدا دەبینێتەوە.

من بەپێی دونیابینی خۆم و ژیانی رۆژانەم نووسیومە و ، ھەر کاتێک بەر وشەیەک کەوتبێتم بۆ نووسین خوێند‌نەوەی ئەو رۆژەبووە کە تێیدا ژیاوم ئیدی رۆژێکی غەمگین بووبێت ئەوا غەمگین دەرکەووتووم و ئەگەریش ژیانی سادە و خاکییانە ژیابێتم و ، لەنێو سروشت و رۆشتنم بۆ گوندێک و مانەوەم لەوێ تا زەمەنیک وشەکانم ھە‌ڵقوڵاوی دونیایەکی تایبەتی سوریالییانەبووە ، دەتوانم بڵێم وام کردووە خوێنەر ئەگەر دەستی بەر تێکستێکی من بکەوێت ھەوڵمداوە ئەو خوێنەرە لەخۆم نەتۆرێنم و ، ئەگەر مرۆڤێکی نەھیلیست بێت بتوانێت چێژ لەنووسینم ببینێت و ئەگەر سوریالییانەش بێت بەھەمان شێوە ئارەزووی خوێندنەوەم بکات ، من ناتوانم تایبەت بەو شێوەیە بنووسم کەخوێنەر دەیەوێت ڕاستە بەشێکی نووسینی من خۆنووسینەویە بەڵام لەھەمان کاتدا پەیوەندی دەبێت بەھەندی خاڵی ھاوبەشی ئەوانی دییەوە.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
ساموێل بێکت دەڵێ " بۆ خوێنەرێکی نەبینراو دەنووسم "ئیدی تۆ کە نازانی خوێنەرەکانت کێن و ، چۆن بڕیار لەسەر دەقت دەدەن ئیدی چۆن دەتەوێ لێت نەتۆرێن ؟ لە ھەمان کاتیشدا دەڵێی " من ناتوانم تایبەت بەو شێوەیە بنووسم کەخوێنەر دەیەوێت"؟

عومەر جەلال:
من تەواو ھاودەنگم لەگەڵ ئەو قسەی بیکێت،نازانم بۆ کێ دەنووسم بەڵام ھەر نووسینێکم بڵاوکردبیتەوە لەدوای ئەوە ھەندێ لەخوێنەرەکان پەیوەندیان پێوەکردووم و کەم تا زۆر سەرنجیان ھەبووە لەسەر نووسینەکانم ،یان بەمانایەکی دی وا راھاتووم خوێنەری شیعرەکانم لەگەڵ ئەو شێوازە رابێنم کە پێی دەنووسم،ھەرچەندە مەبەستم یاریکردن نەبووە لەگەڵ خوێنەر بەڵکو ھەوڵمداوە لەگەڵ دونیابینی خۆم و ئەو شێوازە تایبەتەی پێ دەنووسم خوێنەر وەڕس نەکەم لەوشەکانم،لەھەمانکاتیشدا نەمھێشتووە بۆ ھێشتنەوەی خوێنەری وشەکانم وەک ئەوە بنووسم ئەوان دەیانەوێت،بەکورتیی ویستوومە خوێنەر بەدوای تەکنیکی نووسینەکانمەوەبێت نەوەک من بەدوای ئەواندا بگەڕێم و بە چ شێوازێک ئەوان پردەکاتەوە لە چێژی نووسین،یانی روونتر بڵیم ھەمیشە لەھەوڵی گەمەکردن بوومە لەگەڵ شێوازی نووسینمدا و ئیدی لەوێ ئەوەندەی من بزانم ھەر وەک چۆن زۆربەی وشەکانم پڕن لەنیگەرانی ئاوھاش بەشیکی ئەوانەی دەمخوێننەوە ئاوێتەن لەنیگەرانیی و راھاتوون.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
ئێوە لەناو ئەو کتێبە شیعرییەیی بەم دواییانە بڵاو تان کردەوە ھێندێک شت دەبینرێت ، کەھێندێکیانت بۆ دەخەمە ڕوو وەک:
ئێوە دەڵێن " بەئەندازەی یەکەمین پێڵاوەکانی منداڵیم خۆشمدەوێی " ھاوکات داستان بەرزان دەڵێت " بە منداڵێکم ووت چەندە منت خۆشدەوێ/ ووتی :- ھێندەی پێڵاوە تازەکانم "
ئێوە لە جێگەیەکی دیکە دەنووسن "ئایی باوکە منی یوسف خەونم بەھیچ ئەستێرەیەکەوە نەدی / تەنانەت مانگ و خۆریش / کەس ڕقی لێ نەبووم / کەس نەیکردمە بیرەوە / ھەروەک چۆن خۆشی نەویستم / ئایی باوکە یوسفەکەی تۆ لە خەونی نەزانی / تەنیا خۆی مژۆڵ کرد بەتەنیاییەوە " ھاوکات توانا ئەمین لە چیرۆکێکدا بەناوی "موعتادێک لەسەر پردی سیرات " دەنووسێ "یوسف نیم و وام لە م بیرە تاریک و قووڵەدا ، کەس نەیخستوومەتە ئێرە و خۆم ھاتووم ، زەحمەتی دەرھێنانم مەخەنە بەر خۆتان ، ئەگەر ئەرک نییە سەری ئەو بیرە داپۆشن ، ئەو ڕوناکییە عەزێتمدەکات ".
لەجێگەیەکی دیکە ئێوەدەنووسن " تۆ و خودا لەیەک شتدا لەیەک دەچن / ھەر دووکتان بۆ ئەبەد منتان داگیر کرد ".
ھاوکات یاسین عومەر دەڵێت "تۆ و خودا دوو خۆشەویستی بێ ئەدرەسی منن".
گەر تەماشای پەیامی ھەر یەک لەوانەی ئاماژەمان پێدا دەچنەوە سەر یەک ، یان زۆر لێکەوەنزیکە ، من ناپرسم بۆ ئەم دێڕَانە بەو شێوەن ، یاخود ئەمکارەت بۆ ئەوھا کرد ؟ نا... بەڵکو بە پشت بە ستن بە ووتەیەکی فەرھاد شاکەلی کە لێرەدا دەیھێنمەوە و دەڵێ " گەر تەماشای بەفر بکەین لە ڕواڵەتەدا ھەموو لەیەک دەچن ، بەڵام گەر بەفر بخەینە ژێر میکرۆسکۆبەوە دەبینین ھیچ کلوی بەفرێک لە کلوی بەفرێکی دیکە ناچێ " یانی گەر تەماشای شیعری شاعیران بکەین دێرێک یان دووان و زۆر جاریش دەقێک بەتەواوی ، لە شیعری نووسەرێکی دیکە بچێ ، بەڵام گەر بەباری تایبەتی ھەر دووکیاندا ڕۆبچیت ، دەبینی زۆر دوورە لەیەکەوە و لە بنەڕەتدا کەسیان ئاگایان لەوی دیکە نەبوو کە بەو شێوە نووسیوویەتی ، منیش ھەمان شت بۆ ئەم دێرَانەی تۆ بە دروست دەزانم بۆیە دەپرسم بۆ چوونی تۆ لەسەر ئەوانەی ئاماژەمان پێدا چۆنە؟ تاچەند ئەمە بەدروست دەزانیت کە ڕواڵەتەن زۆر کەس ھەیە نووسینیان یاخود پەیامی نووسینیان یەک دەگرێتەوە ؟ بەڵام دەبینی نووسەری پێ تاوانبار دەکەن بە دز و ، بە دزی ئەدەبی دایدەنێین.

عومەر جەلال:
من کاتێک دەنووسم ھیچ شتێک ناھێنمەوە یادی خۆم کە پێشتر خوێندبێتمەوە و ، بەتایبەت ئەو شیعر و نووسینانەی کەبیانەو‌ێت بێنە نێو دێڕەکانمەوە ، ئیدی نەمویستووە و ناشمەوێت دێرێکم لەکەس بچێت و ھەروەک چۆن حەزناکەم کەس دێڕی لەمن بچێت ، من لەو کورتە شیعرەی داستان بەرزانەوە دەست پێدەکەم کە خۆشویستنی منداڵێکە بۆ پیڵاو و ئەوەی منیش خۆشویستنی مرۆڤێکە وەک پێڵاو ھەست بەنزیکبوونەوەیەک دەکرێت لەوێنەکەدا ، بەڵام دەربرینەکە جیاوازە ، من کاتێک ئەمەم نووسیوە ئەوەی لەخەیاڵمدا نەبووبێت ئەو نووسینەی "داستان بەرزان"بووە لەوەش سەیرتر من کاتێک مانگی ١١ی ٢٠١١ کەئەم رستەیی لەگەڵ ھەندێ رستەیتردا لەگۆڤاری نەوشەفەق ژمارە "٨٩" بڵاوکر‌ایەوە دواتر شاعیرێکیتریش بەدوای من بەناوی "بەرزان ھەستیار" لەمانگی یەکدا لەرەخنەی چاودێر لەشیعری "زۆر منداڵانە" دەنووسیت "بەقەدەر پێڵاوە تازەکانم خۆشم ئەوێیت".


تۆ تەماشای ئەوەی " بەرزان ھەستیار" بکە چەندە لەمنەوە نزیکە و ، ئەگەریش لێی بپرسی دڵنیابە دەڵێت من ئەو رستەیەی "عومەر جەلال" م نەبینیووە. خۆزگە کەسێکی رەخنەگر دەھات و جیاوازییەکانی ئەو سێ رستەی دەکۆڵییەوە نەوەک من.

تۆ باسی "یوسف"ت کرد لەچیرۆکی "توانا ئەمین"دا من بەر لەوەی توانا ئەمینم خوێندبێتەوە بەھۆی ئەوەی خوێندنی من بەزمانی عەرەبیی بووە ئێستاشی لەگەڵدا بیت ، رۆشنبیری و مەعریفی من لەرێگەی زمانی عەرەبییەوە بووە ، کەم تا زۆر ئاگاداری ئەدەبیاتی عەرەبیی بوومە و ، تەنانەت بەدەیان شاعیری عەرەب "یوسف" یان بەکار ھێناوە و ھەریەک بەشێوەیەک ھەر لە "محمود دەروێش"ەوە تا "ئەمەل دو‌نقەل"ی شاعیری میسری و "سەمەر دیاب" و کەسانی تریش ھەریەکە و بەشێویەک خۆیان چواندووە بە"‌یوسف" و منیش ھەڵبەت جیاواز لەوان خۆم بە"یوسف" چواندووە بەپێچەوانەی ھەموو ئەو یوسفانەی بەکارھێنراون وەک چیرۆکە ئەسڵیەکەی بەڵام بەدەستکاریکردنەوەیەکی جیاوازەوە.

بۆ ئەو دێرەی "یاسین عومەر" یش من نەمبینیووە و ، دواتر زۆر جیاوازن لەیەکەوە ھیچ شتێک نایانبەستێتەوە بەیەکەوە زۆر شاعیریتریش ھەن لەدەیەکانی رابوردوودا بەتایبەت لەدونیای رۆحی و سۆفیگەرێتیدا "خودا" یان لەناوەوەی خۆیان کۆکردووەتەوەو پەیوەستیان کردووە بەو‌ی دییەوە ، یانی دەمەوێت بڵێم تۆ درکێکی باشت بەو رستانەکردووە کە بەراووردت کردوون و من زۆر پێمخۆشە کە کتێبەکەی منت خوێندووتەوە و ، بەھیوام چاوی رەخنەگری جیدیی بتوانێت ئەو ھەموو نوسینانەی بڵاودەبنەوە و ، ھەروا زوو تێپەرنەبن و ، قسەیان لەسەر بکرێت بەتایبەت ئەو لێکچوونانەی کەلەنێوان نەوەکاندا ھەیە و منیش ھیچ کات نەمویستووە لەژێر کاریگەری و کۆپیکرنەوەی کەسێکدا دێرێک بنووسم.

دواتر من ئەوەندەی بزانم "دەقئاوێزانی" ھەیە و ئە‌مە تێدەگەم ، بەڵام دزیکردنی شیعر شتێکی قێزەونە و ، بەئاشکرا دەناسرێتەوە . من دژی ئەو دیاردەیەم بەتایبەت کەسانێک کەزمانەکانی دی دەزانن و بەخوێنەرە گەنج و سادەکانی دەفرۆشنەوە ، نابێت ئەوەشمان بیربچێت ئەگەر کەسێک باسی خودای کرد یان مردن یان عەشق و یان یار و یان نازانم چی ، ئیدی نابێت ئێمە بەکاریبھێنین بەڵکو لەوەتەی مرۆڤ و نووسین ھەیە بێ ئەوەی خودی نووسەرەکان ئاگایان لەیەکتر بێت لە زۆر شوێن و رێگەدا دەچنەوە سەریەک شێوە کارکردن و وێنە و تەکنیک.

من چەند ساڵێک لەمەوبەر شیعرێکم نووسی بەنێوی"مردنەکان" ھەرچەند پێشتریش لەزۆر شوێنی شاعیرانی دونیادا شێوازی مردنی خۆیان دەنووسنەوە ، کاتێک کەبڵاومکرد‌وە کەسێک بەچەند ناوێکی جیاوازەوە لەماڵ‌پەرێکدا وەڵامگەلێکی توند و دوور لەرەخنەی جیدیی بۆ شیعرەکەم نووسیبوو تەنانەت پەیوەستیکردبوو بەشاعیرێکەوە کە بەھەمو ماناکانەوە ئەو شاعیرەم پی رەفزەو چێژی لێ نابینم.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
لێرەدا دیسان دەپرسمەوە و ڕوونتری دەکەمەوە ، من نەمو,ت کە ئێوە تەواو ئەو دێڕانەت بینیوە کە من ھێناوومەتەوە ، بەڵکوو ووتم بۆچوونت چۆنە کە ھەندێکجار بەدزی لە قەڵەم دەدرێت تا ئێرە پەیامەکەت گەیشتە لام .. بەڵام وەک خۆت دەڵێی " من کاتێک دەنووسم ھیچ شتێک ناھێنمەوە یادی خۆم کە پێشتر خوێندبێتمەوە" باشە ... بەڵام بڕوات بەوە ھەیە کە بێ ئیختیار" لائیرادی " شت گەلێک ھەن لە نەستی مرۆڤدا دەمێننەوە ؟

عومەر جەلال: رەنگە ئەمە کێشەکە بێت نەک من، بۆ زۆر نووسەریتریش دوو ھۆکار ھەن یان ئەوەتا لەنەستدا ئەو بیرۆکانە دەمێننەوەوھەڵبەت بەبی مەبەست بەکارھێنانی ھەندێ بیرۆکە نەک دزینی رستەیەک،یان ئەوەتا ئەو بیرۆکانەوە نەخوێندراوەتەوەو پێشتر ئیدی ئەمە زۆر جار بەدزی ئەدەبی یان بۆ لیێدان لەئەزموونی ئەو نووسەرە دەبێتە دەروازەیەک بۆ رەخنەی بازاڕی و دیارە ئەمانەش کەسانێک دەیکەن کەدژی ئەو کەسە بن یان بیانەوێت بیشکێننەوەونووسینەکەی بدەنە پاڵ کەسێکی دی و بەدزی ئەدەبیی بخوێندرێتەوە،ئەگینا ھەمیشە نووسەرگەلیک ھەبوو لەرابوردوودا و بەتایبەت من لەئەدەبیاتی عەرەبی کلاسیکدا شتگەلی وەھام بینیوە و کەچی دوای لیکۆڵینەوە تەماشایان کردووە زەمەنی ئەو دوو نووسەرە زۆر جیاوازبووە و ھیچ کامیان ئاگایان لەکلتور و زمانی یەکدی نەبووە،بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بە ئاگاییەوە کرابێت بەڵکو ئەوە تەنیا لەھەندێ رستە وبیرۆکە و تەنانەت ناونیشانی شیعرەکانیشدا ھەستی پێدەکرێت و نزیکن لەیەکەوە بەبێ مەبەست،رەنگە ئەمە پێچەوانەی ئەوەش بیت کەوتراوە ھیچ شتێک لەژێر ئەم خۆرەدا نوێ نییە.

ھێمن عوسمان عەبدوڵاَ:
ئەو دەمەی شیعرەکانتم دەخوێندەوە نیگەرانییەم تێدا دەبینی کە زۆرینەی نیگەرانی بینایی کردووە ، دەزانی گەمژەییە گەر من بپرسم بۆچی نیگەرانیت ، یان بە ھەر نووسەرێکی دیکە کە نیگەران بنوسێ پێی بڵێی بۆ نیگەرانی ، نا... من ئەوە ناپرسم ، بە ڵکو بەشێوەیەکی دیکە دەپرسم ئایا نیگەرانبوون تاچەند لە داھێنان نزیکە ؟ نیگەرانبوون تا چەند گرێدروای خەونی گەورەیە؟

عومەر جەلال: من نەمتوانیوە و ناشتوانم ئومێد لەنووسیندا درووست بکەم ، یان وابکەم بەختەوەری و کۆمیدیا ببەخشمەوە ، ھەروەک چۆن ناتوانم ماچ و وێنەی سێکسیانە بنووسمەوە ، رەنگە ئەوە ئیشی دکتۆرێکی دەروونی بێت یان کەسانێکی دی ، ووشەکانم ھەڵقولاوی ناوەوەی خۆمە کە پڕە لەئازار و تێکشکان و غەمگینیی ، بەدرێژایی مێژووی ئەدەب و بەتایبەت شیعر دەربڕینی ھەستە ئازاراوییەکان بووە و ، جۆرێک لەبەتاڵکردنەوەی ئازاری پێوە دیارە ، ھەڵبەت منیش ئەو ئازارانەی ھەمن ناتوانم گوزارشتی لێبکەم ئەگەر وشەکان پڕنەبن لەخوێن و تاریکی ، ھەوڵیشمداوە نەتوانم وابنووسم و ببمە کەسێک بۆنی خۆشبەختی لەوشەکان بێت و ناتوانم ، یان دەبێت نەنووسم یان دەبێت وا غەمگین دەرکەوم ، ئیدی نازانم تا چەند دەبێتە داھێنان و ڕەنگە خوێنەری ئەم جۆرە وشانەی من بەکارم ھێناون پڕن لە تێکشکان و وێرانەیی خوێنەریکی کەم خوازیاریبن و ، ھەڵبەت ناشتوانین ئەوە لەیادبکەین من ئەو کەسانەی کەدەمخوێننەوە ، یان حەز بەنووسینی من دەکەن یان دەبنە ھاوڕێم و یان لێم کۆبوونتەوە لەرێگەی نووسینەوە مرۆڤگەلێکی تێکشکاو وێرانبوون ، کەسانێک کەحەز بەئازار ناکەن و پڕ نین لە بێھیواییی ناتوانن چێژ لەنووسینەکانم ببینن.

ھەڵبەت نیگەرانیبوون، بەو مانایەی پرۆژەی خەونێکی گەورەیە بەلای منەوە بۆ دۆزینەوەی دەرگەکانی خۆشبەختیی و تێگەیشتن لەئازار بەلای منەوە سەختترە لەتێگەیشتن لەخۆشبەختی و، ھیچ کاتێکیش ناتوانم بەو شێوە ئاساییەی مرۆڤە خۆشبەختەکان لەدونیا بڕوانم ، روونتر بڵێم ئەوەی ئازار دەیبەخشێ بۆ دۆزینەوی خود و شتە پەنھانەکانی دەورپشتمان خۆشبەختی ناتوانێت پێمانببەخشێت ، تۆ تەماشاکە ئەگەر کەسێک لەمنداڵییەوە لەنێو خیزانێکی خۆشبەخت و ، تەنانەت تا گەورەش دەبێت ئازار نەبینێت و ، ھەمیشە چی بیەوێت لەبەردەستیدا بێت ئەوا چەند سادە و بی کەڵک و بێ داھێنان دەمێنێتەوە و ناتوانێت ھەم ژیانی تاریک و بیماڵی بناسێت و ھەمیش خۆشبەختی دەبێتە دەردێکی کوشندە و، موعتادی دەکات و ناتوانیت ئەو چێژەی غەمگینی و بێکەسەکان لەچۆڕێکی خۆشبەختیدا دەیبین ئەوانی دی نایبینن.
 


hemineabdulla@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک