٢٨\٦\٢٠١٠
عومەر خاوەرەکەی
سەردەشت.

عەلی مەحموود محەمەد
داخوا دەڤەری سەردەشت چەند چیرۆکی کپکراوی وەک چیرۆکی بەسەرهاتی قادری
مەولان پووری تەمەن63 ساڵەی تێدا بێت،کە ئازارەکانی خۆی تا ئێستا لە
هەناودا بە کپکراوی لە کۆڵ نابێت ، چاوەڕوانی دەرفەتێک ،چرکە ساتێک ،ڕۆژگارێک
بکات بە دڵی خۆی هەڵیانڕێژێت و هەگبەی دڵی بە توانای خۆی بکاتەوە؟،
ئازار و دەردی قوربانیانی شاری سەردەشت بە بارستایی چیا سەرکەش و
سەربەرزەکانی گیاڕەنگ و زەنزیران باڵا بەرزە و وەکو ئەوانیش سەری بەرزە
.
ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕمەوە، چیرۆکی ناو ئەفسانەکانی بەر
ئاگردانەکان و سیناریۆی ناو فلیمە خەیاڵییەکان و فەنتازیای ناو
ڕۆمانەکان نییە، بەڵکە بەسەرهاتی کوردێکی لادێی نەخوێندەوارە کە
ناتوانێت سەرجەم ئازار و لایەنە پڕ لە ترایژیدیاکانی تاوانەکە وەک خۆی
بە خەڵک ڕابگەیەنێت، خێزانەکەی دەبێت بە قوربانی چەکی مۆدێرنە و
تراژیدیای چیرۆکی مەرگەساتەکەشی کەسێک نییە بۆ نەوەکانی داهاتووی
بگێڕێتەوە، نەخوازەلا بنووسرێتەوە،ئەگەر ئەو دادگایە نەبوایە (( دادگای
بازرگانی چەکی کیمیاوی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانرات )) لەگەڵ خۆیدا
مەرگەساتەکانی دەبردە گۆڕەوە ،کەسێک گوێبیستی ئاهو ناڵەی ئەم پیاوە
خاکییە بە ویقارە سەربەرزە نابوو .
پیاوێکی بەخۆ بە بەرگی کوردی و کڵاو جامانەی سەرەوە، دەگاتە شاری لاهای
بۆ ئەوەی سکاڵای خۆی پێشکەش بە دادگا بکات ،ئەو بارێک تاوانی لە
ویژدانیا هەڵگرتووە هێناوییەتی لە لاهای شاری دادپەروەری جیهانی لە
بەردەم دادگا هەڵیڕێژێت ،ڕاستگۆیی و دڵ پاکی کورەواریانەی لادێیانە لە
سیمای دەباری، بەرائەتی دەموچاوی لە دورەوە هاواری دەکرد، ئەوەی لە یەک
چرکە ساتی بە دیدار گەیشتنیدا پێی بگەیشتایە بۆی دەرەکەوت ئەم پیاوە لە
ڕاستی زیاتری پێ نییەو لە ڕاستگۆیی زیاتر لە سیمای دەرناکەوێت ، لەبەر
دەم دادوەری گشتی و دادوەرکان دیکە و ستافی دادگای دۆسیەی فرانس ڤان
ئانرات لە بەرواری 1-12-2005 ڕاوەستا، بە دورایی مەترێک لە فرانس ڤان
ئانراتی تاوانبار بازرگانی چەکی کیمیاوی، لەسەرکورسییەک دانیشت .
کاتێک دادوەری گشتی لێی پرسی: بە کوردی قسە دەکەیت .
لە وەڵامداوتی : لە کوردی زیاتر چی دی نازانم گەورەم ، تەنها کوردی
دەزانم.
دادوەری گشتی : کارت هەیە.
وەڵام : کارگەری ڕۆژانە دەکەم .
ڕاوەستایە سەر پێ و دوو پەنجەی ڕوو لە ئاسمان بەرز کردەوە، بە دوای
دادوەردا وتی: خودا یارمەتیم بدات لە حەقیقەت زیاتر ناڵێم .
ئاخۆ وەک من لە نزیکیەوە بونایە ،ئاوا بتان بینایە لە چرکە ساتەکانی
یەکەم نیگاوە دەتان زانی ئەم پیاوە سەردەشتییە لەوانەیە هەرگیزاو
هەرگیز درۆ نازانێت ،ئەمە لەو مرۆڤە پەپولەییانەیە ئاورێشم ئاسا نەرم و
نیان و بێگەردە ،لە گەڵ دوژمنەکەشی بە ڕاستی دێتە گۆ، فرت و فێڵ لە گەڵ
جەلادەکانیشی نازانێت .
ئەو ڕۆژە ساماڵەی ئاسمانی ڕەشە هەرمێ و سەردەشت لەبەر تیشکی بەهێزی
خۆرەتاو سەیرکردنی ئاوی چاوی دادەهێنا، چاوە تیژەکانیش نایانتوانی ڕوو
لە ئاسمان پێلو بجوڵێنن و خۆیان بەرز بکەنەوە ،نیگا بخەنە سەر ڕوپەڕی
ئاسمانی شینی بێگەرد،شار و دەوروبەر بە بێدەنگی ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕیان
بەڕێ دەکرد ،کاک قادر بەهۆی باری گرانی خێزانەکەیەوە کە یەک مانگ بوو
لە پێشمەرگایەتی گەڕابوەوە بۆناو ماڵ و منداڵەکەی ،خەونەکانی خەباتی
چەکداری لە خەیاڵی خۆیدا زیندە بەچاڵ کرد ، تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت
سەربەرزانە منداڵەکانی بژێنێت، هەر لەو مانگەدا برایەکی کە پێشمەرگەی
حیزبی دیموکرات بوو لە چیای قۆچی پشت گوندی مارۆغان شەهید ببوو ، بە
ناچاری و لە ژێر باری گرانی ڕۆژگاردا ،درێژەی بە ڕێبازی براکەی نەدا ،خۆی
تەحویل دەداتەوە بە ڕژێم ، بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی و 3 منداڵەکەی
سەربەرزانە بەخێو بکات ، بۆ ئەوەی لە سۆزی باوک بێبەری نەبن .
دەوروبەری کاتژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ ، لە بەرواری ڕۆژە ڕەشەکەی 28-6-1987
دا و کاتژمێر نزیک 4:30 سەر لە ئێوارە ، لە وەرزی پڕ بەرەکەتی درەو و
دورینەوەی گیاو گۆڵە، 4 فڕۆکەی عێراقی لە ئاسمانی سەردەشت وەک وێشومەی
سەرە خۆرە دەردەکەون ، دەنگێک نزم لە گوندی ڕەشە هەرمێوە دێت ، ئەو
گوندە 22 ماڵیەی دەکەوتە پەنا دەست و بن هەنگڵی شارەوە ،کە تەنها 1 کم
بەلای ڕۆژئاواوە لە سەردەشتەوە دوورە ، مام قادریش داوا زرمەکە لە
کارەکەی هەر بەردەوام دەبێت ،وەک ئەوەی مێش میوانی نەبێت ،ئاخر ئەو
کوڕی ناو کوڕانی گیا ڕەنگ و مەلا ئاوارە بوو ،بە دەنگی وا ڕا ناچەڵەکی
.
لەو کاتەی خێزان و منداڵەکانی لە دەم چەم و لە بن دارگوێزێک خەریکی شیو
لێ نان دەبن ، بۆ ئەوەی ئێوارێ هەموو پێکەوە لە گەڵ مام قادرا لە دەوری
سفرەیەک دابنیشن و بیخۆن ، ئەویش لە گوندی مەرەغان کاری خۆی دەکات ،
فڕۆکە مەرگ هێنەرەکان بە بەرچاویەوە ڕقی فاشستانەی خۆیان بەسەر ڕەشە
هەرمێ و شاری سەردەشتدا دادەبارێنن ،دەست لە هیچ ناپارێزن ، ئەو
تاوانەی تا ئەو چرکەساتە هیچ چاوێک نەیبینیوە دەخولقێنن ، تاوانێک
مەگەر تەنها زارەکانی مام قادر بتوانێت مافی گێڕانەوەی هەبێت بە هەقی
خۆی بزانێت ، ئەو زرمەیەی دەرگای بۆ هەڵەبجە کردە سەر پشت .
قادر لەو چرکەیە قەت دڵی بۆ ئەوە نەچوو بوو ئەو زرمەیە هێواشە کۆتایی
هێنابێت بە هەموو خۆشی و ئاوات و ئامانجێکی ، ژیانی خۆشەویستانی
لێسەندبێتەوە،ببێتە هۆی گۆڕینی سەرتاپای ژیانی ، ئەو لەحزەیە دوا چرکەی
خۆشی ئەو بوو بێت لە هەموو ژیانی، ڕۆژەکانی دیکە هەموو بە ئاواتی
گەڕانەوەی چەرخی ڕۆژگار بۆ پێش ئەو چرکە ساتە بێت، ڕۆژانە ئەم خەونە
دەبینێت و دەبینێت و تا ئێستا ئەوە 23 ساڵە بەردەوام دەیبینێتەوە .
لە گەڵ دەنگەکە ناخۆشییەکانی ئەویش باڵا دەکەن ،منداڵەکانی بەر
کیمیابارانی فڕۆکەکانی بەعس دەکەون ، هیچیان ڕزگاریان نابێت ،بۆ
نەگبەتی ڕۆژگار و مانەوەو تلانەوە بە دەم ئازارەوە تەنها خۆی دەردەچێت،
ئەو لە کارکردنەکەی خۆی بەردەوام دەبێت لە ناکاو بەسواری وڵاخ
منداڵەکانی بۆ دەهێنن بۆ گوندی مەراغان ، لێرەوە چیرۆکی نەهامەتی
کاروانی ئازارەکانی دەست پێدەکات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرتاپای
مێژووی مانی ،لێرەوە ئیتر داستانی ئازار و جەهەنەم دەرگای دەخرێتە سەر
پشت ، عومەر خاوەر ئاسا پەلاماریانی دا بۆ ئەوەی لە مەرگ بیان شارێتەوە
، وەلێ ئەمان نە یەک نە دوو نە سێ چووار بوون ،چرکە ساتی شاردنەوەشیان
لە وێشومەی مەرگ تێپەڕیبوو ،فریای ئەو چرکە ساتەش نەکەوت ، پڕ بە گەروی
بۆنیانی دەکرد ،بۆنێک ئەوەندە درێژ بە ئەندازەی ڕێگای خۆشەویستی دوو
دڵی باوک و نەوەیەک لە گیانەلای مردندا، ڕێگایەک ئەوەندە تەلیسماوییە
هیوادارم کەس نەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە ، ئەمی هەڵدەگرت ئەوی دی دا
دەنایەوە ،ئەمی بۆندەکرد ،ژەهری ئەوی دی قوتدەدا، یەک بە یەک دەیانی نا
بە هەناسەیەوە، کە ژەهری هەناویانی هەڵدەمژی خۆشییەکی شەماڵانە تەسکێنی
بە دڵ و دەروونی دەدا ، بە پەلە پەل و خێرا ،دەترسا لە لەحزەی گۆڕینیان
یەکیان ماڵئاوایی لێ بکات و فریای مژینی هەناسەی ژەهراوی نەبێت ، بۆ
دایکان و باوکان بۆنی زاروک ئەگەر ژەهراویش بێت لە هەموو بۆنێک خۆشترە
، عومەر خاوەر فریای ئەو لەحزەیە نەکەوت بۆنی کوڕە تاقانە و 8 کچەکەی
بکات و ڕزگاری بوو ، بەڵام مام قادر وا لەناو ئەو لەحزەیەدا ژیان
بەسەرە بات ، پڕ بە گەروی بۆنیانی دەکرد ، هەناسە پڕ لە ژەهرەکەیانی پڕ
بە گەروی هەڵدەمژی و قووتی دەدا ، بۆن و تامێکی خۆشی دەدا بە جەستە
پەککەوتە بێ ئاواتەکەی ، دەیویست بۆنی ژەهری جەستەیان هەر لەناو
سینەیدا تێکەڵ بە هەناو و دڵی ببێت و دەرنەچێت ،دەیەویست بە ژەهرەکە
بڵێت ئەوان نا من ، لەم گفتوگۆ بێ ئەنجامەدا بوو لەگەڵ مەرگ و خۆی ،نایەزانی
چۆن هەناسەیان هەڵمژێت بۆ ئەوەی بۆنەکەی لە لوتی و خۆشییەکەی لە
جەستەیدا تاکو دوا چرکەی ژیان بمێنێت ،تاکو ئێستاش بە عەزرەتی ئەو گازە
ژەهراویەوەیە ،خۆشترین چرکە لەو ساتەدا ئەوە بوو مەرگی خۆی پێش
منداڵەکانی ببینایە ،ئەمە پاڕانەوەی هەموو دایک و باوکێکە ،مام قادر بۆ
مەرگیش ئاواتی نەهاتە دی .
ئاخر ئەو سەربەرزانەترین و بەختەوەرترین کاری خۆی ، کە پێشمەرگایەتی
بوو واز لێ هێنا، تەنها بۆ ئەوەی نان بۆ منداڵەکانی پەیدا بکات ( ناسر
و ماڵ ماڵ ی تەمەن 8 ساڵانەی جمکانە، شاهێنی کچە گەورەی 9 ساڵانە،
ژنەکەشی زگی پڕ بوو لەسەر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو)، وەلێ حەزو و
ئاواتەکانی لە ژیاندا ئەو ئێوارانەیە هەموو چوون بە ئاسمانا .
دوای یەک مانگ لە گەڕانەوەی ، وا ئێستا وا بە کۆمەڵ بە برینداری لە
باوەشیدان، هەموو بوونە بە جەستەیەکی هەنجن هەنجن کراو، تەنها بە
هەناسە ماون بە جەستە هەموو گۆڕاون و لە دوا کات و چرکەی ژوانەکانی
ماڵئاوایدان لە ژیان .کە دەگەنە لای بەمشێوەیە کە دەیانبینێت وەک بۆی
گێڕاینەوە و وتی : تووشی (( سەرەگێژە ، ڕشانەوە ، بەلادا دەهاتن ))
ببوون .
ئاگری جەرگ باڵی پێ دەگرێت، بە پەلە دەیانبات بۆ شاری سەردەشت، لەوێوە
دەیانگەیەنێتە شاری بانە و دواتر بە سەفەری مەرگدا درێژە بە گەشتەکەی
دەدا.
لە بانە داوای لێ دەکەن لە گەرماو بیان شوات، ئەویش بێ پارێز و گوێگرتن
لە ڕێنوێنی بە دەستی خۆی دەیان شوات، بەهۆی مناڵەکانییەوە نەخۆش
دەکەوێت ، چاوی دەکەوێتە ئێشان و گیانیش دەکەوێتە خوران ، لێ جەرگ
حەژمانی لێ بڕیبوو گوێی نەدا پێی ، بە ناچاری بە دوای سەفەری
چاکبونەوەی مناڵەکانی درێژە بەگەشتی مان و نەمانی ژیان دەدات بۆ شاری
تەبرێز ، لەبەر ئەوەی شارێکی کوردی نییە لەو کوردستانە ، کە شوێنی مرۆڤ
چاککردنەوەی تێدا بێت ،بۆیە مام قادری زمان نەزان بە ناچاری هانا بۆ
شاری تەبڕێز و دواتریش شاری تاران دەبات .
ناسر لە تەبرێز ماڵئاوایی دەکا و ژیان کچیشی
ئەنفال دەکرێت و لێی دەشارنەوە.
تا دەگەنە شاری تەبرێز ، بەردەوام پێستی جەستەیان ئاوی مەرگی لێ
دەچۆڕایەوە، هەموو ببوو بە بڵقی گەورە گەورە و ڕەنگی خۆیان لە دەست
دابوو، لەبەر ئێشی جەستەو چاویان هاوارو ناڵە ناڵیان بوو ،ئەویش بە
دیاریانەوە مات و مەلول و جەرگ دەقرچایەوە و هەناو بوو بوو بە ئاگر ،نایە
زانی چی بکات هانا بۆ کوێ ببات ،تەنها ئەوەندە دەیووت: ئێش و ئازارتان
بۆ من بێت ،قەزاتان لە باوکتان کەوێت .
لە تەورێز پزیشکەکان دڵیان سار دەکەنەوەو دەڵێن : چارەسەریان لێرە نییە!،
ئەمە چ ئومێدێکە، چ ڕۆژە ڕەش و چاوەنواڕییەکە لە ژیان، چ دەرگا
داخستنێکە لە ئاوات ،پێش مەرگی خۆشەویستەکانت ،ئاوات و هیواکانت ،
هەواڵەکەیت بدەنێ .
مام قادر بۆ خۆشی تلۆقی سەر دەستەکانی هەر لە بانەوە دەستی کرد بە
گەورە بونەوە ،لێ گوێی پێ نادا ،ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ بوو تەنها
مانی منداڵەکانی بوو ،خۆی دەکرد بە قوربانی هەناسەیەکیان .
لێرەوە تراژیدیا دەست پێدەکات، ژنەکەی لە تەورێز ژان دەیگرێت، نازانێت
بۆ ئێشی جەستەی هاوار بکات یان ژانی منداڵەکەی، دەڵێن ژانی ژن دیاری
خوایە بۆ ژنان ، ئەدی دوو ژانی ئەم ژنە دیاری کێیە ؟سەدام و خوا پێکەوە؟،
پاش ئێش و ئازارێکی زۆر منداڵەکەی سکی لە دایک دەبێت .
مام قادر ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەی دەکرد، بە ژنەکەی دەڵێت
چیمان بوو ؟ .
ئەویش لە وەڵامیدا : کچێکمان بوو .
هەر لەوێ ناوی دەنێن ژیان !.
ژیان لە ڕۆژگاری مەرگدا چ ئاسۆیەکە ،تەنها پیاوە مەزنەکان لە ناخۆشییدا
بێ ئومێد نابن و لە بەرامبەر ناشرینی مەرگ دەجەنگن .
پەرستیارەکان لەوێ پێیان دەڵێن : بڕۆن بۆ تاران، 10 ڕۆژی دیکە
منداڵەکەتان بۆ دەنێرینەوە .
مام قادر بە قورگی پڕِ لە گریانەوە دەتووت دوێنی کارەساتەکە ڕویداوە،
پاش 18 ساڵ و نیو لەو ڕۆژگارە وتی : ئەو منداڵەم بەجێ هێشت بۆیان بۆ
ئەوەی ئەوانەی دیکەم ڕزگار بکەم ، چوین بۆ فڕۆدگا بۆ ئەوەی بچین بۆ
شاری تاران .
دادوەری گشتی وتەکانی پێ دەبڕێت و لێی دەپرسێت : قەت منداڵەکەت نە
بینییەوە .
وەڵام : نا بەخوای نەمبینیەوە قەت بە ئێستاشەوە ، هەر نەمبینی بە چاو ،
تەنها وتیان کچێکتان بووە ، بە بێ بینین ناومان لێی نا، دوایی دووجاری
دیکەش بە تایبەت چوومەوە بۆ شاری تەبرێز بۆ ئەوەی بیدۆزمەوەو بیهێنمەوە،
هەر نەمتوانی بیدۆزمەوە ،ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەرگیزاو هەرگیز
نەمبینییەوەو نەمدۆزییەوە ،چۆن ڕۆیشت ئاوا نەهاتەوە .
لەسەفەری مەرگدا لە فڕۆدگا ناسر داوای ئاوی کرد، پێش ئەوەی ئاوی بدەینی
تا دەمی تەڕ بکات لەوێ تەواو بوو، لە دوا چرکەی ژیان ئاویشی دەست
نەکەوت ،بە پەلە ناسرمان لە تەبرێز لە ناو یەخچاڵ بە جێ هێشت و ڕۆیشتین
بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دی ، فریای شاردنەوەشی نەکەوتین .
لە کوردەواریدا دەڵێن مردووان ڕۆژیان تەواو دەبێت چاوەڕێ دەکەن تاکو
منداڵێکی دی شوێنیان بگرنەوە ،ناسر کیژۆڵەیەک شوێنی گرتەوە ،ئەویش
یەکسەر ئەنفالکرا ببڕای ببڕا نەبینرایەوە .
ماڵماڵ و شاهێن و دایکیان لە تاران هەموو مردن.
مام قادر ئاوا درێژەی پێدا : کە گەیشتینە شاری تاران ، بەمن بوایا
فڕۆکەکە لە بان نەخۆشخانەکە بنیشتایەتەوە بۆ ئەوەی فریای
چارەسەرکردنیان بخەم ، وەلێ ڕۆژی دواتر لە تاران ماڵماڵیش تەواو بوو،
بەڵام ئەو بە ئاواتی چۆڕە ئاوێک سەری نەنایەوە، هەر فریای داوا کردنیشی
نەکەوت .
ئاگام لە خۆم نەمابوو ، نامزانی هانا بۆ کوێ بەرم ، تاکو سوڕاینەوە
هەفتەی دی شەهێن و دایکیشی هەموو بە دوای یەکدا مردن ،نازانم چۆن
نۆرەیان وا بە دوای یەکدا هات ، فریای ئەوە ناکەوتم پڕ بە دڵ بۆ یەکیان
بمرم ئەوی دی دەهاتە سەری ، من لە چاوەڕوانی مەرگدا بووم لە گەڵیان نەک
بە ئاواتی چاکبوونەوە ، هەرسێ تەرمەکەم هەڵگرت و بێئومێد بێئومێد
گەڕامەوە بۆ ڕەشە هەرمێ .
گەلۆ بیرتان بەلای ئەوەدا دەچێت ،مرۆڤ لە هەفتەیەکدا فریای ناولێنانی
یەک منداڵ ناکەوێت نەک دووان ،داخوا مام قادر چەندە بیری کردبێتەوەتاکو
ناوێک بۆ ئەو دووانەیە" ناسر و ماڵماڵ"هەڵبژێرێت ، چەندە دڵی بە ناسر و
ماڵماڵ خۆش بووبێت ، چ سوار چاک و قارەمانێکی بۆیان لە هەستی خۆی وێنا
کردبێت ؟، ئێستا وێشومەی مەرگ بە سانایی هەموویانی بردەوە ،مام قادر
ئێستا پیاوە تەنیاکەی ڕەشە هەرمێیە هەرچی سەرمایەی ژیانی هەیە هەمووی
ڕۆیی و نەهاتەوە ،هەرگیزاو هەرگیز نەهاتەوە .
تەرمەکان دەهێنێتەوە رەشەهەرمێ.
تەرمی 2 منداڵ و خێزانەکەی لە تارانەوە دەهێنێتەوە بۆ سەردەشت ،تەرمەکەی
ناسریش لەتەبرێزەوە بۆی ڕەوان دەکەنەوە بۆ سەردەشت ، لێ کچە زیندووەکەی
لێ زەوتەکەن و دەیشارنەوە،مردوی دەدەنەوە، زیندووش بۆ خۆیان دەبەن.
4 تەرمەکە دەهێنێتەوە لە ڕەشە هەرمێ دەیان نێژێت، ئێستاش دوایی 23 ساڵ
لەو کارەساتە جەرگبڕە، هەموو هەفتەیەک مام قادر غەم و ئازارەکانی لەسەر
گۆڕی ناسرو ماڵماڵ بە بادا دەدات ، لە گریان زیاتر هیچی دی لە دەست
نایات بۆ شەهێن، گریانیش بۆ ژیان ،دوعای بەهەشتیش بۆ خێزانەکەی .
ئەو پیاوە بە شەهامەتە ئازایە ، دەیان جار لە مەرگەوە بە موو دور بووە
، لەبەردەم دادوەر دەستی کردە گریان ، هەموو ئامادەبوانیش لە گەڵیدا بە
دادوەریشەوە دایان لە قولپەی گریان، ئاخر ئەم ناسر و ماڵماڵەی مام قادر
ئەفسانەی هەڵبەستراو نییە، چیرۆکی ناو حەیران و ئەفسانەکانی بەر
ئاگردان نییە، منداڵەکەی عومەر خاوەریش نییە تەنها وێنەکەی بەجێ مابێت
، ئەمە عومەر خاوەرە برسییە زیندووەکەی ئەوڕۆیە ئێستا مات و مەلول و
بێکەس لە قوژبنێکی ئەو کوردستان هەژارانە ژیان بەسەرە بات، ئەمە چیرۆکی
ڕیالیستی دیرۆکی نوێی کوردییە، کێ هەیە چیرۆکە ڕاستییەکانی ئەم گەلە
ستەمدیدە بێکەسە ببیستێت نەگرێت .
لەو گوندە 22 ماڵییە بچوکەی ڕەشە هەرمێ ، کە لەسەر هیچ نەخشەیەکی ئەم
جیهانە دیار نییە، ئەو دوا نیوەڕۆیە ، بە چەکی ڕۆژئاواو بە دەڵاڵی
ئەنرات ئاساکان کە لە دووری یەک مەترییەوە گوێی قوڵاخ کردبوو بۆ ئەم
چیرۆکە تراژیدیایەی مام قادر ، جگە لە 3 منداڵ و خێزانەکەی ئەو ، 3
قوربانی دیکەش هەبوو لە هەمان گونددا بوونە قوربانی،کە ئەمانەن :
- مەولەد زینێ، قادر زینێ،
مەلا حوسەین.
مام قادر چییەتی و چۆن دەژێت.
ئەم پیاوە سیما کوردی چاو شینە ددان شاش و واشە سەرو جامانە لەسەرە
تێکسمڕاوە بەهێزە، لە شاری لاهای ناوەندی دادپەروەری جیهانی سیمای
کوردییانەی خۆی نەگۆڕی ، یەکەم کورد بوو لە مێژوودا لەم شارە ، بە
بەرگی کوردییەوە شایەدی لە سەر تاوانبارێک بدات و سکاڵای لێبکات .
ئێستا مام قادر دوای هاوسەرگیری دووەمی 6 منداڵی هەیە ، هەرچەندە تا
هەنووکە تەنگە نەفەسەو گیانی دەخورێت ( بە وتەی خۆی خورشتی هەیە) ،
دەستی بە تەواوی کاری پێ ناکرێت ، لێ بۆ پەیدا کردنی نانی خانەوادەکەی
، دەبێت ڕۆژانە هێزی کاری لە بازاڕدا بە هەرزانترین نرخ بفرۆشێت ،سەر
هەموو هەفتەیەکیش چەند ساتێک تەرخان بکات بۆ گریان بۆ ڕومەتی ئاڵ و
واڵی ناسر و ماڵماڵ و شاهێن و خێزانەکەی ، ئەوەشی ئاشقی چیرۆکی ناسر و
ماڵماڵە با گوێ لەو بگرێت ، بزانێت چۆن ڕوحی منداڵەکانی دەکات بە بەردا
،چۆن قایمترین جەستە خۆی لەبەردەم ئاوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ناگرێت
.
وتی : کار نەکەم نان نییە ماڵ و منداڵەکەم بیخۆن ، مەجبورم هەموو ڕۆژ
بچم بۆ سەر کار.
ئەو شوێنەی کە منداڵەکانی تێیدا بەر گازی کیمیاوی کەوتن ، هیچکە نە
سەوزایی لێ ڕوایەوە ، نە قەبوڵی ژیانیش دەکات ، دار گوێزەکەش کە ڕۆژانە
هەموو ژوانیان لەگەیڵدا هەبوو ، لەتاو مەرگی هاوڕێکانی ناسرو
ماڵماڵەکەی قادر ڕەشی پۆشیووە و بڕیاری ئازییەتباری هەتا هەتایی داوە.
کاتێک لەبەردەم دادگا لەناو پەرتووکی قوربانیانی سەردەشت وێنەی
منداڵێکیان پێی نیشاندا .
دای لە پڕمەی گریان و وتی : ئەمە شاهێنە چی دەکات لێرە ؟.
دادوەری گشتی ڕوی لە ئامادە بووان کرد و وتی : کەس پرسیاری هەیە؟.
کەس پرسیاری نەبوو ئاخر چ شەیتانێک دەتوانێت گومان لەوە بکات ئەم
چیرۆکە ڕاست نییە .
دادوەر لە کۆتاییدا وتی : چی داواکارییەکت هەیە ؟.
قادر : داواکارم لە دادگا تاوانبار بە سزای خۆی بگات .
دادوەری گشتی : ئێمەش ئەم داواکارییەمان هەیە .
چیبکرێت.
چیرۆکی بەسەرهاتی مام قادر و قوربانیانی دی شاری سەردەشت کەرەستەیەکی
باشن بۆ بەکارهێنانی لە بواری سینەما بۆ ناساندنی تاوانی
کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و دڕندەیی فاشییەکانی بەغدا، بە تایبەت
بزووتنەوەی بەرهەم هێنانی فلیمی سینەمایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر
قۆناغی باشی بڕیوە، بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە زیندووە نەمرێت پێویستە هانا
بۆ چیرۆکە کپکراوەکانی دەروونی مام قادر ببردرێت، هیوادارم
هونەرمەندانی بواری سینەما بەم ئەرکەی خۆیان هەڵبستن.
کارێکی دیکە کە پێویستە بکرێت ژیان بۆ مام قادر بدۆزرێتەوە، لە
دۆزینەوەو داواکردنی ئاشکراکردنی چارەنووسی ژیان کێشەی مرۆیی
بریندارانی شاری سەردەشت بە بیروڕای گشتی و جیهانی بناسێنرێت .
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|