په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

یوئێن و پەرلەمان؟!


ستار محەمەد قادر


وەکو دەڵێن و دەبیستین، لەبەرایی چێبوونی یوئێنەوە تا هەنووکە، ئەم رێکخراوە تەنها وێنەی ناوێکی گەورەی بێ ناوەڕۆک لە زیهنی مرۆڤەکاندا بۆ خۆی دەکێشێت، جگە لەبارگرانی بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە، تا ئێستا لە توانایدا نەبووە لە بەردەم هەژموونی وڵاتە زل هێزو خاوەن بڕیارەکاندا، خاوەن بڕیارو دەستکراوەو دەمکراوە بێ و تەنانەت بەرگری لە ستاتۆو حەقیقەتی ئەو مەوقیعەی خۆیشی بێت!


ئەمڕۆ کێشەی هەر وڵاتێک رادەستی یوئێن بکرێت، بە مانای مانەوەی دێت لە دۆخی خۆیدا، بە واتایەکی دیکە، ئەو وڵاتانەی وا خاوەن بڕیارن و تەحەکوم بەو رێکخراوەوە دەکەن، بەرژەوەندییەکانیان لە کوێدا بێت، بڕیارەکانی یوئێنیش لەوێدا دەبێت!


لە ژیواری وەهادا، تەنها رۆڵێک کە بە یوئێن درابێت، رۆڵی ئامێرێک یان ماشێنێک دەگێڕێت، کاری تەجمیدکردن، بەواتای بەستنی ئەو مەلەفانە دێت وا ئاراستەی ئەوێ دەکرێن، بۆ ئەوەی لەوێ ئەرشیف بکرێن نەک قسەی جیددییان لەسەر بکرێت!


دیارە ئەگەر ئەوە چییەتی رێکخراوێکی وا مەزن بێت لە ئاستی گۆڕانکارییەکاندا، هەڵبەتە رۆڵ و پێگەی نوێنەری ووڵاتەکان لە رێکخراوەکە باشتر نابێت. هەر چەندە هەموو نوێنەری وڵاتان لەو رێکخراوە، لە لایەن حکومەتەکانییانەوە راستەو خۆ ئاراستە دەکرێن، بەڵام کاتێک نوێنەرایەتی ئەو رێکخراوە لە لایەن ووڵاتێکەوە دەدرێت بە شالیارێک، بە مانای ئەوە دێت، ئەو شالیارە لە دەرەوەی مەرکەزی بڕیارەو یان دەبێت لەوێ تەنها گوێ بگرێت، یانیش تەنها کاری پەنجە بەرزکردنەوە دەبێت!


ئەگەر ئەوە وێنەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، هەڵبەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناسراو بە جیهانی سێهەم، وێنەی پەرلەمان لە بارەگاو ماهییەتی ئەو نوێنەرانەی وا لەوێندەر کۆ دەبنەوە بۆ ئەرشیفکردنی دۆسێیەکان، هەرگیز باشتر نابێت. ئەگەر یوئێن لە بەرایی ئافەریدە بوونیەوە کراوە بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان، ئەوە پەرلەمان لە ووڵاتە دووا کەوتووەکاندا ئەو شوێنەیە کە دەسەڵات ئاراستەی دەکاو لە رێی ئەندامە هەڵبژێردراوەکانییەوە کە دەبێت نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە بکەن، بەرژوەندییەکانییان دەپارێزرێت!


لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەو وڵاتانەی وا میللەتانییان زیندوون و لە جوڵەیەکی بەردەوامدان، جوڵەیەک لە سۆنگەیەوە داهێنان و پێشکەوتن و داد پەروەری و بەختەوەری بەرجەستە دەکەن، وەزیفەی پەرلەمانتێر ئەوە بێت، لە پێناو بەرژەوەندیی هاونیشتیمانییان و پێشکەوتنی وڵاتەکەیاندا، شەو بخەنە سەر رۆژو بە هیچ شێوەیەک بە دیدی ئیمتیازو کۆمەڵێک شتی لاوەکی و بێ کاریەوە لەو پێگەیە نەنواڕن، ئەوە لە جیهانی سێهەمدا کەسانێک ئاراستەی ئەو شوێنە دەکرێن، بۆ ئەوەی لە مەرکەزی بڕیار دوور بخرێنەوەو بە شێوەیەک لە شێوەکان وەکو ئەوە وەهایە خانە نشین بکرێن!


پەلەمانتێر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، کەسێکی ئەکتیڤ و پرۆفیشناڵن، هێندەی لە هەوڵی ئەوەدان، پارێزگاری لەو متمانەیە بکەن وا لە لایەن هاوڵاتییانەوە پێیاندراوە، دوای شتی شەخسی و ئیمتیاز ناکەون، بەڵام لە جیهانی سێهەمدا، پەرلەمانتێر بریتییە لە کاراکتەری کەسێک، هەمیشە بە شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەتی و هێندەی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرەوەی رازی بکات، هەرگیز بیری بەلای ئەوەدا ناڕوات ئەو لەو شوێنەدا نوێنەرایەتی خەڵکانێک دەکات. ئەوەندەی ئامادەیە داکۆکی لە ستاتۆی سەرۆکی حکومەت یان حزبەکەی بکات، ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە داکۆکی لە مافی هاوڵاتییان بکات!


بە کورتی بە کوردی، رۆڵ و وەزیفەی ئەو بوونەوەرە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لە ژینگەیەکەوە بۆ یەکێکی تر، جیاوازی هەیەو رەنگبێت لە رووی چەندایەتییەوە جیاوازییەکی ئەو تۆیان نەبێت، بەڵام لە رووی کوالێتییەوە حەتمەن بانێکن و دوو هەوا، لە هەندێک وڵات پەرلەمان رۆڵی یوئێنێکی بچووک دەبینێت، لە زۆرێک لە وڵاتانیش ئەو شوێنەیە کە بڕیارەکانی تێدا یەکلایی و حەسم دەکرێت، پەرلەمان هەیە بە هیچ شێوەیەک جورئەتی ئەوە ناکات لێپرسینەوە لە گەورەترین کاری گەندەڵی بکات، هیی وەهاش هەیە نموونەی کاراکتەری وەکو هۆلاکۆ بە چۆکدا دەهێنێت، جا نازانم کام یەک لەم دوو جۆرەمان هەبێت، بارەگای یوئێن، یان هیی هۆلاکۆ بەزێن؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر