١٤\٢\٢٠١٢
ڤاڵهنتاین
رۆژێکی رەشە لە کوردستان؟!

سهلام عهبدوڵا
ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین، تەنها خۆشەویستی کوڕ و کچ نەبێ، رێز لە گشت
جۆرەکانی خۆشەویستی دەنرێت، بۆ نموونە (خۆشەویستی دایک و باوک و برا و
منداڵ و مام و پور و خاڵۆ یان گۆرانیبێژێک، وڵات و شەهید و حیزب...
هتد). ئەوەی پەیوەندی بە خۆشەویستی کچ کوڕێکەوە هەبێت بە بێ ڕەوشتی و
خیانەت و کوفر و گوناح ناونووس دەکرێ.
لە وڵاتە دووڕووەکەم خۆشەویستی قەدەغەیە، بەڵام:
- زۆربەی دانیشتوان بە گەرمی تەماشای زنجیرە و فیلمەکانی خۆشەویستی
دەکەن!
- بەخۆشی و شانازییەوە باسی لاس و غەزال، مەم و زین و خەج و سیامەند
دەکەن، بەڵام هەر بزانن کچەکەیان خۆشەویستی هەیە، جەهەنەمی پیشاندەدەن!
- زۆربەی کچ و کوڕان ناچارکراون بە نهێنی خوشەویستی بکەن!
- شەوان کاتێ کەسوکاران خەویان لێدەکەوێت، بە رێگای پەیوەندی
تەلەفۆنەوە، سێکسکردن دەستپێدەکات و ئاسیاسێل، کۆڕەک و میدیاتیلکۆم
حیسابی قازانجیان لێ تێکدەچێت!
لە وڵاتە شیزۆفرینەکەم:
- ڤاڵهنتاین قەدەغەیە، بەڵام هاوسهرگیریی بە بێ ئەوەی کچ و کوڕِان
یەکتر بناسن یان خۆشەویستی یەکتربن، بەناوی شەریعەت و یاسا"حەڵاڵ"دەکرێ!
- شەرەفی بەرزترین رێژەی سوتاندنی کچان و ژنان لە جیهاندا
وەرگرتووە!((نابێ بنووسرێت خۆسوتاندن، چونکە هۆکارەکانی کە بریتین لە
نەریت و فکری باوکسالاری بەبێ ئارەزووی خۆیان بۆ ئەو کارەساتە جەرگبڕە
پاڵیان پێدەنرێت، و وەک ناڕەزایەتی خۆیان فەنادەکەن!
- باسی"خۆشەویستی"پاش هاوسهرگیریی دەکەن، کە یەک مانای هەیە:
دامرکاندنی ئارەزووی جنسی ئەو پیاوە کە بەبێ ناسین و خۆشەویستی کچەکەی
داوا کردووە و بە ئاڵتون پێشەکی داوە! ئەو جۆرە هاوسهرگیرییە،
لەشفرۆشییە بۆ ماوەی درێژ و بە گرێبەست رێکدەخرێت، رووی تری لەشفرۆشییە
و هێشتا باوە.
- پیاوانی یاسا و شەریعەت هەقیان بە هۆکاری هاوسەرگیرییەکەوە نییەو
تەنها بەس بەوە دەکەن، کچ و کوڕەکە لەبەردەمیاندا بڵێن"بەڵێ دەمەوێت"،
ئیتر دەبێتە شوێنی رەزامەندی خودا و کۆمەڵگا!
- باڵی خۆشەویستی دەشکێنرێ و پەڕە پەڕی دەکەن ئەوجا لە قاقای پێکەن
دەدەن!
لە راستیدا ڤاڵهنتاین لە هەموو جیهان رۆژێکی مرۆیی سۆزدار و بەڕێزە،
بەڵام لە کوردستان رۆژی پرسەبارییە بۆ جوانترین مانای ژیان و دەبێ
لەبری بەکارهێنانی درۆزنانەی زاراوەی (دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی...هتد)،
شۆڕشی ڤاڵهنتاین دەستپێبکات:
- کێن ئەو کچ و کوڕانە کە خۆشەویستیان ئاشکرا دەکەن و ئامادەن بەناوی
شەرەف، رەوشت، نەریت و عورف و ئاینەوە خۆیان بکەن بە قوربانی وەک
کەسانی"بێ ڕەوشت"و"بێ شەرەف" زیندانی یان گولەرێژ بکرێن؟!
ژیان واتە خۆشەویستی و دەبێ بە رێز و حورمەت و شەرەفەوە تەماشا بکرێ،
نەک قەدەغە یان سوکایەتی.
وڵاتەکەم پڕاوپڕە لە خۆشەویستی نهێنی و پڕ ترس، بۆیە ڤاڵهنتاین هێشتا
رۆژێکی رەشە و حەقوایە ئیمساڵ لەم رۆژە ناڕەزایەتی دژ بە:
١- ترساندن و تۆقاندن
و ناچارکردنی کچ و کوڕان بە شاردنی خۆشەویستیان بۆ یەکتری.
٢- شێوەی باوی
هاوسهرگیریی لەشفرۆشیانە رێکبخرێت!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|