په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٧

  ڤاڵسی شەوە خاینەکان.

 

نەژاد عەزیز سورمێ

''چ بەدبەختییەکە لە گیرفانێت بدەنێ و
لە دڵت لێت وەربگرنەوە..''
(جوبران خەلیل جوبران)


(١)
سێبەری مێژوو ، دەستی لە کەلەکێ گرتووە..
لەگەڵ بارانی بەھاراندا بڕۆ...
ھەمیشە خۆرێک ھەیە لێوارە ماسکدارەکانی دونیا
دەلاوێنێتەوە..
ھەمیشە سپێدەیەک ھەیە بێباک ،
لە گومڕایی جەنگەڵان دەمانپارێزێ..

مەکۆی ئەرخەوان بوو ئەم وڵاتەی ئێمە...
ھاتن چاوتان
لە لاتی و خەتی خێڵاتیشمان بڕی ..
ھاتن مۆسیقای خاوەن شکۆتان لێ تۆراندین..
بە کوێتاندا ھەڵبڵێم؟
بە ویندۆزە ڤایرۆسدارەکانتان؟
یا ڕوانینی باڵدار ئاسا؟
بە کوێتاندا..؟


(٢)
(/ تابلۆی بەردەرگای پزیشکان/ نەخۆشیان دەژماردن ../
/ گڵۆپەکان/ لە ڕووناکییان / کوێر ببوون/ کۆخەکۆخی گزۆزە ھەناو ڕەشەکان/
/ ئێستا / وەختی / نووستنی / گوڵە سوور و سپیەکانە .. /
/ سەیری چ لەخۆنووسان و دەکۆڵخۆداھاتنێکە /)

بە ئومێدێکی شێتەوە دەستم درێژ کرد..
بە ئومێدێکی شێتەوە دەستم واڵاکرد..
ئەفسووس لە دەنگی ڕۆحم نەگەیشتن
ئەفسووس دۆسیەی نێرگزتان نەخوێندەوە ..
لە بیرتان کرد بە نوێژی نیوەڕۆ
چرای شەیداییمان،
لە ناوەڕاستی شەقامدا بۆ پێ کردن..
لە بیرتان کرد،
پیاڵەی بە تاڵ بۆ خۆمان و
ھی پڕمان بۆ ئێوە دانا..!!

(٣)
(ئەو چرکە ساتانە لە یادەوەریمدا دا دەکەم .. /
/ دەنگێک / وێنەی مەستیی ئێواران / نامۆیی
ھەڵیدەلوشێ.. / پەی چی / بیر لەوە بکەمەوە /
سۆمای چاوم/ پێشکێشی ئێوە بکەم..؟ /
/ شەڕ ھەڵیخەڵەتاندین../ شەڕ کوێری کردین / لاڵی کردین/
شەڕ کەڕی کردین / کەری کردین../ ڕەوی کوللەیش، بە بێشەڵاندا ھاتن../)

کارگەی ماسک و ڕووبەندانن
بۆ خۆیان لە ھەموو شتێک دەگەن
لە نەزمی پۆشتەکردنی با..
لە ڕازاندنەوەی ئینجانەی بەر دەرگا..
ناسۆریش لە سەنگتراشیی ئەوانەوە،
کە چەندین دەریاو ئاسمانیان بڕیوە
لە پرۆسەی (فرێندلی فایەر)دا
مەدالیای بێھاوتای ئێمە بووە..!

(٤)
(من ون نەببووم / لێ / قاچم / لە ھەر کوێ دانا /
/ زەنەک دەرچوو .. / من / ون / نەببووم / تەنیا / ئەوەندە بوو / ناسنامەکەم / لە گیرفانی کراسەکەمدا / لەبیرچوو بوو.. /)

ئاسمانێکی بەتاڵ دەرچوو
ئەو ئاسۆیەی،
لە سەنتەرە بێ دووبانکە و بەرھەڵەکانتانەوە
دەتانویست بیبینن..
چوارگۆشەکانتان تێک شکان..
سێگۆشەتان ڕاست کردنەوە..
مێژوو؟..
مەپرسە لە چ قوڕگێکی گیراودا ئاخنراوە..
بێ وچان
مەیدانگر.. نەوڕەس..
لەوە کارەساتتر ھەموومان تاوانبار بین؟
لەوە کارەساتتر ھەموومان ژاڵە خواردوو..؟

ئەی کوا لاپرسەنی و بێباکی (شەکسپیر)و
بۆنی پەلکەگیای (وایتمان) و
ھاوارە کپکراوەکانی (ڕامبۆ) و (ڤرلین) و
بنیاتە پتەوە سانتاکانی (نیتچە) و
درەختە بە بەرەکانی (دانتی) و
فریسکۆکانی (داڤنیشی) کوانێ؟
کوا شینگێڕییەکانی (ئیڵییەت) و
ھەرێ و پەیمانەکانی (ڕۆسۆ) و
عەشقی رۆژھەڵاتیانەی (گۆتە) و
شێوازە دڵنشین و دڵشکێنەکانی
(بیکاسۆ)و (سیزان) و (براک)و
ماسکە خەمبارەکانی مۆدلیانی؟..


(٥)
(سرووتەکانی دوورگەی کرێت / بە ڕووباری چەوردا
چوون / گەیشتنە (سکڵیا) / پەڕینەوە (ئیسپانیا).. / ئەو
پرۆسەیە / تا ئێستا/ بۆرایشی / دەرنەکەوتووە / بۆ
ئاگاداریتان / ئێمە / لە / خەرەبەندەییمان / زیاتر / پێ /
دەکرێ / ..)

ویستم ئاگر لەسەر پشتی ماسییان بکەمەوە
گۆڕستانی ئوور
خانووە لە ناویەک و بە گەوەکانی چەرموو
برۆنزکارییەکانی لوڕستان
لە چیا قژ درێژەکانی ئیتاڵیادا درەوشایەوە..
ئەی مانگی تاراوگان!
مانگی بێ ھێللانە و بێ سێبەر..
ئێمە بە تەنێ بووین
کە ئەوان ئاسمانیان تەی دەکرد..
ئێمە بە تەنێ بووین
کە زەویان بە ھەناسەبڕکێی
برسیەکانی ئەفەریقیا و
کۆستەکانمان دەدێرا..
ئەی مانگی تاراوگان!
مانگی بێ ھێللانەو بێ سێبەر!
ڕۆژێ نەمدی
ھاتبن فێری کێڵانمان بکەن
ڕۆژێ گوێم لێ نەبوو، نەم خوێندەوە
لە سۆتەڵ و نیگەرانیی و دەستخەڵەتدان زیاتر
لە سەفەرە کورتەکانیان لەدوو مابێ..
نەمدی ئەی مانگی تاراوگان
رۆژئاوای (مانێ) و (کلیمت) و (کامۆ) و
(کافکا) و (ئاراگۆن) و (دالی) و (دێلاکروا)
بواریان دابین بە مردنی خۆمان بمرین..
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، مانگی تاراوگان؟!
نەھێڵن شیعرێک بۆ شاروێرانی خۆمان بنووسین..؟
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، ھۆڵی ئاھەنگان،
بە گریان بۆیە بکرێ؟!
مانگی بێ ھێللانە، مانگی بێ سێبەر..!
باس ھەر باسی گڵۆپ و چراخانی پایتەختانە
باس باسی نھێنییە ئاشکراکانە،
کە زانیارییان بە بەرقەڵایێ سەردەخەن
تا پێڕا بگەن سەحەری لالەزار و مرواریان
غافڵکوژ کەن..
ئێمەش بێ ئاگا..
خەریکی پیشەی بێ ھوودەی فەرھادین...

ئیتر تەواو مانگی تاراوگان ، کوورەی نوور!
ئیتر تەواو
ئەو ساتە تێکچڕژاوە بێ (تاو) انە،
لە یادەوەریمدا ھەڵدەگرم..
ئەو ساتانە ، لەو چاوە مەستانە ھەڵدەگرم
ڕۆژێ لە ڕۆژان سروودم بۆ دەگوتن..
ئەو جار ھەڵدێم ئەی مانگ
بە کوردی ھەڵدێم
خۆشەویستیش لەگەڵ خۆمدا دەبەم
چیدی شتێک نامێنێ بەو ناوە
پرسیار ئەوەیە :
ئەو کاتە ئێوە چۆن دەژین؟!


نیسانی ٢٠٠٧

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک