په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٢٠

ڤایرۆسی کرۆنا وەك جێگرەوەی جەنگی جیهانیی!

 

  ڤالینتین کاتاسۆنۆڤ

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان عەلی

خوێنەری بەڕێز..
ئەم وتارەی بەردەستت، وەگێڕاوی وتارێکی زانا، پڕۆفیسۆر و مامۆستای پەیمانگای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی مۆسکۆ (ڤالینتین کاتاسۆنۆڤ)ە.
جیهان بە بەرینایی خۆی، سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ئاکامە زیانبارەکانیەتی. گرنگی ئەم وتارە لەوەدایە ، بە پێچەوانەی لێدانەوەی باو ئەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا نیە کە قەیرانی ئابووری جیهانیی دەخوڵقێنێت، بەڵکە ئەوە قەیران و بنبەستی ئابووری سەرمایەدارییە ،کە ئەم ڤایرۆسە و ڤایرۆسەکانی تر دەخوڵقێنێت! ئەو بە لێکدانەوەی ڕابردووی بنبەست وقەیرانە گەورەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئەو شێواز و نەخشە ڕێگایانەی دەستیان بۆ برا، بەو سەرەنجامە دەگات. بەجیا لەوەی ئەم ڤایرۆسە دەسکردی مرۆڤ بێت یان وەك هەر ڤایرۆسێکی دی سروشتیبێت ، هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە دەوڵەتە زلهێز و بڕیاربەدەستەکانی جیهان ، بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان و نەخشە و پلانە سیاسی و ئابووریەکانیان بەکاری دەهێنن.


فەرموون لەگەڵ دەقی وتارەکە کە من لە عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە:

پێش حەفتا ساڵ، بەدیاری کراوی لە تشرینی یەکەم و ئۆکتۆبەری ١٩٢٩دا، قەیرانی ئابووری جیهانیی دەستیپێکرد. لە سەرەتادا وەك شەپۆلێکی مەترسیدار باڵی بەسەر بۆرسەی نیۆیۆرکدا کێشا بەڵام بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی هەمان ساڵ، قەیرانەکە سنوری بۆرسەی نیۆیۆرکی تێپەڕاند و بووەهۆی مایەپوچبوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەکان. چەرخەکانی بەرهەمهێنان لەکار کەوتن، دەیان و بگرە سەدان هەزار کرێکار کارەکانیان لە دەستدا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە. لە دەستپێکی ساڵی ١٩٣٠دا، قەیرانەکە گەشتە ئەوروپا، ئاسیا و ئەمەریکای لاتین و گۆڕدرا بۆ قەیڕانێکی جیهانیی.


تێکچوونی ئاستی بەرهەمهێــنان لە جیهــاندا تا ساڵی ١٩٣٣ی خایاند. داهاتی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ٨٧،٨ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ١٩٢٩دا دابەزی بۆ ٤٠،٢ ملیار دۆلار لە ساڵی ١٩٣٣. ئەم تێكچوونە ئابووریــە بووە هۆی داڕمانی ١٣٥ کۆمپانیای بوارەکــانی بازرگانی، پیشەسازی و دارایی.


لە سێ ساڵی ماوەی قەیڕانەکەدا نزیکەی نیوەی بانقەکانی ئەمەریکا مایەپوچ دەرچوون. دوای ساڵی ١٩٣٣ قەیرانەکە تووندتر بووەوە و قۆناغی داتەپین و بنبەستی ئابووری بەسەردا هات. لە هەموو لایەکەوە حکومەتەکان هەوڵێکی بێوێنەیان خستە گەر تا ئابووری وڵات لەو داڕوخانە گشتیە ڕزگار بکەن. لەو ماوەیــەدا بۆچونەکانی ئابوریناسی ئینگلیزی " جۆن کینز" کە خوازیاری دەستێوەردانی بەهێزی دەوڵەتبوو لە ژیانی ئابووریدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. کیــنز پێــیوابوو هۆکاری قەیڕانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناهاوسەنگیەی نێوان زۆری بەرهەمهێــــنانی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان لە لایەك و دابەزینی خواست و توانایی کڕین لەلایەکی ترەوە. ئەوەی کە پێشتر مارکس لە کتێبی " سەرمایە" دا لە شەستەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا ئاماژەی پێـــدابوو.


مارکس بە ڕۆشنی ڕوونی کردبۆوە کە ئەم ناکۆکیــانەی سەرمایەداری قورســن و چارەســەریان نیــە. بەڵام کیــنز بەو شێوەیەی مارکس کێشــەکەی نەدەبینــی، بەڵکو پێشنیاری ئەوەی کرد کە دەوڵەت هەستێ بە قەرەبوو کردنەوەی ئاستی دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتیان، بۆ ئەمەش پەنا بــبرێتە بەر بوجەی گشتی دەوڵەت بۆ کڕینی شمەك و دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتیـــاندا. ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچـــوونە سەربازیەکانی دەوڵەت. وە بۆ زیادکردنی تێچــوونەکانی دەوڵەتیش، کیــنز پێشــنیاری کرد کە دەوڵەت دان بنــێت بە داڕوخانی بوجەی گشتیــدا و وە هەوڵ بدات لە ڕێگەی قەرزە حکوومیەکانەوە ئەم داڕوخانە چارەســەر بکات. ئەو لە ساڵی ١٩٣٨دا لە کتێبی " تیۆری گشتی کارپێکردن، سود و پارە" بە وردی ئەو ڕێگەچارانەی خستۆتە ڕوو.


حکومەتی ئەمریــکا دەستبـــەجێ و لە دوای دەستبــەکاربوونی فرانکلیــن ڕۆزفێــلت بە سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٣٣ دەستی کردە جێبــەجێ کردنی بیروباوەڕەکانی کیــنز. ئەوە بوو ڕۆزفێــلت پیــادەی نەخشەڕێگای " گرێبەستی نوێ"ی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کەمکردنەوەی بڕێك لە ناڕەحەتیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لەسەر خەڵك. بە پێی ئەم نەخشــەکارە دەوڵەت هەســتا بە خەرجی کارپێکردنی گشتی، دروستکردنی ڕێگەوبان، نۆژەنکاری، هەڵکەندنی کەناڵەکانی ئاودێری، چاندنی دارودرەخت و...تاد واتە ئەو کارانەی کە توانایــیەکی تایبەتیان ناوێت بۆ ئەنجامدانی.


ئەگەرچی ئەم پڕۆژەیە توانی لانی کەمی داهات بۆ ژیانی ملیۆنەها خەڵکی هەژار لە ئەمریـــکا دابین بکات، بەڵام نەیتوانی ئابووری ئەمەریکا لەو بنبەستە ڕزگار بکات. نەیتوانی زاڵبێت بەسەر ئەو هەژاریە کوشەندەیەی بەربینی بە کۆمەڵگە گرتبوو. بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان تەنهــا لە ساڵانی ئەو قەیران و بنبەستە ئابووریەدا لە نێوان ٥ بۆ ٦ ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی ژیانیان لە دەستدا. لە ئەوروپاش بنبەستی ئابووری و لەگەڵیشــیدا نەبوونی و نەداریی بەهەمان شێوەی ئەمریکا بەردەوام بوو.


لەم کاتی قەیرانەدا کە ئەمریکا و ئەوروپا تووشی بووبوون، یەکێتی سۆڤیەت و ئەڵمـــانیا دۆخێکی جیاوازتریان هەبوو. یەکێتی سۆڤییەت لە سییەکانی ســەدەی پێشـــوودا و لە ڕێگەی بەرەوپێشچوونی پیشــەسازییەوە گۆڕانکارییەکی زیــندووی ئابووری بەخۆیەوە بیــنی و نموونەیەکی باشی لە ئابووری سۆشیالیستی پیشانی جیهان دا. هەرچی ئەڵمانیایە، کە لەسەرەتاوە وەك دەوڵەتە ئەوروپیەکانی تر بە دەست ئەو بنبەستە ئابووریەوە دەیناڵاند، بەڵام دوای بەدەسەڵات گەشتنی هیتلەر لە ساڵی ١٩٣٣دا، بەشێوەیەکی خێرا گەشەکردنێکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینی کە بە "موعجزەی ئابووری" ناونرا، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت بانکەکانی ئەمەریکا و ئینگلیزەکانیش پارەیەکی باشیان بەخشیە ئەڵمانیا لەو کاتەدا.

ڕێنوێنیەکانی کینز ئەو موعجیزەیەی لێنەکەوتەوە کە چاوەڕوان دەکرا، ئەمە بۆ ڕۆژئــاوا ترسناك بوو بە تایبــەتی ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ گەشەیەکی ئابووری کە لە یەکێتی سۆڤییەت بەڕێــوە دەچوو، ئەمە ئەو ترسەی لای خۆرئاوایەکان دروستکرد کە ئەم جیاوازییە گەورانە سەرەنجام دەبێــتە هۆی سەرکەوتنی ئابووری سۆشیالیستی لە جیهاندا.


لەم کاتانەدا لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆر ئاوا مەیلێکی وا هەبوو کە ڕەنگە جەنگ باشترین ڕێگەچارەبێت بۆ دەربازبوون لە قەیران و بنبەستی ئابووری. بەڵام جەنگێــکی ئاسایی نا، بەڵکو جەنگێك کە هەموو جیهان بگرێتەوە. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، ئەمەریکا لەوە تێگەیشتبوو کە جەنگ و پێکدادانی سەربازی جیهانیی دەتوانیت هەلومەرجی ئابووری لە ڕیشەوە بگۆڕێت. لە دەستپێکی ئەو جەنگەدا ئەمەریکا گەورەترین دەوڵەتی قەرزداری جیهان بوو، لە کۆتایی جەنگەکەشدا ئەمەریکا بووە گەورەترین قەرزدەر و دۆلاریش لە پاڵ پاوەندی ئینگلیزی گۆڕدران بۆ دراوێــکی جیهانیی.


هەریەکە لە ئەمەریکا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیاو یابان و پۆلێکی تر لە دیارترین وڵاتە سەرمایەداریەکان دەستیاندایە خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگی جیهانیی دووەم . باوەڕێكی باو لەوسەردەمەدا سەریهەڵدا ئەویش ئەوەبوو، کە جەنگ کۆتایی بە قەرزە کەڵەکە بووەکان دەهێنــێت و لەگەڵ خۆیدا کۆتایی بە ناهاوسەنگی ئابووری دەهێنێت، سەردەمێکی خێرای گەشەکردنی ئابووری دەستپێدەکات و دەبێــتەهۆی سفرکردنەوەی بودجەی ئابووریە نیشتیمانیەکان. دەوڵەتە قەرزدارەکان خەونیان بە وێرانکردن و سەرکەوتن بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دەبینی کە قەرزاریانن. هەرچی دەوڵەتە خاوەن قەرزەکانیشە خەونیان ئەوەبوو کە بەسەر دەوڵەتە قەرزارەکاندا سەربکەون و دەست بگرن بەسەر بازاڕ و سامانی سروشتی و قەرەبووی زیانەکانی جەنگ کە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرا، بخەنە ئەستۆی دەوڵەتە شکستخواردووەکانەوە.


بە بیـــانووی بارودۆخی جەنگ، دەوڵەتە شەڕکەرەکان بە دەســتێکی ئاســنین هەستان بە سـڕکردنی یاسا بنەڕەتیەکانی ئابووری بە مەبەستی ڕێکخســتنەوەی ئابووریە تێکچووەکانیـــان. بۆیە جەنگ باشترین بیـــانوو بوو بۆ وەگەڕخستنەوەی ئابووری، ڕێکختســتنەوەیەك کە تەنــانەت بیردۆزەکانی کینزیــش نەیدەتوانی چاکیان بکات. بەم شێوەیە جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەیلولی ١٩٣٩ دا بۆ دەربازکردنی سەرمایەداری جیهانیی لەو داڕوخانە و ئاکامە مەترسیدارەکانی، بەرپاکرا.


با بچینە سەر سەدەی بیستویەك. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧- ٢٠٠٩ دا جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گشتی بوەوە. ئەو قەیــرانە نەیتوانی هەموو ئەو ناهاوسەنگیە ئابووریانەی کەڵەکە بوو بوون لەناویان بەرێت. دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پاشەکشەی ئابووری، بڕیاربوو قۆناغی بوژانەوە دەست پێ بکات، بەڵام تا ئێستاش کە ساڵی ٢٠٢٠ قەیڕانەکە هەر بەردەوامە.


با بەرواردێك بکەین: لە دەهەی سیەکانی سەدەی ڕابردوودا، پاشەکشەی ئابووری لە ساڵی ١٩٣٣ وە تا ساڵی ١٩٣٩ درێــژەی کێشــا. ئەوە داڕمانێکی درێژخایەن بوو کە جەنگ کۆتــایی پێــهێــنا. بەڵام پاشەکشەی ئابووی جیهانیی لەپــاش قەیرانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ تا ئێستا و بۆ ماوەی یانزە ساڵە درێژەی هەیە. ئێمە هەمدیسان ڕوو بە ڕووی هەمان داڕمانی درێژخایەن بووینەتەوە. ڕاستە کێبڕکێی یەکێتی سۆڤیەت و خۆرئاوا لە ئێســتادا بوونی نیە، بەڵام سەرهەڵدان و گەشەکردنی بێوێنەی ئابووری چین دەبینــین بە تایــبەتی لەم سێ دەهەی دوایدا، دەتوانین ناوی بنێـــین( گەشەی هەڵکشــان بەرەو سەرەوە) کە هیچ وڵاتێکی خۆرئاوایی بە درێژایی تەمەنی سەرمایەداری ئەم گەشەکردنەی بەخۆیــەوە نەبیــنیووە. بۆیە خۆرئاوا ناچارە کارێك بکات.


بێگومان بیرۆکەی هەڵگیرساندنی جەنگێکی تری گەورەی جیهانیی، بە خەیـاڵی ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی خۆرئاوایەدا هاتووە. ئەم بیرۆکەیە زۆر چێژدارە بۆیان، بەڵام هاوکات هەڵگری مەترسیی و تیاچونێکی گەورەشە. ئەگەر تێبگەین جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم بەبێ بەکارهێنانی فراوانی چەکی ئەتۆمی بەڕێوەچوون، هەرچی جەنگی جیهانیی سێیەمە " ئەگەر ڕوبدات" بێگومان دەبێتە هۆی بەکارهێنانی فراوانی چەکە کۆمەڵکوژەکان. بۆیــە دەکرێت جەنگێکی گەرم بەرپا نەکرێت، بەڵام دەتوانرێت جەنگێکی سارد یان وەك هەندێك پێیان خۆشە ناوی بنێن جەنگێکی تێکەڵ، بەرپا بکرێت. کە تەواوی مەیدانەکانی دارایی، بازرگانی، ئابووری، دەروونی، ڕاگەیاندن و چەکی سیبرانی و شێوازەکانی دەزگاکانی هەوڵگری بگرێــتەوە. بەڵام هەموو ئەمانە ناتوانن دەستی دەسەڵاتداران ئاوەڵەکات لە گۆڕینی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری بازاردا بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ( دەوڵەت)ی. ئەمەش یانی زاڵبوون بەســەر تەنگەژە ئابووریەکاندا زۆر قورستر دەبێـــت لە جارەکانی پێشــوو.


ڕێك لەم چرکە ساتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵدا. ئەمەش فرســەتێك بوو بۆ دەسەڵاتدارە خۆرئاوایەکان تۆقینی خەڵك لە بوونی ڤایرۆســێکدا گەورە بکەن و دۆخی ترس لە کۆمەڵگەدا دروســت بکەن. ترس لە ڤایرۆس بەڵگەیەکی دایە دەست دەسەڵاتداران بۆ دەستتێــوەردان لە ئابووریدا. خودی شێوازی دەستتێــوەردان لە ئابووریدا بە تەواوەتی ناکۆکە لەگەڵ پرەنســیپەکانی سەرمایەداری لیبراڵیــدا ،چونکە ئەم شێوازی بەڕیوەبردنە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە ناتوانێت تا هەتایە بەردەوام بێت. لەگەڵ ڕاستکردنەوەی هەر ناهاوسەنگیەك، جارێکی تر ســەرمایەداری دەگەڕێــتەوە بۆ هەمان بازاڕی ئازاد و لیبراڵیـــانەی خۆی، ئابووری دەگەشێــتەوە و سوڕێکی تر لە گەشەی سەرمایەداری دەستپێدەکاتەوە.


شــارەزایانی ئەم بوارە پێیان وایە ئەم (حاڵەتی نائاسایی ئابووری)ە تاکۆتایی ئەم ساڵ واتە ٢٠٢٠ یان ئەوپەڕەکەی تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو واتە ٢٠٢١ درێژ دەکێشێت. بێــگوومان لە ماوەی ئەم "جەنگە ڤایرۆسیەدا" ئێمە بینەری مایەپوچیەکی ئابووری بەرفراوان دەبین. قەرزەکان کە بە ترلیۆن دۆلار دەخەملێنرێت وەلادەنرێن، سەرمایەی کۆمپانیاکان هاڕە دەکات، پاشــان ئابووری هەناسەیەكی تازە دەداتەوە.


دەبێت ئەوە بڵێم کە "جەنگی ڤایرۆس" بە ڕاگەیاندنی ئامارە تەندروستیەکان بۆ کەم بونەوەی بەرچاوی حاڵەتی توشبوانی کۆڕۆنا کۆتــایی نایەت، بەڵکو ئەو کاتە کۆتــایی دێت کە پشکی کۆمپانیاکان لە بازاردا بە تەواوەتی هاڕە دەکات. ئەمە فرســەتێکی باش دەبێــت بۆ سەرمایەدارەکان کە هەموو ئەو پشکانە بکــڕن کە نرخەکانیان لە دەستداوە. لەم ڕێگەیەوە تاڕادەیەکی باش دەتوانن جارێکی تر کۆنتڕۆڵی ئابووری جیهان بگرنــەوە دەســت. پاش ئەمەش قۆناغێــکی نوێ لە گەشەی ئابووری دەستپێدەکات و دوای ئەویش قۆناغی لێژبوونەوە، ئەوکاتەش "فایرۆس"ێکی تر ئامادە دەبێــت و هەمان نمایشــی وەســتانەوە بەدژی ڤایرۆس و... تاد.


ســەرمایەداران، ئەوانەی وا کڕۆنایان خوڵقاند، پێویستیان بە سوڕی گەشەیەکی ئابووری بێ کۆتایی تا سەر نیــە. ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئامانجی کۆتاییە، واتە باڵادەستی خۆیــانە بەسەر جیهاندا. خەونی ئەوان دروستکردنی سیستەمێکی جیهانیی تازەیە کە دەوڵەت نەتەوەی تێدا نەبیت. سیستەمێك کە تێیدا پایەکانی حکومەتێکی جیهانیی فەراهەم ببـــێت. ئەوکات ئیتر شتێك نامێنێت لەگەڵ سیستەمی سەرمایەی کلاسیکدا کۆیانکاتەوە، بەڵکە کارێکی ئاقڵانەیە ناوی بنێن سیستەمی کۆیلایەتی نوێ یان دەرەبەگایەتی نوێ.


جەنگی ڤایرۆس، ڕووی دزێو نەخشە و پیلانەکانی بەربژێرە دەسەڵاتدارەکانی جیهان و بەکرێگیراوەکانیانی خستە ڕوو. پەردەی لەسەر زۆر هەڵسوکەوت و چالاکی تێکدەرانەیان هەڵماڵی. ئەم ڤایرۆسی کڕۆنایە بە ملیۆن مرۆڤی ئەم جیهانە ناچار دەکات کە بیر لەو شتانە بکەنەوە کە پێشتر بیریان لێنەدەکردەوە و لایان وابوو پڕۆژەی سیستەمی نوێی جیهانیی تەنیا خەیاڵێکە لە خەیاڵەکانی لایەنگرانی تیئۆری پیلانگێڕی. ئەمڕۆ ئیتر وەك دەیبینین بە ملیۆن مرۆڤ لە هەرچوارگۆشەی جیهاندا ئامادەی خەباتن لە دژی سەرمایەداران. هەرچی تێکۆشانە دژی ڤایرۆسی کۆڕۆناشە، با لێگەڕین بۆ پزیشك و شارەزایانی ئەو بوارە.
______________________________________________

دەقی وتارەکە بە زمانی عەرەبی:
www.facebook.com/rtrihla/posts/2828085157269056

بۆ ئەوانەی عەرەبی دەزانن ،ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیی نووسەرە، کە زۆر لایەنی ئەو وتارە شیدەکاتەوە:

 

 

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک