١١\٢\٢٠١٤
ڤێلای هەندێ لە
بەرپرسە دزەکانی هەرێمی (بە تەمای خوا)؟

شەماڵ عادل سەلیم
ماوەیەکە هەندێک لە بەرپرسە دەست رۆیشتوەکانی هەردوو حیزبی باڵادەستی
هەرێمی (بە تەمای خوا) خەریکن ئەو دەڤەرەی ئێمە وەک میراتی باوکیان بەش
بەش دەکەن و ئارەزووی خۆیان خانوو و ئاپارتمان و ڤێلا و مێوانخانە و
باڵەخانە و (مەزرەعە)ی لێ دروست دەکەن و خۆیان و ماڵ و منداڵیان
لەوپەڕی خۆشگوزەرانیی دەژین بێ ئەوەی کەس بتوانی دەم بکاتەوە و پێیان
بڵێ ئەرێ بۆ وادەکەن، ئێ ئەوان بەرپرسن و ئەوڕۆ بە (قودرەتی قادر)
بوونەتە سێبەری خوا لەسەر زەوی و کێ دەتوانێ فزە بکا و بڵێ: کلتووری (مەزرەعە)
و دزینی نەفت و پارە و سامانی خەڵکی کوردستان و دابەشکردنی زەوی و
ئاسمان و سەرکوتکردنی دەنگی نارەزایی خەڵک و لە خوێن خەڵتانکردنی
خۆپیشاندەران و تیرۆرکردن و دەمانچە دابەشکردن، تۆخکردنەوەی چەمک و
رەهەندەکانی بەدیکتاتۆریبوونە، ئا رێک وەک ئەوەی سەدام و حیزبەکەی لە
عێراق پەیرەویان دەکرد!!
بەڵێ.. سەدامی دیکتاتۆریش هەر وای دەکرد، ئا ئەویش زۆر حەزی لە (مەزرەعە)
بوو، لەوێ پشووی دەدا و شەوانی لەتەک (جاریە)کان بەسەردەبرد و
هەرلەوێشەوە بە مەستی بڕیاری رزگارکردنی فەلەستین و شەڕی نەگریسی
قادسیەی جاڕدا!! ئا سەدامیش پارە و سامان و نەفت و بەرهەمی وڵاتی بۆخۆی
و خانەوادە و دارودەستە و دوڵ و زوڕنا ژەنەکانی خەرج دەکرد وەک ئەوەی
حوسێنی بابی خاوەنیان بێ و کەسیش نەیدەتوانی فزە بکا، ئا سەدامیش
رەخنەگرەکانی لە زینداندا توند دەکرد و لە ناو تیزاب دەیتواندنەوە
خانووەکەشی بەسەر خانەوادەکەی دەڕووخاند و بە (تێکدەر) ناوزەدی دەکردن،
سەدامیش بە چەپڵە و هەلهەلە و (موبایەعە) وهەڵا و هۆریاکیشان بووە ئەو
سەدامەی کە هەرهەموومان بە مێژووە خوێناوییەکەی ئاشناین و باش دەزانین
چ دڕندەیەک بوو، نەک تەنیا سەدام و خانەوادەکەی بەڵکو براو خاڵ و مام و
گورگەکانی خێڵکەشی لە ناو رووباری پارەی دزراوی میللەت مەلەوانییان
دەکرد و خەلکیش لە برساندا دەمردن... ئێ ئەوان بەرپرس بوون وەک هەندێ
لە دزەکانی دەڤەری ئێمە کە لەسەر خوێن و ماندوبوونی خەلکی هەرێمی
کوردستان بوونە خاوەن ڤێلا و تەمبێل و تەیارەو (ڤیزا و ماستەرکارت) و
ژێرزەمینی تەژی لە دەفتەرە دۆلار و (مەزرەعە) و سێ چوار ژنی بە ئاشکراو
چەندینی بە دزیی...
ئێ دەبا هەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بێ پارە ب! دەبا هەژارانی
هەرێمی کوردستان ئەندامانی لەشیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بفرۆشن،
دەبا کارمەند و پێشمەرگە و مامۆستا و مووچەخۆرەکان هەر چاوەڕوانی مووچە
بن، دەبا هەر وا کوردستان وێران بێ و ببێتە زبڵدانی کاڵا و کەل و پەل و
خواردەمەنیی بەسەرچووی تورکیا و ئێران و چین، ئێ دەبا هەروا سیستەمی
خوێندن، تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش وێران و کاوڵ وتەپێندراو
بن، ئێ دەبا هەروا کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لەبری
قەرەبووکردنەوەیان لەناو کەلاوەکانیان نووزەنووزیان بێ و لە قوروچڵپاوی
رۆژگاری رەشیان ون بن! دەبا هەر حکومەت پێکنەیێ و پەرلەمانیش هەروا بێ
ئیشوکار بێ، با گۆڕستانەکان و گلکۆی ئازیزانمان لە ناو جەرگەی شارەکان
لەگەڵ زەوی تەخت بکرێ و لە شوێنیان باڵەخانەی زەبەلاح لەسەر
ئێسکوپروسکی خۆشەویستانمان بە بیانووی (ماستەرپلانی سەقەت)
بەرزبکرێتەوە و بەرپرسە پۆشتەکان پۆزلێبدەن و سیمای راستەقینەی شارەکان
بگۆڕن!!
کێ بە کێیە، با ئەو دەڤەرە هەر وا بێ خاوەن بێ!!
دەبا هەر وابێ؟!
گرنگ بەرپرسەکان و خانەوادە و دارودەستە و دەڵاڵەکانیان تێروپڕ و جوان
و پۆشتە و پەرداخ بن، ئا ئەوان گرنگن، ئەی ئەوان نەبن کێ دەتوانی
لاسایی سەدام بکاتەوە، بەڵێ جاران سەدامێکمان بوو ئیستا بە دەیان سەدام
لە گۆڕەپانەکە دان، چینی هەژار و کرێکار و بێ دەرامەتەکانیش ئەوانەی
نانیان نییە با (کێک و پسکێت ) بخۆن و (شوکری خوا)ی بکەن و هەستنەوە
سەرپێ!!
بەڵێ هیچ دیکتاتۆرێک لەپڕ نابێتە دیکتاتۆرتاوەکو دڵنیا نەبێ لە گەمژەیی
گەلەکەی، رێک وەک ئەوانەی ئێمە، بەڵام وەک پێشینان فەرموویانە کە جام
پڕبوو لێی دەرژێ، ئەو کاتیش پەشیمانیی دادی کەس نادا و سەدام ئاسا لە
ناو ژێرزەمین و کونی (مەزرەعە)کانیان وەک مشکی تۆپیو رادەکێشرنە بەردەم
دادگای گەل و لەسەر کاروکردەوە پۆخلەکانیان دادگایی دەکرێن...
بەڵێ.. بەڵێ رێک وەک سەدام و دارودەستە قێزەوەنەکەی درەنگ یا زوو
دەخرێنە زبڵدانی مێژوەوە!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|