په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٠

فێستیڤاڵى نەورۆزى سلێمانى..یان فێستیڤاڵى پاڵنان و هەناسەبڕکێ..!


کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


سێ ساڵێکە لە شارى سلێمانیدا نزیکەى 100سەد ملیۆن دینارێک بۆ بەناو فێستیڤاڵێک بۆ یادى نەورۆز تەرخان ئەکرێت، لە شاڕێى سالمدا، قوتابخانە سەرەتایى و ناوەندییەکان کۆ ئەکەنەوەو چەند چادرێکیان بۆ هەڵئەدەن و هەڵپەڕکێى تەقلیدى و چەندبارەى کوردى بە بێسەروبەرەییکى بێهوودەوە نومایش ئەکەن کە تەنیا جلوبەرگى کوردى دیسکۆى نوێ پێشکەش ئەکەن و هەموو خۆیان رازاندۆتەوە بۆ کوڕگەلى تەماشاکەرو هەموو خەریکى چاوباشقاڵین و کوڕان بەوە لەخشتە ئەبەن و ئەیکەن بە فێستیڤاڵى دڵدارى، ئەگینا هیچى ترى تیادا بەدیناکرێ لەڕووى هونەرییەوە، لەولاشەوە دوازدە ئێسترى هەناسەساردو ترسنۆکیان بە ئەسپسوارە ناشییەکانەوە بەناو خەڵکدا رەتئەبن و زوو زووش ریخ و شیاکە بەسەر حەشاماتەکەدا ئەکەن و بۆن و بەرامەى پیس بڵاو ئەکەنەوەو هیچ هونەرو وێنەیەکى شارستانى و مەدەنى تیادا بەدیناکرێ و خەڵکەکە بەگشتى و لاوان بەتایبەت دەیکەن بە فیکوهوڕو ژاوەژاو.


جارجارەش دوو عەرەبانەى تریشقە کە ئەسپ رایان ئەکێشێ خۆیان ئەکەن بەناو ئاپوورەى خەڵکداو بسکیت و شتى لەوجۆرەى بچووک بچووک بەناو خەڵکەکەداو بۆ مناڵ و مەزن فڕێ ئەدەنە سەر جادەو مناڵانیش بەشێوەى کۆڕەوەکە ئەکەونە پەلامارو راکەڕاک بۆ ئەو شتە هەڵدراوانە کە کەسی مەدەنى و شارستانى قێز لەو دیمەنە قێزەونانە ئەکاتەوە بە ڕاستى ئەم دیاردە ناشرینانە دوورن لە فۆلکلۆرو کولتوورى گشت مرۆڤایەتییەوە.


جارجارەش مەنجەڵێکى گەورە ئاگرى داریان بۆ سازکراوەو تەنیا دووکەڵ و پیسییەکەى بۆ چاوى خەڵکییەو بریتین لە یاپراخ بۆ مامۆستاو قوتابییەکان و بەدزییەوە لەژێر چادرەکان دەیخۆن و پارووییەکى لێنادرێت بە هیچ کەسێکى هاوشاریى، کە خەڵک وا لێى ئەڕوانن کە بۆ ئەوانە..


لێرەو لەوێ ئامێرى موزیکى و موکەبەرە دانراون و سروودى نەورۆزى چەندبارەى ساڵانى زووى حەسەن زیرەک لێئەدرێنەوە یان گۆرانییە سەدبارەکانى عەزیز وەیسى بەخەڵک ئەفرۆشنەوە یان تیپێکى ناشی و دەنگ ناخۆش چەند سروودو گۆرانییەکى ناخۆش ئەڵێنەوە هیچ چێژو چەشەیەکى هونەرییان تیادا بەدیناکرێن.


تەنیا ئەوەى کە جێى خۆشییە بۆ زۆرینەى خەڵکى ئەمشارە ئەوەیە کە پۆشاکى کوردى و خۆماڵى لەبەر ئەکەن و تۆزێک باى باڵى خۆیان ئەدەن و ئەچنە دەرەوەى چوارچێوەى ماڵەکانیان، بەڵام ئەوەى جێى داخە ئەوەیە کە ئەو شاڕێیە جێى ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە نییەو رێگەى ڕۆیشتن و پیاسەى کەسی تیا نابێتەوەو لە زۆربەى جێگاکاندا دیاردەى پاڵنان و خۆ پێوەنووساندنى گەنجان و پیاوان بە ژن و کچانەوە ئەبێتە جێى سەرنجدان لە دیاردەیەک کە زۆر قێزەون و ناشرینەو ئەبێتە مایەى ئاکار نزمى و قێزهاتنەوە لەو جەژنەش کە مایەى شانازى گەلى کوردە..


ئاگرەکەش هەر لە عەسرەوە دائەگیرسێنن و ناگاتە ئێوارە تەواو بووە، لەکاتێکدا پێویست وایە کە دەمەو ئێوارەو پێش هاتنى تاریکى دابگیرسێت.


بەکورتى و بەکوردى: خەڵک لەو فێستیڤاڵە زۆر ناڕازین و لەگەڵ گەندەڵییەکانى دیکەى بەرپرسانى شارى سلێمانیدا تێکەڵ بووەو تەنیا دزى و ماشینەوەى پارەیەو کەسێکى نەفامیش هەست و درک بەوە ئەکات کە ئەو شتە بەناو فێستیڤاڵە مەحاڵە 10 ملیۆن دیناریشى تێ بچێت و هەرگیزاو هەرگیز تاموچێژى نەورۆزەکانى حاجى تۆفیق( پیرەمێردى شاعیر) نییەو کەس پێى بەختەوەر نابن جگە لەو توێژە سەرخۆش و ئارەقخۆرانە نەبن کە ئەیکەنە ئاپوورە قەرەباڵغى بۆ ئەوەى بیکەن بە پاڵنان و هەراسانکردنى ئافرەتان و هیچى تر. بەڵام جێى سەرنج و شایانى وتنە کە ئاهەنگى هەولێر زۆر رێکو پێکترو بەبەرنامە داڕێژراوترە لەوەى سلێمانى کە گوایە شارى رۆشنبیرى و هونەرو پێشکەوتنە( داخى گرانم ئێستا بۆتە شارى قۆڵبڕین و ماشینەوەى قوت و داهات و سامانى خەڵکى).

 

 

hemea.rasoel961@yahoo.com