٢٩\٨\٢٠١٩ چیڕۆک بۆ منداڵان: وانەی ماسییەکان.
زۆر حەزم دەکرد کە ماسییەکانی ناو ڕوبارەکە ببینم، چەند جارێکیش لای باوکم باسم کردبو. رۆژێک وتی ئازاد گیان خۆت ئامادە بکە ئەم دوانیوەڕۆیە دەچینە دەرەوەی شار و لای ڕوبارەکە پشوویەک دەدەین تا بە ئارەزووی خۆت ماسییەکانی ناو رووبارەکە ببینیت. ئای چەندە دڵخۆشی کردم ،بۆیە خێرا باوەشم بە باوکمدا کرد و تێر ماچ کرد و خۆیشم گەیاندە دایکم و خوشک و برا بچوکەکەم و ئەوانیشم ماچ کرد. ئیتر کەوتمە خۆ ئامادەکردن و دایکیشم ھەندێک خواردن و میوە و پێداویستی ئامادەکرد. ھەر چاوەڕوان بووم کە باوکم بڵێ ئامادەن. ھێندەم زانی بانگی کردم و وتی ئازاد گیان وەرە با کەلوپەلەکان بخەینە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، ھەرچییەکم توانی یارمەتیم دا. ھەموومان سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین و کەوتینەڕێ، بەخۆشییەوە بەملاولای رێگەکەدا دەمڕوانی تا رووبارەکە دەرکەوت. پاش کەمێکی تر ڕۆیشتن لە شوێنێکی گونجاودا وەستاین و دابەزین، کەلوپەلەکانمان داگرت، لەگەڵ باوکم چووین بۆ لای رووبارەکە، چەندە خۆشبوو بەلامەوە ماسییەکانم بینی لەناو ئاوەکەدا دەھاتن و دەچوون.. منیش جارجار پارچە نانێکم بۆ ھەڵدەدان و بەکۆمەڵ دەھاتن بۆی و دەیان برد. لە لای رووبارەکە پیاوێک بە قولاپ خەریکی ماسی گرتن بوو، ھەر ماسییەکی دەردەھێنا بە زیندوویی ھەڵی دەدایە ناو تەشتێکەوە، پاش ماوەیەک ھەڵبەز و دابەز کردن جوڵەی لێدەبڕا. ئەوە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و وتم بابە گیان ئەو ماسییانە بۆچی پاش ماوەیەک لەجوڵە دەکەون و لە دەرەوەی ئاوەکە یاری و ھەڵبەز و دابەز ناکەن؟ باوکیشم بەپێکەنینەوە وتی رۆڵەکەم ماسییەکان بە ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو دەژین و لە دەرەوەش ئەوە نییە بۆیە وا لە جووڵە دەکەون. منیش وتم ئەی بۆچی ناڵێی کە لە نیشتمانەکەیان دوور دەخرێنەوە وایان بەسەر دێت و بێ جوڵە دەبن. باوکیشم بە بزەیەکی شیرینەوە وتی ڕاستە ناو ئاوەکە نیشتمانی ماسییەکانە و ناتوانن بێ ئەو بژین، بۆیە زۆریان خۆش دەوێت، ئاھا تەماشایان بکە چۆن یاریی و سەما دەکەن و بەخۆشییەوە دێن و دەچن. کەواتە ئێمەش پێویستە ئەو خۆشەویستییەمان بۆ نیشتمانەکەمان ھەبێت و پارێزگاری لێبکەین و ھەوڵی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بدەین، بەدەم قسەکردنەوە بوون ئازاد ماسییەکانی ناو سەتڵەکەی خستەوە نێو رووبارەکە، دووبارە ماسییەکان کەوتنەوە جووڵە.
|